تۆڕی میدیایی رووداو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-04-23:04:00 - کۆدی بابەت: 5150
تۆڕی میدیایی رووداو

ناوه‌ڕۆك

رووداو

تۆڕی میدیایی رووداو، دامەزراوەیەكی میدیایی سەربەخۆیە. بەرهەمەكانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو بڵاودەكاتەوە. دامەزراوەیەكی قازانج ویستە، بەڵام گەیاندنی زانیاری و راستییەكان بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە بە ئامانجی سەرەكیی خۆی دادەنێت. لە بڵاوكردنەوە و گەیاندنی بەرهەمەكانیدا خۆی بە هیچ سنوورێكی جوگرافیایی و چوارچێوەیەكی هزری نابەستێتەوە و دیدێكی جیهانییانەی هەیە بۆ كاركردن و بڵاوكردنەوە.
ناوەندی سەرەكیی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان – عێراقە و، نووسینگەی لە زۆر وڵاتی جیهان هەیە. بەرهەمەكانی بە زمانەكانی كوردی، ئینگلیزی، عەرەبی و توركی بڵاودەكاتەوە و لەلایەن كۆمپانیای رووداو بۆ كاری راگەیاندن پشتیوانی دەكرێت و خاوەندارێتی دەكرێت، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی كۆمپانیاكە ئاكۆ محەممەدە.

دیجیتەڵ میدیا 

كۆمپانیای رووداو لە مانگی نیسانی 2008 دەستی بە بەرهەمهێنان كردووە لە بواری كاری میدیاییدا. ماڵپەڕی رووداو لە مانگی نیسانی 2008 دەستی بەكاركردن كرد و لە 14ی مانگی ئایاری 2013 وەك پۆرتاڵ و سۆشیاڵ میدیایەكی بەرفراوان نوێكرایەوە و بووە بەشێكی گرنگی تۆڕی میدیایی رووداو، بە زمانەكانی كوردی (كورمانجیی سەروو و خواروو)، ئینگلیزی، عەرەبی و توركی، هەروەها بۆ یەكەمین جار ئەپڵەكەیشنی رووداو بەو زمانانەش بۆ سەر تەلەفۆنی مۆبایل و تابلێتەكان دروستكرا، كە ئەوەش بۆ میدیای كوردستانی و ناوچەكە كارێكی تازەبوو. بۆ یەكەمجار ئەپڵیكەیشنی سمارت تیڤی و كار پلەی دروستكرد لە كوردستان و عێراق. هەروەها پۆرتاڵ و سۆشیالمیدیای رووداو داهێنان و پێشكەوتنی گەورەیان لە بواری سۆشیالمیدیادا ئەنجامدان. بەوهۆیەشەوە لە شوباتی 2018 لە كۆنفرانسی ژمارە 13ی (كۆمەڵەی جیهانیی رۆژنامە و بڵاوكراوەكان - وان ئیفرا WAN-IFRA) بە هاوبەشی لەگەڵ میرنشینی دوبەی لە میرنشینە عەرەبییە یەكگرتووەكان سەبارەت بە ئایندەی كاری میدیایی سازكرا، لە رۆژی 28ی شوباتی 2018 لە رێوڕەسمێكی بەرفراواندا خەڵاتی رێكخراوی وان ئیفرا درایە سۆشیاڵمیدیای رووداو، وەك باشترین و كاریگەرترین سۆشیاڵمیدیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. وان ئیفرا لە ساڵی 1948 دامەزراوە و بنكەی سەرەكیی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیایە. 

رۆژنامەكانی رووداو

هەفتەنامەی (رووداو)

یەكەمین رۆژنامەی كۆمپانیای رووداو بوو، ژمارەی یەكەمی لە 5ی نیسانی 2008 بڵاوكرایەوە، هەفتانە رۆژانی دووشەممە بڵاودەكرایەوە. یەكەمین سەرنووسەری ئاكۆ محەممەد بوو، لە ساڵی 2014 سەلام سەعدی بووە سەرنووسەری تاوەكو راگیرانی لە ژمارە 593دا لە رۆژی 24/2/2020. هەفتەنامەی رووداو یەكێك بوو لە پڕفرۆشترین رۆژنامە كوردییەكان، لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، كەركووك و دهۆك دەفرۆشرا. ماوەیەكی كورت لە هەولێر لە چاپخانەی ئاراس چاپدەكرا و دواتر لە سلێمانی لە چاپخانەی كوردستان چاپ دەكرا. بەدرێژایی ئەو ماوەیە چەندین دۆسیەی هەڵدایەوە كە بووە رۆژەڤ و جێگەی باسی رای گشتی و بڕیاری حكومەت، هەروەها هەڤپەیڤینی لەگەڵ سەرۆك و كاربەدەستانی جیهان ئەنجامدا.

