ڕوونەکردنە قیبلە و نوێژی ناو ئۆتۆمبێل

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-23-22:36:00 - کۆدی بابەت: 3606
ڕوونەکردنە قیبلە و نوێژی ناو ئۆتۆمبێل

ناوه‌ڕۆك

ڕوونەكردنە قیبلە و نوێژی جوڵاو

دروستە ڕوو لە قیبلە نەکرێ لە دوو کاتدا:

كاتی ترس

لەو کاتەی ترس هەیە: جا لە دوژمن، یان لە شتێکی تر، خوای گەورە ئەفەرمووێ: (فَإِنْ خِفْتُمْ فَرِجَالًا أَوْ رُكْبَانًا) ئەگەر کەوتنە مەترسی نوێژەکەتان بکەن بە پیادەیی، یان بە سواری، جا ڕووتان لە قیبلە بێ، یان نا. کەوابوو: بە ڕێگەی خۆیدا ڕائەکا و نوێژی فەرز ئەکا، جا ئەگەر نەیتوانی ڕکووع و سوجدە ببا، ئاماژەیان بۆ ئەکا و، دووبارەکردنەوەی نوێژی ناوێ، هەروەک لە نوێژی ترسدا باسی ئەکەین.
هەروەها بە سواری ووڵاغیش دروستە ڕێبوار نوێژی سوننەت بکا، هەرچەند ترسیشی نەبێ و ووڵاغەکەیشی بڕوا، بەڵام ئەگەر ترسی نەبوو، نوێژی فەرز بەم شێوەیەی دووەم دروست نییە (عن جابر رضی الله عنهما: کان النبی ﷺ یصلی علی راحلته حیث توجهت به، فاذا أراد الفریضة نزل فاستقبل القبلة) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ لەسەر پشتی ووڵاغەکەی نوێژی سوننەتی ئەکرد، جا هەر کاتێ ویستبای نوێژی فەرز بکا، دائەبەزی و ڕووی لە قیبلە ئەکرد و نوێژە فەرزەکەی ئەکرد.

ڕێبواری سوار و ڕێبواری پیادە، ئەبێ بۆ نوێژ دابەستن ڕوویان لە قیبلە بکەن، هەروەها ڕێبواری پیادە ئەبێ لە ڕکوع و سوجدەش ڕوو لە قیبلە بکا و بە تەواویش بیانکا، بەڵام ڕێبواری سوار هەر ئاماژەیان بۆ بکا دروستە و نایەوێ ڕووی لە قیبلە بێ.

لەو حەدیسە بۆمان دەرکەوت کە کردنی نوێژی فەرز دروستە: لە ناو فڕۆکە، یان کەشتی، یان ئۆتۆمبێل، بەو مەرجەی ڕوو لە قیبلە بکا و سوجدە و ڕکوع بە تەواوی ببا، جا ئەگەر ئەوانە لە قیبلە لایاندا، واجبە نوێژکەرەکە بە زووترین کات خۆی بسوڕێنێتەوە لای قیبلە، بەڵام ئەگەر نەگونجا ڕوو لە قیبلە بکا، یان ڕووکنەکانی نوێژ تەواو بکا، ئەو کاتە واجبە: دابەزێ و نوێژ بکا، جا ئەگەر نەگونجا داببەزێ، دیسان واجبە: بە هەر شێوەیەک هەبێ، نوێژەکەی بکا و دوایی دووبارەی بکاتەوە (عن جابر رضی الله عنه: کان النبی ﷺ یسبح علی الراحلة... غیر أنه لایصلی علیها المکتوبة) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ بە سواری ووڵاغ نوێژی سوننەتی ئەکرد، بەڵام نوێژی واجبی لەسەر پشتی وڵاغ نەئەکرد. 
(واتە: چونکە سوجدە و ڕکووعی لەسەر ناگونجێ).


سەرچاوەکان



755 بینین