تەفسیری سورەتی ال عمران - ئایەتی 1 بۆ 99

له‌لایه‌ن: - ئاڵەكۆك - به‌روار: 2021-04-09-02:20:00 - کۆدی بابەت: 4304
تەفسیری سورەتی ال عمران - ئایەتی 1 بۆ 99

ناوه‌ڕۆك

ال عمران

تەفسیری قورئانی پیرۆز بۆ كوردی بە دەستی هەژار موكریانی

وە ناو خوا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەلیف، لام، میم.
(٢) غەیرەز خودا ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ ھەر زیندووە و بەسەر ھەموو شت ڕادەگا.
(٣) ئەم کتێبەی - بەڕاست - کە بۆ تۆ ناردووە. باوەڕ بەو کتێبانەش دەکا کە بەرلەوی لە خواوە بەڕێ کراون؛ تەورات و ئینجیلیشی لە بەرا ھەنارد؛
(٤) تا ڕێنیشاندەر بن بۆ خەڵک. فورقانیشی [لەوەودوا] نارد. ئەوانەی کە لە نیشانەکانی خودا حاشایان کرد، جەزرەبەیان زۆر بەژانە و خودا خاوەن دەستەڵاتی تۆڵەستێنە.
(٥) ھەر شتێکی لە زەمین یان لە ئاسمانان بێ، لە خودا وەشێراو نابێ.
(٦) ھەر ئەوە ھەرچۆنێ حەز کا - ھەر لە تۆلی دایکانوودا - بیچمتان بۆ دیاری دەکا و بە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ؛ دەستەڵاتداری لەکارزانە.
(٧) ھەر ئەویشە ئەم کتێبەی بۆ تۆ بە خەڵات ناردووە، کە لەوێدا ئایەتگەلێکی پتەو ھەن کە ماکن بۆ کتێبەکە؛ تێشیدایە وەک یەک دەچن و مانای جۆراوجۆر ھەڵدەگرن. ئەو کەسانەی دڵی دەغەزداریان ھەیە، ھەر ئەوانە حەز لێ دەکەن کە خەڵکی پێ ھەڵ دەخەڵەتێ و ھەرچۆنی دڵیان دەیەوێ مانایان لێک دەدەنەوە کە غەیرەز خوا نایانزانن. ئەو کەسانەش کە زۆر زانان، ئەڵێن: بڕوامان پێ ھەیە و ئەمانە گش لە پەروەرندەمانڕایە و غەیرەز ئەو دڵ وشیارانە، بە وردی بیر ناکەنەوە.
(٨) ئەی پەروەرندەی گ لامان! لە پاش ئەوەی ڕێگەی ڕاستت نیشان داوین، دڵمان لە ڕێی خۆت لا مەدە و وەبەر بەزەیی خۆتمان بخە. بەخشندەی ھەرە مەزن تۆی.
(٩) پەروەرێنمان! ھەر تۆی مەردم لەو رۆژەدا - کە گومانی تێدا نییە - لە یەکتر کۆ دەکەیتەوە و بێ سۆ خوا پەیمان ناشکێنێ.
(١٠) ئەوێ ڕۆژێ ماڵ و عەولاد، دە ھانای ئەوانە نایە کە خودایان نەناسیوە و چاری ناچار دەبنە دەستەچیلەی ئاگر؛
(١١) وەک دارودەستەی فیرعەون و ئەوانەی بەر لەوانیش بوون؛ کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ زانیی و خوا لە سزای تاوانی خۆیان گرتنی. خودا لە تۆڵەساندنا زۆر دژوارە.
(١٢) بەو خوانەناسانە بێژە: بەم زووانە ژێر دەکەون و ھەربینا ڕەپێچەک دران بۆ جەھەندەم؛ کە جێ خەوێکی خراپە!
(١٣) ئەمە بۆ ئێوە دەرسێک بوو کە دوو دەستە لە خۆتان دەگژیەک ڕاچوون؛ دەستەیەکتان بۆ خودا بەشەڕ دەھاتن و دەستەکەی تر لەدژی خودا دەجەنگین و زەق دەیاندی کە خواناسەکان دوو ھێندەی ئەمانەن. دیارە خودا بە مەیلی خۆی ھەر کەسێکی خۆی حەز بکا، سەری دەخا؛ ئەمەش پەندە بۆ ئەوانەی خاوەن فامن.
