ڤیتامین B12

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-24-19:16:00 - کۆدی بابەت: 4806
ڤیتامین B12

ناوه‌ڕۆك

ڤیتامین B12

ڤیتامین B12 یان كۆبالامین یەكێكە لە جۆرەكانی ڤیتامین B كە لە ئاودا دەتوێتەوە، ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە دروستكردنی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و میتابۆلیزمی خانەكانی جەستە و بەرهەمهێنانی ترشی DNA كە ماددەیەكی بۆماوەییە، ئەو خواردنانەی كە دەوڵەمەندن بە ڤیتامین B12 بریتین لە گۆشتەكان و ماسی و شیرەمەنییەكان، هەروەها دەكرێت لەڕێگەی تەواوكەری خۆراكییەوە وەربگیردرێت یان لە ڕێگەی دەرزییەوە بۆ ئەو كەسانەی كە توشی كەمخوێنی بوون بەبۆنەی كەمی ڤیتامین B12، كەمبوونەوەی ڤیتامین B12 لە لەشدا بە حاڵەتێكی دەگمەن دادەنرێت چونكە جەستە دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە چەند ساڵێك خەزنی بكات، بەڵام پێویستە ئاگاداربین لە زیاد وەرگرتنی ڤیتامین B12 بۆ ئەوەی لە زیانە تەندروستییەكانی بەدووربین.

پێویستی ڕۆژانەی ڤیتامین B12

هەرچەندە پێویستی كەسەكان بۆ ماددە خۆراكییەكانی وەك ڤیتامین و ماددە ئاسنییەكان بەپێی كەسەكان دەگۆڕێت، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی كە تێیدا دەژی و ئەو خواردنانەی كە دەیخوات، بەڵام هەندێك پێوەر هەن بۆ دیاریكردنی پێداویستییە خۆراكەكان و باشتر وایە بزانرێن، وەك پێویستی ڕۆژانەی ڤیتامین B12 كە بە مایكرۆگرام دەپێورێت و بۆ تەمەنە جیاوازەكان بریتییە لە:

  • تازە لەدایكبوو تا تەمەنی 6 مانگی: 0.4 مایكرۆگرام
  • لە تەمەنی 7 مانگی تا تەمەنی 12 مانگی: 0.5 مایكرۆگرام
  • لە تەمەنی 1 ساڵی تا تەمەنی 3 ساڵی: 0.9 مایكرۆگرام
  • لە تەمەنی 4 ساڵی تا تەمەنی 8 ساڵی: 1.2 مایكرۆگرام
  • لە تەمەنی 9 ساڵی تا تەمەنی 13 ساڵی: 1.8 مایكرۆگرام
  • تەمەنی 14 ساڵی تا تەمەنی 18 ساڵی: 2.4 مایكرۆگرام
  • پێگەیشتووەكان: 2.4 مایكرۆگرام، 2.6 مایكرۆگرام گەر كەسەكە دووگیان بێت، 2.8 مایكرۆگرام گەر ئافرەتەكە شیربدات بە منداڵەكەی.

زیانەكانی ڤیتامین B12

ڤیتامین B12 وەكو هەموو پێویستییە خۆراكییەكانی تر گەر بەپێی پێویست بخورێن زیانی نابێت، بەڵام كە زیادەڕۆیی كرا لە خواردنیدا دەكرێت ببێتە هۆی چەندین كێشەی تەندروستی وەك:

  • بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن ڕاستەوخۆ پاش وەرگرتنی دەرزی ڤیتامین B12.
  • گێژبوون.
  • سەرئێشە.
  • نیشانەكانی هەڵامەت، وەك ئاوكردنی لووت و كۆكە.
  • دوودڵی.
  • هەستیاری پێست.
  • خورانی پێست و هەستكردن بە سووتانەوە.
  • گۆڕانی ڕەنگی پێست بۆ سوور یان پەمەیی.
  • ئازاری جومگە و ماسوولكەكان.
  • هەوكردنی پەلەكان یان تەواوی جەستە.
  • سووربوونەوەی دەموچاو.
  • گۆڕانی ڕەنگی میز.
  • سڕبوون.
  • ڕشانەوە.
  • سكچوون.
  • زۆربوونی ڕێژەی خوێن و خڕۆكە سوورەكان.
  • كەمبوونەوەی ڕێژەی پۆتاسیۆم.

هەروەها ڤیتامین B12 دەكرێت ببێتە هۆی هەوكردنی دەرمانی، كە نیشانەكانی بریتییە لە هەوكردنی دەموچاو و زمان، هەناسە تەنگی، لە كاتی ڕوودانی هەریەكە لەم حاڵەتانە دەبێت سەردانی نزیكترین ناوەندی تەندروستی بكەیت بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هەروەها چەند حاڵەتێكی تەندروستی هەن كە دەبێت ئاگاداربن پێش وەرگرتنی ڤیتامین B12 كە بریتین لە:

  • نەخۆشییەكانی دڵ.
  • پەستانی خوێنی بەرز.
  • مێژووی تەندروستی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.
  • هەستیاری پێست.
  • ئەو نەخۆشیانەی كە پەیوەندیان هەیە بە ئەندامەكانی میزكردنەوە.
  • كێشەی هەرسكردن.
  • كێشەی تۆپەڵوونی خوێن.
  • كەمبوونەوی پۆتاسیۆم لە لەشدا.


سەرچاوەکان



3009 بینین