ناوهڕۆك
ناساندن
چاندنی نیسک (بە ئینگلیزی: planting lentil، بە عەرەبی: زراعة العدس)، باوەڕ وایە کە نیسک یەکێکە لە کۆنترین ئەو دانەوێڵانەی کە لە سەرەتادا لەسەر زەوی چێنراوە، مێژووی چاندنی دەگەڕێتەوە بۆ ٨٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا، لەگەڵ فاسۆلیا و پۆڵکەدا لە هەمان خێزاندان و پێکەوە دانراون، ژمارەیەکی زۆر سوودی هەیە و بە جێگرەوەیەکی باش دادەنرێت بۆ ئەو خۆراکانەی کە دەکرێت زۆر خواردنیان ببێتە هۆی زیان. چەندین جۆری هەیە و جیاوازن لە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانیاندا، بۆ نموونە ڕەنگەکەی کە دەکرێت سوور، ڕەش، زەرد، سەوز یاخود قاوەیی بێت، هەروەها جیاوازییان هەیە لە تام و کاتی کوڵان و شێوەکەیان، باوترینیان جۆرە قاوەییەکەیەتی کە لە ماوەیەکی کەمدا ئامادەدەبێت و دواتریش شێوەی خۆی دەپارێزێت.
هەنگاوەکانی چاندن
- پێویستی بە وەرزێکی فێنکە بۆ گەشەکردن و دەبێت لە سەرەتای بەهاردا بچێنرێت.
- تۆوەکەی لە قوڵاییەکی کەمدا بچێنرێت و مەودای نێوان تۆوێک بۆ یەکێکی تریان نزیکەی ٢.٥ سانتیمەتر ببێت.
- مەودای نێوان ڕیزەکان بە نزیکەیی ٤٦-٦١ سانتیمەتر ببێت.
- تۆوی نیسک تەنها ١٠ ڕۆژی پێویستە بۆ چەکەرەکردن.
- دوای چاندن دەبێت بە شێداری بهێڵرێتەوە، چونکە بۆ گەشەکردن پێویستی بە شێیە.
- باشترە ڕاگرێکی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبواسێت، چونکە ئەگەر بنجەکان لە یەکتری نزیکببنەوە ئەوا هەواگۆڕکێی تەواویان نابێت.
- دەکرێت نیسک لە گۆزەکانیشدا بچێنرێت بەڵام پێویستی بە گرنگیپێدانی زیاتر دەبێت.
شێوازی گرنگیپێدان
نیسک بۆ گەشەکردنی باش پێویستی بە بارانێکی سنووردارە و لە زۆرینەی کیشوەرەکانیشدا دەچێنرێت، شێوازی گەورەبوونی وەک دەوەنە واتا بە پێچەوانەی فاسۆلیا و پۆڵکەکانەوە زەمینەیی نییە و بەسەر خاکدا درێژنابێتەوە، بەگشتی لە هەموو جۆرە خاکەکاندا گەشەدەکات تەنها بەمەرجێک کە وشكببێتەوە و ئاوی تێدا کۆنەبێتەوە، بەڵام باشترە خاکەکەی شیبووەوەبێت و نیسکەکە لە قوڵاییدابێت.
پێویستی بە جێگەیەکە کە بەدرێژایی ڕۆژەکە ڕووناکی خۆری هەبێت، خاکەکەی بەپیتبێت و پلەی ترشێتییەکەشی لە نێوان ٦-٦.٥ پلە ببێت، گژوگیای زیانبەخشی بۆ لاببرێت و بژاربکرێت بۆ ئەوەی پێشبڕکێ نەکات لەسەر خۆراکی خاکەکە، جگە لە ئەمانەش دەبێت نیسکەکان لە با و ڕەشەبا بپارێزرێن، هاوشێوەی هەموو ڕووەکەکانی تر نیسکیش دەکرێت ڕووبەڕووی نەخۆشی ببێتەوە، بۆیە پێویستە چاودێریبکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بکرێت.
بنجی نیسکەکان گوڵی ڕەنگ سپی بۆ مۆری کاڵ دەگرن، گوڵەکان لە بەشی خوارەوە هەتاکوو سەرەوەی لقەکان دادەپۆشن و گیرفانەی بچووکیان هەیە کە لەناویدا ١-٣ تۆوی تێدایە، نیسک ٨٠-١١٠ ڕۆژی پێویستە هەتاکوو پێدەگات و وشکدەبێتەوە، کە لە کۆتاییدا ڕەنگی بنجەکان دەگۆڕێت بۆ زەرد و لەکاتی سەیرکردنیدا هەست بە وشکبوونەوەی دەکرێت، کاتی لێکردنەوەشی لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدایە.