پەتای هەڵامەت

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-12-09-13:30:00 - کۆدی بابەت: 11703
پەتای هەڵامەت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەتای هەڵامەت یاخود هەڵامەتی ئاسایی (بە ئینگلیزی: Common cold، بە عەرەبی: نزلة برد عادية) یەکێکە نەخۆشییەکی باوەکان کە کاریگەری لەسەر لووت و قوڕگ هەیە. زۆربەی کات بێ زیانە، هەرچەندە لەوانەیە هەست بەوە نەکەیت. ئەو وردە زیندەوەرانەی پێیان دەوترێت ڤایرۆس دەبنە هۆی هەڵامەت.

زۆرجار گەورەکان دەکرێت ساڵانە دوو یان سێ جار تووشی هەڵامەت ببن. منداڵ و ساواکان دەکرێت زۆرتر تووشی هەڵامەت ببن.

زۆربەی خەڵک لە ماوەی حەوت بۆ دە ڕۆژدا لە هەڵامەت چاک دەبنەوە. نیشانەکان لەوانەیە زیاتر بمێننەوە بۆ ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن. زۆرجار پێویست بە چاودێری پزیشکی ناکات بۆ هەڵامەت. ئەگەر نیشانەکان باشتر نەبوون یان خراپتر بوون، پێویستە سەردانی خزمەتگوزاری تەندروستی بکرێت.

نەخۆشییەکانی لووت و قوڕگ کە بەهۆی میکرۆبەکانەوە دروست دەبێت پێیان دەوترێت هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەی سەرەوە کە ئەمە هەڵامەتیش دەگرێتەوە.

نیشانەکان

زۆرجار نیشانە باوەکانی هەڵامەت لە یەک بۆ سێ ڕۆژ دوای بەرکەوتنی کەسێک بە ڤایرۆسی هەڵامەت دەست پێدەکات. نیشانەکان دەگۆڕێن، ئەمانە دەتوانن بریتین لە دیارترینیان:

  • ئاوداهاتنی لووت یان گیرانی لووت
  • ئازاری قوڕگ یان خورانی قوڕگ
  • کۆکە
  • پژمین
  • بە گشتی هەستکردن بە نەخۆشی
  • ئازاری جەستە یان سەرئێشەیەکی سووک
  • پلەی گەرمی نزم

لەوانەیە ئاوی لووتت ڕوون بێت و ئەستوورتر و زەرد یان سەوزتر بێت، ئەم گۆڕانکارییە ئاساییە. زۆرجار ئەمە بەو مانایە نییە کە نەخۆشییەکی بەکتریایی هەبێت بەڵکو بەشێکە لە هەڵامەت.

چی کاتێک سەردانی پزیشک بکەیت؟

بۆ گەورەکان، زۆرجار پێویستت بە چاودێری پزیشکی نییە بۆ هەڵامەت. بەڵام سەردانی دابینکەری تەندروستی خۆت بکە ئەگەر:

  • ئەو نیشانانەی کە هەن خراپتر بوون یان باشتر نەبوون.
  • تایەک زیاتر لە ١٠١.٣ پلەی فەهرەنهایت (٣٨.٥ پلەی سیلیزی) کە زیاتر لە سێ ڕۆژ دەخایەنێت.
  • هەناسەی کورت.
  • خیزەی هەناسە.
  • ئازاری قوڕگ، سەرئێشە یان ئازاری سییەکان.

بۆ منداڵان، زۆربەی ئەو منداڵانەی کە هەڵامەتیان هەیە پێویستیان بە چاودێری تەندروستی نییە. ڕاستەوخۆ چاودێری پزیشکی بکەن ئەگەر هاتوو منداڵەکە ئەم خاڵانەی خوارەوەی هەبوو:

  • تا ١٠٠.٤ پلەی فەهرەنهایت (٣٨ پلەی سیلیزی) لە منداڵانی تازە لەدایکبوو تا دوانزە هەفتە.
  • بەرزبوونەوەی تا یان تا کاتێک زیاتر لە دوو ڕۆژ دەخایەنێت لە هەر تەمەنێکدا بێت.
  • نیشانەکانی زیاتر وەک سەرئێشە، ئازاری قوڕگ یان کۆکە،
  • کێشەی هەناسەدان یان هەناسە توندی.
  •  ئازاری گوێ.
  • شڵەژان و خەوبردنەوە کە بە شێوەیەکی ئاسایی نەبێت.
  • ئارەزوونەکردنی خواردن.

هۆکارەکان

زۆرێک لە ڤایرۆسەکان دەتوانن ببنە هۆی هەڵامەت. ڤایرۆسی ڕینۆڤایرۆس باوترین هۆکارە. ڤایرۆسی هەڵامەت لە ڕێگەی دەم و چاو یان لووتەوە دەچێتە ناو جەستەوە. ڤایرۆسەکە دەتوانێت بڵاوببێتەوە لە ڕێگەی:

  • دڵۆپەکان لە هەوادا کاتێک کەسێکی نەخۆش کۆکە دەکات، پژمین یان قسەکردن.
  • بەرکەوتن لەگەڵ کەسێک کە هەڵامەتی هەیە.
  • هاوبەشکردنی شتەکان کە ڤایرۆسیان لەسەرە، وەک قاپ، خاولی، یاری یان تەلەفۆن.
  • دەست لێدان لە چاوەکان، لووت یان دەم دوای بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە.

