تەفسیری سورەتی ال عمران - ئایەتی 100 بۆ کۆتایی

له‌لایه‌ن: - ئاڵەكۆك - به‌روار: 2021-04-09-02:26:00 - کۆدی بابەت: 4305
تەفسیری سورەتی ال عمران - ئایەتی 100 بۆ کۆتایی

ناوه‌ڕۆك

ال عمران

تەفسیری قورئانی پیرۆز بۆ كوردی بە دەستی هەژار موكریانی

بۆ بینینی ئایەتی سەرەتا بۆ 99 كلیك بكە

(١٠٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر بەقسەی ھێندێک لەوانەی ئەھلی کتێبن، دەسخەرۆ بن، لە پاش باوەڕی ھێنانتان دەتانکەنەوە خوانەناس.
(١٠١) جا چۆن ئێوە حاشا دەکەن! کەچی ئایەتانی خواتان بە سەردا دەخوێنرێتەوە و پێغەمبەرتان لە ناو دایە؟ ھەر کەس پشت بە خوا ببەستێ، کەوتۆتە سەر ڕاستەڕێگە.
(١٠٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! چۆن پێویستە، ئاوا لە خوا بترسن و ھەر بە موسوڵمانی بمرن.
(١٠٣) ھەموو لاتان دەس دە ڕشتەی پەیمانی خوا وەرێنن و بڵاو مەبن. بیر لەو چاکە بکەنەوە کە خودا دەربارەی کردن: کە ئێوە دژ بە یەکتر بوون، بەدڵ کردوونی بە ھۆگر؛ لە سایەی چاکەی ئەمەوە، ئێستا لێکتر بوونە برا و لە سەر لێواری ئاگر بوون؛ ھەر ئەو بوو ڕزگاری کردن. خوا ئاوا نیشانانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ بەڵکوو ڕێگا بدۆزنەوە.
(١٠٤) دەبێ لە نێو ئێوەدا کۆمەڵێک ببن، فەرمان بە چاکە بدەن و ڕێ لە خراپە ببەستن؛ ھەر ئەوانەش ڕزگار دەبن.
(١٠٥) نەکا وەک ئەوانە بکەن کە لێکتر جیابوونەوە و لە دوای ئەوەی نیشانەی ئاشکرایان دیت، ئەوسا کێشەیان تێکەوت. بۆ ئەوانە ئازارێکی گەورە ھەیە.
(١٠٦) لەو ڕۆژەدا کە ھێندێک ڕوویان چەرمگە و ھێندێک تر ڕەش داگەڕاون، ئەو کەسانەی ڕووڕەشی ڕۆژی قیامەتن، پێیان ئێژن: ئێوە دوای باوەڕی ھێنان چۆن ببوونەوە خوانەناس؟ سا لەو حاشاکردنەتان جەزرەبە گۆڕی گیانوو بێ.
(١٠٧) ئەوانەش کە ڕوو چەرمووگن، بۆ ھەمیشە بەزەیی خودایان ھەیە و تا ھەتا ھەر دەگەڵیانە.
(١٠٨) ئەمانە نیشانەی خودان، بەڕاستن و ئێمە بۆتی وەدەخوێنین. ھیچ گا خودا ناھەقی لە ھیچ کەس ناکا.
(١٠٩) ھەرچێ لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە - گش لە گشتی - سەر بە خوایە؛ سەرلەبەری کاروباریش ھەر بۆ خودا دەگەڕێتەوە.
(١١٠) ئێوە چاکترین کۆمەڵن لە ناو مەردمی دنیادا سەروو ھەڵدا؛ فەرمان بە چاکە دەدەن و ڕێ لە ناڕەوا دەبەستن. باوەڕیشتان بە خوا ھەیە. خۆ ئەگەر ئەھلی کتێبیش بڕوایان بھێنابا، بۆیان چاکتر بوو. ئەوانیش ئی وایان تێدا کە بەبڕوان؛ بەشی زۆریش لە ڕێی خودا لایان داوە.
(١١١) ئەوانیش - مەگین ھەر بە دەم - دەنا ھەرگیز ناتوانن بۆتان بەزەڕ بن. ئەگەر دەگژیشوو ڕابچن، زۆر زوو پشتوو تێ دەکەن. ڕا دەکەن و کەسیش دەھانایان نایە.
