دەرمانەکانی چارەسەری هەڵامەت و پەتا وەرزییەکانی دیکە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-30-22:52:00 - کۆدی بابەت: 12722
دەرمانەکانی چارەسەری هەڵامەت و پەتا وەرزییەکانی دیکە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەرمانەکانی چارەسەری هەڵامەت و پەتا وەرزییەکانی دیکە (بە ئینگلیزی: Cold and seasonal epidemics medicines، بە عەرەبی: أدوية البرد و الأوبئة الموسمية) بەشێوەیەکی گشتی پاراسیتامۆل و ئایبۆپرۆفین لە کاتی تووشبوون بە پەتا وەرزییەکانی وەک هەڵامەت و ئەنفلۆنزا بەکاردەهێنرێن و کاریگەرن بۆ چارەسەرکردنی ئازار و تا لە منداڵان و گەورەکاندا. زۆربەی دەرمانەکانی تر کە بۆ هەڵامەت و ئەنفلۆنزا بەکاردێن، لەوانە شێوازەکانی "کۆکە و سەرمابوون" و چارەسەرە ڕووەکییەکان، بەڵگەی سنووردار لەسەریان هەیە کە کاریگەرییان دەربخات، بەڵام هێشتا بۆ هەندێک کەس بەسوودن.

هەڵامەت و ئەنفلۆنزا بەهۆی ڤایرۆسەکانەوە دروست دەبن، بۆیە دژە بەکتریاکان نیشانەکان کەم ناکەنەوە و ناتوانن چارەسەری نەخۆشییەکە بکەن. ئەگەر لە مەترسییەکی زۆردایت بۆ تووشبوون بە ئاڵۆزییەکانی ئەنفلۆنزا یان کۆڤید-١٩، پزیشک دەکرێت پێشنیاری وەرگرتنی دەرمانی دژە ڤایرۆس بکات. لەم کاتەدا لەگەڵ پزیشک و دەرمانساز گفتوگۆ ئەنجامبدە و بزانە کە ئایا دەرمانەکە بۆ تۆ گونجاوە یان نا هەروەها لە کاتی بەکارهێنانی دەرمان هەمیشە ڕێنماییەکانی سەر ناونیشانەکەی جێبەجێ بکە.

دەرمانەکانی چارەسەری پەتا وەرزییەکان

پاراسیتامۆل بۆ ئازار و تا

پاراسیتامۆل یان پەرەستۆڵ کە دەرمانی بێ ڕەچەتەیە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ گەورەکان و منداڵانی سەروو یەک مانگ بۆ ئازاری قوڕگ، ئازاری سەر، گیان ئێشە بەگشتی و تا. دڵنیابە لەوەی کە تەمەن و کێشی منداڵەکەت گونجاوە بۆ بەکارهێنانی پەرەستۆڵ، هەروەها ئاگاداری زیاد لە پێویست بەکارهێنانی بە چونکە دەکرێت مەترسیدار بێت. بە وردی ڕێنماییەکانی سەر دەرمانەکە بخوێنەوە و جێبەجێیان بکە. ئەگەر دڵنیا نیت سەردانی پزیشک یان دەرمانساز بکە و کەمتەرخەمی تیا مەکە.

ئایبۆپرۆفین بۆ ئازار و تا

ئایبۆپرۆفین سەر بە پۆلێکە لە دەرمانەکان کە ناسراون بە دەرمانی دژە هەوکردنی ناسترۆیدی یان NSAIDs و دەرمانی بێ ڕەچەتەیە. لە کاتی پەتا وەرزییەکان گەر تووشی تا و سەرئێشە و ئازاری قوڕگ و جەستە بوویت دەتوانیت سوود لە ئایبۆپرۆفین وەربگریت چونکە ئایبۆپرۆفین دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی ئازار و تا بدات لە گەورەکان و منداڵانی تەمەن سێ مانگ و سەرووتر، بەپێی کێشیان. دڵنیابە لەوەی کە ژەمی گونجاو وەربگریت بەپێی تەمەن و کێشی منداڵەکەت، چونکە ژەمی زیاد لە پێویست مەترسیدارە. بە وریاییەوە ڕێنماییەکانی سەر ناونیشانەکە بخوێنەوە و جێبەجێی بکە. ئەگەر دڵنیا نیت، سەردانی پزیشک یان دەرمانساز بکە. ئەگەر خۆت یان منداڵەکەت نەخۆشی ڕەبۆتان هەیە، لە دکتۆر بپرسە ئایا دەتوانیت ئایبۆپرۆفین بەکاربهێنیت یان نا.

