کۆمپانیای هواوی

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-04-28-00:21:00 - کۆدی بابەت: 4937
کۆمپانیای هواوی

ناوه‌ڕۆك

هواوی

هواوی بە گەورەترین کۆمپانیای چینی دادەنرێت بۆ دروستکردنی ئامێرەکانی پەیوەندی لە جیهاندا، بەرهەمەکانی لە 170 وڵاتی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. لە ساڵی 2010 ـدا لە لیستی دەوڵەمەندترین پێنجسەد کۆمپانیای جیهاندا هات، بەپێی گۆڤاری ''فۆرچن''ـی ئەمریکی.

دامەزراندن

کۆمپانیای هواوی لە ساڵی 1987 دامەزرا لە شاری شێنزن لە باشووری چین، لە لایەن ئەندازیاری پێشووی سوپای ئازادکردنی گەل ''رین ژنگفێی'' دامەزرا، بە سەرمایەیەک دەگەیشتە 21 هەزار یوانی چینی، کە بە نزیکەیی دەکاتە 3500 دۆلاری ئەمریکی.
ئەم ئەندازیارە کۆمپانیایەکی پەیوەندییەکانی دامەزراند کە دەیتوانی دوگمەی تەلەفۆنەکان دروست بکات بەبێ پشت بەستن بە پڕۆژە هاوبەشەکان بۆ گواستنەوەی تەکنیکی دروست کردنەکەی لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، بەمە هواوی دامەزرا.
سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی هەشتاکان کاتێک کۆمەڵێک توێژەری چینی هەستان بە کڕین و پەرەپێدانی تەکنیکی بەکارهێنراو لە دروستکردنی دوگمەی تەلەفۆنەکاندا، ئەمەش خۆی لە پڕۆژە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا دەکرا، لەبەر ئەوەی تەکنیکی پەیوەندییەکان لە چین لەو کاتەدا هاوردەکراوی دەرەوە بوو. 

بارەگا

بارەگای هواوی لە شاری شێنزنە، هەروەها نزیکی زیاد لە دە ساڵە بارەگای خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردۆتەوە، لە وڵاتی بەحرەین، ژمارەی کارمەندانی هواوی دەگاتە نزیکەی 170 هەزار کارمەند.

چالاکییەکانی

نموونەی کارەکانی کۆمپانیاکە لە سەرەتادا سەرنجی لەسەر دوگمەی مۆبایلی بە تایبەت هاوردەکراو بوو لە هۆنگ کۆنگەوە، بەڵام کۆمپانیاکە وەبەرهێنانەکانی باشتر کرد لە بوارەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان بۆ دروستکردنی تەکنەلۆژیای تایبەتی خۆی، بە هاتنی ساڵی 1990 نزیکەی 55 کارمەندی هەبوو لە بوارەکانی توێژینەوە و پەرەپێدان، وە پاشان دەستی کرد بە دروستکردنی بەرهەمە تایبەتەکانی خۆی.
لە ساڵی 1996ـدا کاتێک حکومەتی چینی سیاسەتێکی توندی پەیڕەو کرد بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنە ناوخۆییەکان لە بواری پەیوەندییەکان و سنووردارکردنی بەکارهێنانی بەرهەمە دەرەکییەکان، کۆمپانیا چینییەکە پەنای برد بۆ دامەزراندنی ژمارەیەکی دیکە لە ئۆفیسی توێژینەوە و پەرەپێدان.
لە ماوەی نێوان 1998 بۆ 2003، کۆمپانیای هواوی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ''ئای بی ئێم''ـی ئەمریکی واژۆ کرد بۆ ڕاوێژکاریی بەڕێوەبردن، گۆڕانکاریی گەورەیان کرد لەسەر بەڕێوەبردن و هەیکەلی پەرەپێدانی بەرهەمەکانیان، ئەمە فراوان بوون و کشانی بەرەو بازاڕە جیهانییەکان خێراتر کرد و توانی فرۆشی گەورەی جیهانی بەدەستبێنێت کە سەد ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند، یەکەم ناوەندی توێژینەوە و پەرەپێدانیشی لە دەرەوەی چین دامەزراند، کە لە شاری ستۆکهۆڵمی سویدی بوو.
لە ساڵی 2010ـیشدا ناوی هواوی بۆ یەکەمجار لە لیستی دەوڵەمەندترین پێنجسەد کۆمپانیا دەرکەوت، کە ساڵانە گۆڤاری ''فۆرچن''ـی ئەمریکی بڵاوی دەکاتەوە، ئەمەش دوای گەیشتنی فرۆشە ساڵانەکانی هواوی بە 21.8 ملیار دۆلار و کۆی قازانجەکانیشی گەیشتە 2.67 ملیار دۆلار.

دەرەنجام

هواوی بە گەورەترین بەرهەمهێنی ئامێرەکانی پەیوەندی دادەنریت لە جیهاندا، وە بە سێیەم گەورەترین هاوردەکەری مۆبایلە زیرەکەکان دادەنرێت، وە خاوەن ژمارەیەکی زەبەلاحە لە ئۆفیسی توێژینەوە و پەرەپێدان، لەگەڵ دەیان هەزار مافی داهێنان، هواوی هەتا 13-دیسەمبەر-2013 نزیکەی 44 هەزار داواکاری مافی داهێنانی هەیە لە چین و نزیکەی 19 هەزاریشی لە دەرەوە هەیە، هەروەها 15 هەزاریش بەپێی پەیماننامەی هاوکاری بۆ مافی داهێنانەکان، نزیکەی 37 هەزار لەم داواکاریانە پەسەند کراون.
بەرهەمەکانی هواوی لە زیاتر لە 170 دەوڵەتی جیهاندا بڵاو بوونەتەوە، بواری توێژینەوە و پەرەپێدان بە پایەی سەرەکی دادەنرێت بۆ پاڵپشتی کردنی پڕۆژە بازرگانییەکانی، بە جۆرێک زیاتر لە 70 هەزار کارمەندی لەم بوارەدا هەیە، واتە نزیکەی 45٪ـی کارمەندەکانی هواوی لە جیهاندا.
لە ساڵی 2013ـدا کۆمپانیاکە 5.4 ملیار دۆلار، واتە 14٪ـی کۆی قازانجەکانی خستە بەرنامەکانی پەرەپێدان و توێژینەوەوە.
هواوی بە یەکێک لە یەکەمین کۆمپانیا کاراکان دادەنرێت لە بوارەکانی توێژینەوە و پەرەپێدانی تایبەت بە داهاتووی تۆڕەکانی نەوەی پێنجەم (5G)، بە جۆریک وەبەرهێنانەکانی لەم بوارەدا دەگاتە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار هەتا ساڵی 2018، هەروەها لەگەڵ کۆتاییەکانی 2013ـدا چووە ناو زیاتر لە 170 دامەزراوەی جیهانیی تایبەتەوە بە دانانی پێوەری تەکنەلۆژیای کەرتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیارییەوە.


سەرچاوەکان



1707 بینین