هەفتەنامەی (رووداوی وەرزشی)

یەكەمین ژمارەی لە 4ی حوزەیرانی 2008 بە پشتیوانی دارایی كۆمپانیای دەلتا دەرچوو و ئەو پشتیوانییە تاوەكو 12 هەفتە بەردەوامبوو، دواتر كۆمپانیای كۆڕەك بۆ ماوەیەكی درێژ بووە پشتیوانی دارایی هەفتەنامەكە. سەرنووسەرەكەی ئیحسان تاهیر بوو. هەموو رۆژانی سێشەممە چاپ و بڵاودەكرایەوە. دوایین ژمارەی لە سەرەتای ساڵی 2019 وەستێندرا. پڕفرۆشترین و پڕ تیراژترین رۆژنامەی وەرزشیی كوردی بوو، زۆرجاران لاوانی هەندێك شارۆچكە گوشاریان دەخستە سەر بەڕێوەبەری شارۆچكەكان بۆ ئەوەی (رووداوی وەرزشی) بگاتە شارۆچكەكەیان. رۆژنامەكە لە سەرەتای دەرچوونییەوە تاوەكو وەستانی لە ژمارە 530دا لە 1ی كانوونی دووەمی 2019 لە چاپخانەی كوردستان لە سلێمانی چاپ دەكرا.

هەفتەنامەی رووداو – چاپی ئەوروپا

هەفتەنامەیەك بوو بە هەردوو شێوەزاری كورمانجیی سەروو و خواروو، بەتیپی لاتینی و ئارامی لە شاری كوێلن لە هەرێمی نۆردراین فێستڤالن ئامادە دەكراو، لە شاری فرانكفۆرت چاپ دەكرا. سەرەتا لە زۆر وڵاتی ئەوروپا بڵاودەكرایەوە، دواتر تەنیا لە ئەڵمانیا بڵاودەكرایەوە. ماوەیەك دەنێردرا بۆ باكووری كوردستان. سەرەتا هەموو رۆژانی سێشەممە و دواتر هەموو رۆژانی پێنج شەممە بڵاودەكرایەوە. خوێنەری بەردەوامی هەبوون، هەروەها دەیان ئابۆنەی بەردەوامیشی هەبوون، زۆر لە خوێنەرانی دەیانگوت هەفتانە بە هەموو كوردستاندا دەمانگەڕێنێت و هەندێكیان دەیانگوت نازانین ئاراستە سیاسییەكەی چییە. سەرنووسەرەكەی ئاكۆ محەممەد بوو، دوو بەڕێوەبەری نووسینی هەبوو، هێمن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینی كورمانجیی خواروو، (فەیسەڵ داغلی و دوای ئەو نەسرەدین ئاكیۆل) بەڕێوەبەری نووسینی كورمانجیی سەروو. دوایین ژمارەی 266 بوو كە لە 27ی نیسانی 2014 دەرچوو.

