گرنگی دابەشکردنی کاتەکانمان لە مانگی ڕەمەزاندا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-18:48:00 - کۆدی بابەت: 3999
گرنگی دابەشکردنی کاتەکانمان لە مانگی ڕەمەزاندا

ناوه‌ڕۆك

گرنگی كات دابەشكردن

دابەشكردنی كات گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە هەموو كاتەكانمان وەربگرین، كاتێك مرۆڤەكان گەورەدەبن و دەچنە تەمەنەوە، گەنجێتیان بیردەكەوێتەوە و پەشیمان دەبنەوە لەو هەموو كاتەی كە لە دەستیان چووە، چونكە دەیانتوانی لە ئەنجامدانی كاری بەسوود و بەرهەمهێندا بەسەریان ببردایە، بۆیە دەبێت هەریەكێك لە ئێمە كاتەكانی بەباشی دابەشبكات و چەند ئامانجێك بۆ خۆی دابنێت بۆ ئەوی لە داهاتوودا پەشیمان نەبێتەوە هەروەها چ ئامانجەكان بچووك بن یان گەورە پێویستە كەسەكە كاتی تایبەتی بۆ تەرخانبكات و هەوڵی بۆ بدات، كە ئەم كارە هەمووی بە دابەشكردنێكی ڕێكوپێكە كاتەكان دەبێت، بۆنمونە گەر كەسەكە بیەوێت فێری زمانێكی نوێ ببێت دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەیدا كاتێكی تایەت دابنیێت بۆ فێربوون و هەوڵدان، بە كردنی ئەم كارانە كەسەكە لە كۆتاییدا فێری چەندین شتانێكی نوێ دەبێت.

چۆنیەتی دانانی خشتەیەكی كاتی بۆ پەرستنی خودا

ئەو كەسەی كە ئامانجی ڕازیكردنی خودای گەورە و چوونە بەهەشتی هەیە، دەبێت خشتەیەك دابنێت بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بۆیە دەبێت دوعاكردن و پاڕانەوە لە كارە ڕۆژانەكانی كەسی موسوڵماندا هەبێت، هەروەها زۆربەی كاتەكان دەبێت ئەو هەلانە بقۆستینەوە كە دێنە بەردەستمان، وەك مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، كە نۆهەمین مانگە لە ڕۆژ ژمێری كۆچی، لەم مانگەدا چاكەكان دووهێندە دەبن، بۆیە كات دابەشكردن لەم مانەدا كارێكی زۆر گرنگە چونكە كاتێكی دیاریكراوت لەبەردەستدایە بۆ خێر و كاری چاكە كردن، بۆیە دەبێت كاتەكانت دابەشبكەیت بۆ كردنی كاری دینی و كارە ئاساییەكانت، هەروەها دەبێت لە كاتی كردنی كارەكانی ڕۆژانەدا جۆرە جیاوازەكانی عیبادەتكردنی تێدابێت، وەك عیبادەتكردنی جەستەییی وەك نوێژ و ڕۆژووگرتن، عیبادەتی ئەخلاقی وەك ڕاستگۆیی و دەستپاكی ڕێزگرتن لە دایك و باوك، هەروەها چونكە لە كاتی ڕۆژدا زۆربەی كەسەكان كاردەكەن و بژێوی ژیانیان پەیدا دەكەن بۆیە لەم كاتەدا زۆر گرنگە دووربكەوینەوە لە درۆ و غەش و تاوانكردن، بەم شێوەیە هەموو تاكێك دەتوانێت مانگی ڕەمەزان بە خێركردن و چاكەكردن بەسەربەرێت.


سەرچاوەکان



551 بینین