تەفسیری سورەتی النساء - ئایەتی سەرەتا بۆ 99

له‌لایه‌ن: - ئاڵەكۆك - به‌روار: 2021-04-09-02:51:00 - کۆدی بابەت: 4308
تەفسیری سورەتی النساء - ئایەتی سەرەتا بۆ 99

ناوه‌ڕۆك

النساء

تەفسیری سورەتی النساء بۆ كوردی لەلایەن هەژار موكریانییەوە

وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەی خەڵکینە! لە پەروەرندەکەی خۆتان ترسوو ھەبێ، کە ھەر ئەوە ئێوەی ھەر لە یەک کەسەوە خستۆتەوە و جووتەکەشی ھەر لەو کەسە خستۆتەوە و لەو دووانەوە پیاوی زۆر و ژنی زۆری وەدی ھێنا. لەو خودایە ترسوو ھەبێ؛ بە ناوی ئەو، ئێوە یەکتری سوێند دەدەن؛ ئاگاو لە خزمانیش ھەبێ. خوا ھەمیشە چاوێرە بەسەرتانەوە.
(٢) ماڵی ھەتیو بدەنەوە بە ھەتیوان. ناپاک بە پاک مەگۆڕنەوە و ماڵی ئەوان تێکەڵ ماڵی خۆتان مەکەن؛ کە تاوانێکی مەزنە.
(٣) ئەگەر لەمەڕ کیژە ھەتیوەکانەوە، لەوە ترسان کە نەتوانن بە تەرزێکی حەق و ڕەوا دەگەڵیان بجووڵێنەوە، دەتوانن وازیان لێ بێنن و ژنانی تر - چەندی خۆتان پێتان باشە و پێتان دەشێن - مارە بکەن؛ دووان بن یان سییان پێکەوە، یا چواریش بن ھەر ڕەوایە. ئەگەر ترسان کە نەتوانن ژنەکانتان وەکوو یەک تماشا بکەن، با یەکێک بێ وەل ئەوانە ڕابووێرن کە بوونەتە موڵکی خۆتان. بۆ خۆ لە غەدر پاراستن، ئەمە کارێ پەسندە.
(٤) وەک پێشکەشێک مارەییی ژنەکان بدەن. ئەگەر ئەوان ھەر بۆ خۆیان شتێکیان لە مارەیییەکە بەنگۆ بەخشی، بیخۆن و نۆشی گیانوو بێ.
(٥) ماڵی خۆتان - کە خوا کردوویەتە مایەی گوزەرانتان - مەدەنە دەست کەمئاوەزان؛ [بەڵام] جلک و بژیویان لە ماڵی خۆتان دابین کەن و بە ڕووی خۆشەوە بیاندوێنن.
(٦) ھەتیوان تاقی کەنەوە تا دەبنە گەنجێ ڕەسیدە؛ جا ئەر دیتان خاس و خراپ لە یەکتر جوێ دەکەنەوە، ئەوسا ماڵیان بدەنەوە. لە ترسی ئەوەشدا نەوا گەورە ببن - بەدەر لە ئەندازە و بەلەز - ماڵیان مەخۆن. کێ زەنگینە خۆ پارێزێ، کێش نەدارە، ھەر ئەوەندەی کە پێویستیی ژیانیەتی - بە دابی ڕۆژ - لێی ھەڵگرێ. ھەرکاتێکیش ماڵەکەیان دەدەنەوە، با شایەت ئاگایان لێ بێ. بۆ لێ پرسینەوەش ھەر خودا بەسە.
(٧) لە کەلەپووری دای و باب و خزمی نزیک - کەم بێ یان زۆر - نێرینە بەشی خۆی ھەیە و مێوینەش تیا بەشدارە و بەشیان بۆ بڕیار دراوە.
(٨) گەر لە وەختی دابەشینی کەلەپووردا، کەسوکار و ھەتیوان و بێنەوایان لەوێ ھەبوون، لەو ماڵە شتێکیان دەنێ و بە ڕووی خۆشەوە بیاندوێنن.
(٩) ئەو کەسانەی لەپاش خۆیان منداڵانی سەروپێچکەی بێدەستەڵات بەجێ دێڵن، با لە وەسیەت کردنێدا، ترسی خوایان لە دڵدا بێ و شتێکی وا لەپاش خۆیان ڕاسپێرن، ھیچ ناھەقیی تێدا نەبێ.
(١٠) ئەو کەسانەی بە ناڕەوا داراییی ھەتیوان دەخۆن با بزانن کە ئاگرێ دەخەنە ھەناویانەوە و تووشی ئاگرێکی بە ھەڵپە و گڕ دەبن.
(١١) خودا پێو ڕادەگەیێنێ: کەلەپوورتان با بۆ نێرینە دوو بەش و بۆ مێوینە نیوەی بەشی نێرینە بێ. گەر ژمارەی مێوینە لە دووان پتر بوون، دوو بەش لە سێ بەشی میراتەکە ئەبەن. ئەگەر مێوینە یەکێ بوو، نیوەی کەلەپوور بۆ ئەمە. ئەگەر مردوو عەولادی لەپاش بەجێ ما، دای و بابی، ھەرکامێکیان شەش یەکیان لەو ماڵە ھەیە. ئەگەر ھیچ فرزەندی نییە و دای و بابی دەبێ میراتەکە بگرن، لە سێ کوت، کوتێک بۆ دایکە. ئەگەر مردوو برا و خوشکی بەجێ ھێشتوون، پاش دانەوەی قەرزوقۆڵە و پێکھێنانی وەسیەتەکە، دایک شەش یەکی پێ دەبڕێ. ئێوە نازانن لە بابان و فرزەندانوو کامیان بۆ بەھرە پێدانوو نزیکترن. بڕیارێکە لە خواوە بۆو داندراوە. خودا زانای لەکارزانە.
