ڤایکینگەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-03-22:40:00 - کۆدی بابەت: 12754
ڤایکینگەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڤایکینگەکان (بە عەرەبی؛ فایکینغز، بە ئینگلیزی؛ Vikings) کۆمەڵێک هۆز بوون لە نەتەوەی جیاواز پێکهاتبوون لە سەردەمە جیاوازەکاندا حووکمی بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپایان کردووە وەکو باکووری ئەڵمانیا، سوید و نەرویج و بەڕیتانیا و ئێرلەندا و سکۆتلەندا و گرینلاد و ئایسلەندا و چەند ناوچەیەکی تر. خاوەنی بیروباوەڕی ئایینی تایبەت بە خۆیانن کە پێی دەوترێت نۆڕس یاخود ئەفسانەی ئەسکەندەنافی.

وشەی ڤایکینگ بە واتای چی دێت؟

مێژوونووسان و پسپۆڕانی بواری زمان چەندین بیردۆزیان داناوە کە هەندێکی هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشە و واتای ڤایکینگس. ڤایکینگ بە بڕوای بەشێک لە پسپۆڕانی زمان لە وشەی ڤایکینگر هاتووە کە وشەیەکی کۆنە لای نۆڕسییەکان کە بەواتای "ڕێگر یاخود چەتە" یان بەواتای "هێرشبەر" ئەم زاراوەیە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢ و ١٤. ئەو بۆ چوونەی ڕازیبوونی زۆری لەسەرە بەپێی شرۆڤەی دەقەکانی میسۆلۆجیای نۆڕس بریتییە لە ڤایکینگر کە بەواتای هێرشبەر دێت چونکە ئەم وشەیە پێناسەی ئەم گەل و هۆزانە دەکات بە درێژایی مێژوو. 

ڤایکینگەکان کێبوون؟

ڤایکینگەکان بریتیبوون لە کۆمەڵێک هۆز و نەتەوەی جیاواز کە بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە ئاوەدانەکانی ئەورووپا بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر کەناری دەریاکان بوون وەک سوید و نەرویج و بەڕیتانیا و ئایسلاند و گرینلاند. ئەم نەتەوەیە بازرگان و گەڕیدە و چەتە و ڕێگر بوون هەر کەسێک بهاتبایە سنوورەکانیان ڕاستەوخۆ شەڕیان دەست پێ دەکرد. لە نێوان سەدەی نۆیەم بۆ یانزەیەم بەشێوەی گرووپ دەژیان و داگیرکاریان دەکرد. زۆربەی کاتەکانیان لە سنووری ئەسکەندەنافیا بوون بەتایبەتی نەرویج بەشێک لە خاکی ئەورووپا و دەوروبەریشیان کۆنتڕۆڵ کرد. 

ئایینی ڤایکینگەکان چی بوو؟

بە بۆچوونی شارەزایان ئایینی ڕەسەنی ڤایکینگەکان بریتیی بووە لە "پاگان" لەگەڵ ئایینی نۆڕسی دێرین کە مێژووی ئەم ئایینانە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایینی و لە دانیمارک سەری هەڵداوە. ئەم ئایینە لەم سەردەمەدا پێی دەوترێت ئەفسانەی نۆڕس یاخود نۆڕسییەکان. پەیڕەوانی ئایینەکە لە سەدەی هەشتەمی زایینی و دواتر ڕووبەڕووی فشاری کڵێسای کاسۆلیک بوونەوە لەژێر فشاردا هەوڵی گۆڕینی ئایینەکەیان دراون کە بەشی زۆریان بوونە مەسیحی کە بەم هۆکارە جیاوازی لە نێوانیان دروست بوو کە خۆیان دابەشکرد بۆ دوو بەرە.

یەکەمیان ئەوانە بوون لەسەر بیروباوەڕی باو و باپیرانیان مانەوە و پێیان دەوترا بەرەی نۆڕسی ڕەسەن یاخود شێوازی دێرین. دووەمیان ئەوانە بوون لەسەر بیروباوەڕی کرستیانی بوون و خۆیان بە مۆدێرن دەزانی، ئەمانە شەڕکردن و کوشتن و بڕینیان بە تاوان دەزانی تەنها لە بارودۆخی ستەم نەبێت ئەگەر ستەم لە ڤایکینگێک کرا و بە ناڕەوایی کوژرا ئەوا دەبێت تۆڵەی بکرێتەوە. لەمەشدا ئەم بەرەیە چەند دەستەیەک بوون هەبوو تۆڵەکردنەوەی بەباش دەزانی و لایەنێکیش بە خراپی دەزانی. 

بۆچی هێرشی ڤایکینگەکان وەستا؟

شکانی هاڕۆڵد سیگرسنی سێیەم کە پاشای نەرویج بوو لە جەنگی پردی ستامفۆرد لە ساڵی ١٠٦٦ زایینیدا، ئەم شکانە بووە هۆی ڕاگرتنی هێرشی ڤایکینگەکان کە بەسەردەمی کۆتایی هێرشەکانی ڤایکینگ دادەنرێت. لەم سەردەمەدا سنوورەکانی ڤایکینگ لاوازبوو بە جۆرێک گوند و کۆمەڵگە نیشتەجێکانی ئەورووپا بێ پرس و ڕاوێژ بە سەرکردەکانیان چەکیان هەڵدەگرت و هێرشیان دەکردە سەر کەمپەکانی ڤایکینگەکان. بۆیە لەو ماوەیەدا ڤایکینگەکان پێیان باش بوو ستراتیجی خۆیان لە هێرشبەری بگۆڕن بۆ بەرگری کردن. هۆکارێکی تریش هەبوو ئەویش ئایین گۆڕینی ڤایکینگەکان لە ئاینی پاگان بۆ کرستیانی وای کرد بیرکردنەوەیان بگۆڕێت جەنگ لەگەڵ هاو ئایینەکانیان نەکەن بەڵکو بەرگری لە سەروەرییەکانیان بکەن و نەهێڵن ژن و منداڵەکانیان بکوژرێن و بە دیل بگیرێن و بکرێنە کۆیلە. 

جلوبەرگی شەڕکردن و چەکەکانی ڤایکینگ

لە مێژوودا دوو گەل هەبوون کە جلوبەرگ و شێوازی شەڕکردنیان سادە و ساکار بووە و ڕێکخراو و یەکخراو نەبوون ئەوانیش ڤایکینگەکان و مەغۆلەکان بوون. ڤایکینگەکان شێوازی جلوبەرگیان ئاسایی بووە و هیچ جۆرە زرێیەک یان پارێزەرێکیان لەبەرنەکردووە کە دژی تیر بێت. جلەکانیان بەزۆری پێستی ئاژەڵ و خوری بووە جگە لە سەرکردەکانیان کە جلوبەرگیان جیاواز بووە لە کاتی جەنگدا پارێزەریان لەبەر کردووە. بەڵام لە ڕووی چەک پشتیان بە کۆمەڵێک چەک بەستووە وەک:

یەکەم: تەور، کە توانیویانە بە ئاسانی هەڵیبگرن و لە نێو جلوبەرگەکانیان بیشارنەوە بۆ کاتێک مەبەستیان بووبێت بەشێوەی دزەکردن بڕۆنە سنووری دوژمنەکانیان. هەروەها ئەم تەورە بۆ مەبەستی فڕێدانیش بەکارهاتووە کە بۆ پێکانی مەودا دوور بەکارهێنراوە.

دووەم: تیر، لە هەموو سەردەمێکدا سوپاکان سوودی زۆریان لە نیشانە شکێنان بینیوە کە لە سەردەمی کۆندا تیرهاوێژان ڕۆڵی نیشانە شکێنیان بینیوە. ڤایکینگەکان یەکەی تیرهاوێژانیان هەبووە و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان بینیوە لە جەنگەکان بەتایبەتی جەنگەکانی بەڕیتانیا. 

سێیەم: شمشێر، کە لای ڤایکینگەکان شمشێر بە چەکی خواوەند ئۆدن ناسراوە، ئەو کەسەی توانای هەبێت لە ڕێگەی شمشێر دوژمنەکانی ببەزێنێت ئەوا پارێزراو دەبێت. چونکە شمشێر بارستایی زۆر بووە، جەنگاوەرانی ڤایکینگیش بەخێرایی هێرشیان بردووە بۆیە شمشێر خێرایی کەم کردوونەتەوە هەر لەبەر ئەمەشە دەڵێن ئەوەیە پلەیەکی تایبەتیان بەو سەربازانە داوە کە بە شمشێر شەڕیان کردووە. 