مانگنامەی لومۆند دیپلۆماتیك

مانگنامەیەكی لێكۆڵینەوەیی قووڵە. لە ساڵی 1954 لە فەرەنسا دامەزراوە و بە 26 زمان بڵاودەكرێتەوە. كۆمپانیای رووداو بۆ یەكەمجار بە زمانی كوردی (كورمانجیی سەروو و خواروو) بڵاویكردەوە. بەشێوەزاری كورمانجیی خواروو ژمارەی یەكەمی لە مانگی تشرینی دووەمی 2009 لەلایەن كۆمپانیای رووداو بۆ كاری راگەیاندن لە هەولێر بڵاوكرایەوە. ژمارەی كۆتایی كە ژمارە 36 بوو لە مانگی حوزەيرانی 2013 بڵاوكرایەوە. لە چاپخانەی كوردستان لە سلێمانی چاپ دەكرا. سەرنووسەری د. نەزەند بەگیخانی بوو. ژمارەی یەكەمی چاپی كوردی – كورمانجیی سەرووی لە مانگی تشرینی دووەمی 2009 بڵاوكرایەوە، دوایین ژمارەی كە لەلایەن كۆمپانیای رووداو بڵاوكرایەوە ژمارە 4ی مانگی شوباتی 2010 بوو. لە شاری كوێلن لە هەرێمی نۆردڕاین فێستڤالن ئامادە دەكرا و لە شاری فرانكفۆرت چاپ دەكرا و لە ئەوروپا بڵاودەكرایەوە. چەند نووسەر و سیاسەتڤانێكی كورد بەشداربوون لە نووسین بۆ چاپی كوردی، هەروەها چەند وەرگێڕێكی بەتوانای زمانی فەرەنسیش بەشداربوون لە وەرگێڕانی وتار و لێكۆڵینەوەكانیدا.

هەفتەنامەی نم نم

هەفتەنامەیەكی كۆمەڵایەتی بوو، پاشكۆیەكی تایبەتی بۆ نابینایان لەگەڵ دەردەچوو بە ناو و تیپەكانی برایل. نووسینگەكەی لە سلێمانی بوو و لە چاپخانەی كوردستان لە سلێمانی چاپ دەكرا. ژمارەی یەكەمی لە رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2009 بڵاوكرایەوە، لە سەرەتادا رۆژانی پێنجشەممە دەردەچوو، دوای ئەوە بووە رۆژانی یەكشەممە. دوایین ژمارەی كە ژمارە 54 بوو لە رۆژی 28ی كانوونی یەكەمی 2010 بڵاوكرایەوە. سەرنووسەرەكەی شوان ئادەم ئەیڤس بوو.

دروستكردنی تۆڕی میدیایی رووداو

كاری كۆمپانیای رووداو لە ساڵی 2012 فراوانكرا و دەستكرا بە ئامادەكاری بۆ دروستكردنی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشێوەی مەڵتیمیدیا و فراوانكردنی رووبەری رووماڵكردن و كاركردنی. لەو ساڵەدا گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای لوبنانی، فەرەنسی و بەریتانی كرا بۆ دروستكردنی تۆڕی میدیایی رووداو. كڕین و دامەزراندنی سیستەم و ئامێرەكانی پەخشكردن و، راهێنانی هاوكارانی تۆڕی میدیایی رووداو دەستیپێكرد، لە سەنتەری ئاڵا لە شاری هەولێر. پەخشی رادیۆ، تەلەڤزیۆن و پۆرتاڵی رووداو لە كاژێر 5ی ئێوارەی چوارشەممە 29ی ئایاری 2013 دەستیپێكرد.

پۆرتاڵ و تەلەڤزیۆنی رووداو، بە براندینگێكی پرۆفیشناڵ و سەرنجڕاكێش و لە هەمانكاتدا بە نزیك لە رووحی كوردستانییەوە دەركەوتن، ئەویش لە ئەنجامی گفتوگۆكردن و كاركردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی پرۆفیشناڵی ئەو بوارە. لە هەمانكاتدا رادیۆی رووداو، بەهێزێكی گەورە لە خێرایی گەیاندنی هەواڵ و گفتوگۆ و شرۆڤەی قووڵەوە دەركەوت. پەخشی تەلەڤزیۆنی لە كوردستان، بۆ یەكەمجار لەگەڵ دەستپێكردنی پەخشی رووداو بووە پەخشێكی رۆژ و شەوی و 24 كاژێری، بەپێچەوانەوە كە پێشتر پەخشی تەلەڤزیۆنە كوردییەكان بە رۆژ نەبوو یاخود دووبارەی شەوی رابردوو بوو.

