چۆن فرەزمانی کاریگەری دەبێت لەسەر زمانی دایک؟

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-04-30-23:02:00 - کۆدی بابەت: 12723
چۆن فرەزمانی کاریگەری دەبێت لەسەر زمانی دایک؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن فرەزمانی کاریگەری دەبێت لەسەر زمانی دایک (بە ئینگلیزی: How does multilingualism affect the native language، بە عەرەبی: كيف يؤثر تعدد اللغات على اللغة الأم). زمان هۆکاری سەرەکی پەیوەندی مرۆڤە بە دەوروبەریەوە، ڕێگەمان پێدەدات بیرۆکە و بیرکردنەوە و هەستەکانمان لەگەڵ کەسانی دیکەدا باس بکەین. هەموو مرۆڤێک لەکاتی لەدایکبوون و دەستکردن بە قسەکردن هێواش هێواش فێری زمانی دایک یاخود زمانی ڕەسەن دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەمان هەوڵدەدەین فێری زیاتر لە زمانێک ببین و بەکاریبهێنین.

سوودی فرەزمانی چییە؟

ئاستی خوێندەواری بەرز دەکاتەوە

کاتێک دەستدەکەیت بە تێگەیشتن لە زمانێکی نوێ زیاتر هۆشیار دەبیتەوە لە ڕێزمان و کۆکردنەوە و پێکهاتەی ڕستە. ئەمە یارمەتیت دەدات لە چۆنیەتی کارکردنی زمان تێبگەیت و توانای خوێندنەوە و نووسینت خێراتر دەکات.

بیرەوەری و کارکردنی مێشک باشتر دەکات

فێربوونی زمانێک ئەو ناوچەیەی مێشک بەهێز دەکات کە بەرپرسە لە بیرەوەری و قسەکردن و تێگەیشتنی هەستیاری. ئەو کەسانەی لە زمانێک زیاتر دەزانن باشترن لە پاراستنی لیست و زنجیرە و ناو و ئاراستەکان. هەروەها داهێنەرتر و تێگەیشتووترن و دەتوانن بۆ ماوەیەکی زیاتر سەرنج بکەن.

یارمەتی پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات

فێربوونی زمان وا دەکات بتوانین زانیاری شی بکەینەوە و کێشەکان باشتر چارەسەر بکەین چونکە ئەوکاتە دەتوانین زانیاری پەیوەندیدار هەڵبژێرین و زانیاری ناپەیوەندیدار یان چەواشەکارانە پشتگوێ بخەین و زیاتر دەبینە بڕیاردەری عەقڵانی و بابەتیانە.

ئاستی ڕێزگرتن و تێگەیشتن لە کولتوورەکانی دیکە زیاددەکات

فێربوونی زمانێکی نوێ وادەکات کە ئاگاداری کولتوورە نوێیەکان بین و تێگەیشتن و قەدرزانییەکی زیاتر بۆ مرۆڤ و داب و نەریتی دیکە پەرەپێبدەین کە جیاوازن لە داب و نەریتی خۆمان. لەگەڵ پەرەپێدانی توانای زمانیمان، توانای پەیوەندیکردنمان بە سەرانسەری کولتوورەکاندا زیاد دەکات و کارلێکی ئەرێنی لەگەڵ کەسانی وڵاتانی دیکەدا دەکەین.

ئەدای گشتی لە قوتابخانە باشتر دەکات

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە منداڵانی دوو زمان و فرە زمان لە منداڵانی دیکە باشترن کە تەنها بە یەک زمان قسە دەکەن. ئەنجامە ئەکادیمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە بە تایبەتی لە خوێندنەوە و وشەسازی و بیرکاریدا ڕاستە و شێوازی قسە کردنیان لە ئاستێکی بەرزتردا دەبێت.

هەلی دامەزراندن و پیشەیی دروست دەکات

تادێت کۆمپانیاکان زیاتر بەدوای کارمەندێکدا دەگەڕێن کە بتوانن زیاتر لە زمانێک قسە بکەن. ستافی فرەزمان بەهایەکی زۆریان پێدەدرێت بەهۆی توانای پەیوەندیکردنیان بە زمانی هاوبەشە بازرگانییەکانیان و بەزاندنی بەربەستە کولتوورییە گرنگەکان.