(١١٢) لە ھەر جێش بن، ھەر ژێر چەپۆکی و زەبوونی بۆتە بەشیان؛ جا مەگین ھەر پەیمان دەگەڵ خودا و خەڵکا بگاتە فریایانەوە. تووشی تووڕەیی خوا بوون و مۆری زەبوونییان بە سەردا نراوە؛ لەبەر ئەوە لە نیشانەکانی خودا بە حاشا بوون و بە ناھەق پێغەمبەرانیان دەکوشت و ھەر نافەرمانی و دەس درێژیان دەکرد.
(١١٣) ئەھلی کتێب گش وەک یەک نین؛ کۆمەڵی وایان تێدایە کە ڕوو بە خوا دەوێستن و بە شەوا ئایەتانی خوا دەخوێننەوە و سەر دەخەنە سەر سوژدەوە؛
(١١٤) بڕوایان ھەیە بە خودا و ڕۆژی سەڵا و فەرمان بە چاکە دەدەن و ڕێگە لە خەراپە دەبڕن و بۆ خێر کردن ملە دەکەن؛ ئەوانە لە پیاوچاکانن.
(١١٥) ھەر کارێکی چاک ڕەچاو کەن، بێ بەھرە نامێنێتەوە و خوا ئەوانەی لێی دەترسن، باش دەناسێ.
(١١٦) ئەوانەی خودا نەناسن دارایی و ماڵ و مناڵیان ھیچ دەردێکیان دەرمان ناکا و لە لای خودا بەھرە نادا؛ جێگەیان ھەر جەحەندەمە و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن.
(١١٧) ھەرچی ئەوان بەڕووبینی لە ژیاندا لە ماڵی خۆیان دەبەخشن، ھەر وەکوو ئەوشەختە وایە کە بۆ کێڵگەی ئەو کەسانەی ناھەقی لە خۆیان دەکەن، وەیشوومەیە. خوا ناھەقی لێ نەکردوون؛ بەڵام ئەوان ناھەقی لە خۆیان دەکەن.
(١١٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بێژگە خۆتان دەگەڵ کەسا مەبنە ھامڕاز. ئەوان لە کار لێ تێکدانوو درێغ ناکەن؛ ھەر حەز دەکەن تووشی ناڕەحەتیتان کەن. جگە لەوەی کە دژایەتی ئێوەیان بە دەمدا دێت، غەرەزێکی لە دڵی ئەوان دایە فرەترە. ئەر تێبگەن، زۆر نیشانەمان بۆ ئێوە دەرخستووە.
(١١٩) ئاگادار بن! ئێوە ئەوانتان خۆش دەوێ و ئەوان خۆشیان لە ئێوە نای. ئێوە بڕواشتان بەو کتێبە - گشتی - ھەس. ھەر وەختێکیش پێتان دەگەن، ئێژن: بڕوامان ھێناوە؛ بەڵام ھەر لێوو تەکینەوە - لە کینەیێ کە ھەیانە - سەرپەنجەی خۆیان دەگەزن. بێژە: دەک لە ڕکان بمرن! خوا بەوەی وا لە دڵدایە باش دەزانێ.
(١٢٠) تا چاکەیەکتان بێتە ڕێ، خەمێ دەخۆن. ئەگەر تووشی ناخۆشی بن، کەیفێ دەکەن. ئەگەر ئێوە خۆڕاگر و پارێزگار بن، گزی و فێڵیان ھیچ زیان لە ئێوە نادا. خوا بە کردەیان دەزانێ.
(١٢١) ئەوسا کە تۆ - سەرلەبەیان - کەس و کاری خۆت جێ ھێشت و جێگەت بۆ خاوەن باوەڕان لە شەڕگەدا دیاری دەکرد، خودا دەیبیست و دەیزانی.
(١٢٢) لەو کاتەشدا کە دوو دەستە ھەر لە خۆتان خەریکی ورەبەردان بوون، ھەر خودا دەھانایان ھات. باوەڕداران کاروباریان دەبێ ھەر بە خوا بسپێرن.
(١٢٣) وا دیتیشوو کە خودا لە شەڕی بەدرا سەری خستن؛ ھەرچەند کەم و بێ ھێزیش بوون. سا ھەر لە خودا ترسوو بێ؛ بەشکەم شوکری بەجێ بێنن.