حەبی دێکۆنجێستانت و سپرای لووت بۆ کەمکردنەوەی گیرانی لووت

دەرمانەکانی لووت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گیرانی لووت، بەڵام باشترە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ڕۆژ بەکارنەهێنرێت مەگەر پزیشک یان دەرمانساز ئامۆژگاریت بکات بۆئەوەی بەردەوام بیت. بەکارهێنانی دێکۆنجێستانتەکانی لووت بۆ ماوەی زیاتر لە چەند ڕۆژێک دەتوانێت گیرانی لووت خراپتر بکات.

ئەو دۆکۆنجێستانتەی کە pseudoephedrine، phenylephrine، oxymetazoline یان xylometazoline یان xylometazoline لەخۆدەگرن نابێت بۆ منداڵانی خوار تەمەن شەش ساڵان بەکاربهێنرێن.

دێکۆنجێستانتەکانی دەم (وەک حەبەکان، کەپسوڵەکان یان شروبەکان) بۆ هەموو کەسێک گونجاو نین. پێش بەکارهێنانی دەرمان، لەگەڵ پزیشک یان دەرمانخانە گفتوگۆ بکە کە ئایا سەلامەتن بۆ خۆت یان منداڵ بەکاریانبهێنیت.

سپرا یان یان دڵۆپی لووتی سەلاین (خوێ) بۆ کەمکردنەوەی گیرانی لووتی

سپرای لووتی سەلاین یان خوێواو (ئاوی سوێر) و دڵۆپەکانی (قەترە)ی سەلاین دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوەی گیرانی لووت بدەن، هەرچەندە بەڵگەی سنووردار هەیە بۆ پشتگیریکردنی کاریگەرییان. لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە سپرا و دڵۆپانە دەرمانیان تێدا نییە، دەتوانرێت زیاتر بەکاربهێنرێن لە سپرای لووتی پزیشکی. هەروەها دەتوانرێت بە سەلامەتی بەکاربهێنرێت لە زۆربەی تەمەنەکاندا.

بە وردی ڕێنماییەکانی سەر ناونیشانەکە بخوێنەوە و جێبەجێیان بکە. ئەگەر دڵنیا نیت کام شێواز باشترینە بۆ خۆت یان منداڵەکەت، پرسیار لە دەرمانخانە بکە. سپرای لووتی خوێ لەوانەیە پێکهاتەی زیاتری تێدابێت وەک ڕۆنی یوکالیپتۆس یان مەنپۆل (کحولێکی نەعناییە)، کە دەکرێت ببێتە هۆی کاردانەوەی هەستیاری لە هەندێک کەسدا. هەر بۆیە باشتره هەمیشە ناونیشانەکە بخوێنیتەوە، بەتایبەتی کاتێک هەستیاریت هەیە.

دەرمانی "کۆکە و هەڵامەت" بەیەکەوە

دەرمانەکانی کۆکە و هەڵامەت زۆرجار بەکاردێن بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان، بەڵام گرنگە بزانرێت کە بەڵگەی پێویست نییە ئەوە نیشانی بدات کە بە باشی کار دەکەن، بەتایبەتی لە منداڵاندا. دەرمانی کۆکە و هەڵامەت نابێت بدرێت بە منداڵانی خوار تەمەن شەش ساڵان. داوا لە پزیشک، دەرمانساز یان پەرستار بکە بۆ ئامۆژگاری پێش ئەوەی دەرمانی کۆکە و هەڵامەت بدەیت بە منداڵانی تەمەن ٦ بۆ ١١ ساڵ.

دەرمانەکانی کۆکە و هەڵامەت زۆرجار پاراسیتامۆڵ یان ئایبۆپرۆفینیان تێدایە، بۆیە گرنگە کە ناونیشانەکە بپشکنیت بۆ ئەوەی خۆت بەدووربگریت لە "دوو هێندەکردن" و بەکارهێنانی دەرمانی تر کە هەمان پێکهاتەی تێدایە.

دەرمانی تەواوکەر

هەندێک کەس ڤیتامینەکان (بۆ نموونە ڤیتامین Cتەواوکەرە خۆراکییە کانزاییەکان (بۆنموونە زینک) یان دەرمانی ڕووەکی (بۆنموونە ئیچیناسیا) بە سوود دەبینن. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەی پێویست نییە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە کاریگەرن لە یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی نیشانەکانی پەتا وەرزییەکانی وەک هەڵامەت و ئەنفلۆنزا.