چوارەم: قەڵغان، ئەم چەکە بۆ مەبەستی بەرگری کردن سوودی لێ بینراوە لە هەمان کاتدا بۆ ئامانجە نزیکەکان لەگەڵ تەورەکانی دەستیان بۆ مەبەستی هێرشبردنیش بەکارهێنراون.

کۆمەڵگەی ڤایکینگەکان چۆن ڕێکخرابوون؟

شارەزایان دەڵێن کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی ڤایکینگ بەسەر سێ پۆلدا دابەشکرابوون:

  • یەکەمیان پێیان دەوترا "کاڕڵس" کە کەسانی ئازاد و خاوەنی زەوی بوون.
  • دووەمیان پێیان دەوترا "یاڕڵس"  کە پێشیان دەوترێت نۆبڵس، کەسانی خانەدان و خاوەن سامانی زۆر بوون.
  • سێیەمیان پێیان دەوترێت "سراڵس" کە کۆیلە بوون و داگیرکراوبوون لەلایەن دوو پۆلەکەی ترەوە. یاخود بەشێوەی گرێبەست لە وەرزە جیاوەزەکاندا کاریان دەکرد لە وڵاتە جیاوەزەکان.

ئایا خانمان ڕۆڵیان هەبووە لە شەڕەکاندا؟

خانمان لە نێو ڤایکینگەکان چەند مافێکان هەبووە، ئافرەت ئازادی تەواوی هەبووە لە هەڵبژاردنی هاوژین. گەر ستەمیان لێ کرابێت ئەوا مافی جیابوونەوەیان هەبووە لە هاوژینەکانیان. هەروەها مافی بوون بەخاوەنی زەوی و کۆیلەیان هەبووە. خانمان شکۆیان هەبووە چونکە زۆر جار بوونەتە هۆکاری بژێوی خێزانەکانیان لە کاتە سەختەکاندا دایک و باوکیان پاراستووە لە برسیەتی و گەڕاون خواردنیان پەیداکردووە زۆرجار سنووری وڵاتێکیان بڕیوە بۆ ئەوەی خواردن پەیدابکەن.

خانمان مافی ئەوەشیان هەبووە بەشداری شەڕکردن بکەن و فێری تیرهاوێژی و هونەری بەرگری کراون و جلوبەرگی تایبەتیان بۆ ئامادەکراوە کە پێی دەوترێ "شیڵدمەیدنس" ناوبانگترین خانمی شەڕکەری ڤایکینگەکانیش بریتییە لە "لاگێرسا"ی هاوژینی ڕاگنار لۆسبۆرک. 

سنووری ڤایکینگەکان کوێ بووە؟

شوێنی دەرکەوتنی ڤایکینگەکان دانیمارک بووە کە لەوێوە پەلیان هاویشتووە بۆ سوید و نەرویج و گرینلاند و ئایسلەندا و وێڵز و ئێرلەندا و بەڕیتانیا و سکۆتلەندا و باکووری ئەمریکا. بەڵام ئەورووپا بە نیشتمانی ڕەسەنیان دادەنرێت. 

کاریگەری هێرشەکانی ڤایکینگ چی بوو لەسەر ئەورووپا؟

کاتێک نەتەوەیەک داگیرکاری دەکات بێگومان لەگەڵیدا هەژموونی زمان و کولتوور و لایەنەکانی تر زاڵدەبن لەو جێگەیەدا. ڤایکینگەکان لە هێرشەکانیاندا بوونە هۆی زاڵکردنی زاراوەکانیان لە نێو زمانە ئەورووپییەکاندا بەتایبەتیش ئینگلیزی. بۆ نموونە، لە ڕۆژەکانی هەفتە لە زمانی ئینگلیزی Thursday و Friday لە میسۆلۆجیای نۆڕس وەرگیراون کە وشەی Thur لە ناوی خاوەند Thor وەرگیراوه و وشەی Fri لە ناوی خاوەند Frigg یاخود Freyja وەرگیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا ڤایکینگەکان بوونە هۆی دەوڵەمەند کردنی کتێبخانە بەتایبەتی لایەنی ئەدەب کە ژانەرێک بەناوی "ساگاس" کە تایبەتە بە ڤایکینگەکان بۆ ئەورووپییەکانیان جێ هێشت.


سەرچاوەکان



67 بینین