(١٢٤) ئەوسا کە تۆ بە خاوەن باوەڕەکانت ڕاگەیاند: ئەگەر خودا سێ ھەزار لە فریشتەکانی بۆ ئێوە بنێرێتە خوار، بێنە یاریو، بەستان نییە؟
(١٢٥) بەڵێ ئەگەر خۆڕاگرن و ترستان لە خودا ھەبێ، لە جەنگەی پەلاماردانی دوژمنوودا، پەروەرندەو پێنج ھەزار لە فرشتانی، بەدرۆشم و بەکۆمەکەوە دەنێرێ.
(١٢٦) خودا ھەر بۆ ئەوە مزگێنێک بە ئێوە بدات و ھەر بۆ ئەوە دڵنیا بن، ئەو کارەی کرد. سەرکەوتنیش ھەر بە دەستی خودای خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.
(١٢٧) خوا دەیەویست لەو ڕۆژەدا ھێندێک لە خوانەناسەکان دەخوێنی خۆیان بگەوزن و ئەوی ماشن دەمکوت بن و بە ناھومێدی وەگەڕێن.
(١٢٨) ئیتر لە شەڕ دۆڕاوەکان - چ لەو کارەی کردوویانە پەژیوان بن و خوا بیان بوورێ، یان لە سەر ناھەقییەکەیان ئازاریان بۆ بڕیار بدا - تۆ کارێکت بە کاری ئەواندا نییە.
(١٢٩) ھەرچی لە ناو ئاسمانان و زەویدایە، بۆ خودایە. کێ حەز بکا لێی دەبوورێ و کێش حەز کا ئازاری بدا، خۆی دەزانێ. خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٣٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە سووت خواردن بتەکنەوە و چین لە سەر چین وەری مەگرن. لە خودا ترستان ھەبێ، بەشکوو بگەنە ڕزگاری.
(١٣١) خۆشتان دوورەپەرێز بگرن لەو ئاگرەی نێڵ دراوە بۆ ئەوانەی خوانەناسن.
(١٣٢) بەر فەرمانی خودا و ئەم پێغەمبەرەش بن، بەشکوو بەر بەزەیی کەون.
(١٣٣) پەلە بکەن بۆ گەیشتن بە بەخشینی پەروەرێنتان و بەھەشتێ کە ھەراوی بە ئەندازەی ئاسمانەکان و زەوینە و ساز کراوە بۆ ئەوانەی لە خواترسن.
(١٣٤) ئەو کەسانەی لە تەنگانە و فەرحانیدا، ماڵی خۆیان لە ڕێی خودا دەبەخشن و ڕکی خۆیان دەخۆنەوە و لە مەردم چاوپۆشی دەکەن؛ خوا چاکەکاری خۆش دەوێن.
(١٣٥) ئەو کەسانەی ھەرگا کاری خراپ دەکەن، یان ناحەقی لە خۆ دەکەن خودا لە بیر نابەنەوە و لەبەری دەپاڕێنەوە: لە خەتاکانیان ببوورێ؛ بێژگە خوداش کێ لە گوناھان دەبوورێ؟ جا ئەوانە لە سەر کارێ کە زانیویانە ھەڵەیە، پێ داگر نین.
(١٣٦) ئەوانە پاداشیان لە لای پەروەرێنیان لێ بووردنە و باغاتێکە کە جۆباران بە بەریاندا دەڕۆن و ھەر لەو باغاتە دەمێننەوە. بەە! چەندە جوانە پاداشی ئاکارچاکان.
(١٣٧) بەر لە ئێوە زۆر ڕێگا و شوێن تێپەڕیون. جا ئێوە لەم سەرزەمینە گەشتێ بکەن و سەرنج بدەن کە ئاخری کاری ھەق بەدرۆزانان بە کوێ گەیشت؟
(١٣٨) ئەمە پەندی بۆ ھەموو خەڵک تێدایە و نیشانەیە لە خوداوە و بۆ ئەوانەی دەیانەوێ خۆپارێز بن، ڕێشاندەرە.
(١٣٩) با سستی ڕووتان تێ نەکا و خەمیش مەخۆن. ھەر ئێوەن کە سەردەکەون، ئەگەر بڕواو بە خوا ھەیە.
(١٤٠) ئەگەر ئێوە بریندار بوون، دوژمنیشتان وەک ئێوە بریندار بووە. ئێمە ئاوا لە ناو خەڵکا زەمانە دەستاودەس دەکەین، ھەتا خودا خاوەن باوەڕان بناسێ و کەسانێکیش بۆ شایەتی لە بەینتانا ھەڵبژێرێ. خودا خۆشی لە ناھەقیکاران نایە.
