چۆن بزانم منداڵەکەم ئاستی بینینی لاوازە؟

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-04-30-21:58:00 - کۆدی بابەت: 12720
چۆن بزانم منداڵەکەم ئاستی بینینی لاوازە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بزانم منداڵەکەم ئاستی بینینی لاوازە (بە ئینگلیزی: How do I know if my child has a poor vision or a vision problem، بە عەرەبی: كيف أعرف إذا كان طفلي يعاني من ضعف النظر). هەروەک چۆن لە کاتی بەتەمەن داچووندا ئاستی بینینی مرۆڤەکان لە پێشتریان جیاواز دەبێت، بەهەمان شێوەش لە کاتی لەدایکبوون و سەرەتاکانی تەمەنیان ئاستی بینینیان جیاوازە، بۆ زۆرێک لە باوانەکان وەک کارێکی قورس دەردەکەوێت کە بە تەواوی بزانن ئایا منداڵەکەیان چاوی کزە یاخود نا، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە سەرنجدان و گرنگیپێدانی زۆر هەیە.

منداڵان هەمیشە نازانن کە چاویان کزە، بەڵام تێگەیشتن لە نیشانەکان ئەم کارە ئاسان دەکات، کاتێک منداڵان بینایی چاویان لاوازە، زۆرجار تەنها پێیان وایە جیهان بۆ هەموو کەسێک بەو شێوەیە دەردەکەوێت. ئەوان هیچ جیاوازییەک نازانن، لە تەمەنی ٥ ساڵیدا پێویستە هەموو منداڵێک پشکنینی چاوی گشتگیر بکات و ساڵانە بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی پشکنینی چاو چونکە بینینی هەموو کەسێک بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت.

حەوت ڕێگا بۆ زانینی ئەوەی کە منداڵەکەت ئاستی بینینی لاوازە

لێرەدا حەوت ڕێگا دەخەینە ڕوو بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا منداڵەکەت ئاستی بینینی لاوازە یاخود نا، ئەوانیش بریتین لە: 

گرانی فێربوون

ئەگەر منداڵەکەت لە پۆلێکدا بێت، لەوانەیە مامۆستاکەی هەست بە نیشانەکانی کێشەکانی بینین بکات وەک دواکەوتن لە کاری پۆلدا، بەشدارینەکردن لە گفتوگۆی گروپی، یان لە وەرزشدا. بەڵام ئەگەر منداڵەکەت بەشێک یان هەموو کاتەکانی بۆ فێربوون لە دووری تۆوە بەسەر دەبات، لەوانەیە پێویست بکات چاوێکی وردتر لەسەر پێشکەوتنی فێربوونیان بێت بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە دەتوانیت سەرنجی ئەم نیشانانەش بدەیت.

سەرئێشەی بەردەوام و ماندوێتی و نائاسوودەیی گشتی

کێشەی چاو دەتوانێت ببێتە هۆکاری نائاسوودەییەکی بەردەوام. کاتێک منداڵان فشار دەخەنە سەر چاویان بۆ ئەوەی بە ڕوونی ببینن، ئەوا زۆرجار تووشی سەرئێشە دەبن، ئەم ئازارە بێزارکەر دەبێت و ناتوانن تەرکیز بکەن و ماندوویان دەکات.

ڕق لێبوونەوە لە خوێندنەوە و چالاکییە هاوشێوەکانی

کاتێک منداڵەکەت کێشەی بینینی هەیە لەوانەیە لە خوێندنەوە و ئەنجامدانی ئەرکەکانی ماڵەوە بێزار بێت و بە تەواوی خۆیان لەم چالاکییانە بەدوور بگرن. بەڵام ئەوە تەنها بۆ ئەو شتانە نییە کە لە نزیکەوەن بەڵکو دەکرێت کێشەی بینین بۆ ئەو چالاکییانە بێت کە پێویستییان بە بینینی دوور هەیە وەک وەرزشکردن.

گریمانەکردن کە لەوانەیە منداڵەکەت چالاکی زۆر بێت

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ٪٦٠ی ئەو خوێندکارانەی کە وەک فێرخوازی سەربەکێشە دیاری کراون لە ڕاستیدا کێشەی بینینیان هەیە کە دەستنیشان نەکراوە. کاتێک منداڵان کێشەیان هەیە لە تەرکیزکردندا دەتوانێت قورس بێت بۆیان بە ئارامی بمێننەوە، ئەمەش وا دەکات تێبینیکردن قورس بێت دواتر لەوانەیە کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن هەروەها لەوانەیە پەلە بکەن لە کارەکانیاندا، هەڵەی بێباکانە بکەن، تەنها بۆ ئەوەی دووربن لە بینینی کاڵ و ناڕوون، دوو بینین، سەرئێشە، یان گرژبوونی چاو. بە تایبەتی گرنگە چاوت لەسەر ئەم نیشانانە بێت ئەگەر منداڵەکەت لە ماڵەوە کات بەسەر دەبات بۆ فێربوون یاخود لە دەرەوەی پۆلێک لەگەڵ مامۆستاکەی.

نیشاندانی ڕەفتاری نائاسایی

هەندێک جار ئەو منداڵانەی کێشەی بینینیان هەیە لەڕادەبەدەر چاویان دەتروکێنن بۆ ئەوەی بینینیان پاک بکەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی چاویان ئاوی لێبێت و زیاتر دەستی لێبدەن هەروەها چاوتروکاندن، سەر وەرچەرخان، دانیشتن زۆر نزیک لە تەلەفزیۆن، یان داخستنی چاوێک نیشانەیەکی باش و تەواون کە کاتی ئەوە هاتووە پشکنینی چاو ئەنجام بدەیت بۆیان. 

منداڵەکەت ماوەی سەرنجدانێکی کورتە

ئایا منداڵەکەت بە خێرایی ئارەزووی یاری، پڕۆژە یان چالاکییە درێژخایەنەکانی تر لەدەست دەدات؟ ئەم جۆرە چالاکییانە پێویستیان بە بینینی ڕوون هەیە و ئەگەر منداڵەکەت کێشەی بینینی هەبێت دەتوانێت قورس بێت بۆی. 

منداڵەکەت سەری دەگێڕێتەوە بۆ لایەک

کاتێک شتێک لەبەردەم منداڵەکەتدایە، ئایا منداڵەکەت سەری بۆ لایەک دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی باشتر بیبینێت؟ ئەمە لەوانەیە نیشانەی هەبوونی کێشەیەکی چاو بێت، وەکو نزیکبینی یان کورتبینی، دووربینی، یان زیادبینی لاربینی یان کەمێک هەڵە لە ڕێکخستنی چاوەکان.

بۆچی پشکنینی بەردەوامی چاو گرنگە؟

پشکنینی بەردەوامی چاو بەشێکی گرنگە لە تەندروستی گشتی منداڵدا. پزیشکی چاو دەتوانێت زوو کێشەکانی بینین بدۆزێتەوە و چارەسەری بکات. تا منداڵەکەت زووتر چارەسەر بکرێت باشتر دەبێت لە قوتابخانە و دەرەوەی قوتابخانەش.

پوختە

لەوانەیە یەکێک لەم نیشانانەی سەرەوە یان زیاتریان لە منداڵەکەتدا هەبێت، زۆرجار ئەو نیشانانەی کە منداڵێک کێشەی بینینی هەبێت دەتوانرێت بە هەڵە بە شتێکی تر بزانرێت، یان لەوانەیە نەهێنرێتە بەرچاوت ئەگەر کات لە پۆلێکدا لەگەڵ مامۆستایەک بەسەر نەبات، بەڵام پشکنینی خێرای چاو دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ڕەگی کێشەکە.

زۆرێک لە کێشەکانی بینین دەتوانرێت بە ئاسانی چاک بکرێنەوە ئەگەر زوو دیاریبکرێن و باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە چاوەکانی منداڵەکەت ئەو چاودێرییە وەردەگرن کە پێویستیانە ئەوەیە کە پشکنینی چاوی بۆ ئەنجام بدەیت.


سەرچاوەکان



390 بینین