(١٤) ئارەزووی ژنان کردن و کوڕی زۆر پەیدا کردن و دەسکەوتنی کۆمای زلی زێو و زێڕان و ڕەوەئەسپی بە درۆشم و وڵسات و زەوی کێڵانێ، بۆ مەردم ڕازاوەتەوە و لە ژیانی دنیایەدا مایەی خۆشین؛ بەڵام وەختێ دێنەوە بەردەستی خوا، پێدەزانن کە زۆر لەوە باشتر ھەیە.
(١٥) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە پێتان بێژم لەمە باشترە کە چۆنە؟ بۆ ئەوانەی لە ھەڵە خۆدەپارێزن، لە لای پەروەرێنیانەوە باغاتێکی وایان دەبێ، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن و چەند ژنی پاک و بێ گەرد و سەرەڕای ئەو ھەموو خۆشییەش، ڕەزای خودایان پێدەگا. خودا چاوی لە عەبدەکانی خۆی ھەیە.
(١٦) ئەوانەی کە دەڵێن: ئەی پەروەرندەمان! ئێمە بڕوامان پێت ھەیە؛ سا تۆ لە گوناھن ببوورە و لە جزیادانمان - بە ئاگر - بپارێزە.
(١٧) ئەو کەسانەی خۆڕاگرن و بەڕاستیانە و ئامادەی ھەر فەرمانێکن و ماڵی خۆیان لە ڕای خوا بەخت دەکەن و ھەموو ڕۆژێ - سەرلەبەیان - لە خودا دەپاڕێنەوە لێیان خۆش بێ.
(١٨) خودا بۆ خۆی ئاگادارە و فرشتەکانی ئەویش و زانایانی بە ئینسافیش باش دەزانن کە ھیچ کەسێ غەیرەز خودا، شیاوی پەرستنێ نییە و ھەر خۆیەتی بە دەستەڵاتی لەکارزان.
(١٩) لە لای خودا دین ئیسلامە و ئەوانەی ئەھلی کتێبن لەو ڕاستەقینە دەزانن؛ بەڵام ھەر لەبەر ئێرەیی - کە لە ناو خۆیاندا ھەیە - پێک نەھاتوون. ھەر کەسێکیش - بەھەر جۆرێ - لە نیشانەکانی خودا حاشا بکا، با تێبگەن کە خوا لە لێ پرسینەوە زۆر بەلەزە و پێ ڕادەگا.
(٢٠) ئەگەر کێشەت دەگەڵ دەکەن، تۆ ھەر بێژە: من دەگەڵ پەیڕەوەکانم بە دڵی پاک ڕوومان کردۆتە خوداوە. بەو کەسانەش کە بوونە ئەھلی کتێب و بەو کەسانەش کە نەزانن، بێژە: ئاخۆ ئێوەش وەک مە خۆتان ھەر بە خوا سپاردووە؟ جا ئەر خۆیان سپاردبوو، ئەوا کەوتوونە سەر ڕێگا. ئەگەر ڕوویان لێ وەرگێڕای، تۆ ھەر ئەوەندەت لەسەرە ڕابگەیێنی و خوداش بۆ خۆی لە عەبدانی شارەزایە.
(٢١) ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی خوایان حاشا کرد و پێغەمبەرەکانی خوایان - لە خوت و خۆڕایی - دەکوشت و ئەوانەیان لە ناو دەبرد کە فەرمانی چاکەیان بە مەردم دەدا، با بزانن کە جەزرەبەدانی بەژان بەشیان دەبێ.
(٢٢) لە دنیا و قیامەتیشا ھەر کارێ بیکەن فیڕۆیە و ھیچ کەس دەھانایان نایە.
(٢٣) خۆ تۆ دیتت، ئەو کەسانە کە لە کتێبی ئێمەدا بەشێکیان پێ گەیشتبوو، خۆیان گوتیان: بە ھەر حوکمێ خودا بیدا ئێمە ڕازین. کەچی ھێندێک لەوانە پێی ڕازی نەبوون.
(٢٤) ھەر چونکە ئەمان دەیانگوت: ئێمە ئەگەر بشمانخەنە دۆژەھەوە، چەند ڕۆژێک پتر پێ ناچێ، ڕزگار دەبین؛ بەو درۆیە بۆ دینی خۆیان ھەڵیان بەست، خۆیان پێ ھەڵخەڵەتاندەوە.
(٢٥) سا ئەو رۆژە دەبێ لە چ بارێکدا بن، کە بێ گومان ھەر وەدی دێ و ھەموویان کۆدەکەینەوە و ھەر کەس ھەرچی کردوویەتی دێتەوە ڕێی و ناھەقی لە کەس ناکرێ.
(٢٦) بێژە: خوایە! ئەی خاوەن ھێز و دەستەڵات! ھەر کەس بۆ خۆت مەیلت لێ بێ دەستەڵاتی پێ دەدەی و کێش تۆ حەز کەی دەستەڵاتی لێ دەستێنی؛ ھەر کەسێکی وەقەدر خەی و ھەر کەسێ زەبوونی بکەی، خۆت دەیزانی؛ چاکە ھەر بەدەستە خۆتە و تۆ لەسەر ھەموو شت توانای.
(٢٧) شەو دەناو ڕۆژ ھەڵدەکێشی، ڕۆژ دەخەیە ناو شەوەوە؛ زیندوو لە مردوو دەردەخەی، مردوو لە زیندوو دەردێنی؛ ھەر کەسێ خۆت مەیلت لێ بێ، بێ ھەژمار بژیوی دەدەی.
(٢٨) باوەڕداران، با جگە لە باوەڕداران نەگرن بە دۆست. ھەر کەس لەم فەرمانە دەرچێ، ھیچ بەشی بە خواوە نییە. جا مەگین لێیان بترسن و لە ناچاری پێیان بڵێن: دۆستی ئێوەین. خودا دەیەوێ ھەر بەڕاستی لەو بترسن و پاشەرۆژتان ھەر لای ئەوە.
(٢٩) بێژە: ئەوەی وا لە دڵتانایە ئەگەر بیشارنەوە یا دەریخەن، خوا دەیزانێ و لە ھیچێکیش لە ئاسمانان و زەوینداس، ئاگادارە و لەسەر ھەرشت توانایە.
(٣٠) لەو ڕۆژەدا کە ھەموو کەس کردەوەی چاک و خراپی لەبەر چاوی خۆی دەبینێ، ئاوات خوازە کە لە نێوان خۆی و کردەوەکانیدا مەودایەکی دوور ببووایە. ھەر بۆ خودا دەبێ خۆتان بپارێزن؛ خوا ھەمیشە بەرانبەر بە عەبدانی خۆی دلۆڤانە.
(٣١) بێژە ئێوە ئەگەر خوداتان خۆش دەوێ، شوێن من کەون ھەتا خوداش خۆشی بوێن و لە گوناھانیشوو ببوورێ. دیارە خودا خەتابەخش و دلۆڤانە.
(٣٢) بێژە: دەبێ بە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن. جا ئەگەر لە فەرمان دەرچوون، ئیتر خودا لە خوانەناسان حەز ناکا.
(٣٣) ئادەم و نووح و نەتەوەی ئیبراھیم و بەرەی عیمران، لە خوداوە لە ناو خەڵکی ھەموو جیھان ھەڵبژاردەن؛ خوا پتر ڕێزی لەوان نا.
(٣٤) ھەموو لا ھەر سەر بە یەکن و خوا بیسەر و ئاگادارە.
(٣٥) کاتێ کەیوانووەکەی عیمران گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەو مناڵەی کەوتۆتە تۆلی منەوە، من دەقەبەڵی تۆی دەکەم. بەھیوام لێم قبووڵ بکەی، بیسەر و ئاگادار ھەر تۆی.
(٣٦) ئەوسا کە بارەکەی دانا، گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەوا من مێوینەم دیوە - خوداش چاتر خەوەر دارە لەوەی دیویە - دیارە کچیش وەک کوڕ نییە. من ناوم لێ ناوە مریەم، ئەوا ئەویش و بەریشیم بە تۆ سپارد؛ کە لە شەیتانی نەحلەتی بیانپارێزی.
