جەنگی ئێران و عێراق

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-17-04:50:00 - کۆدی بابەت: 3376
جەنگی ئێران و عێراق

ناوه‌ڕۆك

جەنگی ئێران و عێراق

جەنگی ئێران و عێراق كە لە ئێران بەناوی (جەنگی سەپێندراو، بەرگری پیرۆز، جەنگی هەشت ساڵە) و لەلایەن سەدامەوە بە (جەنگی قادسیە) ولەلایەن سەرانی عەرەبەوە بە (جەنگی كەنداوی یەكەم) دەناسرێت.

ئەم جەنگە درێژترین جەنگی ڕووبەڕووی سەدەی بیست بوو و دووەمین درێژترن جەنگ بوو دوای جەنگی ڤێتنام و هەشت ساڵی خایاند، جەنگەكە لە 22ی ئەیلولی 1980 دەستی پێكرد و لە 20ی ئابی 1988 كۆتایی پێهات واتە (حەوت ساڵ و 10 مانگ و دوو هەفتە و یەك ڕۆژ).

سەرەتای جەنگ

سەرەتای جەنگەكە بە هێرشی ئاسمانی هێزەكانی عێراق بۆ سەر دە فڕۆكەخانەی مەدەنی و سەربازی ئێران و هێرشی زەمینی بۆ تەواوی سنوورە هاوبەشەكانی وڵات دەستی پێكرد (هەرچەندە عێراق تۆمەتی دەستپێكردنی جەنگ دەداتە پاڵ ئێران)، لەو ساتەدا لە وڵاتی ئێران تازە شۆڕش كرابوو و هەمووشتێك پەرش و بڵاوبوو.

هەردوو وڵات پێش شۆڕشی ئێرانیش نێوانیان زۆر باش نەبووە و پێشوتر 104 جەنگ لە نێوانیان ڕوویداوە، بەڵام لە دوای شۆڕشی ئێران و دروستبوونی حكومەتێكی شیعە مەزهەب، ترس و دڵەڕاوكێی خستە دڵی سەرانی بەعس و سەدام حسێنەوە و بۆیە ویستیان زووتر دەستی خۆیان بوەشێنن.

لە سەرەتادا عێراق بەهۆی دەستپێشخەری و لەناكاوی هێرشەكەیەوە توانی چەند شارێكی زۆر گەورەی ئێران بگرێت و دیلێكی زۆر دەستگیربكات، وەك شاری (خوڕەمشەهر)، بەڵام لە ساڵانی دواتری جەنگ وڵاتی ئێرانیش توانی جەنگەكە بباتە خاكی عێراقەوە و لە ساڵی چوارەمیش خوڕەمشەهر بگرێتەوە.

كارەساتی هێرشی كەربەلای پێنج

ئێران لە شوباتی 1986 توانی شاری فاو بگرێت، كە گرنگترین بەندەرەكانی نەوتی عێراقی لێبوو، دواتر لە 8ـی حوزەیرانی 1987 ئۆپەراسیۆنی كەربەلای 5ـی دەستپێكرد بۆ گرتنی شاری بەسڕە كە دووەمین شاری گەورەی عێراقە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو و لە ئاكامدا 60 هەزار سەربازی ئێرانی و 20 هەزار عێراقی كوژران و لەم جەنگەشدا دووبارە عێراق دەستی بردەوە بۆ بەكارهێنانی چەكی قەدەغە و كیمیایی و زیانێكی زۆری بە هێزەكانی ئێران گەیاند و بۆیە ناچار ئێرانیش هێرشەكەی ڕاگرت و ئەم جەنگە بووە دەستپێكی كۆتایی هێنان بە جەنگی ماوەدرێژیان.

دوابەدوای ئەو جەنگە هەردوولا دەستیان كرد بە هێرشكردنە سەر كەشتییەكانی یەكتری بۆ زیانگەیاندن بە هاوكاری و باری ئابووری.

جەنگی گۆماوی كارەبایی

لە ساڵی 1985 هێزە ئێرانییەكان نیازیان بوو لە گۆماوەكانی سنوور بپەڕنەوە و سوود لەو ڕووبەرە كەمە ببینن بۆ نزیك بوونەوە لە بەسڕە و بەغداد و گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگ بۆ ناو عێراق، بەڵام لەگەڵ پەڕینەوەی سووپا لەو گۆماوەدا هێزە عێراقییەكان بە چەكی كیمیایی و بارگاویكردنی ئاوی گۆماوەكە بە تەزووی كارەبا 40 هەزار سەربازی ئێرانییان لەناوبرد و شكستیان بە ئۆپەراسیۆنەكە هێنا.

كارەساتی هەڵەبجە و چەكی كیمیایی

دوای داگیركردنی شاری هەڵەبجە لەلایەن هێزە ئێرانی و كوردییەكانەوە لە ساڵی 1988 بە 48 كاتژمێر، عێراق هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر شاری هەڵەبجە و سەرەتا بە تۆپباران و دواتر بە چەكی كیمیایی شارەكەی بۆردومان كرد، لە ئاكامی ئەم هێرشە 5000 مرۆڤی مەدەنی شارەكە شەهید بوون و دەیان هەزار بریندار و ئاوارە بوون، پێشتر لە جەنگدا عێراق لە شاری سەردەشتی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیش چەكی كیمیایی وەشاندبوو لە ساڵی 1987 كە ببووە هۆی شەهیدبوونی 110 هاوڵاتی و برینداربوونی هەشت هەزاری دیكە، بەڵام ئەوەی لە هەڵەبجە ڕوویدا یەكێك بوو لە ترسناكترین كۆمەڵكوژییەكانی ماوەی جەنگ.

