گرنگیی دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز و کارتۆن بۆ ژینگە و ئابووری

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-04-29-23:48:00 - کۆدی بابەت: 5031
گرنگیی دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز و کارتۆن بۆ ژینگە و ئابووری

ناوه‌ڕۆك

کاغەز

کاغەز بە وردی و سادەیی بەوە پێناسە دەکرێت کە ڕیشاڵی ڕووەکیی وشکی پەستێنراو و تەختکراوە، هەروەها دەکرێت لە ڕیشاڵەکانی لۆکە و خەیزەران و جۆرەکانی دیکەی ڕیشاڵی ڕووەکی دروست بکرێت کە خاوەن تایبەتمەندی گونجاون بۆ ئەم مەبەستە، بەم شێوەیە دروست دەکرێت لەگەڵ هەندێک پێکهاتەی دیکە وەک سپیکەرەوە و ڕەنگکەرەکان و ماددە کیمیاییە باشکەرەکان، ئەم بوارە پێشکەوتنی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە لەو کاتەوەی لە چین سەریهەڵدا، بۆیە لە قۆناغی دروستکردنی دەستیی سەرەتاییەوە گۆڕا بۆ دروستکردن بە ڕێژەی زۆر زۆر بە بەکارهێنانی ئامێرە زەبەلاحە زۆر بەرهەمدار و وردەکان، سەرەڕای گۆڕان لە بەشێکی گەورەی زانیاری مرۆیی بۆ شێوەی ئەلیکترۆنی، کە بەکارهێنانی کاغەز ناپێویسیت دەکات لە زۆر کاتدا، بەڵام هێشتا ڕێژەی کاغەز لە چواردەورمان زۆر گەورەیە، لە نێوان ماددەکانی ڕووپۆشکردن و تابلۆکان و کارتەکان و کتێب و ئەرشیف و عەلاگە کاغەزییەکان، بەمەش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پیشەسازی کاغەز و چارەسەرکردنی و بەڕێوەبردنی کارەکانی بە درێژایی تەمەنی و هەتا دەگاتە دووبارە بەکارهێنانەوەی بە کارێک دادەنرێت کە شایەنی گرنگیپێدان و پەرپێدانی زۆرە، ئەم بڵاوکراوەیەش تایبەت کراوە بۆ قسەکردن لەسەر گرنگیی دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز و کارتۆن بۆ ژینگە و ئابووری.

دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز و کارتۆن

کرداری دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، دەستپێدەکات لە ڕۆشنبیریی جیاکردنەوەی یەکەمەوە لە لایەن بەکاربەری یەکەمی کاغەزە نوێیەکە و کۆتایی هاتن بە پێویستییەکانی بەکاربەری دووەمی کاغەزەکە دوای دووبارە بەکارهێنەنەوەی و گەیاندنەوەی بە کوالێتی پێویست، ئەم کردارە بەم هەنگاوانەدا تێدەپەڕێت.

قۆناغی کۆکردنەوەی کاغەز

ئەم قۆناغە بیرتییە لە کۆکردنەوەی ئەو کاغەزەی شیاوی دووبارە بەکارهێنانەوەیە لە خاڵەکانی هەڵگرتن، چ جا ئەگەر ئەوە لە ماڵەکاندا بێت یان ناوەندە تایبەتەکانی جیاکردنەوەی خاشاک، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوە و جیادەکرێتەوە بە شێوەیەکی دروست، ئەمەش لە ڕێی جیاکردنەوەی کارتۆن و مقەباکان لە کاغەزی سپی و کاغەزی ڕۆژنامە و گۆڤارە ڕەنگاوڕەنگەکان لە یەکدی، پاشان هەڵگرتنیان تا ئەو کاتەی چارەسەر دەکرێن.

قۆناغی دووبارە بەکارهێنانەوە

قۆناغی سەرەکیی دووبارە سوود وەرگرتنەوە لە کاغەز کۆمەڵە هەنگاوێک لەخۆدەگرێت، لەوانە:

دروستکردنی هەویری کاغەز:   کە بریتییە لە قۆناغی دەستپێکی هێنانی قەبارە کاغەزییەکە لەسەر شێوەی هەویرێکی شیاو بۆ چآرەسەرکردن، بە جۆرێک کاغەزەکە پارچە پارچە دەکرێت و ورد دەکرێت و پاشآن دەخرێتە بەر پلەی گەرمی زۆر بەرد کە دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی کاغەزەکە بۆ ڕیشاڵی جیاجیا، پاشان ئاو و ماددە کیمیاییەکانی بۆ زیاد دەکرێت، ئەوجا تێکەڵەکە دەبێت بە جۆرێک لە هەویری پتەو و تێکەڵ لەگەڵ هەندێ پیسکەردا.

