زۆنگاوەکانی عێراق

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-10-09:56:00 - کۆدی بابەت: 12839
زۆنگاوەکانی عێراق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەهوارەکان یان زۆنگ و زەلکاوەکان یاخود زۆنگاوەکانی عێراق (بە عەرەبی: الأهوار العراق، بە ئینگلیزی: Iraqi Marshes) کۆمەڵە ناوچەیەکی ئاوییە کە چەند پارچە زەوییەکی نزمی باشووری عێراقی داپۆشیوە، زۆنگاوەکان بریتین لەو زەوییە نزمانەی کە بە ئاوێکی نیمچە تەنک داپۆشراون و هەموو وەرزەکانی ساڵ ئاو لە ناوچەکەدا هەیە و ئاستی قوڵییان مامناوەندە. ناوچە زۆنگاوەکان شێوەیەکی سێگۆشەییان هەیە لەنێوان شارەکانی باشووری عێراق کە پێکهاتون لە عەماڕە و ناسڕییە و بەسڕە و زی قاڕ و میساندا ڕووبەرەکەیان دابەش بوونە. ڕووبەرەکەیان لە نێوان ٢٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە بۆ ٤٠ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە مەزەندە کراوە. لە ڕۆژی ١٧ـی تەممووزی ساڵی ٢٠١٦ ڕێکخراوی یونسکۆی جیهان شوێنی زۆنگاوەکانی عێراقی لە لیستی کەلەپووری جیهانی پەسەند کرد و زەوییەکانی ناوچەی زۆنگاوەکانی وەک ناوچەیەکی پارێزراوی سروشتی نێودەوڵەتی هەژمار کرد.

مێژووی زۆنگاوەکانی عێراق

پێش پێنج هەزار ساڵی پێش زایین دەستەواژەی زۆنگاوەکان بە زمانی سۆمەری دێرین لە داستانی گلگامش باسکراوە و ناوی هێنراوە. هەروەها لە دەقێکی چەند لەبەرگیراوەیەکی کتێبی پیرۆزی تەورات کە باسی داستانی گلگامشی کردووە بە ناڕاستەوخۆ ناوی شوێنەکە هێنراوە. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی و شوێنەواری دەرکەوتووە کە لە ناوچەی زۆنگاوەکانەوە شارستانەییەتی سۆمەرییەکان دەرکەوتووە.

دابەشبوون و شوێنی جوگرافی

ناوچەی زۆنگاوەکانی عێراق دەکەونە باشووری عێراقەوە و ڕووبەرەکەی بە نۆ هەزار بۆ بیست هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە خمڵێندراوە، ئەهوارەکان دابەش بوونەتە سەر سێ پارێزگای باشووری عێراق کە بریتین لە بەسڕە و میسان و زەی قاڕ و بیست ناوچەی ئەو سێ پارێزگایە لەخۆدەگرن. باشووری عێراق لە سێ زۆنگاوی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە:

  • زۆنگاوی حەوێزە: (بە عەرەبی: هور الحويزة) دەکەوێتە نێوان سنووری ئێران و عێراقەوە.
  • زۆنگاوی حەمماڕ: (بە عەرەبی: هور الحمّار) دەکەوێتە ناوەندەوە و لە باشووری ڕووباری فوڕاتەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە نزیک شەتولعەرەب لە ڕۆژاواوە.
  • زۆنگاوی فوڕات: (بە عەرەبی: أهوار الفرات) لە باکوور و ڕۆژاوای شاری بەسڕەوە دەست پێدەکات تاکوو دەگاتە باشووری ناوچەی عەماڕە نزیک دەرچەی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات.

دانیشتووانی ناوچەکە

چەند خێڵ و هۆزێکی عەرەبی دەشتەکی باشووری عێراق لە ناوچەی زۆنگاوەکان نیشتەجێن، خێڵەکانی ناوچەکە لە شێوەی کۆمەڵەی بچووک بچووک بەیەکەوە دەژین، جۆرە بەلەمێکی ئاوی بۆ گواستنەوەیان بەکاردەهێنن کە بە ناوی (المشحوف) ناسراوە. لە ڕۆژهەڵاتی زۆنگاوی حەوێزە خێڵەکانی سەواعد، سەواری، حەیادر و شەریفات نیشتەجێن، هەندێک لە خێڵەکانی ئەلبوو حەمەد و سەواعید لە لای ڕۆژاواوە نیشتەجێی شوێنەکەن. لە لێوار و کەناری زۆنگاوکان خێڵی بەنی ئەسەد و خێڵی غەزای و خێڵی فهوود لە بەشی باکوورەوە نیشتەجێن.

ژیانی دانیشووانەکەی زۆر سەرەتاییە و هەژارن تا ڕادەیەک ژیانیان هاوشێوەی ژیانی کۆچەرییەکانە، لە خانووی لە دار  دروستکراو دەژین و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان زیاتر گرنگی بە ڕاوکردنی ماسی و چاندنی برنج و بەخێوکردنی گامێش دەدەن. دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی دەربەدەری و دەرکردن بوونەتەوە بە تایبەت لە ماوەی ساڵانی جەنگی کەنداو کە بە بیانووی ئەمنی و سیاسی زۆرێک لە زۆنگاوەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقی بە بڕیاری سەدام حسێن وشک کرانەوە و لەناوبران، دانیشتووانەکەشی دەربەدەر بوون.

ئابووری و سروشتی ناوچەکە

لە ڕابردوودا بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی لە زۆنگاوەکان کاریگەری ئەرێنی زۆری هەبوو لەسەر ئابووری عێراق، ناوچەکە لەبارە بۆ کشتوکاڵی چەند جۆرە ڕووەکێک لەوانە برنج و قامیشی شەکر، هاوکات ژینگەکە زۆر لەبارە بۆ بەخێوکردن و لەوەڕاندنی گامێش، بۆیە چەند بەرهەمێکی گامێشی زۆنگاوەکان زۆر ناودارن نموونەی (گيمر العراقي) گێمەڕ یان قەیماغی عێراقی لە ناوچەی زۆنگاوەکان جۆرە پەنیرێکی هاوشێوەی قشتەی چەورە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق داواکاری زۆری لەسەر هەیە. لەڕووی گەشتیارییەوە شوێنەکە ناوچەیەکە سەرنجی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی ڕادەکێشێت و تاڕادەیەک هاوکار بووە لە بووژانەوەی بەشی گەشتیاری باشووری عێراق.

مەترسی لەناوچوونی زۆنگاوەکانی عێراق

پڕۆژەی وشککردنەوەی زۆنگاوەکانی باشوور پڕۆژەیەک بوو کە حیزبی بەعس لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە بیانووی بوونی تێکدەر لەو ناوچانە جێبەجێی کرد، دوای جەنگی کەنداو و ڕاپەڕینی شەعبانییەی شیعەکان لە ساڵی ١٩٩١ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گەیشتە لوتکە و تەنیا بڕی لە سەدا چواری زۆنگاوەکان مانەوە و ٩٦٪ـی شوێنەکان وشککرانەوە و دانیشتووانەکەی دەرکران. لە ساڵانی سەدەی بیست و یەک و دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێن، هەوڵی دووبارە بووژانەوە ناوچەکە دراوە بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و کەمی باران بارین ناوچەی زۆنگاوەکان ڕووبەریان کەمتر بووەتەوە و مەترسی لەناوچوونیان ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت.


سەرچاوەکان



1387 بینین