(١٤١) ھەتا خودا باوەڕداران ھەڵاوێرێ و بێ باوەڕان لە ناو بەرێ.
(١٤٢) ئاخۆ ئێوە لاتان وایە ھەر سەربەخۆ دەچنە بەھەشت؟ کەچی ھێشتا خودا خەباتکاران و خۆڕاگرانی ئێوەی دیاری نەکردووە.
(١٤٣) بەر لەوە تووشی مردن بن، ئارەزووی مردنوو دەکرد. سا ئەوا مەرگە ھاتووە و ئێوە زەق تماشای دەکەن.
(١٤٤) موحەممەد پێغەمبەرێکە و چیتر نییە؛ لە پێش ئەویش زۆر پێغەمبەر ھاتوون و چوون. ئەگەر بمرێ یان بکوژرێ، لە ئیسلام پاشگەز دەبنەوە؟ ھەرکەس پاشگەز ببێتەوە، زیانێک بە خودا ناگەینێ. خودا پاداشی سوپاسگوزارانی دەدا.
(١٤٥) ھیچ کەسێکیش بە بێ ئیزنی خودا نامرێ. کە مردنی ھەر کەسێکیش وەختەکەی بۆ دانراوە و لە لای خوداوە نووسراوە. کێش ھەر خۆشی لە دنیادا ئارەزوو بێ، خوا دەیداتێ؛ ھەر کەسێکیش خۆشی ئەو دنیای گەرەک بێ، خودا ئارەزووی پێکدێنێ. ئەوانەش وا شوکر دەکەن، زوو جەزایان دەدەینەوە.
(١٤٦) بەشی زۆر لە پێغەمبەران دەگەڵ گەلی خواپەرستانی ھەڤاڵیان چوونە خەزا، ھەرچەند بەڵای لە ڕێی خودا تووشی ھاتن، نە ھیچیانی سستەوە کرد نە زەبوونی ڕووی تێکردن. لەوانەی کە خۆڕاگرن، خوا خۆشی دێ.
(١٤٧) ھەر ئەوەندەیان درکاند، دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! تۆ لە گوناھان و لە ئەندازە لادانمان ببوورە و جێ ھەنگاومان پتەوتر کە و بە سەر خودانەناساندا زاڵمان بکە.
(١٤٨) ئەوسا خودا پاداشی ئەم دنیا و چاکەپاداشی ئەو دنیای پێدان. خوا کارچاکانی خۆش دەوێ.
(١٤٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ئێوە وەشوێن خوانەناسان کەون، بەرەو پاشوو دەگەڕێنەوە و تووشی زیانباری دەبن.
(١٥٠) بزانن کە گەورەی ئێوە ھەر خودایە و ئەو چاکتر یاریدەرە.
(١٥١) ئەوانەش کە خوانەناسن، چونکە بێ ئەوە بەڵگەیان لە حەواوە بۆ ھاتبێ ھاوکار بۆ خودا دەناسن، ترسێ داوێژینە دڵیان؛ ئەنوایان لە ناو ئاگرە و جێی ناھەقان خراپترین جێگە دەبێ.
(١٥٢) خوا بەڵێنی بە ئێوە دا و بەجێی ھێنا: ئەوسا کە بە دەستووری خوا دەتان کوشتن، تا ئەو کاتەی ئەو تاڵانەی بە تەمای بوون ھاتە بەرچاو، ئیتر کێشەو لە ناو خۆتان لێ پەیدا بوو؛ لە فەرمان سەرپێچیتان کرد. ئی وا ھەبوو حەزی لە ماڵی دنیا بوو، ئی واش ھەبوون خۆشی ئەو دنیایان دەویست. پاشان ھەر تا بتان ئەزموێ، لە شەڕیانی گێڕانەوە. وا ئەو ھەلەش لێتان خۆش بوو. خودا خاوەنی چاکەیە لە سەر خاوەن باوەڕەکان.
(١٥٣) ئەو کاتەی کە ڕاتان دەکرد و ئاوڕتان وەسەر ھیچکەس نەدەداوە، پێغەمبەریش لە دواوە گازی دەکردن؛ جا خوا جەزای خەمی ھەر بە خەم دانەوە. نەکا لە بەر ئەوەی وا لە دەستان چووە و ئەوەی کەوا تووشتان بووە خەفەت بخۆن. خودا لەو کارانەی دەیکەن ئاگادارە.
