جۆرە جیاوازەکانی چا لە جیهاندا

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-24-22:25:00 - کۆدی بابەت: 4810
جۆرە جیاوازەکانی چا لە جیهاندا

ناوه‌ڕۆك

چا

چا وشەیەكی چینییە كە بەو گەڵاو ڕووەك و خواردنەوەیە دەوترێت كە لێی دروستدەكرێت، ئەم ڕووەكە سەر بە خێزانی ثییەیسیای (Theaceae)ـە، كە ڕووكێكی ڕۆژهەڵاتی ئاسیاییە، گەڵاكانی ڕووەكەكە ڕەنگیان سەوزە و شێوەیان باریك و درێژە و گوڵێكی ڕەنگ سپی بۆنداری هەیە، ئەم ڕووەكە چەندین پێكهاتەی بەسوودی تێدایە بۆ لەش، وەك ماددەی ئاسن و ڤیتامینەكان و دژە ئۆكسانەكان، لەم بابەتەدا باسی جۆرە جیاوازەكانی چا دەكەین لە جیهاندا.

چای ڕەش

چای ڕەش بڵاوترین جۆری چایە لە جیهاندا، كە لە گەڵای ڕووكی كامیلییا (Camellia) دروستدەكرێت، كە گەڵاكە لول دەكرێت، دواتر دەمەیێنرێت (Fermentation) و وشك دەكرێتەوە و پاشان ورد دەكرێت، ئەم چایە چەندین سوودی تەندروستی هەیە، ڕێژەیەكی زۆر لە دژە ئۆكسانەكانە گرنگەكانی تێدایە كە یارمەتی نزمكردنەوەی كۆلیستڕۆڵی خوێن دەدات، كە ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی مێشك، هەروەها لە یەك كووپ چادا 40 میلیگرام ماددەی كافایینی تێدایە.

چای سەوز

چای سەوز دووەم بڵاوترین چای بەكارهێنراوە لە جیهاندا لە دوای چای ڕەشەوە، بەهەمانشێوە ئەم چایە لە گەڵای ڕووكی كامیلییا (Camellia) دروستدەكرێت، كە سەرەتا گەڵاكە گەرمدەكرێت و پاشان دەمەیێنرێت (Fermentation)، سوودەكانی ئەم جۆرە چایە بریتییە لە پاراستن بە توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە و كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان، یەك كووپ لە چای سەوز 25 میلیگرام لە كافایینی تێدایە.

چای چینی ڕەش

ئەم چایە بە هەمانشێوەی چای ڕەش دروستدەكرێت، بەڵام كەمتر دەمەیێنرێت (Fermentation) كە دەبێتە هۆی زیادكردنی تامەكەی، سوودە تەندروستییەكانی ئەم جۆر چایە بریتییە لە چالاككردنی ئەو ئەنزیمانەی كە خانە چەورییەكانی لەش دەتوێننەوە لە ڕێگەی سووتاندنی كالۆرییەكانەوە، یەك كووپ لە چای ڕەشی چینی 30 میلیگرام لە كافایینی تێدایە.

چای سپی

چای سپی دروستدەكرێت لە گەڵا پێنەگیشتووەكانی ڕووكی كامیلییا (Camellia)، تامەكەی لە چای ڕەش دەچێت بەڵام كەمتر دەبێتە هۆی خەو زڕاندن چونكە هەر كووپێك لە چای سپی تەنها 15 میلیگرام لە كافایینی تێدایە، ئەم چایە ڕێژەیەكی زۆر لە دژە ئۆكسانە گرنگەكانی تێدایە، هەروەها یارمەتی كەمكردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە دەدات و ڕێژەی كۆلیستڕۆڵی زیانبەخش لە لەشدا كەمدەكاتەوە كە بەم شێوەیە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكاتەوە.

چای تامدار (Flavored tea)

ئەم جۆرە چایە لە هەموو چاكانی تر بەتامترە، چونكە دارچینی و یاسەمین (Jasmine) و پرتەقاڵ و لاڤیندەر (Lavender) تێدایە، هەروەها دەتوانرێت هەریەكە لەم پێكهاتانە لەگەڵ چایەكانی تردا تێكەڵبكرێت، باشتر وایە ئەم چایە بەبێ شەكر بخورێتەوە چونكە شەكر دەبێتە هۆی لاوازكردنی دژە ئۆكسانەكانی ناوی.

چای گیایی (Herbal tea)

ئەم جۆرەی چا پێكدێت لە گەڵای گوڵەكان و میوەی وشككراوە، هەروەها لەگەڵ چەندین جۆری گیای سروشتی، ئەم جۆرە چایە تایبەتمەندی ئەوەی هەیە كە كافینی تێدانییە بۆیە ئاسوودەیت پێدەبەخشێت، هەروەها چەورییەكانی لەش دەسوتێنێت.

چای میرمیە (Sage tea) یان چای سوور

ئەم جۆرە چایە لە گەڵای درەختی (Commiphora gileadensis) كە بە عەرەبی پێی دەوترێت (بشام) دروستدەكرێت كە لە ئەفریقای باشوور دەڕوێت، ئەم چایە ماددەی كافاینی تێدا نییە، بەڵام چەندین جۆری جیاوازی ڤیتامین و دژە ئۆكسانەكانی تێدایە كە سیستمی بەرگری لەش بەهێز دەكەن، هەروەها ددان و ئێسكەكان و چاو بەھێزتر دەكات.


سەرچاوەکان



805 بینین