(١٢) لەو میراتەی لە ژنانوو بەجێ دەمێنێ - ئەگەر ھیچ فرزەندیان نەبوو - لە دوو بەش بەشێکتان ھەیە. ئەگەر عەولادیشیان ھەبوو، ئێوە چوار یەکوو پێ دەبڕێ؛ پاش دانەوەی قەرزوقۆڵە و وەسیەتێ کە کردوویانە. ئەگەر ئێوە مردن و عەولادوو نەبوو، ژنەکانوو چوار یەکی میراتوو دەگرن. ئەگەر عەولادیشتان ھەبوو، ژنتان ھەشت یەکیان پێ دەبڕێ؛ پاش پێکھێنانی وەسیەتتان و دانەوەی قەرزوقۆڵە. ئەگەر پیاوێ یاکوو ژنێ مرد و باب و فرزەندی لێ بەجێ نەما و برایەک یا خوشکێکی بوو، ھەریەک لەوان شەش یەکی کەلەپووری ھەس. ئەگەر لە یەکێک پتر بوون، بە ھەموویان سێ یەکی کەلەپوور دەگا؛ پاش پێکھێنانی وەسیەت و دانەوەی قەرز. ناشێ وەسیەت بە جۆرێک بێ کە بە ئانقەست بە زەرەری کەلەپوورگران تەواو بێ. ئەم بڕیارە لە خوداوەیە و خوداش بۆ خۆی ئاگادار و لەسەرخۆیە.
(١٣) ئەم دەستوورانە سنوورن، خوا دایناوە. ھەرکەسێکی بە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن و لەوپەڕی بەختەوەریدان.
(١٤) ھەر کەسێکیش لە فەرمانی خوا و پێغەمبەرەکەی دەرچێ و سنووری خوا بە ھیچ بگرێ، دەیخاتە دووڕ ئاگرەوە و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبێ و بەوپەڕی سووکایەتییەوە ئازار دەدرێ.
(١٥) ھەر ژنێکتان کە ھەستوو کرد نامۆیان بە خۆ فێر دەکەن، چوار کەسی خاوەن باوەڕیان بەرنە سەرێ - لەو عانەدا کە لێک جووت بوون - وەختێ ئەوان ھاتن شایەتییان لەسەر دان، ھەر لە ماڵدا قەتیسیان کەن تا بە مردن لەناو دەچن، یان تا خودا دەرەتانیان نیشان دەدا.
(١٦) ئەو جووتەی لە ئێوە ئەو کارە دەکەن، ئازاریان دەن. ئەگەر پەشیمان بوونەوە و دەستیان ھەڵگرت و ڕێی چاکەیان گرتە بەر، ئێوە دەستیان لێ ھەڵگرن. خوا لە پەژیوان دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٧) خودا تۆبە ھەر لەوانە قبووڵ دەکا کە لە ڕووی نەزانینەوە خراپەیان لێ ڕوو دەدا و گورجێ پەژیوان دەبنەوە. خودا زانای لەکارزانە.
(١٨) ئیتر پەژیوان بوونەوەی ئەوانە ھیچ بەھرەی نییە کە لە وەختی گیانەڵاودا دەڵێن: ئێمە پەژیوانین. پەژیوانیی ئەوانەشی قبووڵ نییە کە بە خوانەناسی دەمرن. ئێمە بۆ وان ئازارێکی زۆر بەژانمان ساز کردووە.
(١٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆتان ڕەوا نییە ژنان بە زۆرداری بکەنە ماڵی میراتی. نابێ زۆریشیان بۆ بێنن بڕێک لەوەی پێتان داون دیسان لێیان بستێننەوە؛ جا مەگین ھەر بە ئاشکرا کاری بێناموسی بکەن. بە تەرزێکی جوان و ڕەوا، دەگەڵیانا بجووڵنەوە. ئەگەر خۆشتان نەھات لێیان، شتی وا ھەن حەزی لێ نەکەن و چاکەی زۆری لە خواوە بۆنگۆ تێدا بێ.
(٢٠) ئەگەر ویستوو ژنی خۆتان بە ژنێکی دیکە وەگۆڕن، ئەگەر بە ژنەکەی پێشووتان کلوورێک دراوتان دابێ، نابێ لێیان بستێننەوە. گەرەکتانە بە بوختان و بە خۆ تووشی گوناحی ئاشکرا کردن بیستێننەوە!؟
(٢١) جا چۆنیان لێ دەستێننەوە، کە ئێوە بەیەکەوە بوون و ھەر لە جێوبانێکدا خەوتوون؛ خۆشیتان لە یەکتر دیوە و ئەوان پەیمانی پتەویان دەگەڵ ئێوەدا بەستووە!؟
(٢٢) ژنانێک مەخوازن کە باوانی ئێوە خواستوویانن، مەگەر ئەوەی کە بووریوە. چونکە سەرجێی ئەمانە بە داوێنپیسی دادەندرێ و زۆر شوورەیییە و ڕێبازێکی زۆر خراپە.
