هێزی پیادەی سووپا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-08-04:15:00 - کۆدی بابەت: 5218
هێزی پیادەی سووپا

ناوه‌ڕۆك

پیادە

دەستەواژەیەكە بەكاردەهێنرێ بۆ كۆمەڵێك سەرباز بە چەكی سوكەوە كە بە تایبەت ڕاهێنراون بۆ شەڕكردن لەسەر وشكانی و زەوی، هەندێكجاریش هۆكاری گواستنەوە بەكاردێنن وەك بارهەڵگر و گوێزەرەوە و زرێپۆشی گوێزەرەوەی سەربازان و زرێپۆشی جەنگی یان كەشتییەكان.

هەمیشە لە جەنگەكان زۆرترین قوربانی بە كوژراو و بریندارانەوە لە سەربازانی هێزی پیادەن، بۆیە هەمیشە داوایان لێدەكرێ بۆ بەرزكردنەوەی توانای جەستەیی خۆیان بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو ئەركە قورسە بگرن كە لەسەر شانیانە، ئەركی سەرەكی ئەم هێزەش لەناوبردنی دوژمنە بە هەر هۆ و شێوەیەك بێت.

ئەم هێزە كۆنترین جۆری شێوەی سەربازی سووپایە بە درێژایی مێژوو، كە پێشتر لەجێی چەكی باروتی خاوەنی چەكی شمشێر و ڕم و تەور بوون، یاخود ڕمی هاوێژراو و تیروكەوان، لەدوای داهێنانی چەكی باروتیش پڕچەككردنی ئەم هێزەی سووپا ئەركی لە پێشینە بووە چونكە یەكەمین هێڵی ڕووبەڕووبونەوەن لەگەڵ دوژمن، لە سەردەمی ناپلیۆن پۆناپارتدا سووپاكەی لە سێكوچكەی (پیادە، سوارچاك،تۆپهاوێژ) پێكهاتبوو، بەڵام هەمیشە زۆرینەی سووپا هێزی پیادە بوون، لەگەڵ پێشكەوتنی جیهانیشدا زرێپۆش و گوێزەرەوەكان جێگای ئەسپ و سوارچاكانیان گرتەوە، هەروەها تانك و هێزی ئاسمانی جێگای تۆپهاوێژی گرتەوە، بەڵام ئەوەی وەك خۆی دەمێنێتەوە و ناگۆڕێ هێزی پیادەی سووپایە كە هەمیشە ئامادەیە لە جەنگ.

هێزی پیادە لە هەموو هێزەكانی دیكە خاوەنی بیر و تێگەشتنی زیاترە بۆ دۆخ و حاڵی ئەو ساتەی كە تێیدان، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە نزیكترین كەسن لە جەنگەوە، چونكە بە چاوەكانی خۆیان دەبینن كێ دەپێكرێت بە دەستەكانیان، یان هەندێكجار تووشی جەنگی دەستەویەخە دەبنەوە و ناچارن بە كەرەستەی نزیكی وەك چەقۆ و بۆكس خەنجەر شەڕ بكەن.

ئەركەكانیان

  • شەڕكردن هەتاوەكو بڕینی سەنگەری دوژمن.
  • دەستگرتن بەسەر خاكی دوژمن یان گەیشتن بەو خاڵەی كە پلانی بۆ دانراوە.
  • دڵنیایی لەوەی سەركەوتن بەدەستهێنراوە لە مەیدانی جەنگ.
  • پارێزگاری لەو ناوچەی دەستی بەسەردا گرتووە چ لە پێشەوە بە بەردەوامی پێدان و چ لە پاشەوە بە پارێزگاری و نەكشانەوە لێی.
  • جێگیركردنی چەك و پێداویستی سەربازی لە ساتی گرتنەوەی ناوچەكە.
  • دەستگیركردنی دیل و هەڵاتووەكان.
  • داگیركاری ناوچەكە بە شێوەیەكی تەواو.