(١٥٤) پاش ئەو خەمە ئارامییەکی ناردە سەرتان، کە بریەتی لە ئۆقرەی خەو لێ کەوتن بوو، بە سەر ھێندێکانوو داھات؛ ھێندێکیشتان ھەر تەنیا خۆتان لە بیر بوو. ئێوەش ھەر وەک خوانەناسەکانی پێشین بیروو لە خوا دەکردەوە، دەیانگوت: ئاخۆ لەم کارە چن بۆ دەکرێ؟ بێژە: گش کار بە دەس خودان. ئەوانە نھێنی دڵیان لە لای تۆ ئاشکرا ناکەن؛ ئێژن: ئەگەر بە دەستە خۆمان بووایە، ئێمە لێرە نەدەکوژراین. بێژە: ئێوە ئەگەر لە ماڵی خۆشتان بان، ئەو کەسانەی کوشتنیان لە سەر نووسراوە، دەھاتنەوە جێی تخێڵ بوونی جەندەکەیان. خوا دەیەوێ دڵتان تاقی بکاتەوە و ھەرچی لە دڵتاندا ھەیە دەری ھاوێ. خوا لە ڕازی دڵەکانتان ئاگادارە.
(١٥٥) ئەوانتانە وا ڕایان کرد - لەو ڕۆژەدا کە دوو کۆمەڵ گەیشتنە یەک - شەیتان ھەڵیخلیسکاندن، لە بەر کارێ کە کردوویان؛ خوایش بەخشینی. ھەر خودایە کە لە گوناھان دەبوورێ و لە سەر خۆیە.
(١٥٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەک ئەوانە مەبن کە خودایان نەدەناسی و سەبارەت بە براکانیان - کە لە سەفەر، یان لە شەڕی دوژمنان بوون - دەیانگوت: ئەگەر ئەوانە لامان مابان، نەدەمردن، نەدەکوژران. ھەر بۆیە بوو خودا بیکا بە ئاخ و داخی سەر دڵیان. خودایە کە ژینێ دەدا و دەشمرێنێ و ھەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خوا دەیبینێ.
(١٥٧) ئەگەر لە ڕێی خودا بمرن، یان لە ڕای خودا بە کوشت چن، دیارە لێ خۆشبوونی خودا و بەزەیی ئەو زۆر چاکترە لەو شتەی کۆی دەکەنەوە.
(١٥٨) چ بمرن و چ بکوژرێن، بێ گومانە کە لای خوا کۆدەکرێنەوە.
(١٥٩) لە بەزەیی خوداڕایە کە تۆ ھێندە نەرم ونیانی دەگەڵیان؛ ئەگەر یەکێ دڵڕەق و توند و تۆسن بای، بڵاوەیان لێ دەکردی. تۆ بیان بوورە و لە لای خودا داوای بووردنیان بۆ بکە و لە کار تەگبیریان پێ بکە. وەختێ لێ بڕای کارێ بکەی، ھەر بە تەمای خوا تێکەوە؛ خودا ئەوانەی خۆش دەوێ کە خۆیان ھەر بەو دەسپێرن.
(١٦٠) ئەگەر خودا و دەھانا بێ، کەس بەسەرتاندا زاڵ نابێ؛ ئەگەر وازیشتان لێ بێرێ، کێیە پاشان پێی دەکرێ یاریدەو بکا؟ با ھانای خاوەن باوەڕان ھەر خودا بێ و خۆیان بە وی بسپێرن.
(١٦١) بۆ ھیچ پێغەمبەرێ ناشێ دەگەڵ خەڵک، فێڵ و فەرەجان بنوێنێ؛ ھەر کەسێکیش فێڵبازی و دەسبڕی بکا - بەو تەشقەڵەوە کە دەیکا - ڕۆژی قیامەت دەبیندرێ و ئەوسا ھەر کەس لە بارتەقای کردەوەی خۆی سزا دەدرێ و ھیچ ناھەقیان لێ ناکرێ.
(١٦٢) ئاخۆ کەسێ ھەر بۆ ڕەزای خوا کۆشیوە، وەک ئەوەیە کە خودای لەخۆی تووڕەکرد؟ کە ئەنوای ئەم جەھەندەمەو چارەنووسی خراپی ھەس. 
(١٦٣) بۆ ھەموو ئەو دووجوونانە خودا چەند پلەی داناوە و ھەر خۆی لە ھەموو کردەیان چاوەدێرە.