پوختەکردن و پاکژکردن:   لێرەدا هەویرەکە بە شێوەیەکی میکانیکی پاکدەکرێتەوە، لە ڕێی تێپەڕکردنی بە کۆمەڵە دەمێکی کون کونی جۆراوجۆردا بۆ پاککردنەوەی لەو ماددانەی کە تیایدا ماوەتەوە، وەک پاشماوەکانی پلاستیک و پارچەی ماددە لکێنەرە ڕەق بووەوەکان، ئەگەر هەویرەکەش جۆری دیکەی پیسکەری تێدا بوو ئەوا دەخرێنە ناو کۆمەڵە پەپکەیەوە کە بە خێراییەکی زۆر دەسوڕێنەوە بۆ جیاکردنەوەی پیسکەرەکان لە هەویرەکە، ئەمەش لە سایەی جیاوازیی لە چڕییەکەیان.

لابردنی حیبر و ماددە لکێنەرەکان:   لەم قۆناغەدا پاککردنەوەی چڕی هەویرەکە دەستپێدەکات لە حیبری گیرخواردوو و پاشماوەکانی ماددە لکێنەرە لینجەکان، کە ناکرێت بە شێوەیەکی میکانیکی لێبکرێنەوە، ئەمەش بە بەکارهێنانی ماددە ئەو ماددە کیماییانەی کە دەیتوێننەوە، هەروەها لەم قۆناغەشدا ماددەکان لە ناو ئامێرەکاندا دەجووڵێنرێت و هەڵدەدرێتەوە و سەراوژێر دەکرێت بە شێوەیەکی خێرا و ئاوی بۆ زیاد دەکرێت و گڵۆپی هەوای دەکرێتە ناو، بۆ ئەوەی سروشتێکی سووک و پتەوی هەبێت و ئامادە بێت بۆ قۆناغی داهاتوو.

سپیکردنەوە و ڕەنگکردن:   لەگەڵ بەردەوامبوونی هەویرەکە لە شیتەڵکردنەوە بۆ جیابوونەوەی ڕیشاڵەکان لە یەکدی، هەویرەکە پوختە دەبێت و شێوەیەکی گونجاوی دەبێت و تەنها ئەوەی دەمێنێت ڕەنگەکەی بکرێت بە یەک جۆر، ئەمەش لە ڕێگای زیادکردنی بۆیەکانەوە، یاخود ماددەی سپیکەرەوەی تێ دەکرێت، وەک دوانۆکسیدی کلۆر و بیرۆکسید و هایدرۆجین لە حاڵەتێکدا ئەگەر پێویست بوو بەرهەمەکە سپییەکی تەواو بێت.

قۆناغی دیاریکردنی کوالێتی

قۆناغی کۆتایی بریتییە لە دیاریکردنی کاغەزە بەرهەمهاتووەکە، بە جۆرێک کە بەرهەمهێنەکە پەنا دەباتە بەر تێکەڵکردنی هەویرەکە لەگەڵ ڕیشاڵی درەختیی، ئەمەش بۆ زیادکردنی هێز و نەرمییەکەی، ئەگەر نا ئەوا هەویرەکە بەو شێوەیە لە دروستکردنی کاغەزی کوالێتی کەمتردا بەکار دەهێنرێت، پاشان بۆ جاری کۆتایی هەویرەکە تێکەڵی ئاوی گەرم دەکرێت، ئەمەش بە ڕێژەیەکی زۆر بۆ ئەوەی هەویرەکە ببێت بە شلەیەکی چڕی کەم، لە کۆتاییدا ئەم شلەیە دەپرژێنرێت بەسەر بۆرد و لەوحەی تەخت بە شێوەیەکی یەکسان، پاشان بەجێدەهێڵرێت بۆ ئەوەی وشک بێتەوە و ڕیشاڵەکانی یەک بگرن بۆ ئەوەی لەوحەی کاغەزی دروست بکرێت و ئیتر بەو جۆرەی کە پێویستە بەکار بێنرێت.