هێزی پیادە دەتوانن لەگەڵ هەموو كەشوهەوایەك هەڵبكەن و بەردەوام بن لە پێشڕەوی، هەروەها دەتوانن ببنە ڕێگر بۆ هەر هێرشێكی دوژمن، دەتوانن بگەنە ئەو شوێنانەی كە هەر كەرەستە و گوێزەرەوەیەكی سەربازی پێیناگات.

دەكرێ ئەم هێزە لەڕێی پەڕەشوت، یان هەلیكۆپتەر و نیشتنەوە لە خاكی دوژمن ڕاستەوخۆ دەست بەكاربێت، هەروەها دەكرێ لە سنوورەكانەوە دەست بە ڕۆشتن بكات بە شێوەیەكی ڕێكخراو بەبێ بەكارهێنانی ئۆتۆمبێل.

كەرەستەكانیان

زۆرینەی كات كەرەستەی كەم هەڵدەگرن چونكە نابێت كێشیان ئەوەندە قورس بێت مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بكات، كەرەستەكانیان :

  • چەكی مامناوەند
  • چەكی بچووك
  • نارنجۆك یان بۆمبی دوكەڵ یان هەردووكیان
  • ڕێژنگ (ڕەشاش)
  • تۆپهاوێژی سەرشان

مێژوو

لە كۆندا ئەو كۆمەڵە مرۆڤە سەرەتاییانەی پێكەوە دەژیان هەر بەو كەرەستانەی ڕاویان پێدەكرد دەجەنگان لەسەر زەوی، بەڵام بەشێوەیەكی ناڕێك و بەبێ بوونی پلانی تۆكمە و چەكی باش.

دواتر لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەت و ئیمڕاتۆریەتەكان لە ساڵانی 2500 بۆ 1500 پێش زایین، هێزی چەكداری بۆ پاراستن یان داگیركاری دروستكرا، ئەویش ژمارەیان زۆر نەدەبوو و چەكەكانیان جیاوازبوو و هەر ناوچەیەك بە شێوەیەك دروستی دەكرد، دواتریش ئەو ناوچەی لە دروستكردنی چەك و بڵاوكردنەوەی هێزە سەربازییەكەی خێراتر بوایە دەبووە براوەی جەنگ.

لە 2000 ساڵ پێش زایینەوە گوێزەرەوەی چەكداری دروستكراوە كە خاوەنی تایە بووە، بەڵام لە پێش ئەوەوە تەواوی هێزەكان هێزی پیادەبوون، تەنانەت لە سەردەمی هێزی مەغۆلەكان كە بە سوارچاكییان بەناوبانگ بوون هێزی پیادە زۆرینەی سووپای پێكهێناوە.

لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین بۆ 15ـی زایینی لە ڕۆژئاوا هێزە پیادەكان جیاوازبوون لە یەكتری و دابەش دەكران بۆ هێزی پیادەی قورس و سووك.

پیادەی قورس جەنگاوەرانی یۆنانی و مەقدۆنی دەگرتەوە كە بە پلان و چەكی قورسەوە بەرگری و هێرشیان دەكرد و تاكە ئەگەرێك كە دایاندەنا بردنەوە بوو، بەڵام پیادەی سووك وەك شەڕكەرانی ڕۆمانی، كە زیاتر بە بڵاوی و نیشاندانی مانۆرەوە دەناسران، هەروەها كاری دیكەی وەك: لێدان لە هێزی سەرەكی دوژمن و پارچەكردنی، شپرزەكردنی سووپای دوژمن و دۆزینەوەی كەلێنەكان و شیكردنەوەی دۆخی دوژمن و سوود وەرگرتن لێی، ئەمانەش بەشێك بوون لە كارەكانیان.

واتە پیادەی قورس سوودی لە جەستە و چەكەكانی وەرگرتووە و پیادەی سووكیش بەهۆی نەبوونی چەك و سەربازی پێویستەوە سوودی لە تاكتیكی سەربازی ئەوكات وەرگرتووە.


سەرچاوەکان



818 بینین