(٢٣) ئەو ژنانەی پێو ناشێن و لەسەرتان حەرام کراون، بریەتین لە: دایک و کچ و خوشک و پلک و خاڵتیک و کچی برا و کچی خوشک و ئەو ژنانەی بە ساوایی شیری ئەمانوو خواردووە و ئەو کیژەی ھاوشیرتان بووە و خەسووتان و ئەو کیژانەی خۆتان بە خودانوو کردوون و لەو ژنانەن کە ئێوە دەگەڵیان خەوتوون؛ ئەگەر دەگەڵیان نەخەوتوون قەیدی نییە. ھەروەھا ژنی کوڕیشتان؛ کە بە ڕاستی ئەو کوڕە ھەر لە خۆتان بێ؛ دوو خوشکیش پێکەوە ھێنان ڕەوا نییە؛ جا مەگین ھەر لە پێشوودا ئەم کارەو بەسەر ھاتبێ. کە خوا لە ھەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٢٤) ژنی بەشووتان پێ ناشێ؛ مەگین ئەوانەی بوونەتە ماڵی خۆتان. لە خوداوە ئەم بڕیارەو بۆ نووسراوە. جیا لەمە ڕێو دراوە بە دراوی خۆتان ژن بێنن؛ بەڵام بە پاکی بێ، نە بە داوێنپیسی. لە بەرانبەر ئەو لەزەتەی لە ژنەکانی دەبینن، ئەو ماڵەی خودا بۆیانی بڕیار داوە و کرای خۆیانە لەسەرتان، ئێوە بیدەن. ئەگەر لەپاش دیاریکردنی مارەیی، لە نێو خۆتاندا پێک ھاتن، ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ و خودا زانای لەکارزانە.
(٢٥) کێش دەستەنگە و ئەو ماڵەی بۆ ھەڵناسووڕێ کە ژنی خاوەن باوەڕی ئازاد بێنێ، با لەو کیژە باوەڕدارانە وا بوونەتە ئی خۆتان، مارە بکا. خوداش لە ھەر کەس زیاتر لە بڕواتان ئاگادارە. ھەمووتان تیرەی یەکترن؛ بە دەستووری خاوەنیان مارەیان بکەن. چۆن باوە لە ناو خۆتاندا مارەیییان بۆ ببڕنەوە. ئەوانیش با کەنیزانێ داوێنپاک بن، نە داوێنتەر؛ لە ژێرەوە دۆستی نێرینەیان نەبێ. بەڵام ئەگەر لەپاش ئەوەی ھاتنە بەر ڕکێفی ئێوە، دەستیان دەگەڵ پیاوی نامەحرەم تێکەڵ کرد، ئازاردانیان نیوەی ئەو ژنانە دەبێ کە شوویان ھەیە و ئازادن. ئەمە بۆ ئەو کەسانەیە ڕەبەنی ئازاریان دەدا. ئەگەر ئێوە خۆڕاگر بن، بێگومان بۆتان باشترە. خودا لە ھەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە.
(٢٦) خوا گەرەکیە ڕێتان بۆ ڕوون بکاتەوە و لە ڕێوشوێنی پێشینییانیش شارەزاو کا و پەژیوانیو لێ قبووڵ کا. خودا زانای لەکارزانە.
(٢٧) خودا دەیەوێ تۆبەتان لێ قبووڵ کا. ئەوانەش وا ئەکەونە شوێن ھەوا و ھەوەس، دەیانەوێ - بە تەواوی - ئێوە لە ڕێگە لا بدەن.
(٢٨) خوا گەرەکیە ئەرکتان لەسەر سووک بکا و مرۆش بێ ھێز و پێزی دروست بووە.
(٢٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ماڵ و داراییی یەکتری - لە خوتوخۆڕایی - مەخۆن؛ مەگین بە سەودا و مامڵە و بە ڕازی بوون لە ناو خۆتان؛ کە ئەوسا پێتان ڕەوایە. بەھەق نەبێ، نابێ یەکتریش بکوژن. خودا دەربارەی ھەمووتان دلۆڤانە.
(٣٠) ھەرکەسێکیش لە ناھەق و ھەر بە نیازی دەسدرێژی ئەم جۆرە کارانە بکا، گرفتاری ئاری دەکەین. ئەم کارە لەلایەن خودا زۆر ھاسانە.
(٣١) ئەگەر ئێوە ئەو تاوانە زەلامانەی پێمان ڕاگەیاندوون نەیکەن و خۆتان دوورەپەرێز بگرن، ھەڵە و پەڵەی دیکەتان لەسەر لا دەبەین و دەتانبەینە شوێنێکی بەقەدر و عیزەت.
(٣٢) نابێ ئاوات بەو شتانە بخوازن کە خودا بەوانە ھێندێک لەنگۆی بەرانبەر بە ھێندێکی تر سەر خستووە. پیاوان بەپێی کردەوە و کۆششی خۆیان، ژنەکانیش بەرانبەر بە کردەوەیان [ھەر کام] بەشی خۆیان ھەیە. ئێوە دەبێ ھەر لەبەر خودا وەپاڕێن، چاکەتان دەربارە بکا. خودا بۆ خۆی لە ھەموو شت ئاگادارە.
(٣٣) دای و باب و خزمە زۆر نزیکەکان و ئەو کەسانەی پەیمانوو دەگەڵ گرێ دان، ھەرگا مردن و ماڵێکیان لە دووا مابوو، با بەشی خۆیان پێ بگا. خودا لەسەر ھەموو شتی ئاگادارە.
(٣٤) پیاوان بەسەر ژناندا دەستەڵاتیان ھەس، کە خوا ھێندێکی لە ھێندێ ھێژاتر بەدی ھێناوە. دیارە پیاوان ئەرکی بەڕێچوونی ماڵیان لەسەر شانە. جا ژنانی باش ئەوانەن کە گوێبیسن و - وەک خودا فەرمانی داوە - دوور لە شوویان شەرمی خۆیان دەپارێزن و ئاگایان لە ماڵێ دەبێ. ئەو ژنانەش لە ئەشقی بوونیان دەترسن، نسحەت کەن و جێگەیان لێ جیا کەنەوە؛ ئەگەر لێشیان بدەن، دەبێ. ئەگەر دێنەوە بەر فەرمان، ئێوە بیانووی ئازاردانیان مەدۆزنەوە. خوا جێ بەرز و زانایە.
