کۆمەڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-07-14:15:00 - کۆدی بابەت: 4253
کۆمەڵ

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی کۆمەڵ

بریتیە لە یەکەیەکی کۆمەڵایەتی، لە چەندین کەس پێکدێت و کارلێککردنێک و پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی ڕوون ئاشکرا لەنێوانیاندا هەیە، لە ناویان ڕۆڵ و کارەکان دابەش دەکرێت و پێگە کۆمەڵایەتیەکان دەستنیشان دەکرێت، ئەم یەکەیەش پێوەر و بەهای تایبەتی خۆی هەیە، لە ڕێگەی ڕەفتارەکانیان دەستنیشان دەکرێت و هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن.

تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵ

کۆمەڵ چەند تایبەتمەندیەکی هەیە لەوانە:

أ- بوونی دوو کەس یان زیاتر.

ب- بوونی بەها و حەز و ئارەزووی هاوبەش.

ت- بوونی شێوازێکی هەڵچوونی دیار و ڕێک لە نێوانیان، ئامانجی تایبەتی هەبێت.

پ- بوونی بنیادێک بۆ کۆمەڵ لەسەر بنەمای ڕۆڵی تاکەکان لەناو ئەو کۆمەڵە.

ج- ڕێکخستنی بەها و پێوەرەکان بۆ ئەوەی پەیوەندیەکان ڕێکبخرێت.

ح- بوونی ئامانجێکی تایبەت یان چەند ئامانجێکی هاوبەش بۆ ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی بدەن.

خ- بوونی شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ پەیوەندی لەنێوان ئەندامەکان و بوونی زمانێکی تایبەت.

گرنگی کۆمەڵ بۆ (تاک و کۆمەڵ)

گرنگی کۆمەڵ بۆ تاک

گرنگی کۆمەڵ بۆ تاک بەم خاڵانە دەخەینەڕوو:

أ- لەڕێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردنی هاوڕێیەتی نوێ.

ب- وەرگرتنی پێوەر و بەهای کۆمەڵایەتی بۆ ڕێکخستنی ڕەفتار، واتە ئەو بۆچوونانەی کە بە بۆچونی تایبەت دەژمێردرێن لە ڕاستیدا بۆچونی ئەو کۆمەڵەیە کە تاک خۆی بە بەشێکی دەزانێت.

ت- بوونی کۆمەڵ بوارێکی زۆر گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت زانیاری دەربارەی خۆی و دەوروبەری خۆی بزانێت.

پ- لە ڕێگەی بوونی تاک بە ئەندام لە کۆمەڵ خۆشیی و ڕەزامەندی لە کارەکانیدا دەدۆزێتەوە.

ج- توانای بیرکردنەوە و چارەسەری کێشەکانی بەهێز دەبێت.

ح- ئاڕاستەکان گەشە دەکات و فەلسەفەی ژیانی کەسەکە دروستدەبێت.

خ- هەستکردن بە شانازی بە بوونی تاکەکە لەناو کۆمەڵە کەسێکدا کە بە پاڵپشتی خۆی دەزانێت.

گرنگی کۆمەڵ بۆ کۆمەڵ خۆی

أ- بەشداری لە گەشە و باشترکردنی کۆمەڵ و مسۆگەر کردنی بەردەوامبوونی ژیانی کۆمەڵایەتی.

ب- کۆمەڵگا ناتوانێت بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی بەشداری لە کارەکاندا نەکات.

ت- هەموو دەزگا کۆمەڵایەتیەکان بریتیە لە هەوڵ و کۆششی کۆمەڵ.

پ- دەسەڵات و دەزگاکانی حکومەت بە هەوڵی کۆمەڵ دروستبووە.

ج- تەنها لە ڕێگەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە مرۆڤ دەتوانێت بەختەوەری دەستەبەربکات.