لە هەمانكاتدا پێكهاتە و سیستەمی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردن لە رووداو، تەواو جیاواز لە دەزگاكانی كوردستان و هاوشێوەی دامەزراوە پێشكەوتووە میدیاییەكانی جیهان دەستی بە كاركرد. نیوزگازەرینگی رووداو بووە دڵێكی بەهێزی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی هەواڵیی لە كوردستان. هاوشان لەگەڵ ئەوەدا بەرنامەی سەرنجڕاكێش و پێشكێشكاری بە توانا مژارەكانی كوردستانیان بەشێوەیەكی تازە هێنانە بەرچاو و نێو گفتوگۆی تەواوی خەڵكی كوردستانەوە. دیكۆمێنتاری هاوسی رووداو بەر لە پەخشی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی بەكاركرد و ، تۆڕی میدیایی رووداو ئێستا خاوەنی 540 بەڵگەفیلمە، ژمارەیەك لەو بەڵگەفیلمانەش خەڵاتیان لە كوردستان و جیهان بەدەستهێناون.

تەلەڤزیۆنی رووداو بەپێی راپرسییەكانی كۆمپانیا جیهانییە تایبەتمەندەكان پڕبینەرترین تەلەڤزیۆنی كوردییە. پۆرتاڵ و سۆشیالمیدیای رووداو خاوەن زیاترین خوێنەر و تەماشاكارە. رادیۆی رووداو خاوەن زۆرترین گوێگرە لە باشووری كوردستان.

تەكنەلۆژی لە رووداو

رووداو یەكەمین تەلەڤزیۆن بوو لە ساڵی 2013 دا بە سیستەمی HD پەخش بكات لە كوردستان و عێراق دا، هەروەها لە زۆر وڵاتی ناوچەكەدا. رووداو لە كاتی دانانی پلانی تەكنیكی و دەستپێكی پەخشی تەلەڤزیۆن، رادیۆ و دیجیتاڵ میدیادا، هەروەها لەكاتی نۆژەنكردنەوەی سیستەمەكانیدا هەوڵیداوە باشترین و پێشكەوتووترین سیستەم و سۆفتوێر و ئامێرەكان هەڵبژێرێت. وایكرد سیستەمی كاركردنی تەواو دیجیتاڵ بێت بەشێوازێكی یەكجار زۆر سەردەمیانە، بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ سرووشتی كاری هەواڵی بگونجێت و كەمترین ریسكی هەبێت.

باشترین سیستەمەكانی بەرهەمهێنانی وێنە و دەنگ لە كۆمپانیاكانی Yamaha، Sony  و Sennheiser لە رێگەی ئامێرە یەكجار زۆر بەهێز و باوەرپێكراوەكانی كۆمپانیایImagine Communications  گرێدراونەتەوە بە باشترین و ناسراوترین سیستەمەكانی بەرهەمهێنانی هەواڵ لە جیهان كە بەرهەمی كۆمپانیای  AVIDە و زیرەكترین شێوازی گرێدانەوەی هەموو بەشەكان بۆ بەرهەمهێنانی بینراو، بیستراو و خوێنراو پێكدێنێت. گرافیكەكانی سیستەمی VIZRT كە بە خێراترین شێوە باشترین گرافیكەكان ئامادە دەكات لەسەر شاشە تایبەتەكانی Orion، Barco و Samsung پیشاندەدات، وێڕای گرافیكەكانی پەخش، پڕ زانیاریترین و سەرنجڕاكێشترین دیمەنەكان بۆ بینەرانی رووداو ئامادە دەكەن لەسەر تەلەڤزیۆن و پۆرتاڵ و سۆشیاڵمیدیا.

خێرایی و هێزی ئینتەرنێت و تۆڕە تایبەتەكانی ناوخۆی رووداو بەپشتیوانیی باشترین سێرڤەرەكانی DELL و HP و سویچەكانی Cisco دەبنە هۆكار كە هەموو كارمەندانی رووداو لە هەر جێگەیەكی جیهان بن وەك ئەوەبێت كە لەنێو یەك ژوور كار دەكەن، پەیوەندییان هەبێت و پەیامنێران لە رێگەی باشترین ئینكۆدەرەكانی LiveU دیمەنی رووداوەكان بۆ بینەرانی رووداو بگوازنەوە. بۆ یەكەمجار و وەك تاكە میدیا لە ناوچەكەدا، رووداو بە ئامێرەكانی AVID و VIZRT توانیویەتی سیستەمی Automation Gallery بۆ ستۆدیۆیەكانی بەكاربێنێت RTS Intercom و ASTRA BPS ، هەموو بەش و كارمەندەكان لە رێگەی IP یەوە بەیەكەوە گرێبداتەوە تاوەكو باشترین پەیوەندی و هاوئاهەنگیان هەبێت.

