چۆن خاوەن کەسایەتی خۆمان بین تا کەسانی تر ڕێزمان لێبگرن؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-21-21:02:00 - کۆدی بابەت: 4722
چۆن خاوەن کەسایەتی خۆمان بین تا کەسانی تر ڕێزمان لێبگرن؟

ناوه‌ڕۆك

خاوەن کەسایەتی بەڕێز

بەدەستهێنانی کەسایەتی و ڕێز شتێکە کە هەموو کەسێک خوازیاریەتی و دەیەوێت بە دەستی بهێنێت، مرۆڤەکان حەز دەکەن کە جێگای ڕێز بن بەڵام ڕێز و کەسایەتی لەخۆوە بەدەست نایەت و شتێک نییە لەگەڵ بوونی کەسەکەدا لەدایک ببێت، بەڵکوو هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت بۆ بەدەستهێنانی و دەبێت پارێزگاری لێ بکەیت، بۆ ئەوەی کە کەسانی تر ڕێزت بگرن دەبێت سەرەتا لەخۆت و دواتر ڕێزیش لەوان بگریت، لەوانەیە لە ماڵەوە یان لەسەر کارەکەت جێگای ڕێز بیت بەڵام ئەمە بەس نییە دەبێت هەوڵ بدەیت لە هەموو شوێنێک ڕێز لێگیراو بیت

چۆن خاوەن کەسایەتی بەرز بین؟

١- سەرەتا ڕێز لە خۆت بگرە:

لە دنیادا زۆر کەس ڕێزت دەگرن و زۆرێکیش ڕێزت لێ ناگرن، دەبێت بزانیت کە ناتوانیت ڕەفتاری کەسانی کە کۆنتڕۆڵ بکەیت، کەواتە کاتێک کەسێک بێڕێزی کرد هەستێکی بێ نرخیت لا دروست نەبێت، کەسایەتی و ڕێزی تۆ ناتوانرێت لەسەر ڕەفتاری کەسانی تر بپێورێت، تەوای هۆشت لای ئەوە بێت کە هەستێکی باشت هەبێت بۆ خۆت، گرنگی بەخۆت بدە و هەمیشە جلی جوان و ڕێکپۆش و متمانەت بەخۆت هەبێت.

٢- ڕێز لە کەسانی تر بگرە:

هەنگاوی دواتر ڕێزگرتنە لە کەسانی تر، ئەگەر دەتەوێت کەسێک ڕێزت بگرێت دەبێت خۆشت ڕێز لەکەسانی تر بگریت، ڕەفتاری وەک (چاو تێبڕین، خۆهەڵدانە ناو قسەی کەسانی کەوە، زۆر قسەکردن، کاتی قسەکردن لەگەڵ کەسێکدا موبایل بەکار بهێنیت) ئەمانە کۆمەڵێک ڕەفتاری نەشازن کە تەنها لە بەرامبەر کەسی بەرامبەردا بەبێ ڕێز دەردەکەویت و هەروەها ڕەفتاریشی دەگۆڕدرێت و لێت دووردەکەوێتەوە کەسەکە، لەجێی ئەمە هەوڵبدە بە دڵ و بە گیان گوێ بۆ قسەی خەڵکی بگرە و هەموو کەسێک مافی خۆیەتی کە قسەکانی ببیسترێن، ئەگەریش لەگەڵ قسەو بیرکردنەوەی کەسێک نیت هەر ڕێزی لێبگرە و گاڵتەی پێ مەکە.

٣- لەگەڵ خەڵکیدا میهرەبان بە:

بۆ ئەوەی لەلای خەڵکدا کەسایەتی بەرزت هەبێت و جێگای ڕێز بیت، میهرەبانی باشترین هەنگاوە، ئەگەر دەتەوێت خەڵکی ڕێزت لێ بگرێت هەمیشە لە ڕۆژانەتدا ڕووبەڕووی چ خەڵکێک دەبیتەوە خزم یان بێگانە بە ئەدەبانە و پڕ میهرەبانییەوە قسە بکە.
لەڕاستیدا دەبێت لەگەڵ هەموو کەسێکدا میهرەبان بیت بەڵام میهرەبانیەکەت بەشێوەیەک نەبێت کە خەڵکی تر بە هەڵە سوودی لێ وەرگرن، بەشێوەیەک لەگەڵ خەڵکی میهرەبان بە کە چاوەڕێ بکەیت ئەوانی ئاوابن لەگەڵت و گرنگترین شت لە ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ کەسە جیاوازەکاندا هەمیشە زەردەخەنە لەبیر مەکە.