بەڵگەکانی یەکگرتوویی کۆمەڵ

چەند بەڵگە هەیە بۆ پێوانەکردنی نزیکبوونەوە و یەکگرتوویی کۆمەڵ ئەوانیش:

أ- قسەکانی کۆمەڵەکە: واتە کاتێک ئەندامێکی ئەو کۆمەڵە قسە دەکات پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی چ وشەیەک، بۆ نمونە چەند جار وشەی (من) یان (ئێمە) بەکاردێنێت و چەند جار دووبارەیان دەکاتەوە و تاچەند لە قسەکانیدا دڵنیایی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە کۆمەڵەکەی تا چەندیش پابەندبوونی بە کۆمەڵەکەی پیشان دەدات.

ب- پێوەری هاوڕێیەتی: بۆ ئەوەی ئەم پێوەرە بپێوین لیستێک بەناوی ئەو کەسانە ئامادە دەکەین کە لەناو کۆمەڵەکەن و بەرامبەر هەر ناوێک دەنوسین (باشترین هاوڕێمە، هاوڕێمە، تۆزێک هاوڕێیەتیی دەکەم، هاوڕێم نییە، ڕقم لێیەتی) وە داوا لە کەسەکان دەکەین یەکێک لە هەڵبژاردنەکان دەستنیسان بکەن.

ت- گوێڕایەڵی ئەندامانی کۆمەڵ: واتە تا چەند کەسەکە کە ئەو ئەندامە لەنێویان گوێڕایەڵی کۆمەڵەکەی خۆی دەبێت.

پ- یەکگرتویی کۆمەڵ لەکاتی بوونی گرفتەکان: بۆ نمونە لەکاتی شکستهێنان ئەندامەکانی کۆمەڵەکە چۆن مامەڵە دەکەن، ئایا یەکگرتوو دەمێننەوە یان هەریەک لە ئەندامەکان پەنا دەباتە بەر گلەیی لە کەسانی تر.

ج- حاڵەتی هەڵچوونی کەسەکە بۆ کۆمەڵەکەی خۆی.

ح- ڕادەی بەشداری لە چالاکیەکانی کۆمەڵ.

هۆکارەکانی دوورکەوتنەوە و نزیکبوونەوە لەناو کۆمەڵ

چەندین هۆکار هەن وا لە کەسانی ناو کۆمەڵ دەکات لە یەکتر نزیک و دوورتر بکەونەوە لەم هۆکارانە:

یەکەم/ هۆکارەکانی نزیکبوونەوە

أ- هۆکارە دەرەکیەکان: وەک چاودێری کۆمەڵ، کاریگەری ڕای گشتی، توانای ئابوری ئەو کەسەی کە کۆمەڵەکە بەڕێودەبات.

ب- هۆکارە ناوەکیەکان وەک:

- بوونی ئامانجێکی هاوبەش لەنێوان ئەندامەکان.

- بوونی کارێکی هاوبەش لەنێوان ئەندامەکان.

- لێکچوویی و گونجانی ئەندامەکان.

- تێرکردنی پێداویستیەکانی تاک لە ڕێگەی ئەو کۆمەڵە.

- دابەشکردنی ڕۆڵەکان کە لە ڕێگەیەوە کارەکانی کۆمەڵ دابەشدەکرێت.

- یەکگرتوویی و لاساربوونی کەسانی کۆمەڵەکە.

دووەم/ هۆکارەکانی دوورکەوتنەوە

لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی ئەندامانی کۆمەڵ:

- بارودۆخە لاساریەکان: واتە ڕەفتارێک بکرێت لە بەهای کۆمەڵەکە دووربێت.

- لاساری کۆمەڵ خۆی: واتە کاتێک تاک بیروباوەڕێکی هاوشێوەی کۆمەڵەکەی بێت دواتر کۆمەڵەکە خۆی لەم بیر و باوەڕانە لابدات، ئەم لادانەش دەبێتە هۆی یاخیبوونی تاکەکە لە کۆمەڵەکەی.

- نوێکردنەوە و ڕێکخستن: کاتێک کەسێک لە پێوەرەکانی کۆمەڵ لادەدات، کۆمەڵیش کەسەکە لەناو خۆی دەردەکات، کەسەکە ناچار دەبێت بەها و بیروباوەڕی خۆی بگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی لەناو کۆمەڵێکی تر شوێنی خۆی بکاتەوە.


سەرچاوەکان



1110 بینین