(٣٧) پەروەرندەی، ئەو پێشکەشەی گەلێ بەباشی لێ وەرگرت؛ کیژەکەی باش بە خودان کرد و زەکەرییای بۆ سەرپەرشتی وێ دانا. ھەر جارێکی زەکەرییا لە میعراودا سەری دەدا، دەیدی بژیوی لە لایە. گوتی: مریەم! تۆ ئەم بژیوەت لە کوێ بوو؟ گوتی: لەلایەن خوداوە بۆم ھاتووە؛ خودا حەز کا بۆ ھەر کەسێ بێ ھەژمار دەنێرێ.
(٣٨) ھەر لەوەیڕا زەکەرییا گازی لە پەروەرندەی کرد: ئەی خودانم! زارۆیەکی چاک و پاکم پێ ببەخشە؛ دەزانم تۆ پاڕانەوەی من دەبیسی.
(٣٩) لە کاتێکا کە لە ناو میحرابەکەدا نوێژی دەکرد، فریشتەی ئێمە بانگی کرد: خودا مزگێنیت پێ دەدا، کوڕێکی ناو «یەحیا» ت دەبێ، کە ھەموو فەرموودەی خودا دەسەلمێنێ و مرۆڤێکی گەورە و خۆڕاگر [لەژن]  و، یەکێک لە پێغەمبەرە چاکەکان دەبێ.
(٤٠) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جاچۆن ئەمن کوڕم دەبێ، منی وا پیر و زورھان و ژنیشم لە زگ وێستاوە؟ گوتی: خودا، چی ئارەزوو بێ وادەکا.
(٤١) گوتی: ئەی پەروەرێنی من! خۆت نیشانەم بۆ دیاری کە. گوتی: نیشان بەو نیشانەی ھەتا سێ ڕۆژ ناتوانی مەردم بدوێنی؛ مەگین بەھیما و ئاشیرەت. لە ئێوارە و بەیانان دا، یادی پەروەرندەت بکە و لە پەسندانی مەوێستە.
(٤٢) لەو کاتەشدا فریشتە بە مەریەمی گوت: خودا تۆی ھەڵبژاردووە و پاک و خاوێنی ڕاگرتووی؛ تۆی لە چاو ژنانی دنیا بەرێزتر گرت.
(٤٣) ئەی مەریەم! تۆ لە فەرمانی پەروەرندەی خۆت دەرمەچۆ؛ بۆی بچۆرە سەر سوژدە و تۆش دەگەڵ کڕنۆش بەراندا کڕنۆش بەرە.
(٤٤) ئەمە لەو دەنگ و باسەیە کە تۆ ئاگات لێ نەبوون و ئێمە دەیخەینە دڵتەوە. ھەروەھا تۆ لەوێ نەبووی کە قەڵەمیان تووڕھەڵدەدان کێ سەرپەرشتی مەریەم بێ؛ ئەو کاتەش لە ناو خۆیاندا کێشەیان دەکرد، تۆ لە ناو ئەواندا نەبووی.
(٤٥) لەو کاتەدا فرشتەکان گوتیان: مریەم! خودا مژدەی بەڵێنێکی خۆت پێدەدا، کوڕت دەبێ و بە ناو مەسیحی کوڕ مەریەم ناو دەردەکا و لە دنیاش و لە قیامەتیش قەدری ھەیە و یەکێک دەبێ لە نزیکانی خودا.
(٤٦) لە بێشکەدا و بە گەورەییش، قسە دەگەڵ مەردم دەکا و یەکێک لە پیاوچاکان دەبێ.
(٤٧) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! جا چلۆن کوڕم دەبێ، ھیچ مرۆیەک تا وێستا تخوونم نەبووە؟! گوتی: خودا ھەرچی حەز کا بەدی دێنێ؛ ھەرکە ویستی کارێک ببێ، ھەر پێی ئێژێ: ببە! دەبێ.
(٤٨) ھەر بۆ خۆشی فێری کتێب وەخوێندن و لەکارزانی و تەورات و ئینجیلی دەکا.
