ڕۆڵی کورد لە شۆرشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ 

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-29-14:54:00 - کۆدی بابەت: 3891
ڕۆڵی کورد لە شۆرشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ 

ناوه‌ڕۆك

ڕۆڵی کورد لە شۆرشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ 

هێزیبە تەوژمی پاشایەتی عێراق بە ئەندازەیەکی زۆر گەلی عێراقی هێنا بۆ ژێر ئازارەوە. دەسەڵاتی یاسایی کۆنەپەرستی و دەرەبەگ کارێکی وەهای کردبوو کە کرێکار و ڕەنجدەر بیر لە ڕزگاری خۆیان بکەنەوە. حوکمی دەوڵەتی (نوری سەعید و وەصی عەبدولئیلا و مەلیک فەیصەڵ) پەردەیەکی ڕەشی زۆرداری بەسەر عێراق دا هەڵکێشابوو. زیندانەکان پڕکرابوون لە ئازادیخوازانی کورد و عەرەب. بۆ چارەسەرکردنی ئەو زۆردارییە (پارتی دیموکراتی کوردستان(حیزبی شیوعی)، (حیزبی ئیستقلال) لە هەموو لایەکەوە کەوتبونە تێکۆشانی نهێنی. بۆ ڕووخانی حکومەتی (نوری سەعید) بەڵام ئەوەی کە هەستی پێ نەکرا وریابوونەوەی سوپا بوو کە لەلایەن سەرکردەی سوپای (عەبدولکریم قاسم) پێکهاتبوو.

لە بەرەبەیانی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ ڕژێمی پادشایەتی لە عێراق ڕوخێنراو ڕژێمی کۆماری بەسەرکردایەتی عەبدولکریم قاسم جێگای گرتەوە. گەلی کورد شان بە شانی عەرەب ڕۆڵی گرنگی لە شۆڕشەکەدا بینی. چونکە ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز لە عێراقدا کە نەخشەی بەرپاکردنی شۆڕشەکەیان دانابوو ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ئازادیخوازی کورد لە  بەرەبەیانی هەڵگیرساندنی شۆڕشەکەدا بەشداری چالاکیەکانی شۆڕشیان کردووە، لە هێرشکردن بۆ سەر بەغداد و دەست بەسەراگرتنی دام و دەزگاکانی دەوڵەتی و هەردوو کۆشکی (الرحاب) و (الزهور) لەوانە رئیس (مستەفا عبدوللە) و (عبدالفتاح شالی)، کە ئەندامی دادگای تایبەتی بوو، پاشان کورد بە یەک ئەنجام کە عەقید (خالید نەقشبەندی) بوو بەشداری لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کرد، کە لە سێ ئەندام پێکهاتبوو، هەروەها  وەزیرێکیشان هەبوو کە (بابەعەلی حەفید زادە)ـیان کردبە وەزیری ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیران کە لە ١٠ وەزیر پێکهاتبوو.

هەروەها لە ماددەی (سێیەم)ـی دەستووری کاتی کۆماریدا هاتووە: (عەرەب و کورد هاوبەشن لەم نیشتیمانەدا واتە عێراق)، پاشان شۆڕش لێبوردنی گشتی دەکرد بۆ هەموو ئەوانەی کە عێراقیان لەسەردەمی پاشایەتی جێهیشتبوو، ئەوەبوو بارزانی و هەڤاڵانی گەیشتنەوە عێراق پاش ئەوەی (١١) ساڵیان لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دوور لە وڵات بردە سەر، هەروەها شۆڕش ڕێزی لەو چوار ئەفسەرە کوردە نا کە ڕژێمی پادشایەتی لە ١٩ حوزەیرانی ١٩٤٧ لە سێدارەی دان، ئەوانیش چوار شەهیدەکەی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان (خەیروڵا عەبدولکەریم و مستەفا خۆشناو و عیززەت عەبدولعەزیز و محەمەد مەحموود قودسی).


سەرچاوەکان



2243 بینین