(٣٥) ئەگەر ترسان کە ژن و شوو لێک دوودڵن و وێک ھەڵناکەن، کەیخودایەک لە کەسوکاری پیاوەکە و کەسوکارێکی ژنەکە بڵا ببنە ناوبژیکەر؛ ھەرگا ھەردووک لا ڕازی بوون پێک بێنەوە، خوا پێکیان دێنێتەوە، خودا زانا و ئاگادارە.
(٣٦) عەبدایەتیی خوا بکەن و ھیچ شت مەکەن بە شەریکی. دەربارەی دای و بابتان و خزمەکان و ھەتیوان و ھەژاران و ھاوسای دیوار بە دیوار و ھاوسای دوور و ھەواڵی ھەمیشەییتان، ئەوانەی لە ڕێدا ماون و ئەوانەی بوونەتە موڵکتان، تا دەتوانن چاکە بکەن. ئەو کەسانەی لووت بڵند و خۆپەسندن، خودا ھیچکامی خۆش ناوێن.
(٣٧) ئەو کەسانەی چکووسی دەکەنە پیشە و خەڵکیش بۆ ڕژدی ھان دەدەن، ئەو بەشەی خودا پێی داون دەیشێرنەوە. [با بزانن کە] ئێمە بۆ پێنەزانان ئازاری ئابڕووبەرمان ئامادەیە.
(٣٨) ئەو کەسانەش کە بۆ ڕووبینی لە مەردم، ماڵی خۆ بەخت دەکەن و باوەڕیشیان بە خوا و ڕۆژی قیامەت نییە، [ھەواڵەتیی شەیتان دەکەن]؛ ھەر کەسیش شەیتان یاری بێ، خراپترین یاری ھەیە.
(٣٩) چییان لێدەھات ئەمانە، باوەڕیان بە خودا و ڕۆژی سەڵا و ئەوسا لەو ماڵەی کە خودا بەشی داون، بیانبەخشیبا؟ خوا بە کاروباری ئەوان باش دەزانێ.
(٤٠) خوا بە سەنگی مێروولەی زەردی وردیلەش ناھەقی لە ھیچکەس ناکا؛ بەڵام ھەمبەر بە ھەر چاکەیەکی بیکەن، دوو ئەوەندە پاداش دەدا و سەرەڕای ئەو پاداش دانەش خەڵاتی گرینگیان ھەیە.
(٤١) دەبێ چۆن بێ ئەگەر ئێمە لە ھەر کۆمەڵێ ھاوئایین یەکێکمان لێ ھەڵبژاردن کە ببنە شایەت لەسەریان؟ تۆشمان کردە شایەتێک لەسەر ئەمانە.
(٤٢) ئەوێ ڕۆژێ ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا کلا بوون و بە قسەی پێغەمبەریان نەکرد، حەزێ دەکەن ڕێکی ڕووکاری زەوی بان؛ ناشتوانن ھیچ قسەیێک لە خودا وەشێرن.
(٤٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەسەرخۆشی لە نوێژێ نزیک مەبنەوە، ھەتا تێبگەن دەڵێن چی. بە لەشپیسیش نوێژێ مەکەن - مەگین وەختێ ڕاگوزەر بن - تا کاتێ کە خۆ دەشۆرن ن ئەگەر - دنیابوو - نەخۆش بوون یان ڕێبوار بوون یان یەکێکتان لە سەر پێشاوێ ھاتەوە یان تخونی ژنان کەوتن و دەستوو بە ئاو ڕانەگەیشت، خۆڵێکی پاک پەیدا کەن و ڕووخسار و دەستەکانتانی پێ بھەنوون. خودا چاوپۆشیو لێدەکا و لێو دەبوورێ.
(٤٤) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە کە بەشێک لە کتێبی خودایان پێدراوە، چۆن ڕێ لە خۆ ھەڵە دەکەن، دەشیانەوێ ئێوەش لە ڕێگە لا بدەن؟
(٤٥) خودا دوژمنانی ئێوە لە خۆتان باشتر دەناسێ، ئێوە ھەر خودا یاریدەرتان بێ، بەسە.
(٤٦) ھێندێ کەس لە جوولەکەکان، وتاری خوا دەگۆڕن و قسەی تری دەخەنە جێ. بە تۆش دەڵێن: بیستمان و گوێمان نەدا؛ تۆش ببیسە: دەک قەت گوێت لە ئێمە نەبێ! زمانیان دەلالچ دەگرن و تانە لە دینت دەدەن و بە تەشەر ئێژن: «ڕاعنا». ئەگەر ئەمان بیانگوتایە: بیستمان و بە قسەت دەکەین و لێمان بیستی و دەبێ چاوێکت لێمان بێ، بۆیان چاکتر و ڕاستتر بوو. بەڵام خودا لە سەر ئەو ڕێ گۆڕینەیان نەفرینی خۆی لێ کردوون و لەوانە - کەمێکیان نەبێ - نایانەوێ بڕوا بێنن.
