چۆن بزانین عاشقی کەسێکی هەڵە بووین؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-05-15:11:00 - کۆدی بابەت: 5165
چۆن بزانین عاشقی کەسێکی هەڵە بووین؟

ناوه‌ڕۆك

عاشقبوونی هەڵە

هەندێک جار تەواو دیارە کە عاشقی کەسێکی هەڵە بووین و هەندێک جاریش تەنها چەند نیشانەیەک ئەوە دەردەخات، ئەوکاتەش هۆکاری بێتاقەتی و ناخۆشیەکانی ناو پەیوەندیەکەمان دەزانین.

هیچ گۆڕانکاریەک ڕوونادات لە کەسی بەرامبەرتاندا

یەکێک لە نیشانەکان ئەمەیە کە ئێوە بە ئومێدی گۆڕینی کەسەکە دەچنە ناو پەیوەندیەکەوە و بەڵام ئەو کەسە هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات تێیدا، لە پەیوەندی ڕاستەقینە و چاکدا ئێوە دوو کەس هەوڵدەدەن پێکەوە قسە بکەن و کێشەکانتان چارەسەر بکەن و لەیەک تێبگەن بە هەوڵدانی هەردوو لاتان، بەڵام لە پەیوەندی هەڵەدا ئەمە ڕوونادات و کەسەکە نایەوێت بگۆڕێت و کێشە چارەسەر بکات، ئەوەتان لەبیر بیت هیچ کەسێک تا خۆی نەیەوێت هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕەفتار و کرداریدا ڕوونادات.

بەرنامەکانی ژیانتان پێکەوە ناگونجێت

بەرنامەکانی ژیانتان پێکەوە ناگونجێت و لە ڕێکخستنی ژیاندا زۆر جیاوازیتان هەیە، ئەمە زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە لە دوو شوێنی زۆر جیاواز ژیاون واتە هەر یەکەو لە دوو وڵاتی جیاواز.

خەرجییەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لەلایەن یەکێکتانەوە دەدرێت

کاتێک کە دەبینیت لە هەموو ساتێکی پەیوەندیەکەدا تەنها کەسێکیان هەمیشە لە هەموو چونە دەرەوەکاندا پارە دەدات و خەرجی دەکێشێت ئەوا بزانە لە پەیوەندیەکی هەڵەدایت.

هەندێک ڕەفتار و عادەتی نائاسایی خەریکە ڕوودەدات لە ژیانتدا

یەکێکی تر لە نیشانەکان ئەوەیە کە عادەتی نائاسایی و ناخۆش خەریکە دێتە ژیانتەوە بۆ نموونە تۆ پێشتر خواردنی باش و تەندروست و زوو هەستان لە خەو بەڵام کاتێک دەچیتە ناو پەیوەندیەکەوە واز دەهێنیت لەم شتە بەسوودانە و خۆت فەرامۆش دەکەیت.

پەیوەندیتان لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانتاندا کەمتر بووەتەوە

پەیوەندی ڕاستی ئەوە نییە کە تێیدا پەیوەندیت لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانتدا بپچڕێنیت، ئەگەر بەرامبەرەکەت کەسێکی هەڵە نەبێت هەرگیز پەیوەندی ناپچڕێنیت لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانتدا.

ئامانج و پێوانەکانتان جیاوارە بۆ ژیان

کەسێک کە دوورت دەخاتەوە لە ئامانجی سەرەکی ژیانت و لەو شتەدا کێشەتان هەیە ئەوا بزانە کە لە پەیوەندیەکی هەڵەدایت.

ڕاهاتوویت بە کەسی بەرامبەر و جیابوونەوە قورسە بۆت

هەندێک کات ڕاهاتنە بە کەسی بەرامبەر کە جیابوونەوە قورسە بۆت، بەهۆی ڕاهاتنت بە کەسێک مەهێڵە هەڵەکانی بەسەردا بچێت و چاوپۆشی لێ بکەیت.