ئاگربەست

لە ڕۆژی 20ی تەمموزی 1987 نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ژمارە 2750یدا بڕیاری لەسەر گرێبەستی ئاشتی نێوان هەردوو وڵاتدا لەژێر ناوی (بڕیارنامەی 598ی ئەنجومەنی ئاسایش) بە دەنگی ڕازیبوونی 15 وڵات و ناڕەزایی 0 وڵات، بەڵام هەتاوەكو 20ی ئابی 1988 ئەم ئاگربەستە بە تەواوی جێبەجێ نەكرا.

دوای ئاگربەست

یەك هەفتە دوای قبووڵكردنی ئاگربەستەكە لەلایەن ئێرانەوە، نزیكەی 5000 ئەندام و سەربازی ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلق بە فەرماندەیی (مەسعود ڕەجەوی) لە ئۆپەراسیۆنی (فروغ جاویدان) هێرشیان كردە سەر وڵاتی ئێران، كە پلانیان وابوو لە ماوەی 33 كاتژمێر تاران بگرن و حكومەت بڕوخێنن، هەر زوو شارەكانی میهران و ئیسلام ئابادی ڕۆژئاوایان گرت، سووپای ئێران بەخێرایی بەرپەرچی هێرشەكەی دایەوە بە فەرماندەیی (عەلی سەیاد شیرازی) و لە تەنگەڵانی (چهارزبر) هێزەكانی ڕێكخراویان گەمارۆدا و بە فڕۆكە و تۆپخانە زۆرینەیانیان لەناوبرد، جەنگەكە چەند ڕۆژێكی خایاند و هێزەكانی ڕێكخراو دەستبەجێ 2000 كوژراویان هەبوو بە بەرامبەر 400 كوژراوی سووپای ئێران.

لەم جەنگەدا 1400 كەس دەستگیركران لە ڕێكخراوی موجاهدین و هەموویان لەسێدارەدران.

كۆی كوژراوانی ڕێكخراو لەم جەنگەدا 4800 كەس بوون شكستێكی زۆر گەورەبوو.

پارسەنگی هێز

ئێران

سەرباز : 390 هەزار پێش جەنگ – 600 هەزار دوای جەنگ

تانك : 1735 تانك پێش جەنگ – 1000 تانك دوای جەنگ

فڕۆكەی جەنگی : 447 فڕۆكە پێش جەنگ – 50 فڕۆكە دوای جەنگ

هەلیكۆپتەر : 744 هەلیكۆپتەر پێش جەنگ – 390 هەلیكۆپتەر دوای جەنگ

عێراق

سەرباز : 443 هەزار سەرباز پێش جەنگ – یەك ملیۆن سەرباز دوای جەنگ

تانك : 2750 تانك پێش جەنگ – 4000 تانك دوای جەنگ

فڕۆكەی جەنگی : 339 فڕۆكە پێش جەنگ – 600 فڕۆكە دوای جەنگ

هەلیكۆپتەر : 260 هەلیكۆپتەر پێش جەنگ – 380 هەلیكۆپتەر دوای جەنگ

لایەنی ئێران

پشتیوانی

  • سوریا
  • لیبیا
  • كۆریای باكوور
  • چین
  • یەمەنی باشوور
  • ئەسیوبیا
  • سویسرا
  • ئەرجەنتین
  • كۆریای باشوور
  • پاكستان
  • هۆڵەندا
  • سوید
  • ئیسرائیل(بە نهێنی)
  • ئەمریكا (لە ڕووداوی مەك فارلین)

فەرماندەكان

  • ڕابەری شۆڕشی ئێران خومەینی
  • بەنی سەدر
  • محەمەد عەلی ڕەجایی
  • عەلی خامنەیی
  • هاشمی ڕەفسنجانی
  • عەلی سەیادی شیرازی

لایەنی عێراق

  • ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران
  • بەرەی دیموكراتی شۆڕش بۆ ئازادی عەرەبستان
  • سودان
  • ئەردەن
  • مەغریب
  • تونس
  • میسڕ
  • یەمەنی باكوور

پشتیوانی

  • یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو
  • فەڕەنسا
  • یۆنان
  • چین
  • ئەمریكا
  • بەڕیتانیا
  • سعودیە
  • كوەیت
  • ئەڵمانیا
  • ئیتاڵیا
  • ئیسپانیا

فەرماندەكان

  • سەدام حوسەین
  • عیزەت دوری
  • عەلی حەسەن مەجید
  • تاریق عەزیز
  • مەسعود ڕەجەوی

زیانەكان

ئێران

  • زیاتر لە 123 هەزار كوژراو لە جەنگدا و 60 هەزار كەسی بێسەروشوێن (بە پێی ئامارەكانی حكومەتی ئێران)
  • 200 بۆ 600 هەزار كوژراو بەپێی ئاماری نافەرمی
  • زیاتر لە 320 هەزار بریندار
  • 40 هەزار دیل
  • 11 هەزار كوژراوی مەدەنی
  • 627 ملیار دۆلار زیانی ئابووری

عێراق

  • 105 بۆ 375 هەزار كوژراو
  • 400 هەزار كەسی بریندار
  • 561 ملیار دۆلار زیانی ئابووری


سەرچاوەکان



9001 بینین