گەلی توببەع کێن؟

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-05-01-22:33:00 - کۆدی بابەت: 12732
گەلی توببەع کێن؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گەلی توببەع کێن؟ (بە عەرەبی: من هم قوم تُبّع، بە ئینگلیزی: Who are the people of Tabi) توببەع لە خەڵکی یەمەنن و نازناوێکە کە دەدرێت بە پاشاکانی یەمەن، لەبەرئەوەی هەر یەکەیان شوێن کەوتەی خاوەنەکەی بووە ئەم نازناوەیان پێدەدرا. نازناوی توببەع لە کۆنەوە لە سەردەمی پێش ئیسلام لە یەمەن بووە، وەک نازناوی خەلیفە لە ئیسلامدا، هەروەها وەک نازناوی فیرعەون و نازناوی هامان وایە. توببەع ناوی پاشایەکی دیاریکراو نییە بەڵکو نازناوێکە کە بەخشراوە بە پاشاکانی یەمەن، وەک نازناوی خوسراو بۆ پاشاکانی فارس، نازناوی قەیسەر بۆ پاشاکانی ڕۆمەکان و نازناوی نەجاشی بۆ حەبەشە.

سزای گەلی توببەع

ئەم گەلە سزادران بە لافاوێکی گەورە، وەکو خودای گەورە لە ئایەتی ١٦ و سوڕەتی سبا دەفەرموێت (جا ئەوان لەباتی شوکرانە بژێری و خوداپەرستی پشتیان هەڵکرد و بەدەم بانگەوازی خوداوە نەچوون، بەهۆی ئەوەوە لافاوێکی وێرانکەرمان بۆ ناردن). ڕژانی لافاوەکان لە دۆڵێک لە یەمەن هەڵدەقوڵا و تێدەپەڕی بە مەککەدا، ئاودێریان لێ دەکرد و بە بەرد کانی نێوان دوو شاخەکەیان دەگرت دەرگایان تێدا دروست دەکرد لەکاتی پێویستیدا دەیان کردەوە و ئاویان لێ دەردەکرد و دواتر دایان دەخستەوە.

سەبارەت بە هۆکاری ناردنی لافاوەکە بەسەریاندا، زانایان لێکۆڵینەوەیان لەوە کردووە و دەڵێن خودای گەورە مشکێکی ناردووە، واتا مشکێک کونێکی لە بەنداوەکە کردووە و ئاوەکەی بەسەریاندا کردووە. دەگوترێت خودای گەورە لافاوێکی وێرانکەری بەسەردا ناردوون، کە وڵاتەکەیان وێران کرد و پارچە پارچەی کردوون، واتە لە وڵاتدا ئاوارە بوون لەبەرئەوەی بێباوەڕیان بەنیعمەتەکانی خودای پەروەردگار هەبوو. هەر بۆیە لافاوێکی وێرانکاری بەسەریاندا نارد و هەموو کاڵاکانیان، کێڵگەکانیان، ماڵەکانیان وێران کرد و خاکەکانیان و هەموو ئەو شتانە لە گەڵیاندا هەمووی لەناو چوو.

 پەند وەرگرتن لە چیرۆکی گەلی توببەع

چیرۆکی خەڵکی توببەع بەم شێوەیە سوودی لێ وەردەگیرێت:

  • باسکردنی چیرۆکی گەلانی پێشوو و ڕابردوو تەنیا بۆ کات بەسەربردن نەبووە و تەنیا چیرۆک و داستانێک نەبووە، بەڵکو ئامانجی ئەمەش باسکردنی نموونەی کردەیی بووە بۆ تاک و کۆمەڵگە لە هەموو شوێنێک و کاتێک تا ڕۆژی قیامەت، بۆ ئەوەی لەو نەتەوەی پێش خۆیان پەند وەربگرن و نەچنە ناو هەمان بارودۆخ.
  • ئاماژەکردن بە هەواڵی ئەو ئەشکەنجە و وێرانکارییانەی بەسەر گەلانی پێشوودا هات، وامان لێ دەکات ببینین و تێبگەین کە لووت بەرزی و نادادپەروەری دەبێتە هۆی سزادان، وێرانکاری و لەناوچوون.
  • هەروەها ئەوانەی باوەڕیان بە ژیانی دوای مردن هەیە و لە خودا دەترسن باوەڕیان بەوە هەبێت کە خودای گەورە و میهرەبان ئاگاداری هەموو شتێکی بچووک و گەورەیە و لێپرسینەوە لە هەموو کردار و وشەیەکمان دەکات. هەربۆیە دەبێت گرنگی بە هەموو کار و وشەیەکمان بدەین و لێپرسینەوە و پێداچوونەوە لە خۆمان بکەین.
  • گرنگی باسکردنی چیرۆکی گەلانی پێشوو کە لە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێکراوە، بریتییە لە بەدەستهێنانی وانەیەک و فێربوونە لەئازارەکانیان بەهۆی کوفر و ئازاردانی پێغەمبەران “سەلامی خودایان لەسەر بێت” و سەرسەختی و بێ باوەڕییان بە خودای پاک و بێگەرد و نکۆڵی کردن لە موعجیزە، وایکرد شایەنی سزا و ئەشکەنجە بن.
  • باسکردنی هەواڵی گەلانی پێشوو وامان لێدەکات تێبگەین و باوەڕمان بەوە هەبێت کە شەیتان ئەو کەسەیە کە وا لە مرۆڤ دەکات بکەوێتە ناو کوفر و سەرسەختییەوە. ئەمەش بە جوانکردنیان بە درۆ، خراپە و گەندەڵی و ئەمە وامان لێدەکات هەمیشە ئاگاداری چرپەی شەیتان بین و خۆمان بە دوور بگرین لە خۆی و پلانەکانی.
  • زانیارییەکان دەربارەی گەلانی پێشوو هانمان دەدەن زۆر بیربکەینەوە و وردبیینەوە و ئەمەش وامان لێدەکات لەکاتی خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزدا بوەستین لەسەر ئەو ئایەتە پیرۆزانەی کە دەتوانین پەندی لێوەربگرین، کە ئێمە لەوانەیە لێ تێبگەین، سوودی لێ وەربگرین و لە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا جێبەجێی بکەین، خودای گەورە فەرموویەتی: (ئێمە ئەم نموونانە دەهێنینەوە بۆ خەڵکی بۆ ئەوەی بیربکەنەوە و ژیرییان بخەنە کار و شوێن قورئانی پیرۆز بکەون).


سەرچاوەکان



75 بینین