ناوهڕۆك
دار بڕین لە جەنگەڵە خولگەییەکان چۆنە؟
فراوانترین جەنگەڵ دەکەونە ئەو ناوچە خولگەییە باراناوییانەی کە پلەی گەرمیان بەرزە. ئەم ناوچانە نیوەی سەرجەمی ڕووبەری جەنگەڵەکانی جیهان پێک دێنن. بەڵام وەربەرهێنانی دار و تەختە لە ڕووی ئابوورییەوە چەند کۆسپێکی دێتە پێش، وەکو فرە چەشنی دار و تەختەکان کە دەگاتە ١٠٠ چەشن. جا ئەگەر بمانەوێ درەختی (ماهۆکنی)ـمان دەست بکەوێت، ڕەنگە لە ڕووبەری دۆنمێکدا تەنها یەک درەختمان دەست بکەوێت، بەمەش بەرهەم هێنانەیەکی ئابووریانە نابێت، سەرەڕآی ڕووەکە هەڵ چووەکان کە درەختەکان تێک دەئاڵێنن و لە کاتی بڕینیشدا لەگەڵ درەختەکانی تردا لێک نابنەوە و درەختە بڕاوەکە هەر بەسەر دارەکانی ترەوە دەمێنێتەوە. کۆسپەکانی تریش بریتین لەوەی کە درەختە خولگەییەکان ڕەقن و زۆربەیان سەر ئاو ناکەون، ئەمەش کۆسپێک بەرانبەر گواستنەوە دروست دەکات.
ماکۆهنی و ئەبەنووس و ساج و ئورزی یەکسانی گرنگترین جۆری درەختی جەنگەڵە خولگەییەکانن و ئەم جۆرانە لە ناوچەیەکدا هەن و لە ناوچەیەکی تردا نین. درەختی ئەبەنووسی ڕەش لە ناوەڕاستی ئەفریقا و مەلاگاشی و باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیادا هەیە، بەڵام ماهۆکنی لە هایتی و کۆماری دۆمنیکان و کەناری غینیا لە ئەفریقادا هەیە، لە کاتێکدا درەختی ساجی گەورە و پتەو لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیادا هەیە. بەڵام کۆکردنەوەی بەرهەمی جەنگەڵ بۆ مەبەستی پیشەسازی لە جەنگەڵە خولگەییەکاندا، لە هەموو جەنگەڵە مام ناوەندییە نیمچە گەرمەکان و ساردەکان زۆرترە و هەر چەشنە بەرهەمێک لەم بەرهەمانە بایەخێکی تایبەتی لە ناوچەیەکی دیاریکراودا هەیە.
بۆ نموونە ڕیواڵی لاستیکی سروشتی و ڕیواڵی دارەبەن لە ئەمریکای لاتینی کۆدەکرێتەوە و ڕۆنی دار خورما و ڕۆنی گوێزی هیندی لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و زەریای ئارام و ڕیشآڵ لە جەند جۆرە درەختێک کە گرنگترینیان (ئەلاباکە) واتە (کندری مانێلا) لە فلیپین کۆدەکرێتەوە.
هەروەها هەندێ ماددەی کیمیاوی و هەندێک چەشنە ماددەی خۆراک وەکو گوێزی هیندی و بوندق لە جەنگەڵە خولگەییەکان کۆدەکرێنەوە.
جەنگەڵە خولگەییاکەنیش لە بەشەکانی باشووری سوداندا دەردەکەون.