٤- جوان گوێگرتن:

بە پێچەوانەی ڕاوبۆچوونی هەندێک کەسەوە گوێگرتن شتێکی زۆر باشە، بیستنی قسەی کەسانی تر بەو مانایە دێت کە تۆ بیرکردنەوەی تر لە مێشکت دەردەکەیت و بەڕاستی سەرنج دەدەیتە سەر ئەو شتەی کە کەسانی تر هەوڵ دەدەن بە تۆی بڵێن، زۆر جار گوێگرتن بۆ کەسێک دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕاوبۆچونمان دەربارەی کەسەکە.
لەجێی ئەوەی کە بەردەوام هەوڵ بدەیت قسەی خۆت بکەیت و ڕای خۆت بڵێیت بیر لە کەسانی دەوروبەریشت بکەرەوە، و ئەم کارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە وابیربکەنەوە کە قسەکانیان لەلایەن تۆوە گرنگە و ڕێزیان بۆ دادەنێیت کاتێک تۆ گوێ بۆ کەسانی تر دەگریت بێگوومان کەسانی کەش گوێ بۆ ڕاوبۆچوونی تۆ دەگرن.

٥- هاوکاری کردنی خەڵک:

ئەو کەسانەی کە گرنگن لەلایەن خەڵکەوە ڕێزێکی زیاتریان هەیە و چونکە هەمیشە ئامادەی یارمەتیدانی کەسانی ترن لە هەر بارودۆخێکدا بێت، هەر یارمەتییەکی بچوک کە لە دەستیان بێت درێخی تێدا ناکەن، بەدوای هەلێکەوە بە بۆ یارمەتیدانی کەسانی تر و بەرپرسیارێتی هەڵگرتن زیاتر یارمەتیت دەدات، بەگشتی خەڵکی کەسی وای خۆش دەوێت و ڕێزی لێ دەگرێت.

٦- هیچ کاتێک بیانوو مەهێنەوه:

تەواوی ئەو شتانەی کە بە درێژایی ڕۆژەکە دەیکەیت هەمووی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەکانتە و خۆت بەرپرسی ڕووداوەکانیت، کەواتە بیانوو هێنانەوە کارێکی نالۆژیکانەیە، بۆ نموونە ئەگەر هەمیشە درەنگ دەچیت بۆ چاوپێکەوتن بێگوومان ئەمە بیانووی ناوێت و کێشە لەخۆتە، کاتێک کە کارەکان تەواو ناکەیت و بە نیوەی و شپرزی جێی دەهێڵیت بە دڵنیایەوە خۆت تەرکیزی زۆرت لەسەری نەبووە و گوێت پێ نەداوە هەمیشە هەوڵ بدە کە بەرپرسیارێتی هەڵەی خۆت لە ئەستۆ بگرە و قەبوڵی بکە و هەوڵ بدە کارەکانت بە جوانترین شێوە ئەنجام بدەیت.

٧- تووڕەیت کۆنتڕۆڵ بکە:

تووڕەیی پێش هەر کەسێک یەکەمجار زیان بە خۆت دەگەیەنێت، تووڕەیی بۆ ماوەیەکی زۆر مەهێڵەرەوە لە خۆتدا، دەتوانیت سوود وەربگریت لە ڕێگاکانی کۆنتڕۆڵ کردنی توڕەیی، قەلەقی و توڕەیی و هەڵچوونی توند کاریگەری دەکاتە سەر سەلامەتیت بەڵام ئەگەر ئەوانە کەم بکەیتەوە کەسانی زیاتر ڕێزت دەگرن چونکە تێدەگەن کە کەسێکیت دەتوانیت خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت و هێمنیت، بە دڵنییایەوە هیچ کەسێک لە ژیانیدا کامڵ نییە و هەر کەسێک کێشەی تایبەتی خۆی هەیە کەواتە زۆر جەخت مەکەوە لەسەر تووڕەی خەڵک و بەخشندە بە و بیانبەخشە.


سەرچاوەکان



3205 بینین