پشت بە خودا بەستن و پشت بە خۆ بەستن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-24-21:38:00 - کۆدی بابەت: 3669
پشت بە خودا بەستن و پشت بە خۆ بەستن

ناوه‌ڕۆك

پشت بەستن

قورئان و ڕینوێنییە ئیسلامیەکانی دیکە هانمان دەدەن پشت بە خودا ببەستین، لەکاتێکدا زانا و دەرونناسەکان مرۆڤ ڕێنوێنی دەکەن پشت بە خۆی ببەستێت، وە ئەمەیان بە یەکێک لە خەسڵەتە ئیجابیەکان لە قەڵەم داوە، بە جۆرێک کە لە ڕێی متمانە بەخۆبوون و پشت بەخۆبەستن مرۆڤ دەتوانێت ڕێگەی پڕ لە هەوراز و نشێوی ژیان ببڕێت و بە لوتکەی بەختەوەری بگات.
بە بڕوای دەرونناسەکان پشت بە خۆ بەستن بناغەی هەموو ڕزگاری پێشکەوتنێکە، بە پشت بە خۆ بەستن ئیرادەی مرۆڤ بەهێزدەبێت و بە پشت بەستن بە غەیری خۆیشی بێهێز و لاواز دەبێت. ئەو یارمەتیەی لە کەسانی دیکەوە پێی دەگات زۆرجار دەبێتە هۆی سست و خاوکردنەوەی مرۆڤ و وای لێدەکات لە هەوڵ و کۆشش بەردەوام نەبێت.
گەر بە ڕواڵەت سەیری ئەمە بکەین وا دەردەکەوێت کە پشت بەخۆ بەستن لەگەڵ پشت بە خودا بەستن ناکۆکە و لەگەڵ یەکدا کۆنابێتەوە، وە مرۆڤێک کە پشت بە خودا ببەستێت ئیتر ناتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و کارەکانی بداتە ئەو و چاوەڕێی کۆمەکی لێ بکات، یاخود پشت بە خۆی ببەستێت و هەوڵبدات خۆی ئەنجامیان بدات و پشت بە توانا و وزەکانی خۆی ببەستێت.

بەڵام ئەگەر تێگەیشتنێکی ڕاست و دروستمان بۆ پشت بە خودا بەستن هەبێت و جیای بکەینەوە لە پاڵدانەوە و تەمبەڵی و ناکارایی، وە وەک باس کرا دوای هەوڵی بەدەستهێنانی هۆکار و پێداویستیە ماددیەکان و فەراهەمکردنی مەرجەکانی سەرکەوتن بێت، وە پشت بە خۆ بەستنیش گەر بە پشت بەستنبە وزە و تواناکانی مرۆڤ خۆی بزانین، ئەوا هەموو خراپ تێگەیشتنێک لەم ڕووەوە لادەچێت، چونکە باوەڕدار باوەