سوودەکانی گریان

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-05-01-21:52:00 - کۆدی بابەت: 12727
سوودەکانی گریان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوودەکانی گریان (بە ئینگلیزی: The benefits of crying، بە عەرەبی: فوائد البکاء) گریان وەڵامدانەوەیەکی سروشتی باوی مرۆڤە و بەهۆی چەندین هەستی جیاوازەوە دروست دەبێت. توێژەران ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە گریان دەتوانێت سوود بە هەردوو جەستە و مێشک بگەیەنێت لە سەرەتای لەدایکبوونەوە و پاڵپشتیان بکات بە گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هەستی، کەمکردنەوەی ئازار و چالاککردنی دەمارە کۆئەندامی خۆیی بۆ ئەوەی یارمەتیی خۆ ئارام کردنەوە بدات. بەپێی بۆچوونی زانایان، مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە بەشداری لە گریانی سۆزداریدا دەکات. بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاژەڵەکانی تر ئەزموونی هەستەکانیان هەیە و زۆرێکیش دەتوانن فرمێسک بەرهەم بهێنن، بەڵام ئەو فرمێسکانە وا دەرناکەوێت کە بەهۆی هەستەکانەوە دروست ببن و ئەمانە تەنها بەشێکن لە پرۆسەیەکی فیسیۆلۆجی بۆ تەڕکردنی چاو.

فرمێسک لە ڕووی زانستییەوە بە کۆمەڵێک شلە ناسراوە کە تامێکی خوێیان هەیە و لە ڕژێنەکانی فرمێسکەوە کە دەکەوێتە ناو چاوەوە دەردەدرێن یان دەڕژێن. ئەمانە لە بنەڕەتدا کاردانەوەیەکە بۆ ئەو هەستانەی کە کەسێک هەستی پێدەکات وەک شادی، دڵتەنگی و ئازار.

بە شێوەیەکی گشتی، فرمێسک دەتوانرێت پۆلێن بکرێن بۆ سێ جۆر:

فرمێسکی سروشتیی: کە بە شێوەیەکی سروشتی و بە ڕێژەیەکی زۆر و خێرا دەردەدرێت؛ بۆ پاراستنی تەندروستی، شێداربوونی چاو و جووڵەی چاوەکانی.

فرمێسکی خوران: ئەمانە دەردەکەون کاتێک چاو دەکەوێتە بەر کاریگەرییەکی دیاریکراو یان بێزارکەر وەک خۆڵ، دووکەڵ، پیسایی یان تەنانەت پیاز.

فرمێسکی سۆزداریی: کە کاتێک هەست بەدڵتەنگی یان دڵ خۆشی دەکرێت دەڕژرێت و زۆرترین ڕێژەی بە نزیکەی ٧٥٪ دەخەمڵێنرێت ئەو کاتە دەڕژرێت کە دڵتەنگی هەیە و ٢٥٪ ئەو کاتە دەڕژرێت کە هەست بە دڵخۆشی دەکرێت. شایەنی ئاماژەیە کە چاوەکان ڕۆژانە یەک ملیلیتر و نیو فرمێسک دەڕێژێت و ئەم بڕە کەم دەبێتەوە لەگەڵ گەورەبوونی مرۆڤ و هەڵکشانی تەمەنی، بە تایبەتی لە ژنان کاتێک دەگاتە تەمەنی نائومێدی یان وەستانی سوڕی مانگانە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ژنێک ساڵانە نزیکەی شەست و چوار جار دەگری لە کاتێکدا پیاو حەڤدە جار دەگری، ئەمەش بەهۆی هۆکارە هۆڕمۆنییەکانەوەیە کە پەیوەندی بە هۆرمۆنی پرۆلاکتینەوە هەیە، کە لە ئافرەتاندا ڕێژەکەی بەرزە و لە هەمان کاتدا بەرپرسیارە لە دەردانی شیری دایک.

هۆکارەکانی گریان

چەند هۆکارێکی جۆراوجۆر و جیاوان هەن کە دەبنە هۆی گریان و گرنترینیان بریتییە لە:

  • هەستکردن بە دڵتەنگی.
  • هەستکردن بە دڵخۆشی.
  • هەستکردن بە ئازار و توندێتی ئازارەکە.
  • لەکاتی ترساندا.
  • توڕەبوون و دڵەڕاوکێ زۆر.
  • کاتی ئاسوودەی و خۆشەویستی.
  • دەربڕینی سوپاس و پێزانین.
  • کاریگەربوون بە گریانی کەسانی دیکە.

سوودەکانی گریان

گریان سوودی زۆری هەیە و گرنگترینیان بریتییە لە:

  • ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی زۆرێک لە نەخۆشی و گرفتەکان بەتایبەتی گرفتە دەروونییەکان، کە لەڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت هەموو بارگە نەرێنییەکانی ناوەوەی دەربکات، کە لە بەرامبەردا کێشەی جەستەیی و ئەندامیی لێدەکەوێتەوە، دیارترینیان نەخۆشی شەکرە، جگە لە تێکچوونی پەستانی خوێن، بەتایبەتی بەرزی پەستانی خوێن.
  • لەناوبردنی ماددە زیانبەخش و ژەهراوییەکان کە لە چاودا کەڵەکە دەبن، پاککردنەوە و لابردنی لە میکرۆبەکان کە زۆرجار لە کاتی هەستکردن بە هەستیاریدا دەردەدرێن.
  • ڕێکخستنی لێدانی دڵ و زیادکردنی خێراییەکەی، بەمەش کۆئەندامی سووڕی خوێن چالاک دەکات و ڕۆیشتنی بە تەواوی لەشدا زیاد دەکات.
  • فراوانکردنی سییەکان و بەم شێوەیە وەرزشکردن، بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی ماسولکەکانی ناوپەنچک و سنگ.
  • کەمکردنەوەی ئەو غەمەی مرۆڤ هەستی پێدەکات.


سەرچاوەکان



77 بینین