ڕات گرت گەردنی شەرمت لار داوات کرد ئەی کچی نازدار بۆت بڵێم شیعرێک بەجۆش بێ ئێجگار بەلەزەت و خۆش بێ باسی گۆنات بێ، هی پەنجەت هی باڵاکەت، لار و لەنجەت ڕوومەت و سنگ و چاو و دەم سەرلەوحە بن بۆ شیعرەکەم
ماوەیەکە من خۆم فێریزمانی زەریاکان ئەکەم هەتا ڕۆژنامەی شەپۆل و گۆڤاری تەم بخوێنمەوە و لە گفت و گۆی: نێوان هاژە و کەنار بگەم! ماوەیەکە من خۆم فێری نۆتەکانی باران ئەکەم تا گیتاری (با) بژەنم و پیانۆی ڕێژنە لێدەم و لە کۆنسێرتی جۆگەکان و لە کۆڕاڵی ڕووبار بگەم!