(١٦٤) باوەڕداران بەر منەتی چاکەی خودان؛ کە یەکێک ھەر لە خۆیانی ناردووە پێغەمبەریان بێ؛ نیشانەکانی خودایان بەسەردا دەخوێنێتەوە و بە پاکژی ڕایان دەگرێ و لە کتێب و کارزانیدا ڕایان دێنێ؛ کە دەپێشدا ھیچیان لە ھیچ نەدەزانی.
(١٦٥) ئاخۆ کاتێ زیانوو لە دوژمن پێگەیشت - کە جارێکیش دوو ئەوەندەو زیان لێدان - ھیچ پرسیتان: زیانەکەمان لە چی بوو؟ بێژە: لە خۆتانەوە بوو، خوا بە ھەموو شت توانایە.
(١٦٦) ھەرچی ئەو ڕۆژە تووشوو ھات - وا دوو کۆمەڵ بەیەک گەیین - [گشتی] بە ئیزنی خودا بوو، ھەتا خاوەن باوەڕەکان نیشان بدا؛
(١٦٧) تا دووڕووگەلیش بناسێ؛ پێن وترا: ئێوەش وەرن لە ڕێی خودا خەزا بکەن، یان ببنە ھێزی بەرگری. گوتیان: ئەگەر بنزانیبا شەڕوو بەسەردا سەپاوە، دیارە وەدووتان دەکەوتین. ئەوێ ڕۆژێ لە بێ دینی نزیکتر بوون تا لە باوەڕی بە خودا. ئەو شتانەی بە دەم دەیڵێن، ئەوە نییە کە ڕازە و لە دڵیاندایە؛ خوا لەوەی دەیشارنەوە ئاگادارترە.
(١٦٨) ئەوانەی کە خۆیان نەچووبوونە خەزا، لەمەڕ ھاوەڵانیان دەگوت: ئەگەر بە قسەیان کردباین نەدەکوژران. بێژە: سا ئەگەر ڕاست دەکەن، خۆ لە مردن بپارێزن.
(١٦٩) ئەو کەسانەی لە ڕێی خودادا کوژراون، ھەرگیز نابێ بەمردوویان حیساب بکەن؛ ھەر زیندوون و خودا بژیویان دەداتێ؛
(١٧٠) دڵیان خۆشە بەو چاکەیە کە خودا دەربارەی کردوون. شادن بەوەش کە ئەوانەی وا نەگەیشتوونە ئەمان و بە جێ ماون، ھیچ ترسێکیان لە سەر نابێ و ھیچ خەمێکیان لە بەر نابێ.
(١٧١) دڵیان خۆشە بە نیعمەتی خودا و زیادە بە شانەی ئەو. بەوەش کە خوا پاداشی باوەڕدارەکان وندا ناکا.
(١٧٢) ئەو کەسانەی کە لە پاش بریندار بوونیش فەرمانی خوا و پێغەمبەریان بەجێ ھێنا، بۆ ئەوانیانە وا کاری چاکیان کرد و لە خوا ترسان، پاداشێکی گەورە ھەیە.
(١٧٣) ئەو کەسانەی پێیان وتن: گەلە کۆمەگیو لێ کراوە و بەپانەوە دێنە سەرتان، ئەشێ ترسوو لێیان ھەبێ؛ باوەڕیان بەھێزتر بووە و گوتیان: ئێمە ھەر خودامان بێ بەسمانە و چاکترین پشت و پەنامان تەنیا ئەوە.
(١٧٤) ھاوڕێ دەگەڵ نیعمەت و چاکەی خودادا - بێ ئەوەی تووشی زیان بن - گەڕانەوە و ھەڵوەدای ڕەزای خودا بوون؛ ھەر خوداشە چاکەی گرینگی بە دەستە.
(١٧٥) لە ڕاستیدا ئەوە شەیتانەڤو [گەرەکیە ئێوە] لە ھاودەستانی خۆی بترسێنێ. ئێوە لەوان ترسوو نەبێ و ئەگەر بڕوادارن دەبێ ھەر تەنیا لە من بترسن.
(١٧٦) بەوانە نیگەران مەبە کە بە پەلە لە دژی دین تێ دەکۆشن؛ ناتوانن ھیچ زیانێکی لە خوا بدەن. خوا دەیەوێ کە ئەوانە لەو دنیا بەشێکیان نەبێ و تووشی ئازاری دژوار بن.
