پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-05-10-18:00:00 - کۆدی بابەت: 12858
پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی (بە ئینگلیزی: Relationships between teacher and student، بە عەرەبی: العلاقة بين المعلمين و الطلاب)، لە زۆربەی وڵاتاندا مامۆستا هێمای دەسەڵات و خاوەن زانیارییە، زۆر جار بۆشاییەکی دەروونی فراوان لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا هەیە. هەندێک مامۆستا پێیان وایە قوتابی ڕێزیان  ناگرن، ئەگەر توندوتیژی و ڕێککار بە کارنەهێنن، ترس پاڵنەری فێربوونە، بەڵام ئارەزووی پرسیارکردن و بەردەوامی فێربوون نادات، چونکە  فێربوونی بە ترس تەنیا خۆ دەربازکردنە لە سزادان چ لەلایەن مامۆستا یان ماڵەوە، یاخود خۆلادانە لە شەرمەزاری و هەستکردن بە نزمی، جگە لەوە ترسی زۆر دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ، کە کاریگەریی خراپی لەسەر خوێندن دەبێت.

ناوەڕۆک

لەگەڵ پەیدابووننی شێوازی نوێی فێرکردن و دڵنیابوون لەگرنگی ڕۆڵی مامۆستایان، بۆ تێگەیشتن لە لایەنی سایکۆلۆژیی مندالان و پێداویستییەکانی خوێندن، ئەوا قوتابخانە هەوڵی خۆی بۆ دووبارە دیاریکردنی ڕۆڵی مامۆستا دەدات.

گەشەپێدانی پەیوەندییەکی مرۆڤانەتر و هاندانی زیاتری قوتابیان، واتای ئەوە نییە لە پایە و دەسەلاتی مامۆستا کەم دەکرێتەوە، لە راستیدا قوتابیان ڕێزی ئەو مامۆستایانە دەگرن کە بە شێوەیەکی مرۆڤانەتر مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، جگە لەمەش ئەمە سەلمێنراوە کە قوتابیان باشتر وانە فێردەبن و ئارەزووی دەکەن، کاتێک هەست بە ڕێز و ستایشی مامۆستا دەکەن و بڕوایان بە خۆیان زیاترە، نەک کاتێک لە ژێر کاریگەری ترس و سزادان.

کاتێک منداڵان وەک سەرمایەیەکی گرانبەها سەیر دەکرێن، پەروەردکاران ئەوە دەزانن کە تەنیا پیویست نییە منداڵان فێری زانیاری بکەیت، بەڵکو هانی خۆشەویستی فێربوونی بدەیت، هەروەها فێری بکەیت چۆن بەرامبەر ناخۆشییەکانی ژیان دەوەستێتەوە.

کاتێک منداڵ وەکو کەسایەتیی خۆی نەک دەستکەوتەکانی، ڕێزی لێ دەگیرێت، مامۆستایان توانای مندالانیان بۆ دەردەکەوێت، کاتێک منداڵان هەست دەکەن مامۆستا لایەنگیری ئەوانە و سوود و قازانجی ئەوانی دەوێت، ئەوا پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ مامۆستا دروست دەکەن و زیاتر هەست بە ئارامی و ڕێز و بەهای خۆیان دەکەن.


سەرچاوەکان



2305 بینین