(٤٧) ئەی ئەوانەی لە پێشوودا کتێبی خوداو بۆ ھاتبوو! بڕوا بێنن بەمەی ئێمە ناردوومانەتە خوارەوە؛ کە بڕوای بەوانەش ھەیە وان لە کتێبەکەی ئێوەدا. بەر لەوەی دەموچاوگەلێ ساف بکەین و وەکی پشتی سەریان لێ کەین، ئێوەش ھەروەک ئەوانەی شەمۆیان شکاند، بەر نەحلەتی ئێمە کەون و خوا بە ھەرچی فەرمان بدا ھەر وەدی دێ.
(٤٨) خودا لەوانە خۆش نابێ کە بێژن ھاوکاری ھەیە. لەمە بەدەر ھەرکێ خودا مەیلی لێ بێ، لێی دەبوورێ. ئەو کەسانەی دەڵێن: خوا ھاوکاری ھەیە، بوختانێکی گەورەیان لە دەم دەردەچێ و تاوانێکی مەزن دەکەن.
(٤٩) تۆ لەوانەت نەڕوانیوە کە ھەر خۆیان پاکانە بۆ خۆیان دەکەن؟ نازانن پاکانەی ھەر کەس بە خودایە و ھەر خودایە کە بە قەد ھەودای باریکی ناوکەخورماش ناھەقی لە ھیچ کەس ناکا.
(٥٠) دەبڕوانە درۆی چلۆن بە دەم خواوە ھەڵدەبەستن؛ تاوان لەمە ئاشکراتر [نەبووە و] نابێ.
(٥١) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە، کە وا بەشێک لە کتێبیان پێدراوە و بە بت و تاغووتێ بڕوایان ھێناوە؟ ئێژن: ڕێ خوانەناسەکان لە ڕێگەی بڕوادارەکان سەرڕاستترە!؟
(٥٢) ئەوانە وەبەر نەحلەتی خودا کەوتوون؛ ھەرکێ خوا نەحلەتی لێ بکا، ھیچ کەسێ دەھانای نایە.
(٥٣) ئاخۆ ئەمان بەشیان بەو موڵکەوە ھەیە؟ ئەگەر بیشیانبێ، ئەوەندەی تێکوڵی دەنکە خورمایەک بەھرەیان بۆ مەردم نییە.
(٥٤) یان ئەوانە ئێرەیی بەمانە دەبەن کە خوا چاکەی دەگەڵ کردوون؟ خۆ دیاریشە ئێمە بە بەرەی ئیبراھیم کتێب و کارزانیمان داو دەستەڵاتێکی گەورەشمان پێ سپاردن.
(٥٥) بڕێک بڕوایان پێ ھێنا و بڕێکتر ڕوویان وەرگێڕا؛ کە ئەوانە کڵی جەھەندەم [بەشیانە] بەسیشیانە.
(٥٦) ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی ئێمە حاشادەکەن، لە دواڕۆژدا بە ئاگر دەیان سووتێنین ھەتا پێستیان داپلۆخا، پێستی تریان بۆ دەگۆڕین تا ئازار پتر بچێژن. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە.
(٥٧) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەنی بڕوا و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن، دەیانبەینە باغاتی وا جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن؛ ژنانی پاک لە گش عەیب و سێبەری پڕیان دەدەینێ.
(٥٨) خودا فەرمانوو پێدەدا، ھەرچی ماڵی ئامانەتە بیاندەنەوە بە خاوەنیان؛ ھەرگایەکیش بەکاری مەردم ڕادەگەن، بێ لاگری و بە یەکسانی پێ ڕابگەن. خودا زۆر باش ئامۆژگاریتان بۆ دەکا. خودا ھەموو شتێک دەبیسێ و ھەموو شتێکیش دەبینێ.
(٥٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بە فەرمانی خودا و پێغەمبەری خودا و کاربەدەستانی خۆتان بن. ھەرکاتێکیش لە سەر شتێ لە نێو خۆدا پێک نەھاتن، ئەگەر بڕواتان بەخودا و بەڕۆژی قیامەتێ ھەیە، کێشەی خۆتان حەواڵەی خوا و پێغەمبەری خودا بکەن. ئەم کارە بۆتان باشترە و ئاکامی چاکتری ھەیە.
(٦٠) ئەدی ئەوانەت نەدیوە، وا خۆیان ھەڵخستۆتەوە، بەو قورعانەی بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە و بەو کتێبەش کە بەر لە تۆ ناردراوە، بڕوا دەکەن؛ دەشیانەوێ کێشەیان بەرنە لای تاغووت؛ فەرمانیشیان پێدراوە: حاشای لێکەن. دیارە شەیتان وای گەرەکە بە یەکجاری لە ڕێگەیان ھەڵە بکا.
(٦١) ئەگەر بێتوو پێتان بڵێن: وەرنە لای ئەم قورعانەوە کە خوا ناردوویەتە خوارێ و وەرنە لای ئەم پێغەمبەرە، دووڕازەکان دەبینی کە زۆر بەتوندی ڕوویان لە تۆ وەردەگێڕن.
(٦٢) ئەدی چۆنە ئەوانە لە سەر کارێ خۆیان دەیکەن، ھەرگا تووشی بەڵایەک بوون، دێنە لات و بە خوا سوێن دەخۆن کە: ئێمە بە نیازی چاکە کردن و نێوان خۆشی ئەو ئاکارەمان ڕەچاو کرد؟
(٦٣) خوا دەزانێ ئەوانە چییان لە دڵدایە. ئەتۆ ھەر وازیان لێ بێنە و نسحەتیان کە و تەرزێکی وایان بدوێنە، دڵیان بەرەو خۆت ڕاکێشی.
