چاندنی پرتەقاڵ بە تۆو

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-04-30-21:47:00 - کۆدی بابەت: 12719
چاندنی پرتەقاڵ بە تۆو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گەشەکردنی پڕتەقاڵ لە تۆوەوە (بە ئینگلیزی: Growing oranges from seeds، بە عەرەبی: زراعة البرتقال من البذور). پڕتەقاڵ جۆرێکە لە جۆرە باوەکانی میوە و ڕەنگی پڕتەقاڵییە و ساڵانە خواستێکی زۆری لەسەرە و نرخی گونجاوە و گرانبەها نییە. لە زۆر جۆری شیرینی و شەربەت و زەڵاتەدا بەکاردەهێنرێت، جگە لەوەی کە بەتەنیاش وەکو میوەیەکی سەربەخۆ پێشکەش دەکرێت، بە تامی شیرین و ترش و مێخۆش هەیە و لە فڕۆشتگاکان دەستدەکەوێت، یاخود لە ماڵەوە دەتوانرێت بچێنرێت وەکو تۆو و پاشان دوای گەشەی تەواو بخورێت.

لێرەدا چۆنیەتی چاندنی تۆوی پڕتەقاڵ دەخەینە ڕوو

چاندنی پرتەقاڵ لە تۆوەوە بۆ هەندێک کەس کارێکی گرانە پێویستی بە چاودێرییەکی گەورە و بەردەوام هەیە بۆ چاندنێکی سەرکەوتوو و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە کۆتاییدا. بەڵام لێرەدا باشترین ڕێگا بۆ گەشەکردنی پرتەقاڵ لە تۆوەوە بە وردی باسدەکەین:

کۆکردنەوە و ئامادەکردنی تۆو

بۆ گەشەکردنی پرتەقاڵ لە تۆوەوە سەرەتا دەبێت ئەو تۆوانە کۆبکەیتەوە و ئامادەیانبکەیت بە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە:

  • کۆمەڵێک تۆوی پرتەقاڵ کۆبکەرەوە، جا لە پرتەقاڵەکانی کڕدراو لە فرۆشگاکان بێت یان لە نەمامگەیەکەوە بەدەست بهێنرێت، ئاگاداربە لە هەڵبژاردنی تۆوی تەواو چونکە ئەو تۆوانە گونجاو نابن کە پەڵە و خراپە و ڕەنگ گۆڕانی لە پرتەقاڵەکەدا هەیە.
  • تۆوەکان بە ئاو بشۆ، بۆ لابردنی پاشماوەی چەوری پرتەقاڵ یان هەر پیسییەکی تری سەر تۆوەکە.
  • تۆوەکان تەنها بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە ئاوی گەرمدا تێکەڵ بکە و بیانهێڵەوە بۆ نەرمکردنی توێکڵی دەرەوەی، بەم شێوەیە پرۆسەی ڕواندنەوەکە ئاسانتر دەبێت. 
  • ئەو تۆوانە بەکارمەهێنە کە دوای تەڕکردنیان سەر ئاو دەکەون لەبەر ئەوەی بۆ چاندن گونجاو نین.
  • تۆوەکانی ماونەتەوە بپاڵێوە و لەسەر خاولییەکی پاک دایانبنێ.

ڕواندنی تۆو و چاندن

دوای ئامادەکردنی تۆوەکان دەتوانرێت بەیەکێک لەم دوو ڕێگایە بچێنرێت:

ڕێگەی یەکەم 

ڕواندنی تۆو و چاندن ڕاستەوخۆ بە بەکارهێنانی گۆزەی چاندن، تۆو دەتوانرێت بچێنرێت بە چاندنی لەناو گۆزەیەکی بچووکی چاندندا، کە چەند کونێکی لە بەشی خوارەوە هەبێت بۆ هاتوچۆی ئاو، کە بەشی خوارەوەی لێواری گۆزەکە  پڕ بووە لە چینێکی تەنکی خۆڵ و زبڵ. دوای ئەوە کونێکی بچووک لە ناوەڕاستی خۆڵ و زبڵەکەدا بکە بە درێژی نزیکەی ١.٣ سم و تۆوێکی تێبکە پاشان بە جوانی بە بەکارهێنانی ئەو خۆڵە دایبپۆشە، ئەم کردارە دووبارە بکەوە و چەند جارێکی تر کون بکەن و چەند تۆوێک بچێنن. 

