حوکمی پاککردنەوەی پێستی مرداربوو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-19-03:15:00 - کۆدی بابەت: 3447
حوکمی پاککردنەوەی پێستی مرداربوو

ناوه‌ڕۆك

پاککردنەوەی پێستی مرداربوو

مردار بە ئاژەڵێک، یان باڵدارێک دەگوترێت، بەبێ سەربڕینی شەرعی گیانی دەرچووبێ وەک کەر و هێستر، چونکە شەرع کوشتنەوەی بۆ دانەناوە، ئەگەر بە سەربڕینیش گیانی دەرچێ هەر مردارە، یان وەک مەڕ و بزن و مریشک، کە بەخۆی مردبێ، یان بەبێ شەرعی سەربڕابێت.
پێستی ئاژەڵی مرداربوو پاک دەبێتەوە بە دەباغ کردنی. (دەباغ کردن) واتە: خۆشەکردن، لابردنی چەورایەتی و زێدە گۆشتی پێستەیە بە شتێکی تفت و تاڵ، وەکو گلوان، مازوو، توێکڵی هەنار، بە جۆرێکی وەها، ئەگەر خرایە ناو ئاو بۆگەن نەبێتەوە (عن ابن عباس رضي الله عنهما قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: (إذا دُبِغ الإهابُ فقد طهُر) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر پێستەیەک دەباغ کرابێت، پاک بۆتەوە.
تەنها پێستی سەگ نەبێ هەروەها پێستی بەراز، چونکە ئەو دوانە بە زیندوویش هەر پیسن و گڵاون پێستەکەیان پاک نابێتەوە بە هیچ جۆرێک.
هەروەها ئەوەی لەنێوان سەگ و بەراز لەدایک بووە، وەک باوکی لە سەگ و بێ و دایکی لە بەراز بێ.
یان لە یەکێک لە سەگ و بەراز لەدایک بوبێت، وەک باوکی ئاژەڵێکی پاک بێ و دایکی لەسەگ بێت، ئەوانە هیچیان پاک نابنەوە.
ئێسقانی گیانداری مرداربوو، هەم مووەکان و خورییەکە و پەڕەکانی گشتی پیسە و بەهیچ جۆرێک پاک نابنەوە، خوای گەورە فەرموویەتی: (حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ) حەرام کراوە لەسەر ئێوە هەرچی مردار بووبێ. دیارە حەرامکردنی لەبەر پیسییە.
تەنها ئادەمیزاد نەبێ، نە لاشەی، نە مووەکانی، نە ئێسقانی پیس نییە، نە بە زیندوویی، نە بە مردوویی، چونکە خوای گەورە ئەفەرموێ: (وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ) بە ڕاستی ئێمە ڕێزمان لە ئادەمیزاد ناوە. واتە: ئەگەر پیس ببێ هیچ ڕێزی نامێنێ.

پاشكۆ، خوری و مووی ئاژەڵێک کە گۆشتی بخورێ، تووک و پەڕی باڵندەیەک کە گۆشتی بخورێ، گشتی پاکە: بەزیندوویی و بە کوژراوی.
بەڵام مووی ئاژەڵێ، یان باڵندەیەك کە گۆشتیان ناخورێ، کە لیی جیابۆوە، پیسە، وەک لاشە مرداربووەکەی.


سەرچاوەکان



746 بینین