بەرهەمەكانی رووداو بە بینراو، بیستراو و خوێنراوەوە بۆ هەموو پلاتفۆرمەكان لە رێگەی ئینكۆدەرەكانی Ericsson بۆ سەتەلایت، ترانسمیتەرەكانی RVR بۆ رادیۆ و بەهێزترین DATA CENTER لە جیهان بەپشتیوانیی IBM و پاراستنی بەهێزترین سیستەمەكانی دژە هێرشی DDOS بە خێراترین شێوە دەگەنە بەكارهێنەرانی رووداو.
تەكنیكی رووداو هەواڵ و زانیارییەكان لە كوردستانەوە بە خێراترین و باشترین و نوێترین شێواز دەگەیێنێتە هەموو شوێنێك و، لە ماوەی كاركردنیدا نیشانیداوە كە نەك هەر هیچی لە دامەزراوە هەرە پێشكەوتووە جیهانییەكان كەمتر نییە، بەڵكو لە هێندێك بواردا توانیویەتی بە توانای كەمتر و لە ژینگەی زەحمەتتردا باشتر لەوان تەكنۆلۆژیای سەردەم بخاتە خزمەت راگەیاندنەوە.

رووماڵەكانی رووداو

رووماڵی رووداوەكان لەلایەن رووداوەوە بۆ رووداوەكانی كوردستان، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان، وایكرد بینەر و خوێنەر و بیسەری كورد، بگەڕێتەوە بۆ میدیای كوردی. هەروەها بووە جێگەی متمانەیەكی زۆری خوێنەران و تەماشاكاران بە زمانەكانی عەرەبی و توركی و دەستەبژێرێكی فراوان بە ئینگلیزی.

رووماڵی رووداو بۆ هێرشی داعش بۆ سەر شارەكانی عێراق، سووریا و كوردستان سەرنجی هەموو میدیای جیهانی راكێشایە سەر رووداو و تۆڕی میدیایی رووداوی كردە سەرچاوەیەكی سەرەكیی هەواڵ بۆ شەڕی داعش. رووماڵكردنی راستەوخۆی مەیدانیی هێرشی داعش بۆ سەر شاری موسڵ لە 10ی حوزەیرانی 2014 تاوەكو دەرهێنانی لە دەست داعش لە 7/10/2016، رووماڵكردنی هێرشی داعش بەشێوەی راستەوخۆ و مەیدانیی بەر لە هەموو دەزگا میدیاییەكانەوە بۆ سەر دەڤەری شنگال لە 3ی ئابی 2014 تاوەكو دەركردنی داعش لە شنگال لە رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2015. رووماڵكردنی هێرشی داعش بۆ سەر كۆبانێ بەشێوەی راستەوخۆ و مەیدانی لە 13ی ئەیلوول 2014 تاوەكو دەركردنی داعش لە شارەكە لە 27ی كانوونی دووەمی 2015. رووماڵكردنی هێرشەكانی داعش بۆ سەر قەزای مەخموور لە پارێزگای نەینەوا، ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك، ناوچەی گوڵاڵە و ناوچەكانی دیكەی پارێزگای دیالە، تكریت و ئەنبار.