(٤٩) دەشیکا بە پێغەمبەرێک بۆ سەر نەتەوەی ئیسرائیل. [پێیان ئێژێ:] ئەوا من لە پەروەرندەوڕا نیشانەم بۆ ھێناون. ھەر لە حەڕی شکلی مەلێک ساز دەکەم و بە ئیزنی خوا فووی تێدەکەم، دەبێتە باڵداری ڕاست و جگە لەوەش زگماگ کوێر و پێست بەڵەکان چار دەکەم و بە ئیزنی خودا مردوو زیندوو دەکەمەوە و ھەرچی لە ماڵوودا دەیخۆن، ھەچی تێشیدا ڕادەگرن پێتان دەڵێم. ئەمانە بەڵگە و نیشانەن بۆتان، ئەگەر بڕوادار بن.
(٥٠) بەو تەوراتەی - کە لە لامە - بە باوەڕم و بە ئەرکی خۆمی دەزانم ھێندێک شتوو بۆ حەڵاڵ کەم کە لێتان حەرام کراوە. من نیشانەم لە پەروەرندەی ئێوەڕا بۆ ھێناون؛ دەسا ئێوە لە فەرمانی من دەرمەچن و لە خودا ترستان ھەبێ.
(٥١) پەروەرێنی من و ئێوە ھەر خودایە؛ دەسا ھەر ئەو بپەرستن؛ ئەمە ڕێگەیەکی سەرڕاسە.
(٥٢) عیسا پاش ئەوەی تێگەییشت کە باوەڕی پێ ناھێنن، گوتی: کێ بێ لە ڕای خودا یاریم بکا؟ حەوارییەکان جوابیان داوە، کە: خۆمانین لە ڕای خودا یاریدەرین. بڕوایان بە خودا ھێنا و تۆش شایەت بە، ئێمە خۆمان بەو دەسپێرین.
(٥٣) ئەی پەروەرندەی گ لامان! بەوشتەی تۆ بۆ ئێمەت نارد، بڕوامان کرد و کەوتووینە شوێن پێغەمبەرت؛ تۆ دەگەڵ شایەتەکاندا بمان نووسە.
(٥٤) ئەمان فێڵی خۆیان کرد و خوداش فێڵی خۆی لێکردن؛ فێڵی خودا بە سەر ھەموو فێڵێکدایە.
(٥٥) ئەوسا خوا گوتی: ئەی عیسا! من بۆ خۆمت دەبەمەوە و لە لای خۆم جێ بەرز دەبی و لەوانەت پاک دەکەمەوە کە باوەڕیان نەھێناوە و ئەوانەش کە پەیڕەوی تۆن، ھەتا قیامەت زاڵیان دەکەم بە سەر بێ باوەڕەکاندا. لە پاش ئەوە گشتوو دێنەوە لای خۆم و بەو کێش ەو گێرە ڕادەگەم کە لە نێوانتاندا ڕووی دا.
(٥٦) بەڵام ئەوانەی باوەڕیان پێ نەھێنای، لە دنیاش و لە قیامەتیش بە توندی سزایان دەدەم؛ کەسیش دەھانایان نایە.
(٥٧) ئەو کەسانەش کە بڕوای تەواویان ھەبووە و ئاکارچاک بوون، خودا ھەموو پاداشی خۆیان پێ دەدا و خوا، ستەمکاری خۆش ناوێن.
(٥٨) ئەو شتانەی کە بۆ تۆمان خوێندۆتەوە، لە نیشانانی خودان و ڕێشاندەر ن بۆ کارزانی.
(٥٩) نەقڵی عیساش - لە لای خودا - لە چەشنی نەقڵی ئادەمە؛ ھەر لەگڵ دروستی کرد و پاشان پێی گوت: ببە بە ئادەم! ئەویش بوو.
(٦٠) ھەق لە پەروەرندەتڕایە و خۆت لە ڕێزی دڵ بەگومانان دەراوێ.
(٦١) ھەر کەسێکی پاش ئەو زانستەی بۆ تۆ ھات، ویستی کێشەت دەگەڵ بکا، بێژە: وەرن با کوڕانمان و ژنانمان و یەکترین بان کەین و ئەوسا دەس کەینە لاڵە و نزا و نەفرینی خوا بنێرین بۆ ئەوانەی وا درۆزنن.
