سکۆتلەندا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-30-18:22:00 - کۆدی بابەت: 8843
سکۆتلەندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و جوگرافیای وڵات

سکۆتلەندا (بە عەرەبی: اسکوتلندا، بە ئینگلیزی: Scotland) وڵاتێکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ئەورووپا، بەشێکە لەو چوار وڵاتەی کە شانشینی یەکگرتوویان پێکهێناوە. سێیەکی باکووری دوورگەی بەریتانیای مەزن پێکدەهێنێت، لە باشوورەوە هاوسنووری ئینگلتەرایە، دەریای باکوور لە ڕۆژهەڵاتەوە زەریای ئەتڵەسی لە ڕۆژئاواوە دەوریان داوە، خاکی سکۆتلەندا سێیەکی باکووری دوورگەکانی بەریتانیای مەزن پێکدەهێنێت، ڕووباری تۆید و بەرزاییەکانی چیڤیۆت سنووری باشووری لەگەڵ ئینگلتەرا جیادەکاتەوە.
پایتەختی وڵات شاری ئەدنبرەیە، گرنگترین و گەورەترین شاری وڵاتیش شاری گلاسکۆیە نزیکەی 20%ـی دانیشتوانی وڵات نیشتەجێی ئەو پارێزگایەن.
ڕووبەری وڵات 78782 كيلۆمەتر چوارگۆشەیە و وڵاتەکە نزیکەی 800 دوورگە لەخۆدەگرێت.
زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی وڵاتە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی سکۆتلەندا 5٫404٫700 کەسن بە چڕی 68.60 کەس لە کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا.

واتای ناوەکەی

بنەچەی وشەی سکۆتلەندا بریتییە لە "سکوتی" کە ناوێکی لاتینی کۆنە، لە سەدەکانی پێش زایینەوە ڕۆمانییە کۆنەکان بە دانیشتوانی نزیک خاکی زەریای ئەتڵەسییان دەوت سکۆتی. لە ڕابردوودا سکۆتلەندا پێی دەوترا کالیدۆنا کە ناوێکی لاتینی کۆنە.

مێژووەکەی

ـ بەپێی زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی مێژوو و  شوێنەوار لە پێش شەش هەزار ساڵی پێش زایینەوە خاکی سکۆتلەندا مرۆڤی لێ نیشتەجێ بووە، دانیشتوانەکەی بریتی بوون لە ماسیگرە کۆچەرییەکانی باشوور، لە سەردەمی بەردەڵاندا ژمارەیان زیادی کرد و لە خاکی سکۆتلەندا جێگیر بوون و مانەوە.
ـ لە کۆتایی سەدەکانی بەردەڵانەوە چەندان گەل و کۆمەڵ لە ئەورووپاوە کوچی خاکی سکۆتلەندایان کرد.
ـ لە ساڵی 43ـێی زایینی دوای جەنگی ڕۆما و بەریتانیا، ڕۆما سکۆتلەندای داگیر کرد.
ـ لە سەدەی چوارەمدا چەند گەلێکی ئێرلەندا کۆچی وڵاتی سکۆتلەندایان کرد، کولتوور و زمانی گیلی کە زمانی فەرمییان بوو تێدا بڵاوکردەوە و لە مێژوودا بە ئێسکۆتلەندییەکان ناسراون.
ـ لە سەدەی هەشتەم و نۆیەم ڤایکینگەکان لە باکووری سکۆتلەندا نیشتەجێ بوون.
ـ لە ماوەی نێوان سەدەکانی 10 بۆ 12  ئینگلتەرا هەمیشە ویستوویەتی سکۆتلەندا داگیر بکات، هەمیشە کێشە و دووبەرەکی لە نێوان هەردوو وڵات هەبووە، تەنانەت ئینگلتەرا توانیوێتی بۆ چەند سەدەیەک کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات، گەلی سکۆتلەندا هەمیشە دژایەتی کردووە و شۆڕشیان کردووە تا لە ساڵی 1328 سەربەخۆیی خۆیان وەرگرتووە.
ـ لە پاش سەربەخۆییەوە وڵات گەشەی سەند و لە زۆر بوارەوە پێشکەوت، بە تایبەتی بواری ئەدەب و نووسین و پیشەسازی.
ـ سکۆتلەندا تا ساڵی 1707 شانشینێکی سەربەخۆ بوو، بەڵام دوای دەرکردن و جێبەجێکردنی یاسای یەکگرتوو، کە بریتی بوو لە یەکگرتنی شانشینی ئینگلتەرا و سکۆتلەندا، پێکەوە شانشینی بەریتانیای مەزنیان پێکهێنا.

دانیشتوان

بنەچە و ڕەچەڵەکی دانیشتوان دەگەڕێتەوە بۆ کۆچەرییەکانی ئێرلەندا و ئەسکەندەنافییەکان کە لە ڕابردوودا بۆ ئەو خاکە کۆچیان کردووە، بۆیە کولتووری وڵات تێکەڵ و هەمەجۆرە.
چڕی دانیشتوان لە ناوەند و ناوچە زوورگەکانی وڵات دەژێن کە شەش یەکی ڕووبەری وڵات لەو ناوچانە پیکهاتووە، بڕێکی کەم لە دانیشتوان نیشتەجێی ناوچە شاخاوییەکانن کە ئەو ناوچانە دەکەونە باکووری وڵاتەوە، هەروەها نزیکەی 2%ـی دانیشتوان لە دوورگەکانی باشوور نیشتەجێن.
زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی وڵاتە، بەشێکی زۆری دانیشتوان بە ئینگلیزی بە شێوەزاری سکۆتلەندی قسەدەکەن، شێوەزارێکی ناودار و بڵاوی ناوچەکەیە.
ئایینی نزیکەی 54%ـی دانیشتوان مەسیحییە، هەروەها ڕێژەی 37%ـی دانیشتوان پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن، ئایینی ئیسلامیش دوای مەسیحی گەورەترین ئایینی پەیڕەوکراوە لەلایەن دانیشتوانەوە، نزیکەی 75 هەزار کەس شوێنکەوتووی ئیسلامن کە ڕێژەی 1.4%ـی ڕێژەی دانیشتوان پێکدەهێنێت.
نزیکەی 13% لە دانیشتوانی سکۆتلەندا پرچیان سوورە و خاڵی ورد لەسەر دەموچاویان هەیە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوای وڵات چونکە کەشوهەوای وڵات هەمیشە هەورە و خۆر بە کەمی لەو وڵاتە دەردەکەوێت، هاوکات زۆربەی دانیشتوانەکەی ڕەنگی چاویان شینە.

ئابووریی سکۆتلەندا

سکۆتلەندا لە ڕێگەی چەند سەرچاوەیەکەوە خاوەن ئابوورییەکی بەهێزە، گرنگترین ئەو لایەنانەی کە ئابووریی سکۆتلەندا پێکدەهێنن بریتیین لە:

ـ سەرچاوە سروشتییەکان: خاکی سکۆتلەندا سەرچاوەی سروشتی کەم و سنووردارە،  کێڵگەی نەوتی و گازی سروشتی کە ژمارەیان دیارکراو و سنووردارە لە نزیک دەریای باکوور هەیە، بەڵام سەرچاوەی ئاوی لەو وڵاتە زۆرە و سوودێکی زۆریان هەیە لە دابینکردن و بەرهەمێنانی وزەی کارەبا، هاوکات ناوچە ئاوییەکانیشی بە سامانی ماسی هەمەجۆر دەوڵەمەندن.

- کەرتی پیشەسازی: پیشەسازییە خزمەتگوزارییەکان نموونەی کەرتی بازرگانی، کەرتی تەندروستی، کەرتی خوێندن و پەروەردە نزیکەی 66% بەرهەم و دەسکەوتی گشتی بۆ وڵات دابین دەکەن. ئەدەنبرەی پایتەخت ناوەندێکی کارگێڕی گرنگە بۆ ئەو بوارانە.
پیشەسازییەکان به گشتی هێزی کاری وڵات دابین دەکەن و بە ڕێژەی 20%ـی بەرهەمی وڵات دابین دەکەن، گرنگترین پیشەسازییەکانی وڵات بریتین لە پیشازییە کیمیاوییەکان، بابەتە ئەلیکترۆنییەکان، کەرەستە و ئامێرە کارەباییەکان، خواردنەوە کحولییەکان و پیشەسازی خۆراک، پیشەسازییەکانی نەوت و گاز و چەندانی تر.
زۆرێک لە کارگە و ناوەندە پیشەسازییەکان لە ناوەندی وڵاتن.

ـ ڕێگاوبان و گواستنەوە: ڕێگاوبانەکانی سکۆتلەندا تۆڕێکی زنجیرەیین پێکەوە بەستراون، تەنانەت شارە گەورەکانیش نموونەی ئەدەنبرە و گلاسکۆ بە ڕێگەیەکی سەرەکییەوە بە شاری لەندەنەوە بەستراون.
گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوەش بریتین لە شەمەندەفەر و میترۆ، فڕۆکەخانەکانی گلاسکۆ و ئەدەنبرە لە گرنگترین فڕۆکەخانەکانی وڵاتن.
هاوکات بەندەری نەوت لە دوورگەی شەتلاند لە دوای بەندەری لەندەن لە شانشینی یەکگرتوو دووەم گەورەترین بەندەرە.

ـ کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵی: نزیکەی 80% زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ مەبەستی کشتوکاڵی بەکارهێنراون و سوودیان لێ بینراون، دارستان و بێستان بە ڕێژەیەکی زۆر خاکی سکۆتلەندایان داپۆشیوە، گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی نموونەی گەنم، جۆ، پەتاتە، ئاڵفی ئاژەڵی لە زۆرترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وڵاتن. هەروەها بەرهەمە ئاژەڵییەکان نموونەی گۆشت، شیرەمەنی، خوری و پێستەی ئاژەڵی بە ڕێژەی 75%ـی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان پێکدەهێنن.

بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە سەرچاوە ئاوییەکان نموونەی ڕووبار و دەریاچەکان، سامانی ماسی لە گرنگترین بەرهەمە ئاژەڵییەکانی سکۆتلەندایە، چەندان جۆری ناوداری ماسی هەیە نموونەی تونا و سالمۆن لەگەڵ بەرهەمە ئاوییەکانی تری وەک قڕژاڵ و ڕۆبیان و چەندانی تر.


سەرچاوەکان

322 بینین