نیشانەکانی کەمی ڤیتامین D

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-24-22:37:00 - کۆدی بابەت: 4811
نیشانەکانی کەمی ڤیتامین D

ناوه‌ڕۆك

كەمی ڤیتامین D

ڤیتامین D لەو ڤیتامینانەیە كە لە ئاودا ناتوێتەوە، بەشێوەیەكی سروشتی لە هەندێك خواردندا هەیە و هەروەها بە شێوەی تەواوكەری خۆراكی دەتوانرێت وەربگیردرێت، جەستەی مرۆڤ دەتوانێت ڤیتامین D بە شێوەیەكی سروشتی بەرهەم بهێنێت لەڕێگەی بەركەوتنی تیشكی سەرو وەنەوشەیی لە خۆرەوە، كەمی ڤیتامین D دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین كێشەی تەندروستی وەك شاش بوون و لاوازبوونی ئێسكەكان، نیشانەكانی كەمی ڤیتامین D لە لەشدا بەپێی ڕێژەی كەمییەكەی دەگۆڕێت.

نیشانەكانی كەمی ڤیتامین D

كەمی ڤیتامین D یەكێكە لە حاڵەتە تەندروستییە باوەكانی جیهان، كە لە جیهاندا ڕێژەكەی زیاترە لە ملیارێك، كەمی ڤیتامین D دەبێتە هۆی چەندین حاڵەتی تەندروستی و پەیوەندی بە چەندین نەخۆشییەوە هەیە كە بریتین لە:

  • زۆر توشبوون بە نەخۆشییە باوەكان: ڤیتامین D ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە پاراستنی بەهێزی سیستمی بەرگری لەشمان و لەناوبردنی ڤایرۆس و بەكتریاكان، بۆیە زۆر توشبوون بە نەخۆشییەكانی وەك هەڵامەت و ئەنفلۆنزا یەكێكە لە نیشانەكانی كەمی ڤیتامین D.
  • هیلاكبوون و بێتاقەتی: مرۆڤ زۆرجار توشی هیلاكبوون و بێتاقەتی و لاوازی دەبێت كە یەكێك لە نیشانەكانی بریتییە لە كەمی ڤیتامین D لە لەشدا.
  • ئازاری پشت و ئێسكەكان: ڤیتامین D ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە پاراستنی تەندروستی ئێسكەكان، چونكە یارمەتی هەڵمژینی كالیسیۆم دەدات، بۆیە دروستبوونی ئازار لە ئێسكەكان و خوارەوەی پشت نیشانەی كەمی ڤیتامین D.
  • خەمۆكی: توشبوون بە خەمۆكی هۆكاری زۆری هەیە بەڵام دەكرێت كەمی ڤیتامین D یەكێك بێت لە هۆكارەكانی.
  • لاوازی و ھیواشی چاكبوونەوەی برینەكان: كەمی ڤیتامین D لە هەندێك كەسدا دەبێتە هۆی هیواش ساڕێژبوون و چاكبوونەوەی برینەكان.
  • لاوازبوون و شاش بوونی ئێسكەكان: لاوازبوون و كەمبوونەوەی چڕی ئێسكەكان نیشانەی كەمی ڤیتامینە، بۆیە پێویستە ڤیتامین D بخورێت یان لە ڕێگەی تەواوكەری خۆراكییەوە وەربگیرێت بۆ پاراستنی بەھێزی ئێسكەكان بەتایبەتی لە كەسانی بەتەمەندا.
  • هەڵوەرین و ڕووتانەوەی قژ: ڕووتانەوەی قژ لە ئافرەتان یان توشبوون بە نەخۆشی دەردەڕێوی كە یەكێكە لە نەخۆشییەكانی (بەرگری دژەخۆیی) ئاماژەیە بە كەمی ڤیتامین D لە لەشدا.
  • ئازاری ماسولكەكان: پەیوەندییەك هەیە لە نێوان ئازاری بەردەوامی ماسوولكەكان و كەمی ڤیتامین D لە لەشدا، كە بە بۆنەی كارلێككردنی ڤیتامینەكان و دەمارەخانەكانەوە ئەم ئازارە دروستدەبێت.

ئەو نەخۆشییانەی كە پەیوەندییان هەیە بە كەمی ڤیتامین D

ڤیتامین D بە پێكهاتەیەكی پێویست دادەنرێت بۆ بەهێزی ئێسكەكان، چونكە یارمەتی هەڵمژینی كالیسیۆم دەدات كە لە خواردنەكانەوە وەریدەگرین، كەمی ڤیتامین D دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی وەك لاربوونی ئێسكی قاچی منداڵان (Rickets)، هەروەها چەندین نەخۆشی هەیە كە پەیوەندییان بە كەمی ڤیتامین D هەیە كە بریتین لە:

  • نەخۆشی شێرپەنجە.
  • نەخۆشی ڕەبۆ لە منداڵاندا.
  • لاوازی دركپێكردن لە كەسە بەتەمەنەكاندا،
  • توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان.


سەرچاوەکان



7279 بینین