نوێژی ترس

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-06-04:34:00 - کۆدی بابەت: 4213
نوێژی ترس

ناوه‌ڕۆك

جۆرەکانی نوێژی ترس

جۆری یەکەم

ئەوەیە دوژمن لە شوێنێک بێ کە لای قیبلە نەبێ، ئیمام سوپایەکەی ئەکاتە دوو کۆمەڵە، کۆمەڵێک لە بەرامبەر دوژمن نەترسن و پاسەوانی ئەکەن، کۆمەڵەکەی تریش لە پشت ئیمام ئەوەستن لە شوێنێکی وا کە چەکی دوژمن نەیانگاتێ، جا ئیمام نوێژ بە جەماعەت ئەکات بەو کۆمەڵەی لە دوای خۆی ماوەتەوە تەنها یەک ڕەکعەتیان پێ دەکات ئەگەر نوێژەکە دوو ڕەکعەتی بوو بەڵام ئەگەر سێ ڕەکعەت بوو، یان چوار بوو، دوو ڕەکعەتیان پێ دەکات، ئینجا کە ئیمام هەڵساوە بۆ ڕەکعەتی دووەم، ئەگەر دوو ڕەکعەتی بوو با ئەو کۆمەڵە نییەتی جیابوونەوە بهێنن و بۆ خۆیان نوێژەکە تەواو بکەن، کە تەواویان کرد با بڕۆن بۆ بەرامبەر دوژمن، بەڵام ئیمام لە ڕەکعەتی دووەم چاوەڕوان ئەکات و پاش فاتیحە سورەتی درێژ ئەخوێنێ، ئینجا با کۆمەڵەکەی تریش بێنە پشت ئیمام و نوێژ داببەستن، ئینجا یمام ڕەکعەتەکەی تریش بە جەماعەت لەگەڵ ئەوان بکات، ئەگەر دوو رەکعەتی بوو، ئەگەر نا، با سێیەم و چوارەم لەگەڵ ئەوان بکات، جا کە ئیمام بۆ تەحیات دانیشت، ئەوان هەڵئەستن نوێژەکەی خۆیان تەواو ئەکەن، با ئیمام لە تەحیات چاوەڕوانیان بکات بۆ ئەوەی بەیەکەوە سەلام بدەنەوە، بەم شێوەیە پێغەمبەر ﷺ لە جەنگی (ذات الرقاع) کردوویەتی، (بخاري) و (مسلیم) گێڕاویانەتەوە.

جۆری دووەم

ئەوەیە دوژمن لەلای قیبلە بێت، با ئیمام بیانکاتە دوو ڕیز، ئینجا نوێژ لەگەڵ هەردوو ڕیزەکە داببەستێ و هەموو بەیەکەوە ڕوکووع ببەن، جا کە ئیمام چووە سوجدە با تەنها یەک ڕیز سوجدە لەگەڵ ئیمام ببات، ڕیزەکەی تریش بە پێوە بوەستێ پاسەوانی ئەوانە بکەن کە لە سوجدەدان، جا کە ئیمام و ڕیزەکە لە سوجدەی دووەم هەڵسانەوە با ڕیزەکەی تریش سوجدە ببەن و لە ڕەکعەتی دووەم بەگەنەوە ئیمام. ئەم شێوەیە پێغەمبەرمان ﷺ لە (عسفان) کردوویەتی، (مسلم) گێڕاویەتەوە.

جۆری سێیەم

شێوەی سێیەم لە نوێژی ترس ئەوەیە ترس زۆر بێت، لەشکری هەردوو لا لە جەنگ تێکەڵی یەکتری بێت، هەرکەسە نوێژی خۆی دەکات بە هەر جۆرێک بۆی ڕێک بکەوێت، چ بە پیادەیی، یان بە سواری، بگونجێ ڕووی لە قیبلە بێت، یان ڕووی لە قیبلە نەبێت، ئەبێ نوێژەکە هەر بکات، جا ئەگەر نەگونجا ڕوکووع و سوجدە ببات، با نەختێک خۆی کوڕ بکاتەوە بۆ ڕوکووع و کەمێک زیاتر بۆ سوجدە، ئیتر ڕاکردن و چەک بەکارهێنان و لێدان و کوشتن، زیان بە نوێژ ناگەیەنێ، نوێژەکەش دووبارە کردنەوەی ناوێ، بەو مەرجەی هاوار و قسە نەکات. ئەو جۆرە نوێژەی سێیەم لەبەر هەموو جۆرە ترسێک دروستە، وەک لەبەر دوژمنێک، یان لە ترسی لافاو، یان ئاگر، یان دڕندە ڕا بکات، نوێژەکەش دووبارە کردنەوەی ناوێت. خوای گەورە ئەفەرمووێ: (فَإِنْ خِفْتُمْ فَرِجَالًا أَوْ رُكْبَانًا) ئەگەر کەوتنە مەترسی، نوێژەکەتان بکەن بە پیادەیی، یان بە سواری، ڕووتان لە قیبلە بێت یان نا.


سەرچاوەکان



996 بینین