(٦٢) ھیچ گومانت تێدا نەبێ، ئەوانەی بۆت باس کراون، ھەموو ڕاستن. ھیچ شتێکیش غەیرەز خودا نابێ ھیچ کەس بیپەرستێ؛ ھەر خودایە کە خاوەنی دەستەڵاتە و لەکارزانە.
(٦٣) ئەگەر ھەر خۆیان لێ بواردی، خودا بۆ خۆی خراپەکاران دەناسێ.
(٦٤) بێژە: ئێوەی ئەھلی کتێب! دەسا وەرن ئێمە و ئێوە لەسەر ئەو قسەیە سوور بین، کە بۆ ھەموومان وەک یەکە: غەیرەز خوا نەپەرستین، ھاوکاری بۆ پەیدا نەکەین، نەچین ھێندێکمان ھێندێکان - جیا لە خوا - بۆ پەرستن ھەڵبژێرین. جا ئەگەر ھەر خۆیان لێ بوارد، پێیان بێژە: ئێوە بە شایەتی دەگرم، کەوا ئێمە خۆمان بە خودا دەسپێرین.
(٦٥) ئەھلی کتێب! ئێوە بۆچی دەربارەی ئیبراھیمەوە کێشە دەکەن؟ کە دەشزانن تەورات و ئینجیلیش - ھەر دووک - لە پاش زەمانی ئیبراھیم ھاتوونە خوار. دە ئاخر بۆچی تێناگەن؟!
(٦٦) وامان دانا کە دەتوانن ئێوە لە سەر ئەو شتانە کێشە بکەن کە دەزانن. دەیسا چۆنە کێشە لە سەر شتێ دەکەن کە ھیچی لێ حاڵی نەبوون؟ ھەر خودایە زانایە بە ھەموو شت و ئێوەش ھیچی لێ نازانن.
(٦٧) ئیبراھیم نە مووسایی بوو نە مەسیحی؛ بەڵام یەکتاپەرەستێک بوو خۆی بە خودا سپاردبوو؛ ھیچ ھاوکاری بۆ خودا پەیدا نەدەکرد.
(٦٨) ئەو کەسانەی لە ھەموو کەس لە ئیبراھیم نزیکترن، ئەوانەن کە ئەوسا شوێنی ئەو کەوتن و ئەم پێغەمبەرە و ئەوانەش کە بڕوایان پێ ھێناوە. خوداش یاری ھەموو خاوەن باوەڕانە.
(٦٩) ھێندێک لە خاوەن کتێبان بەتەما بوون ئێوە لە ڕێ کلا بکەن؛ کەچی ئەمانە نازانن کە ھەر ڕێ لە خۆ دەگۆڕن.
(٧٠) ئەھلی کتێب! بۆچی ئێوە حاشا لە نیشانەکانی خودا دەکەن؟ ھەرچەندە دەشزانن ڕاستن.
(٧١) ئێوە کە خاوەن کتێبن! چۆن ڕەوایە بە ناڕەوا دادەپۆشن و ڕاست و ڕەوا دەشێرنەوە و دەشزانن چ کارێک دەکەن؟
(٧٢) لەوانەی ئەھلی کتێبن ھێندێک بە ھێندێکان دەڵێن: ئێوە لە دانی بەیانی بڵێن بڕوامان ھێناوە بەوەی کە خودایە بۆ ئێوەی ناردووە؛ سەرلەنگۆرێ لێیان پەشیمان ببنەوە؛ بەشکوو ئەوانیش وەگەڕێن.
(٧٣) پێشیان وتوون: باوەڕ ھەر بەوانە بکەن کە لە سەر دینی خۆتانن. بێژە: ھەر خوا ڕێگەی ڕاستن نیشان دەدا و ئەو دەتوانێ - وەک پێشوو شارەزای کردن - کەسێکی تریش وەک ئێوە شارەزا کا. ئەگەر وتیان: کێشەکەمان دەبەینە لای پەروەرندەتان؛ بێژە: چاکە بە دەس خوایە، کێی حەز بکا بە چاکە دەیخوێنەتەوە و خاوەن چاکەی ھەرە زانا ھەر خودایە.
(٧٤) ھەر کەسێکی ئەو بخوازێ وەبەر بەزەیی خۆی دەخا و خودا چاکەی فرە و گرینگی لە لایە.