(٦٤) ھەر کەسێکمان بە پێغەمبەری ناردووە، بۆیە بووە کە بەخەڵک ڕابگەیێنێ، بە ئیزنی خوا دەبێ فەرمانی قبووڵ کەن. جا ئەمانەش لەپاش ئەوەی کە ئەو غەدرەیان لە خۆ کرد، گەر بھاتبانەوە لای تۆ و داوای خودا لێ خۆشبوونیان بکردایە؛ تۆیەکیش کە پێغەمبەری، داوای لە گوناھ بووردنت بۆ ئەوانە بکردبا، بێ گومان ئەوسا دەیاندی کە خوا پەژیوانیەکەیان قبووڵ دەکا و دلۆڤانە.
(٦٥) بەڵام نەخێر، سوێندەکە بە پەروەرندەی تۆ ئەمانە نابنە خاوەنی بڕوا مەگین وەختێ کە لە کێشە و ھەرای نێوان خۆیانا بتکەنە قازی و لە دڵەوە بەھەر فەرمانێ تۆ بیدەی ڕەدایان بێ و بەتەواوی ملکەچی بن.
(٦٦) ئەگەر ئێمە بۆ ئەمانەمان نووسیبا، کوشتاری خۆبەخۆ بکەن یان لە وڵاتوو دەرکەون - کەمیان نەبێ - نەیاندەکرد. کەچی ئەگەر وەکوو نەسیحەتیان دەکرا کردبایان، بۆ ئەوان چاکی دەھێنا و باوەڕیشیان بە خودا پتەوتر دەبوو.
(٦٧) ئەوسا ئێمەش لە لایەنی خۆمانەوە پاداشێکی مەزنمان بەوان دەبەخشی.
(٦٨) واشمان دەکرد کە لە ڕێگەی ڕاستی ئێمەش شارەزابن.
(٦٩) ھەر کەسێکی بە فەرمانی خودا و ئەم پێغەمبەرە بێ، دەبێتە ھاوڕێی ئەوانەی خودا چاکەی دەگەڵ کردوون؛ لە ڕێزەی پێغەمبەران و خوداپەرستانی ڕاستی و شەھیدان و پیاوچاکەکان؛ چ ھاوڕێیانێکی چاکیشن ئەمانە!
(٧٠) ئەم چاکەیە خودا دەربارەیان دەکا و خوایان بەسە کە بەکردەیان دەزانێ.
(٧١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەمیشە ھۆشی خۆو ھەبێ و ئامادە بن دەستە دەستە، یان پێکەوە و بە تێکڕایی، بچنە خەزا.
(٧٢) ھێندێکی واتان دەناو دان کە لە ئانقەست خۆ وەدوا دەدا و ناگاتێ. ئەگەر ئەوسا ئێوە تووشی چۆرتمێک بن، ئێژێ: خودا منی بەچاکە خوێندەوە کە من دەگەڵیاندا نەبووم.
(٧٣) ئەگەر ئێوە لە سایەی چاکەی خوداوە دەسکەوتێ باشوو دەس کەوت، وەک کەسێکی کە دەپێشدا ھەر یەکتروو نەناسیبێ و دۆستایەتییتان نەبووبێ، ئێژێ: خۆزی منیش ڕەگەڵیان کەوتبام؛ ئەوسا منیش لەو خێروبێرە گەورەیە بەشدار دەبووم.
(٧٤) با ئەوانەی بۆ قیامەتێ دەس لە دنیایە ھەڵدەگرن، بچنە خەزا لە ڕای خوادا. ئەوەش کە دەچێتە خەزا لە ڕێی خودا، چ بکوژرێ و چ سەرکەوێ لەو دنیا پاداشێکی گەورەی دەدەینێ.
(٧٥) بۆچی ئێوە ناچنە خەزا لەڕای خودا و لە بەر ھێز لێ گیراوەکان؟ لە بەر پیاوان و ژنان و منداڵانێ کە دەڵێن: ئەی پەروەرێنمان! لەم شارە وا خەڵکەکەی ناھەقیکارن، ڕزگارن کەو لە لای خۆتەوە یار و یاوەرێکما بۆ دیاری بکە!
(٧٦) ئەوانەی خاوەن باوەڕن، خەزا لەڕای خودا دەکەن. ئەوانەش کە خوانەناسن لە ڕێگەی تاغووت شەڕ دەکەن. دەسا ئێوە بچنە شەڕی ئەوانەی دۆستی شەیتانن، فێڵی شەیتان زەبوون و بێ ھێز و پێزە.
(٧٧) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە، پێیان گوترا: ھەتا لە مەککەن شەڕ مەکەن؛ نوێژ بکەن و زەکات بدەن. کاتێ بیستیان خەزایان لە سەر نووسراوە و زانیان دەبێ بچنە شەڕێ، ئەوەندەیان لەو خەڵکەی کەدەچنە گژیان ترس ڕێ نیشت، کە لە خوداش ھەر ئەوەندە ترساون و بگرە پتریش دەترسان؟ دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! بۆچی خەزات بۆ نووسیوین، چی دەبوو تا ماوەیەکی تر دوات خستبان؟ بێژە: ژیانی دنیایە کەم و کورتە و بۆ ئەوانەی کە ترسیان لە خودا ھەیە، ژیانی ئەولا زۆر باشترە و بەقەد داوی زراوی ناو دەنکە خورما، کەس ناھەقی لێ ناکرێ.
(٧٨) لە ھەر کوێ بن تەنانەت ئەگەر لە قەڵای زۆر قایمیش [خۆ وەشێرن]، مردن دەتاندۆزێتەوە. ھەرگا چاکەیان دێتە ڕێ، ئێژن: ئەمە لە خواوەیە. ئەگەر تووشی ناخۆشیش بوون، ئێژن: ئەمە لە تۆڕا بوو. بێژە: خۆشی و ناخۆشی ھەر بە دەس خوایە. ئەرێ ئەم مەردمە چییانە؟ وەکوو دەھیچ قسەیەک تێنەگەن وایە!