سەبارەت رووماڵی رووداو لە شەڕی داعشدا زۆر نووسرا. لەوانەش میدیای ئەڵمانی سەرنجێكی وردی خستە سەر رووماڵی رووداو. بۆ نموونە لە رۆژنامەی (تاكس تسایتونگ)ی ناسراوی ئەڵمانی لە ژمارەی رۆژی 10ی ئەیلولی 2014دا، لە راپۆرتێكی شرۆڤەییدا سەبارەت كاری میدیایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو ناوچانەی بوونەتە گۆڕەپانی ناكۆكی و جەنگ، تۆڕی میدیایی رووداو وەك سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو بۆ رۆژئاوا دادەنێت. لەو راپۆرتەدا كە بە ناونیشانی (هەواڵەكان لە بەرەی جەنگەوە)، هاتووە "رووداو، ئێستا وەك سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو دادەنرێت بۆ دەزگا میدیاییەكانی رۆژئاوا. رووداو تۆڕێكی میدیایی كوردییە، ناوەندی سەرەكیی لە هەولێرە، پایتەختی هەرێمی كوردستان لە عێراق. ئەم تۆڕە میدیاییە دەیەوێت پلاتفۆرمی هەموو كورد بێت، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەموو شوێنێكی دیكەی جیهان". دواتر باس لە گرنگیی تەلەڤزیۆنی رووداو، وەك بەشێكی تۆڕی میدیایی رووداو دەكات و نووسیویەتی: "كەناڵی هەواڵەكان، تەلەڤزیۆنی رووداو بەشێكی ئەم تۆڕەیە، كە بۆ ماوەی ساڵێكە لە سەرتاسەری جیهان بە زمانی كوردی پرۆگرامەكانی، هەواڵەكان، رێپۆرتاژەكان و دیبەیتەكان پەخشدەكات. لە كاتی هێرشەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە، ئەم كەناڵە هەواڵییە، لە لووتكەدایە". لە درێژەی راپۆرتەكەدا باس لە بەشی ئینگلیزی پۆرتاڵی رووداو دەكات و تێیدا هاتووە: "بەشێكی گرنگی ئەم تۆڕە میدیاییە، پۆرتاڵی ئینگلیزییە كە لەلایەن دیپلۆماتكاران، سیاسەتڤانان، زانستكار و كارسازەكانەوە بەكاردێت". لایەنێكی دیكەی ئەو راپۆرتە بۆچوونی پرۆفیسۆر د. فەرهاد ئیبراهیم سەیدار، مامۆستای زانكۆی ئێرفورتی ئەڵمانیایە و لەوبارەوە گوتوویەتی: "كەناڵی رووداو، سەرچاوەیەكی بێلایەن (ئۆبجەكتیڤ)ـە. رووداو وەك كەناڵە نزیكەكانی پەكەكە نییە، كە تەنیا رێگە بە هەندێك لایەن بدات قسە بكەن. لە تەلەڤزیۆنی رووداو دا بۆ نموونە نوێنەرانی حكومەتی سوریا، توركیا و عێراق دەرفەتی دەربڕینیان هەیە. رۆشنایی دەخەنە سەر هەموو هەڵوێستەكان". ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان گریمانەی ئەوە دەكات: "ئەگەر لە پێنچ ساڵی داهاتوودا، ئەم كەناڵە بە زمانەكانی ئینگلیزی و عەرەبی پەخش بكات، دەبێتە هاوشانی جەزیرە و سی ئێن ئێن".

هەروەها تۆڕی هەواڵی NTVی ئەڵمانی سەبارەت بە رەوشی خەڵكی ناوچەكانی شنگال بەتایبەت ئێزدییەكان، لە راپۆرتی خۆیدا باسی لە رەوشەكە كردووە بەگوێرەی زانیاری و هەواڵەكانی رووداو. لە راپۆرتی ئەو ئاژانسەدا هاتووە، كە رووداو بەردەوام راپۆرتی ورد و خێرای لەسەر هێرشی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە بڵاوكردووەتەوە.

رۆژنامەی ( كیولنەر شتاد ئاند تسایگەر )ی ئەڵمانی رووداوی بە "دەنگی هەرێمە ئاڵۆزەكە" ناوناوە. رۆژنامەڤانی ئەڵمان ڤیلفرید ئوربە لەو رۆژنامەیەدا لەبارەی رووداوەوە نووسیویەتی، "كەم هەرێم هەن كە ئێستا وەك رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەواڵی لێدەركەون. بارودۆخی زانیارییەكان زۆر تەمومژاوییە، لەبەرئەوە بینینی راستی زۆر زەحمەتە. لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا كەناڵی هەواڵیی كوردی رووداو بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگ" و، دەڵێ چاوەڕوانی دواڕۆژی جیهانیی زۆر گەورە بۆ رووداو دەكرێت. لە درێژەی ئەو هەڵسەنگاندنەدا هاتووە كە لەو چەند مانگەی دواییدا میدیای رۆژئاوایی و بەتایبەتی لە رووداوەكانی عێراقدا، پشتیان بە رووداو بەستووە وەك سەرچاوە و، دەنووسێت كە لە سەرەتای هێرشەكانی داعشدا، رووداو بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو پێشكەوتووە. هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە كە جەزیرە بە رووماڵكردنی هەواڵەكانی پەیوەست بە ئاڵۆزییەكانی عێراق گەورەبوو و گەیشتە ئاستی BBC و CNN، رووداویش بەو رێگەیەدا دەڕوات.