ئەزموونی گەشتکردن بەرز دەکاتەوە

کەسێک کە توانای قسەکردنی بە زمانی ئەو وڵاتەی هەبێت کە سەردانی دەکات، دەرفەتی زیاتری دەبێت بۆ چێژوەرگرتن لە کولتووری ناوخۆیی. دەتوانێت زیاتر لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا کارلێک بکات و زانیاری نووسراو لێکبداتەوە و بە ئاسانی گەشت بکات.

کاریگەرییەکانی فرەزمانی لەسەر زمانی دایک

هەرچەندە فێربوونی زمانێکی جیاواز کاریگەرییەکی ئەرێنی دەخاتە سەر ژیانمان زۆربەی کات، بەڵام بە چەند جۆرێک کاریگەری نەرێنیشی هەیە بۆ سەر زمانی ڕەسەنی خۆمان وەک ئەوانەی خوارەوە:

یەکەم: زۆربەی ئەو کەسانەی کە فێری زمانێکی نوێ دەبن، دەستدەکەن بە قسەکردن دەربارەی ئەوەی کە وشەو دەستەواژەکانی زمانی خۆیان بیرچۆتەوە چونکە مێشک بە بێئاگاییانە دەستدەکات بە شوێن گرتنەوەی وشە ڕەسەنەکان بەو وشە نوێیانەی کە لە زمانە نوێیەکە فێری دەبین.

دووەم: زۆربەی کات کێشە بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی ئێمە دروستدەکات، چونکە شێوازی قسە کردن و دەربڕینی دەستەواژەکانمان دەگۆڕێت و وشەی زمانە نوێیەکە تێکەڵ بە زمانی ڕەسەنی خۆمان دەبێت بەهۆی ئەوەوە دەکرێت کەسانی دەوروبەرمان بە سەختی لێمان تێبگەن.

سێیەم: زۆر کات کاریگەری لەسەر ئاستی بیرکردنەوە و شێوازی ژیان دەبێت، چونکە تۆ هەرکاتێک هەوڵی فێربوونی زمانێکی نوێ دەدەیت، لەگەڵیشیدا دەست دەکەیت بە تێگەیشتن لە کولتوور و ژیانی ئەو شوێنەی کە خاوەنی ئەو زمانەیە بۆیە زۆرکات واتلێدەکات ڕەخنە لە زمان و شێوازی ژیانی خۆت بگریت.

چوارەم: منداڵان ئاسانتر دەبێت بۆیان لە تەمەنێکی بچوکدا هەوڵی فێربوونی زمانێکی نوێ بدەن، چونکە بە شێوەیەکی سروشتی ئەو زمانە دەچێتە ناو ژیانیانەوە و تێکەڵ دەبێت لەگەڵیان، بەڵام کاتێک تۆ تەمەنت گەورەیە وردە وردە ئاستی فێربوونت بۆ بابەتی نوێ کەمدەبێتەوە و لەگەڵ هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانە نوێیەکە دڵەڕاوکێی و ترس تێکەڵ بە پڕۆسەکە دەبێت.

پێنجەم: کاتێک هەوڵی فێربوونی زیاتر لە زمانێک دەدەیت زۆرکات دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێزمان و ئاخاوتنی وشەو ڕستەکان لە نێوان زمانە نوێیەکان و زمانی ڕەسەنی خۆت تێکەڵ ببێت، بەمەش لە بری ئەوەی سوود بگەیەنێت زیانی دەبێت. 

دەرئەنجام

هەرچەندە هەوڵدان بۆ فێربوونی زمانی نوێ دەکرێ هەندێک جار کاریگەری نەرێنی هەبێت، بەڵام بە گشتی فێربوونی ئەو زمانانەی کە لە سەردەمی هاوچەرخدا گرنگییان هەیە لە بواری ژیان و کارکردندا وەک زمانی ئینگلیزی ڕۆڵێکی زۆر باش دەگێڕێت بۆ ئاسانکاری کردن لە گەیشتن بە لایەنێک لە لایەنەکانی سەرکەوتن، چونکە مرۆڤ چەند زمانی زیاتر بزانێت دەبێتە خاوەنی ئەوەندە کەسایەتی.


سەرچاوەکان



49 بینین