چاندنی بستە

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-10-10:52:00 - کۆدی بابەت: 12847
چاندنی بستە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاندنی بستە (بە ئینگلیزی: planting peanut، بە عەرەبی: زراعة الفول السوداني)، جۆرێک ڕووەکی هەمیشە سەوزە و لە خێزانی پاقلەمەنییەکانە کە پەیوەندیدارە بە فاسۆلیا و پاقلەمەنییەکانی ترەوە، بەڵام شێوازی گەشەکردن و جێگەی ئەم جۆرە پاقلەمەنییە تاک و جیاوازە، کاتێک لە سەرەوەی خونچەدەگرێت و گوڵی زەرد دەکات، ئەوا لە بنەوە و لە ڕەگەکەیدا بستەکەش دەستدەکات بە گەشەکردن لەسەر شێوەی کۆمەڵەی زۆر و چەندین دانە.

نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای باشوورە و وەرزێکی گەشەکردنی درێژی هەیە، بۆ نموونە کاتێک لە سەرەتای بەهاردا دەچێنرێت ئەوا لە کۆتایی وەرزی هاوین یاخود سەرەتای پاییزدا بەرهەمەکەی لێدەکرێتەوە، واتە ١٥٠ ڕۆژی پێویستە هەتاکوو بەرهەمێک کە شیاوی خواردنبێت پێدەگات، هەرچەندە هەندێک جۆری هەیە زوتر پێدەگات و ١٠٠ ڕۆژی پێویستە.

جگە لە ئەمانەش بستە دەکرێت ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و مێروو ببێتەوە کە زیانی پێدەگەیەنن، بۆ نموونە، سمۆرە، مشک، کرم و مێرووە جیاوازەکانی تر، کە هەموویان ئارەزووی خواردنی دەکەن، بۆ چارەسەرکردنیش پێویستە زانیاری لە کەسی شارەزا وەربگیرێت هەتاکوو ئەو بوونەوەرانە لە ڕووەکی بستەکە دووربخرێنەوە.   

هەنگاوەکانی چاندن

  • بە گشتی بستە بە تۆو دەچێنرێت و باشترە لە کۆتایی زستاندا بخرێتە خاکەوە، پێش چاندنیشی بەرگە ڕەقەکەی بە وریاییەوە لاببرێت بە بێ ئەوەی زیان بە تۆوەکەی ناوەوەی بگات.
  • کاتێک پلەی گەرمی خاکەکە کەمێک بەرز دەبێتەوە، پێویستە تۆوەکە لە قوڵایی پێنج سانتیمەتردا بچێنرێت.
  • باشترە تۆوەکان لە ڕیزدا بچێنرێن بۆ ئەوەی دواتر بە ئاسانی لێبکرێتەوە.
  • ڕاستەوخۆ لە دوای چاندن ئاودانی چڕی هەبێت بۆ ئەوەی تۆوەکان جێگیرببن، دواتریش هەموو هەفتەیەک نزیکەی سێ سانتیمەتر ئاوی پێویستە.
  • بەڵام کاتێک ڕووەکەکە نزیکدەبێتەوە لە پێگەیشتن ئاودانی کەمبکرێتە بۆ دوو هەفتە جارێک.
  • بۆ ئاودان باشترە بە شێوازی دڵۆپە ئاوبدرێت، هەروەها ئاو نەکرێت بە گەڵاکانیدا، بۆ ئەوەی خاکەکەی شێداربکرێت بەڵام تێر ئاو نەبێت.
  • دوای نزیکەی ١٠-١٥ ڕۆژ تۆوەکەی چەکەرە دەکات، لە پاش ٤٠ ڕۆژ لە چاندنی دەبێتە ڕووەک و خونچەدەکات.
  • بەڵام بۆ گوڵگرتن و پێگەیشتنی بەرەکەی کاتی زیاتری پێویستە، چونکە دوای گوڵ گرتن ئینجا گوڵەکان دەبنە هۆی پیتاندنی بنجی ڕووەکەکە بۆ ئەوەی ڕەگەکەی تۆو بگرێت و گەورە ببێت بۆ بستە.

شێوازی گرنگیپێدان

پێویستی بە جێگەیەکی خۆرەتاوە لەگەڵ خاکێکی شیبووەوە کە ئاو بە باشی پێیدابڕوات، لە جێگەی گونجاودا هەتاکوو نزیکەی مەترێک گەشەدەکات، باشترە پلەی ترشێتی خاکەکەی کەمێک نزمبێت واتە جۆرەکەی ترشبێت، بەڵام نابێت بستە لە خاکێکدا بچێنرێت کە ساڵەکانی ڕابردوو جۆری تری پاقلەمەنییەکانی تێدا چێنرابێت.

بۆ ئەوەی بستەکان تەندروست و باش دەرچن پێویستە هەموو کات دەوروبەری ڕیزەکانی ڕووەکەکە پاکبکرێتەوە، واتە بژاربکرێت و هەموو گژوگیا زیانبەخشەکان لاببرێن، دوای تێپەڕبوونی کاتی دیاریکراو دەبێت تەواوی ڕووەکەکە و ڕەگەکەی لە خاک دەربهێنرێت، پاشان دابنرێت هەتاکوو هەموو قەد و گەڵاکانی وشکدەبنەوە بۆ ئەوەی بەرەکەشی بە تەواوەتی گەورەببێت و پێبگات.  


سەرچاوەکان



1381 بینین