بەهۆی رووماڵی سەركەوتووی شەڕی داعش، رووداو لە 1ی نیسانی 2015 تۆڕی میدیایی رووداو بووە ئەندامی كۆمەڵەی ئەوروپایی ئاڵوگۆڕی هەواڵی ENEX وەك دووەمین تەلەڤزیۆنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها بەپێی رێككەوتنێكی نووسراو لە 9ی تشرینی دووەمی 2016 بووە هاوبەشی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیتد پرێس. بەوشێوەیە رووماڵەكانی رووداو بە لۆگۆی رووداوەوە چوونە سەر شاشەی هەزاران تەلەڤزیۆن لە جیهاندا.

بێجگە لە رووماڵی شەڕی داعش، رووماڵی رووداو بۆ خۆپێشاندانی راستڕەوەكان و چەپڕەوەكان لە دوو خۆپێشاندانی بەرامبەر یەكدیدا لە شاری لەندەن لە رۆژی 16ی تەمموزی 2016 لە رووداوەوە گوازرایەوە لەلایەن ئاژانس و میدیاكانی جیهانەوە، هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئیستەنبووڵ لە شەوی 28ی حوزەیرانی 2016 رووداو بووە سەرچاوەی، لە كاتی كودەتای توركیا لە شەوی 15ی تەممووزی 2016 دیسانەوە رووداو بووە سەرچاوەیەكی گرنگ، لە كاتی هەڵكوتانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بۆ سەر پەرلەمانی عێراق و دەستگرتن بەسەر هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 31ی نیسانی 2016، رووداو تاكە سەرچاوەی گواستنەوەی ئەو رووداوە بوو بۆ هەموو جیهان. لەگەڵ دەیان رووداوی گرنگی دیكە. هەروەها سەدان ڤیتی و ڤیدیۆ كە لە سەتان تەلەڤزیۆنی جیهاندا بڵاوكراونەتەوە.

تۆڕی میدیایی رووداو هەر لە سەرەتاوە بایەخێكی زۆری بە پاراستنی گیان و پارێزراوبوونی هاوكارەكانی داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار تیمەكانی رووداو دووچاری رێگری و گوشار و مەترسی بوونەتەوە، بەتایبەتی كە رووماڵیان لە ناوچەكانی شەڕدا كردووە. گیران و بێسەروشوێنكردنی پەیامنێری رووداو فەرهاد حەمۆ لە رۆژی 15ی كانوونی یەكەمی 2014 لە رۆژئاوای كوردستان، شەهیدبوونی پێشكێشكاری بەرنامە و بەڕێوەبەری ئاوتپووتی رووداو شیفا گەردی لە رۆژی 25ی شوباتی 2017 رووداوی زۆر كارەساتبار بوون بۆ تۆڕی میدیایی رووداو.

خەڵاتی شیفا گەردی

دوای شەهیدبوونی شیفا گەردی، تۆڕی میدیایی رووداو بە بەشداریی چەند میدیاكارێكی جیهانی، خەڵاتی جیهانیی ساڵانەی شیفا گەردی دروستكرد، كە ساڵانە دەدرێتە رۆژنامەڤانێكی ژن كە كاری بنكۆڵكاری و سەختی كردبن. لە ساڵی یەكەم دا، خەڵاتی یەكەم لە ساڵی 2018دا بە ئامادەبوونی قسەكەری سەرەكیی رێوڕەسمەكە فرانسوا ئۆلاند، سەرۆكی پێشووی فەرەنسا درایە رۆژنامەڤان جینان موسا لە تەلەڤزیۆنی (الآن)، خەڵاتی دووەم لە ساڵی 2019 دا بە ئامادەبوونی قسەكەری رێوڕەسمەكە جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق درایە ئەروا دەیمن، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی CNN. هەروەها خەڵاتی ساڵی 2021 درایە ئەلیكس كراوفۆرد، پەیامنێری تەلەڤزیۆنی sky news .


سەرچاوەکان



853 بینین