هۆکارەکانی مەترسی

ئەم هۆکارانە ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت زیاد دەکەن:

تەمەن: منداڵانی ساوا و منداڵە بچووکەکان مەترسی هەڵامەتیان زیاترە لە کەسانی تر، بەتایبەتی ئەگەر کات لە شوێنی چاودێری منداڵان بەسەر ببەن.

لاوازی سیستەمی بەرگری لەش: هەبوونی نەخۆشی درێژخایەن یان لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری مەترسی تووشبوون بە هەڵامەت زیاد دەکات.

کاتی دیاریکراوی ساڵ: منداڵان و گەورەکان ئەگەری تووشبوونیان بە هەڵامەت زیاترە لە پاییز و زستاندا.

جگەرە کێشان: جگەرەکێشان یان بوون لە نزیکی کەسی جگەرەکێش مەترسی تووشبوون بە هەڵامەت زیاد دەکات.

دەرکەوتن: بوون لە قەرەباڵغیدا، وەک لە قوتابخانە یان لە فڕۆکەدا، ئەگەری هەڵامەت زیاد دەکات.

ئاڵۆزییەکان

ئەم حاڵەتانە لەوانەیە لەگەڵ هەڵامەت ڕووبدات:

هەوکردنی گوێی ناوەڕاست: هەڵئاوسانی شلە و کۆکردنەوەی شلەیە لە بۆشایی پشت پەردەی گوێ. لەوانەیە بەهۆی ڤایرۆس یان بەکتریاوە بێت. نیشانە ئاساییەکانی بریتین لە ئازاری گوێ یان گەڕانەوەی تا دوای هەڵامەت.

ڕەبۆ: هەڵامەت دەتوانێت ببێتە هۆی خیزەی هەناسە تەنانەت لەو کەسانەی کە نەخۆشی ڕەبۆیان نییە. بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی  ڕەبۆیان هەیە هەڵامەت دەتوانێت خراپتری بکات.

هەوکردنی جیوب: لە گەورەکان یان منداڵاندا، هەڵامەتێکی باو کە ماوەیەک دەخایەنێت دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردن و ئازار لە جیوبەکاندا. کە ئەمانە بۆشاییەکی پڕ لە هەوان لە سەر چاوەکان و دەوروبەری لووت. ڤایرۆس یان بەکتریا لەوانەیە ببێتە هۆی هەوکردنی ئەم بۆشاییانە و بە هەوکردنی جیوب یاخود گیرفانەکان ناسراوە.

نەخۆشییەکانی تر: هەڵامەت لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشییەکانی سییەکان، وەک هەوکردنی سییەکان. ئەو کەسانەی کە سیستەمی بەرگرییان لاوازە مەترسی تووشبوونیان بەو نەخۆشییانە زیاد دەکات.

خۆپاراستن

هیچ کوتاوێک بۆ هەڵامەت نییە. دەتوانیت ئەم هەنگاوانە ئەنجام بدەیت بۆ خاوکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و خۆپاراستن لێی:

شۆردنی دەستەکان: دەستەکانت بە باشی بشۆ و زۆر جار بە سابوون و ئاو بۆ ماوەی بیست چرکە. ئەگەر سابوون و ئاو بەردەست نەبوون، ئەوا پاککەرەوەی دەستی کحولی بەکاربهێنە کە بەلایەنی کەمەوە ٦٠% کحولی تێدایە. منداڵەکانتان فێری گرنگی دەست شوشتن بکەن هەوڵبدەن دەست لە چاوەکان و لووت و دەم مەدەن بە دەستی نەشۆراو.

ڕاگرتنی پاک و خاوێنی: ئەو ڕووابە پاک و خاوێن ڕاگرن کە زۆر جار دەستیان لێدراوە. ئەمانە بریتین لە دەرگاکان، گڵۆپی ڕووناکی، ئامێری ئەلیکترۆنی، و چێشتخانە و تەوالێت. ئەم ڕێکارە بە تایبەتی کاتێک گرنگە کە کەسێک لە خێزانەکەدا هەڵامەتی هەبێت.

بەردەوام یاری منداڵەکان بشۆ و پاکوخاوێن ڕایانبگرە.

داپۆشینی کۆکە: لە دوای پژمین و کۆکە بەسەر دەسەسڕێک، یەکسەر دەسەسڕە بەکارهێنراوەکان فڕێبدە یاخود پاکی بکەرەوە و پاشان دەستەکانت بشۆ. ئەگەر دەسەسڕت نەبوو، پژمە بکە یان کۆکە بکە سەر لەپی دەستت و پاشان دەستەکانت بشۆ.

هاوبەشینەکردنی خواردن: خواردن بەش مەکە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزان. دوور کەوتنەوە لەو کەسانەی کە هەڵامەتیان هەیە. خۆت بەدوور بگرە لە بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ هەر کەسێک کە هەڵامەتی هەیە. لە خەڵک دووربکەونەوە هەتا دەکرێت. هەوڵبدە دەست لە لووت و دەمت نەدەیت کاتێک لە قەرەباڵغیت.

پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی سەنتەری چاودێری منداڵان بکە: بگەڕێن بەدوای شوێنی چاودێری منداڵان لەگەڵ کرداری پاکوخاوێنی باش و سیاسەتی ڕوون دەربارەی هێشتنەوەی منداڵانی نەخۆش.

پشوو وەرگرتن: ئاگاتان لە خۆتان بێت وەرزش بکەن و زۆر بخەون بۆ ئەوەی یارمەتیتان بدات بە تەندروستی بمێننەوە.


سەرچاوەکان



1289 بینین