(١٧٧) ئەو کەسانەی لەباتی بڕوا بە خودا، بێ بڕوایی ھەڵدەبژێرن، ھیچ زیان لە خوا نادەن و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ.
(١٧٨) با ئەوانەی خوانەناسن وا بیر نەبەن ئەو مۆڵەتەی دەیاندەینێ چاکە بۆیان؛ ھەر بۆیە مۆڵەتیان دەدەین تا تاوانیان فرەوە بێ. ئازارێکی ئاوڕووبەریش بەشیان دەبێ.
(١٧٩) خوا ھیچ کاتێ باوەڕدارانی لە بارودۆخێکا - وا ئێوە ھەن - نەھێشتۆتەوە؛ مەگەر لە بەر ئەوەی ناپاکان لە پاکان ھەڵاوێرێ. خودا ئێوە لە پێوار ئاگادار ناکا؛ بەڵام خودا لە ناو پێغەمبەرانیدا، کێی بووێ ھەڵی دەبژێرێ. دەبێ ئێوە بڕواو بە خوا و بە پێغەمبەرەکانی بێ و ئەگەر ئەو باوەڕەو ھێنا و خۆشتان پاراست، پاداشێکی یەکجار گڕینگوو پێ دەدرێ.
(١٨٠) ئەوانەی چنۆکی دەکەن لەو بەشەی خودا پێی داون، خەیال نەکەن ئەم کارە بۆ وان قازانجە؛ بەڵکوو بۆ خۆیان خراپە. ڕۆژی قیامەت دەبێتە تۆق دەملیاندا و [با بزانن کە] ئاسمانان و زەمینیش ھەر بۆ خودا دەمێنێتەوە و خودا لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە.
(١٨١) خودا وتەی ئەوانەی بیست کە دەیان گوت: خوا ھەژارە و ئێمە داراین. وا ئێمە ئەم گفتەیان و بە ناحەق کوشتنی پێغەمبەرانیان بۆ تۆمار دەکەین و پێیان ئێژین: سا بچێژن دەردی بە ئاگر سووتانێ؛
(١٨٢) چونکە ئێوە ئەو جۆرە کارانەو دەکرد؛ خودا ھەرگیز غەدر لە عەبدی خۆی ناکا.
(١٨٣) ئەوی گوتیان: «لە خواوە پێن سپێراوە کە باوەڕی بە ھیچ پێغەمبەرێک نەکەین، مەگین ئەوەی بە حەیوانێ قوربانییەوە بێتە لامان، ئاگر بیخوا»، بێژە: ئەگەر قسەو ڕاستە، ئەدی بۆچی پێغەمبەرەکانی پێش من چەند نیشانەی ئاشکراشیان بۆ ھێنان و ئەوەی ئێستاش ئێوە داوای دەکەن کردیان، کەچی ئێوە کوشتووتانن؟
(١٨٤) ھەروەک بڕوا بە تۆ ناکەن، لە پێغەمبەرانی پێش تۆش حاشایان کرد. ھەرچەند بە بەڵگەی ئاشکرا و نوسراوگەل و کتێبی دیاری دەرەوە ھاتنە لایان.
(١٨٥) ھەموو کەسێک تامی مردنێ دەچێژێ؛ ڕۆژی سەڵاش ھەقی خۆتان دەنێنە مشت. کێ لە ئاگر کلاکرێ و ببرێتەوە نێو بەھەشتەوە، دەیباتەوە و بەختەوەرە. ئەم ژیانەی سەر دنیا بنەمای فریوە.
(١٨٦) ئێوە لە گیان و دارایی بەر تاقیکاری دەکەون و لەوانەی ئەھلی کتێبن و لەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دادەنێن، زۆر قسەی ناخۆش دەبیسن و ئازاری زۆریشتان دەدەن. جا ئەگەر خۆڕاگر بن و لە ناڕەوا بە پارێز بن، کارێ جامێرانە دەکەن.
(١٨٧) ئەوسا خودا بەڵێنی لەو کەسان ساند کە کتێبیان بۆ ھاتووە، بە مەردمی ڕاگەیێنن و نەیشارنەوە؛ کەچی ئەوان لە پەیمان پاشگەز بوونەوە و بە نرخێکی کەمیان فرۆت؛ ئای کە سەودای خراپیان کرد.
(١٨٨) قەت وا مەزانە ئەوانەی دڵ خۆش ئەکەن بە کارێ کردوویانە و پێیان خۆشە بۆ کارێ کە نەیانکردووە تاریف بکرێن، لە جەزرەبە ڕزگار دەبن؛ جەزرەبەی بەژان بۆ وانە.