ڕێگەی دووەم 

بۆ هەڵبژاردنی باشترین نەمامەکان دوای ئەوەی دەڕوێن سەرەتا بە بەکارهێنانی پارچە پەڕۆی کاغەزی تایبەت بە چاندنی تۆو (جۆرە پەڕۆیەکی تەنکی تایبەتە وەکوو توول وایە بۆ چاندن بەکاردێت)، پاشان چاندنیان لەناو ئینجانە یان گۆزەیەکی چاندندا، دەتوانرێت تۆوی پرتەقاڵ سەرەتا بە بەکارهێنانی پەڕۆی کاغەزی بچوک بکرێت بە دانانی تۆوی پرتەقاڵ لەسەریان بە بڵاوی، پاشان ڕشاندنی ئاو بەسەریاندا و تاودانیان لەگەڵ تۆوەکانی ناوەوە، پاشان بیخەنە ناو بوتڵێکی پاک و قەبارە مامناوەندەوە و بە پارچە پەڕۆیەک یان دارێک دایبخەن و بیخەنە شوێنێکی گەرم و تاریکەوە دوای ٧ ڕۆژ دەتوانرێت شووشەکە بکرێتەوە و تۆوی ڕواوە و ڕەگدار دەربهێنرێت و لە شوێنێکی بچووکدا بچێنرێت.

چاندن و گرنگیدان بە نەمامەکان

دوای چەند هەفتەیەک لە چاندنی تۆوی پرتەقاڵ دەبنە نەمامی قەبارەی مامناوەند و زۆرجار دەبێت بگوازرێنەوە بۆ گۆزەیەکی گونجاو و گەورەتر بۆ چاندن، بە هەمان شێوە کە لە پرۆسەی ڕواندنی تۆودا باسکراوە کە ئەمانەی خوارەوە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت:

  • گۆزەیەکی گونجاوی چاندن هەڵبژێرە کە ئاوەڕۆی باشی هەبێت و چینەکەی خوارەوە پڕ بکە لە خۆڵ. 
  • بەکارهێنانی خاکی گونجاو بۆ دارە ترشەکان و پێوانەی باش بۆ خۆراکدانی نەمامەکان کارێکی گرنگە. 
  • پاشان گۆزەکە لە شوێنێکی بەر خۆردا دابنێ جا لە نزیک پەنجەرەیەک بێت لە ماڵەوە یان تەنانەت لە دەرەوەش ئەگەر کەش و هەوا ئارام بێت و دوور بێت لە بای بەهێز. 
  • ئاودانی نەمامەکان بە شێوەیەکی مامناوەند و ڕێکوپێک، هەروەها دڵنیابە کە خاکەکە بەردەوام شێدارە بەتایبەتی لە وەرزی بەهار و هاویندا

ئارام بگرە و بەردەوام بە لە گرنگیدان بە دارەکان

دوای ساڵێک نەمامەکان دەبنە دار پرتەقاڵی بچووک کە دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ گۆزەی چاندنی گەورەتر یان لە زەویدا بچێنرێت ئەگەر کەشوهەوا بە درێژایی ساڵ لە دەرەوە تاڕادەیەک گەرم بمێنێتەوە، لەگەڵ پێویستی چاودێری بەردەوام واتا گرنگیدان بە ئاودانی بەردەوام، لابردنی گژوگیا لە دەوروبەری دارەکە و بەکارهێنانی جۆرەکانی پێوانەی کشتوکاڵی کە بۆ دار پڕتەقاڵەکان دیاریکراون.

شایەنی باسە کە گەشەکردنی پرتەقاڵ لە تۆوەکانەوە پێویستی بە ئارامگرتنێکی زۆر و چاودێری بەردەوام هەیە بۆ چەند ساڵێک تا ئەنجامێکی دڵخۆشکەر بەدەست دەهێنن، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر میوە بەرهەم ناهێنن ئەگەر لە تۆوەوە گەشە بکەن.


سەرچاوەکان



468 بینین