(٧٥) ھەر لە ناو ئەھلی کتێبدا ئی وا ھەیە، کلوورێکی لە لا دانێ، بە دەسپاکی دەتداتەوە؛ ئی واش ھەیە دینارێکی پێ بسپێرە، ناتداتەوە؛ جا مەگین بەجێی نەھێڵی و ھەڵیپێچی. بەھانەکەشیان ئەمەیە: زیان گەیاندن بەو نەخوێندەوارانە، بۆ مە گوناھێکی نییە. درۆ بۆ خواش ھەڵدەبەستن، دەشزانن درۆیە دەکەن.
(٧٦) دیارە ھەر کەس ترسێکی لە خودا ھەبێ و بەڵێنی بەرێتە سەرێ، خوا پارێزگاری خۆش دەوێن.
(٧٧) ئەوانەی پەیمانەکەیان دەگەڵ خودا و سوێندی خۆیان بە نرخێکی کەم دەفرۆشن، لەو دنیا ھیچ بەشیان نییە و خوداش لە ڕۆژی قیامەتا نایان دوێنێ و نایان دێنێ و گونایان پاک ناکاتەوە و بەشیان جەزرەبەی بەژانە.
(٧٨) ھەر لەواندا ھی واش ھەیە، جۆرێک زمانیان دەگەڕێ گۆیا لە کتێبی خودا دەخوێننەوە، کە لە کتێبەکەشدا نییە. دەڵێن: ئەمە خوا گوتوویە؛ کەچی خوداش نەیگوتووە. بۆ خۆشیان ئەوە دەزانن کە درۆیە و بە دەم خواوەی ھەڵدەبەستن.
(٧٩) ھیچ مرۆیەک ئەمەی دەخۆڕا نەدیوە، کە خوا کتێبی دابێتێ و فێری کارزانی کردبێ و کردبێتی بە پێغەمبەر، پاشان چووبێ و ب ەخەڵکی ڕاگەیاندبێ کە: ئێوە لەباتی خودا ھەر عەبدایەتی من بکەن. ئەوانە ھەر گوتویانە: ئێوە کە فێری کتێب و خوێندنەوەی بوون، لەسەرتانە ھەر پەروەرندەو بناسن.
(٨٠) فەرمانی بەوە نەداوە کە فرشتە و پێغەمبەران بپەرستن. ئاخر چۆن دەبێ وەختێکی دینی خوداو سەلماندبێ، پێتان بڵێن: گەرەکە لە دین وەرگەڕێن؟
(٨١) [بێنەوە بیر] ئەو کاتە خوا پەیمانی بەست دەگەڵ پێغەمبەرەکانا: ئەر من کتێب و زانستی لەکارزانیم بە ئێوە دا و پاشانە کە پێغەمبەرێک ھاتە ناوتان کە ئەوانەی لە لای ئێوەی بەڕاست زانی، دەبێ بڕوای پێ بێنن و یاریدەی دەن. ئەوسا گوتی: بەڵێ، ئەوا وەعۆدەی خۆمان گرت. گوتی: دەسا بە شایەت بن؛ ئەوا منیش دەگەڵتانم.
(٨٢) کەسانێ لەمە بەولاوە لە پەیمان پاشگەز ببنەوە، دیارە لە ڕێ لادەرن.
(٨٣) ئاخۆ دینێک بێژگە دینی خوایان دەوێ؟ کەچی ھەرچی لە ئاسمانان و زەویدا - چار و ناچار - ملکەچی فەرمانی وین و دەشگەڕێنەوە بۆ لای ئەو.
(٨٤) بێژە: باوەڕمان ھێناوە بە خوا و بەوەی کە لەوڕا بۆمان ھاتووە و بەو شتانەش کە لە لای پەروەرندەوە بۆ ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب ھاتبوو؛ بۆ نەتەوەکەش ھەروەتر؛ بەو شتانەش کە بۆعیسا و مووسا و گش پێغەمبەرانی دی ھات. ئێمە بەرانبەر بە کەسیان فەرق و جوداییمان نییە و خۆمان بە خودا دەسپێرین.