(٧٩) تووشی ھەر چاکەیەک ببی، لە خواوەیە. نا لەباریشت بێتەڕێ، بزانە کە لە خۆت ڕایە. تۆمان کل کرد کە بە سەر ئەو مەردمەوە پێغەمبەر بێ. ھێندەت بەسە کە خودا ئاگای لێت ھەیە.
(٨٠) ھەر کەسێکی بەر فەرمانی پێغەمبەرە، دیارە بەر فەرمانی خوایە؛ ھەر کەسیش خۆی لێ ببوێرێ، ئێمە بۆیەمان تۆ نەنارد کە لەسەریان چاوەدێر بی.
(٨١) [لە ناویاندا کەسانێ ھەن] ئێژن: ئێمە لە فەرمانی تۆ دەرناچین؛ بەڵام کە لێت دوور دەکەون - پێچەوانەی فەرمانی تۆ - شەوانە ڕاوێژێ دەکەن. ھەر خەیاڵێ کە لەشەودا بەدڵیاندا ڕادەبوورێ، خوا دەینووسێ. تۆ ئەشێ وازیان لێ بێنی و خۆت ھەر بە خودا بسپێری و کارسازت خودا بێ بەستە.
(٨٢) ئاخۆ ئەمانە لە قورئان وردنابنەوە  و [سەرنجی ڕانەکێشاون]؟ ئەگەر قورئان کاری کەسێکی تر بووایە غەیرەز خودا، دیارە مەبەستی ناڕێک و دژیەکتریان فرە تێدا پەیدا دەکرد.
(٨٣) ھەرگایەکی سەبارەت بە ھێمنایەتی، یان مەترسی، دەنگ و باسێکیان پێدەگا، سەربەخۆ لە لای ھەموو کەس دەیکەنە قاو. گەر ھەر لە لای پێغەمبەر و کاربەدەستەکانی خۆیان بیانگوتایە، دەیانزانی ڕاستەقینەکەی کامەیە و ئەو جۆرە دەنگوباسانە لە کوێوە سەریان ھەڵداوە. ئەگەر چاکە و بەزەیی خواتان نەبووایە، - کەمتان نەبێ - دەبوونە پەیڕەوی شەیتان.
(٨٤) تۆ لەسەرتە لە ڕای خودا بچیە خەزا و تۆ ھەر ئەرکی خۆت لەسەرە. دنەو ھانەی باوەڕدارەکانیش بدە، شایەت خوا لە بەدفەڕی و زەبروزەنگی خوانەناسان بووپارێزێ. خودا لەوان بەگوڕتر و ئازاترە و لە بەڵا بەسەرھێنانیش لەوان بەدەست و بردترە.
(٨٥) ھەرکێ بێتە تکاکار و تکای بۆ کاری چاکە بێ، خۆیشی بەشی تێدا ھەیە. ھەر کەسێکیش تکا بۆ خراپە بکا، ئەویش بەشی لە خراپەکە پێدەگا. خودا لە سەر ھەموو شتێ توانایە.
(٨٦) ھەر کەسێکی چاک و خۆشیتان لێدەکا، ئێوە چاکتر چاک و خۆشی دەگەڵ بکەن؛ یان وەکوو ئەو پرسڤەکەی بدەنەوە. خوا بە ھەموو شت ڕادەگا.
(٨٧) غەیرەز خودا ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. لە ڕۆژی ھەستانەوەدا - کە ھاتنی بێ گومانە - لێکتروو کۆ دەکاتەوە. جا قسەی کێ لە قسەی خوا ڕاسترە؟
(٨٨) ئێوە چیتانە دەربارەی ئەو دووڕووانە، خۆتان کردۆتە دوو تاقم؟ لە بەر کارێ کردوویانە، بەراوەژووی کردوونەوە و [بە خوانەناسی داناون]. ئاخۆ ئێوە گەرەکتانە کەسێ خوا ڕێگەی لێ گوم کا، بیخەنەوە سەر ڕاستەڕێ؟ ھەر کەسێ کە خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، تۆ ناتوانی ڕێگایەکی بۆ پەیدا کەی.
(٨٩) ئەو دووڕووانە - ھەروەک خۆیان بێدینن - گەرەکیانە ئێوەش لە دینوو وەرگێڕن؛ ئەوسا وەکوو یەکتان لێ بێ. جا تا ئەوان لە ڕای خودا خۆیان دەربەدەر نەکەن و وەلتان نەیێنە خەزایە، ئێوە دۆستایەتییان مەکەن. ئەگەر ئەم کارەشیان نەکرد، ئێوە لە ھەر کوێ تووشیان بوون، ڕێی ھەڵاتنیان مەدەنێ و فەراقی ڕەشیان لێ ببڕن. دەگەڵ ھیچ کامیش لەوانە دۆستایەتیتان ھەر نەبێ و یار و یاوەر لە نێویانا ھەڵمەبژێرن.
(٩٠) مەگین ئەوانەی پەیمانیان دەگەڵ کەسانێکدا ھەیە، کە ئەوانیش بوونە ھاوپەیمانی ئێوە؛ یان ئەوانەی لە ناچاری ھاتوونە بەر داڵدەی ئێوە و لەو ناوەدا دوودڵ ماون بە گژ ئێوەدا بچن یا تووشی خزم کوشتن بن. ئەگەر خودا مەیلی لێ با، ھێندەی دەستەڵات پێدەدان کە بە گژتاندا بچنەوە و سەریش کەون. ئەگەر خۆیان لە ئێوە دوور خستۆتەوە و بە گژتاندا نەھاتوون و دەیانەوێ شەڕتان لە ناودا نەمێنێ، خودا ڕێگەی پێ نەداون کە ئێوە دەستیان بۆ بەرن.