گرنگیی دووبارە بەکارهێنانەوەی کارتۆن و کاغەز بۆ ژینگە

کرداری دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز و کارتۆن یارمەتی ژینگە دەدات بە کەمکردنەوەی بڕینەوەی دارەکان و پیسبوونی ژینگە و کەمکردنەوەی پێویستیی بۆ ڕووبەی فراوان بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاک، هەروەها بابەتی دووبارە بەکارهێنانەوە بە شێوەیەکی گشتی یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی سەرچاوە و ماددە خاوەکان، بۆیە لە جیهانی دووبارە بەکارهێنانەوەدا پیشەسازیگەلێک هەن بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستن بە ماددەی بەکارهێنراو لە جیاتی بەکارهێنانی ماددەی نوێ لە ژینگەوە، ئەمەش بارێکی زۆر گەورە لەسەر سەرچاوەکانی ژینگە لادەبات تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت.
بەڵام دووبارە بەکارهێنانەوە خاڵی ناکۆکی زۆر تێدایە، لەوانە بریتییە لە بابەتی ئەو وزەیەی تێیدا بەکار دەهێنرێت، چونکە هەندێک هێڵی دووبارە بەکارهێنانەوە کارا نین و وزەی زۆر بەکار دەهێنن بە بەراورد بەو وزەیەی پێویستە بۆ دروستکردنی کاغەزی نوێ لە ماددەی خامەوە، هەروەها بابەتی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان وەک کلۆر کە کاریگەری لەسەر مرۆڤ و ژینگەش هەیە، لێرەدا بەراورد دەکرێت لە نێوان ئەوەی کە کامیان لە پێشترە، دروستکردن یان بەکارهێنانەوە، بە دڵنیاییەوە گرنگیی دووبارە بەکارهێنانەوە بۆ ژینگە و ئابووری باڵاترە، گومانیش لەوەدا نییە کە تەکنەلۆژیاکانی دووبارە بەکارهێنانەوە لە پێشکەوتنێکی بەردەوامدان، لە پێش ئەوەش زۆر گرنگە کە بەکارهێنانی کاغەز تا چەند کرا بەم بکرێتەوە.

گرنگیی دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز و کارتۆن بۆ ئابووری

بازاڕی دووبارە بەکارهێنانەوەی کاغەز هەلی کاری زۆر دەڕەخسێنێت بۆ کرێکار و وەبەرهێنەکان، بە جۆرێک کەوا کارەکانی دووبارە بەکارهێنانەوە بە شێوەیەکی گشتی لە زنجیرەی هەڕەمی درێژ پێک دێن کە بە کۆکردنەوەی ماددە سەرەتاییەکان دەست پێدەکات پێش کرێکار و کۆمپانیا بچووکەکان، پاشان کۆمپانیا گەورەترەکانی کە بەرپرسن لە چارەسەرکردن و دروستکردن دەیفرۆشن، قازانج لەم بوارەدا بەستراوەتەوە بە چەند شتێکەوە، لەوانە هەبوونی ماددەی خاو (کە بریتییە لە کاغەز و کارتۆنە بەکارهێنراو) کە دەکرێت لە فرۆشیار و کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکانی دروستکردن پەیدا بکرێت، پێش ئەوەش ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی گەورە یارمەتیدەری دووبارە بەکارهێنانەوەیە، چونکە ئاسانکارە بۆ جیاکردنەوەی سەرەتایی بۆ کاغەز و کارتۆن لە لایەن خەڵکەوە، کە زۆر ئاسانکارە بۆ دەستکەوتنی ماددە خاوەکە بە ڕێژەیەکی زۆر.
هەروەها زۆریی و بەردەستیی بازاڕی دروستکراو و بەرهەمەکانی تر بە یەکێک لە کارتێکەرە گرنگەکان دادەنرێت بۆ گەرەنتی کردنی قازانج لەم بوارە، پوختەی بابەتەکە ئەوەیە کە کارکردن لە دووبارە بەکارهێنانەوەی کارتۆن و کاغەزدا پێویستی بە توێژینەوەیەکی باشی بازاڕ و مەبەستی پڕۆژەکە هەیە، بە دەستپێکردن لە ماددە سەرەتاییەکانەوە و کۆکردنەوەیان و نرخ و تێچووی کۆتایی بەرهەمی کۆتایی و ئەو پارەیەی کە لە بازاڕدا دەیهێنێت و پێشوازی خەڵکی بۆی، هەروەها پێویستی بە هەبوونی تایبەتمەندی زیاتر هەیە بە بەراورد بە ڕکارەبەکانی لە بازاڕدا، سەرەڕای ئەوەی کە ئەم بازآڕە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە کڕینی کاغەزی بەکارهێنراو بە نرخێکی کەم و فرۆشتنەوەی دوای دووبارە بەکارهێنانەوەی بە نرخێکی زیاتر.


سەرچاوەکان



1030 بینین