هەندێک کەس چارەسەری هەڵم و هەڵماو بەکاردەهێنن، لەگەڵ یان بەبێ زیادکراوەکانی وەک مەنپۆڵ یان یوکالپیتۆس بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەڵامەت. ئەمانە بە شێوەیەکی گشتی پێشنیار ناکرێن بەهۆی مەترسی سوتانەوە هەروەها نەبوونی بەڵگەی کاریگەر بۆ دەرخستنی سوودەکانی لە چارەسەرکردنی نیشانەکانی هەڵامەت.

کەی سەردانی پزیشک بکەم؟

سەردانی پزیشک بکە ئەگەر نیگەرانیت لە نیشانەکانت هەروەها پێویستە بەخێرایی پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەیت ئەگەر نیشانەکانی هەڵامەت یان ئەنفلەوەنزات هەیە و مەترسی بڵاوکردنەوەیان هەیە. لە هەندێک حاڵەتدا، پزیشکەکەت لەوانەیە پێشنیاری دەرمانی دژە ڤایرۆس بکات بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

کەی پێویستە دەرمانی دژە ڤایرۆس بەکاربهێنرێت؟

ئەگەر گومانی تووشبوون بە ئاڵۆزی ئەنفلۆنزا یان کۆڤیدت هەبێت، پزیشک دەکرێت دەرمانی دژە ڤایرۆس بنووسێت. هەرچەندە ئەم دەرمانانە چارەسەری نەخۆشییەکە ناکەن، بەڵام ئەگەر بە زوویی دوای دەستپێکردنی نیشانەکان وەربگیرێن، دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ:

  • کەمکردنەوەی ئەو ماوەیەی نەخۆشی.
  • کەمکردنەوەی هەندێک لە نیشانەکان.
  • کەمکردنەوەی ئەگەری دروستبوونی ئاڵۆزی.

ئەم کارانە ئەنجامدەدەن بە ڕێگرتن لە دووهێندە بوون و زۆربوونی خانەکانی ڤایرۆس لە ناو جەستەدا.

ئەگەر کێشەی پزیشکیت هەیە کە لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە ئاڵۆزییەکانی ئەنفلۆنزا یان کۆڤید زیاتر بکات، قسە لەگەڵ پزیشکە بکە بۆ ئەوەی بزانیت ئایا دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ تۆ گونجاوە یان نا. هەوڵبدە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت دوای ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشیەکەت دەرکەوت. تا زووتر دەست بکەیت بە بەکارهێنانی دەرمان، ئەگەری ئەوە هەیە دەرمانەکە کاریگەرتر بێت.

دەرمانی دژە ڤایرۆس بۆ ئەنفلۆنزا پێویستە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا دەست پێبکات دوای ئەوەی نیشانەکانی دەرکەوت. پرسیار لە پزیشک بکە یان مۆڵەتی چاوپێکەوتنێک وەرگرە بۆ پرسیارکردن و وەرگرتنی بۆ ئامۆژگاری گشتی. زانیاری کۆبکەوە دەربارەی ئەوەی چ پرسیارێک لە پزیشک یان پسپۆڕی تەندروستی بکەیت.

کەی پێویستە دەرمانی دژە بەکتریا بەکاربهێنرێت؟

دژە بەکتریاکان یارمەتی نیشانەکانی پەتا وەرزییەکانی هەڵامەت یان ئەنفلۆنزا نادەن هەروەها ڕێگری لە بڵاوبوونەوەیان ناکەن بۆ کەسانی تر. ئەمەش لەبەرئەوەی پەتا وەرزییەکان هەوکردنێکی ڤایرۆسیین و دژە بەکتریاکان تەنها کاریگەرن دژی هەوکردن بە بەکتریا.

بەڵام هەندێک کەس هەندێک جار لەوانەیە تووشی بەکتریا ببن وەک ئاڵۆزییەک لە هەڵامەت یان ئەنفلۆنزا. ئەم جۆرە نەخۆشییە دەگمەنە و زۆربەی خەڵک بەبێ دژە بەکتریا باشتر دەبن. ئەگەر تۆ لە مەترسییەکی زۆردایت بۆ ئاڵۆزییەکان، ئەوا پزیشک لەوانەیە دژە بەکتریات بۆ بنووسێ. لەگەڵ پزیشک قسە بکە بۆ ئەوەی بزانیت ئایا دژە بەکتریاکان بۆ تۆ گونجاون یان نا.


سەرچاوەکان



390 بینین