(٩١) دەگەڵ گرۆیەکی تریشا ئێوە ڕووبەڕوو دەبن کە دەیانەوێ ھەم لە ئێوە و ھەم لەخزم و کەس و کاریان ئارخەیان بن؛ ھەر وەختێکی ئەوان لێیان بگێڕنەوە، بێ سێ و دوو کردن دەچنە ناو خزمەکانیان. جا ئەوانە ئەگەر لێتان نەتەکنەوە و دەس لە بەدفەڕی ھەڵنەگرن، لە ھەر کوێ بەگیروو ھێنان بیان کوژن و مەھێڵن لە دەستوو ڕاکەن. ئەوا ئێمە لە سەر ئەوان دەستەڵاتی تەواومان داوە بە ئێوە.
(٩٢) ھیچ باوەڕدارێ بۆی نییە باوەڕدارێکی تر بکوژێ، جا مەگین بە ھەڵە چووبێ. ھەر کەسێکیش باوەڕدارە و، باوەڕداری بەھەڵە بەدەست کوژراوە، دەبێ لە بری ئەو کوشتنە کۆیلەیەکی خاوەن باوەڕ ئازاد بکا و خوێنباییشی بدا بە کەس و کارەکەی. جا مەگین پیاوەتی بکەن و پێی ببەخشن. ئەگەر کوشتە باوەڕدارە و سەر بە ھۆزی دوژمنتانە، ئەوی بەدەستی کوژراوە لەسەریەتی کۆیلەیەکی باوەڕدار ئازاد بکات و [لە خوێنبایی وازبھێنن]. ئەگەر کوشتە لە ھۆزێکی خوانەناسە و دەگەڵ ئێوەدا سوێندخۆرن، دەبێ خوێنباییەکەی بدرێ و بەندەیەکی باوەڕداریش ئازاد بکا. ئەو کەسێکی ئەو کارەی لەدەس قەومیوە و ناتوانێ بەندە ئازاد کا، لەسەریەتی دوو مانگی ڕەبەق لەسەریەک بە ڕۆژوو بێ. ھەتا خودا پەژیوانی لێ قبووڵ کا. خودا زانای لەکارزانە.
(٩٣) ھەر کەسێکیش ھەرلە ئانقەست خاوەن باوەڕێک بکوژێ، لە بری ئەوە تا ھەتایە ھەر لە ناو جەحەندەم دایە و خودا لێی بە ڕکدا چووە و وەبەر نەحلەتی خستووە و ئازاردانێکی دژواری بۆ داناوە.
(٩٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەختێ بۆ خەزا بە ڕێدا دەڕۆن، ھەموو شتێک لێکدەنەوە. نەکەن لە بەر ژیانی دنیا، بەوەی کەفەرمانبەری خۆی دەربڕیوە، بێژن: تۆ خاوەن باوەڕ نیت. ئێوە ئەگەر ماڵی دنیاتان گەرەکە، دەسکەوتی زۆر وا لای خودا. ئێوەش بەرێ ھەر وابوون و باوەڕیتان بە خوا نەبوو؛ خودا ئێوەی بە بەزەیی خۆی خوێندەوە. سا بە وردی لە کاری خۆ خوردبنەوە؛ خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.
(٩٥) ئەو بڕوادارانەی کە ھەر لەماڵی خۆیان دەمێنن - جیا لەوانەی نوقوستانن - دەگەڵ ئەوانەی دەچنە جەنگ لە ڕای خودا و ماڵ و گیانیان ل ەڕێی ئەودا بەخت دەکەن، وەکوو یەک نین. خودا خەزاکارانی بەرامبەر بە خانەنشینان - بە پلەیەک - سەرخستووە. خوا بەڵێنی بە ھەموو لایەکیان داوە کە چاکەیان دەگەڵ دەکا؛ بەڵام ئەوی لە مەیدانی خەزادا بن، لە چاو خانەنشینانەکان پاداشێکی ھەرە مەزنیان دەداتێ؛
(٩٦) پلە و پایەگەلێکی زۆر - لە لای خواوە - ھاوڕێ دەگەڵ لێخۆشبوون و میھرەوانی. خوا بەخشەندە و دلۆڤانە.
(٩٧) ئەو کەسانەی ھەر لە جێی خۆیان مانەوە و ئەو غەدرەیان لە خۆیان کرد، کاتێ فریشتەی گیان کێشان پێیان دەڵێ: ئێوە لەچ بارێکدا بوون؟ دەڵێن ئێمە لە زەمیندا ھێز و وزەلێگیراو بووین. پێیان دەڵێن: مەگەر سەرزەوینی خودا ھەراو نەبوو تا لە زێدی خۆ کۆچ کەن و بڕۆنە جێگایەکی تر؟ ئەمانە دوژەە دەبێتە ئەنوایان و دواڕۆژی خراپیان ھەس.
(٩٨) جا مەگین ئەو مێرو ژن و زارۆ ھێزلێگیراوانەی ھیچ دەرەتانیان نەبووبێ و بە ڕێگەشیان نەزانیبێ؛
(٩٩) ھیچ دوور نییە خودا ئەمانە ببەخشێ. خودا چاوپۆشی لە لایە و بەخشەندەیە.


سەرچاوەکان



2906 بینین