(١٨٩) لە عاسمانەکان و زەمیندا فەرمان، فەرمانی خودایە و خودا بە سەر ھەموو شتدا توانای ھەیە.
(١٩٠) لە ئافراندنی ئاسمانان و لە زەمیندا و ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژان، زۆر نیشانەی پتەو ھەیە بۆ ئەوانەی کە خێوی دڵی وشیارن.
(١٩١) ئەوانەی - چ بە وێستاوی و چ لەجێوە، بە دانیشتن، چ لە سەر تەنیشت ڕادەزێن - ھەر یادی خودا دەکەن و لە سازدانی ئەم عاسمانان و زەمینە ڕادەمێنن، دەڵێن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ ئەم دەزگایەت بە فیڕۆ ساز نەداوە، پاکی و بێ عەیبی بۆ تۆیە؛ ھەر بۆ خۆشت لە ئازاری بە ئاگرمان بپارێزە.
(١٩٢) پەروەرێنمان! ھەر کەس تۆ بیخەیتە ئاگر، تووشی شوورەییت کردووە. ئەوانەی ناھەقیکارن، ھیچ کەس دەھانایان نایە.
(١٩٣) پەروەرێنمان! ئێمە بیستمان بانگ ڕایەڵێک گازی دەکرد کە باوەڕی بە پەروەرندەتان بێنین. ئێمەش باوەڕیمان ھێنا؛ سا بۆ خۆت ئەی پەروەرێنمان! لە گوناھانمان خۆش ببە و ھەر خراپەی کردوومانە، وەیکوژێنە و دەگەڵ ئەوانەی پیاوچاکن بن مرێنە.
(١٩٤) پەروەرێنمان! ئەو شتانەش بە ئێمە ڕەوا ببینە کە لە زوان پێغەمبەرانتەوە بەڵێنت پێمان داوە؛ شەرمەزاری ڕۆژی قیامەتمان مەکە. تۆ لە ھەر پەیمانێ بیدەی لاریت نییە.
(١٩٥) پەروەرێنیان ئاوا بە دەنگیانەوە ھات، کە: من کردەی ھیچ مرۆیەک - لە نێر و مێ - بە بێ پاداش ناھێڵمەوە؛ گشتوو لە لای من چون یەکن. ئەو کەسانەی لە زێدی خۆ دەرکراون و لە ڕای من ئازاریان دیوە و چوونە خەزا و دژی منیان کوشتبێ یان بە کوشت چووبن، بێ گومانە گوناھیان دەکوژێنمەوە و لە پاداشی کردەوەیان دەیانخەمە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا؛ کە ئەمە چاکەی خودایە دەربارەیان؛ کە پاداشی ھەرەباشیش وا لای خوایە.
(١٩٦) ھات و چوون و گڕوفڕی خوانەناسان لە وڵاتان، نەچێ ھەڵت خەڵەتێنێ.
(١٩٧) ڕابواردنێکی ھندکە و پاشان شوێنیان جەحەندەمە و جێیان گەلێک بێ زەلەتە.
(١٩٨) بەڵام ئەوانەی وا ترسیان لە پەروەرندەی خۆیانە، باغاتێکیان دەبێ جۆباریان بە بەردا دەڕوا و تا سەر تیا دەبن و میوانداری لای خودایە. ئەوەی کە لە خواوە دەدرێ ھەر بۆ پیاوچاکان ڕەوایە.
(١٩٩) لە ناو ئەھلی کتێبیش کەسانی وا ھەن کە بڕوای بە خودا ھەیە و بەو قورئانەی کە بۆ ئێوە ھاتەخوار و بەو کتێبەی کە بۆ خۆیان ناردراوە، خاکەڕان لە ھەمبەر خودا و بەڵگە و نیشانەکانی خوا بە نرخی کەم سەودا ناکەن؛ ئەوانە پەروەرندەیان پاداشی کاریان دەداتێ. خودا زۆر زوو بە کاری ھەر کەس ڕادەگا.
(٢٠٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خۆڕاگر بن، لە خۆڕاگریشا ھەر لە پێشەوە بن. بۆ پاراستنی سنوورگەل ھەمیشە ساز و تەیار بن. لە خواش ترسوو ھەبێ، بەشکەم ڕزگار ببن.


سەرچاوەکان



1859 بینین