عەشقێکی کاتی ئەزموون دەکەیت کە جیاوازی هەیە لەگەڵ عەشقی بەردەوامدا

لەوانەیە وشەی کرەشتان بیستبێت کرەش یاخود عەشقی کاتی جیاوازی هەیە لەگەڵ عەشقی بەردەوام و ڕاستیدا، کاتێک لەناکاو حەز لە کەسێک دەکەیت و لە خەیاڵی خۆتدا بتێکی بۆ دروست دەکەیت و سەرنجی شتە جوانەکانی دەدەیت بەڵام عەشقی بەردەوام ئەوەیە کە خۆشت دەوێت بە هەموو هەڵە و ناشرینییەکانیەوە.

کەسی بەرامبەرت لەبەر هەڵەکانی داوای لێبووردن ناکات

کەسەکە دان بە هەڵەی خۆیدا نانێت و داوای لێبووردن ناکات هەرگیز ئەمە دەیدەخات کە لە پەیوەندیەکی هەڵەدایت.

ڕەفتاری کەسی بەرامبەرت لەناو خەڵکدا شەرمەزارت دەکات

شەرمەزاربوون لەبەر ئەو کارانەی کە کەسی بەرامبەرت دەیکات پێت دەڵێت کە زیاتر بیر لەو پەیوەندیەت بکەرەوە و هەوڵبدە زوو خۆت ڕزگار بکەیت لەم پەیوەندیە.

ناتوانن دەربارەی پێویستیە جنسییەکانتان پێکەوە ئاسوودەبن

پەیوەندی جنسی بەشێکە لە پەیوەندی خۆشەویستی، ئەگەر لەمەدا نەتوانیت ئاسوودە بیت ئەوا هیچ چێژێک لە پەیوەندیەکە نابینیت.

بەردەوام دەترسیت لە بەرپەرچدانەوەی و وشەکانت وردە وردە دەڵێیت

هەڵبەتە بیرکردنەوە لەو قسەیەی کە دەتەوێت بیکەیت شتێکی زۆر باشە، بەڵام ئەگەر بۆ هەر قسەیەک نائاسوودەیت و دەترسیت لە وەڵامدانەوەی کەسی بەرامبەرت واتە لەگەڵ کەسێکی ڕاستدا نەچوویتەتە ناو پەیوەندیەوە عەشقی ڕاستیت کەسێکە کە تۆ بەجۆرێک قەبوڵ بکات کە هەیت.

هەست بە ماندوویەتی جەستە و ڕۆحت دەکەیت لەگەڵ کەسی بەرامبەردا

پەیوەندی ڕاست و دروست ئەوەیە کە بەردەوام هەست بە دڵخۆشی و وزەی زۆر بکەیت، ئەگەر هەست بە ماندوویەتی و ڕۆحت نائارامە واتە دەبێت زیاتر یر بکەیتەوە لەم پەیوەندیە.

چۆن عاشقی کەسانی هەڵە نەبین؟

١- نموونەیەکتان هەبێت لەو کەسەی کە دەتانەوێت:

بۆ ئەوەی ڕێگری بکەی لەوەی بچیتە ناو پەیوەندیەکی هەڵەوە، نموونەیەکت هەبێت لە مێشکتدا لەوکەسەی کە دەیەوێت بێتە نێو ژیانتەوە، ئەو شتانەی حەزت لێیەتی چیە؟ حەزت لە چ شتێک نییە؟ ٢- گوێ بۆ قسەی هاوڕێ ڕاستگۆکانتان بگرن و شەنستان لەدەست مەدەن:

هەندێک کات تێڕوانینی کەسانی تر بۆ پەیوەندییەک ڕاستترە، بۆ نموونە لەوانەیە وابیربکەیتەوە کە کەسێک گونجاوو نییە بۆت، بەڵام ئەگەر هاوڕێکەت بیناسێت و بزانێت کە بۆیەک گونجاوون و یارمەتیت بدات شتێکی زۆر باش ئەبێت.

٣- زیاد لە پێویست گوێ بۆ عەقڵت مەگرە:

گوێگرتن بۆ عەقڵ شتێکی باشە بەڵام نەک هەموو کاتێک، ڕاستە کە بۆ دەستنیشاننەکردنی عەشقێکی هەڵە دەبێت عەقڵێکی باشت هەبێت بەڵام هەمیشەش تەنها گوێ بۆ عەقڵت بگریت کارەکەت بۆ ناچێتە پێشەوە.


سەرچاوەکان



1865 بینین