چاندنی گەزنە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-10-10:48:00 - کۆدی بابەت: 12846
چاندنی گەزنە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاندنی گەزنە (بە ئینگلیزی: planting nettle، بە عەرەبی: زراعة نبات القراص)، گیایەکی هەمیشەییە کە بە خێرایی گەشەدەکات، هەرچەندە بە گشتی گەزنە گیایە بەڵام دەکرێت وەک ڕووەکێک لە باخچەکاندا بچێنرێت، قەدێکی ڕێکی هەیە کە دەتوانێت هەتاکوو ١-٢ مەتر بەرزببێت، بە دەوروبەری قەدەکەدا ژمارەیەکی زۆر گەڵای سەوز دەگرێت کە لێوارێکی دڕکاوییان هەیە، ئەو دڕکانە کاتێک بەرکەوتنیان دەبێت لەگەڵ ڕوویەکدا یاخود دەخورێن، ئەوا بە ڕووەکەدا دەچەقن و ماددەی کیمیایی دەردەدەن و ئازارێکی وەک سووتانەوە دروستدەکەن.  

خەڵکی بەکاریدەهێنن و دەیکوڵێنن کە لە دوای کوڵان تامێکی هاوشێوەی سپێناخی دەبێت، ڕێژەیەکی بەرز ڤیتامین A و C و ماددەی خۆراکی گرنگی تێدایە، ئەگەر ڕووەکەکە نەکوڵێنرێت ئەوا بە کاڵی هەردوو گەڵا و قەدەکەشی ژەهراوین، هەروەها باشترە پێش ئەوەی گوڵبگرێت لێبکرێتەوە و بکوڵێنرێت چونکە پێش گوڵگرتن تامی خۆشترە.

هەندێکجار باخەوانەکان بە مەبەست گەزنە دەچێنن چونکە کرمۆکەی پەپوولە وەکو خۆراکی سەرەکی بۆ گەشەکردنی بەکاریدەهێنێت، بەڵام بۆ مرۆڤ و هەندێک لە ئاژەڵە ماڵییەکان ژەهراوییە، هەرچەندە نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەورووپا و ئاسیایە بەڵام لە ئێستادا لە زۆرینەی جێگەکاندا دەکرێت بچێنرێت.

هەنگاوەکانی چاندن

  • چاندنی گەزنە ئاسانە، دەکرێت سەرەتا بە چاندنی تۆوەکەی دەستپێبکرێت یاخود ڕەگەکەی بگوازرێتەوە بۆ جێگەی مەبەست.
  • لە کۆتایی زستاندا تۆوەکەی ڕاستەوخۆ دەخرێتە خاکەوە، دواتر بە ئاسانی گەشەدەکات چونکە نەخۆشی و مێرووی کەم ڕووبەڕووی دەبنەوە.
  • ئەگەر بنجەکەی یان تەواوی ڕووەکەکە بچێنرێت، ئەوا پێویستە ئەو کەسەی کە دەیچێنێت دەستکێشی ئەستوور و جلی باش لەبەر بکات، هەروەها لەکاتی چاندنیدا نابێت دەست بدات لە دەموچاوی.

شێوازی گرنگیپێدان

گەزنە پێویستی بە جێگەیەکە کە تەواوی ڕۆژ ڕووناکی خۆری بەربکەوێت، یاخود دەکرێت بەشێک لە کاتەکانی لە سێبەردابێت، بەڵام ئەگەر سێبەری زۆری هەبێت ئەوا زۆر بەرز و درێژ دەبێتەوە، پێویستە خاکەکەی بەپیتبێت و پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان ٥-٨ پلە ببێت، ئەم ڕووەکە ئارەزووی زۆری بۆ ماددەی خۆراکی خاکەکەی هەیە و ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر لە جێگەیەکدابێت و بەپیتنەکرێت ئەوا ئەو خاکە بێپیت دەکات و دەبێتە خاکێکی سووتاو.

سروشتێکی داگیرکاری هەیە و ڕەگەکەی زۆر بڵاودەبێتەوە بۆ جێگەی تر، لەبەر ئەوە دەبێت بە سنوورداری بهێڵرێتەوە و هەڵپاچینێکی ڕێکخراوی بۆ بکرێت، هەروەها هەموو وەرزێکی هاوین ئاگاداری کاتی گوڵگترنی بکرێت، بۆ ئەوەی هەرکاتێک گوڵیگرت لێبکرێتەوە هەتاکوو تۆوەکەی زیاتر بڵاونەبێتەوە و گەزنەکە لە جێگەی تر سەوزنەبێتەوە، وەرزی خونچەکردنی لە هاویندایە و ڕەنگی گوڵەکەشی سەوز بۆ سپییە.    

پێویستی بە ئاودانی مامناوەند هەیە، بەڵام لە ئەو جێگانەی کە بارانی زۆر دەبارێت چالاکی گەزنەکەش زیاتردەبێت، گەزنەیەکی پێگەیشتوو بەرگەی ماوەیەکی کورت وشکی و گەرما دەگرێت، هەروەها ئەگەر بارانبارین زۆربێت بۆ نموونە دوو هەفتە جارێک بارانببارێت ئەوا پێویستی بە ئاودان نییە.


سەرچاوەکان



1370 بینین