(٨٥) ھەر کەسێ بەدەر لە ئیسلام، ھەر دینێکی دیکەی ھەبێ، قبووڵ نییە و لە دواڕۆژا لە ڕێزەی زیانبارانە.
(٨٦) جا چۆن خودا ئەو کەسانە دەخاتە سەر ڕاستەڕێگە کە پاش باوەڕی ھێنان و شایەتی دان کە: «ئەم پێغەمبەرە ڕاستە» و چەندین نیشانەشیان دیوە، سەر لەنوێ حاشای لێ دەکەن؟ خودا قەت ناھەقیکاران ڕزگار ناکا.
(٨٧) جەزای ئەمانە نەفرینە لە خوداوە و لە فرشتانی خوداوە و لە ھەموو خەڵکی دنیاوە؛
(٨٨) تا ھەتایە لەم نەفرینا دەمێننەوە و ئازاریان لە سەر سووک نابێ و ماوە پێدانیشیان نییە؛
(٨٩) مەگین ئەوانەی لە دوو جار - بۆ خۆ - پەژیوان دەبنەوە و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن؛ ئەوسا خودا گوناھ بەخشە و دلۆڤانە.
(٩٠) ئەو کەسانەی دوای بڕواھێنان وەرگەڕان و ھەر وا مان و پێوە چوون، پەژیوانی تازە بەھرەیان بۆ نادا و چوونەتە ناو گومڕاھییەوە.
(٩١) ئەوانەی خوانەناس بوون و ھەر بە خوانەناسی مردوون، ھەرکامێکیان ئەگەر پڕی ئەم زەمینە زێڕیش بە بارمتە بدا، ھەرگیز بەھرەی پێ ناگەینێ؛ ئەوانە ئازاری بەژانیان دەبێت و کەسیشیان دەھانا نایە.
(٩٢) تا لەو شتەی کە ئێوە خۆشتان گەرەکە، نەبەخشن لەڕێی خودادا، ھەرگیز ھیچ خێروو پێ ناگا. ھەرشتێکیش بە خێر بیدەن لە ڕای خودادا، خوا دەیزانێ.
(٩٣) ھەموو جۆرێ خواردەمەنی بۆ نەتەوەی ئیسرائیل ڕەوا کراوە، مەگین ئەوەی کە ئیسرائیل بەر لەمە تەوراتی بووبێ، خۆی پارێزی لێ کردووە. بێژە: ئەگەر ئێوە ڕاستن، تەورات بێنن بیخوێننەوە.
(٩٤) سا کەسانێ لەمە بەولا درۆ بە دەم خواوە بکەن، ئەوانە ناھەقیکارن.
(٩٥) بێژە: ھەرچی خودا گوتوویە، ئەو ڕاستە؛ ئیتر ئێوە شوێن دینی ئیبراھیم کەون؛ کە خوای تاقانەی پەرست و ھیچ ھاوکاری بۆ نەناسی.
(٩٦) یەکەمین ماڵ کە بۆ مەردم ساز کراوە، ھەر ئەوەیە وا لە مەککە؛ کە زۆر بە پیت و پیرۆزە و نیشانگەی خوداناسینە بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە.
(٩٧) بەڵگەی دیاریدەر لەوێدا شوێنەواری ئیبراھیمە و ھەر کەسێ پەنای پێ بەرێ، ناشێ لە ھیچ شت بترسێ. خودا حەجی بڕیار داوە بۆ ھەر کەسێ کە بۆی بلوێ. ھەر کەسێکیش حاشا بکا، خوا لە ھەموو خەڵکی دنیا بێ نیازە.
(٩٨) بێژە: ئێوەی ئەھلی کتێب! بۆچی لەنیشانانی خوا حاشا دەکەن؟ خودا لە کردەوەی ئێوە ئاگادارە.
(٩٩) بێژە: ئێوەی ئەھلی کتێب! لەبەرچی باوەڕدارەکان لە ڕێگەی خوا لادەدەن و گەرەکتانە ئەم ڕێگایە لار و ناڕێک نیشان بدەن؟! خۆشتان باش ئاگاتان لێیە و خوداش لەوەی ئێوە دەیکەن، خافڵ نییە.

ئایەتی 100 بۆ كۆتایی


سەرچاوەکان



1706 بینین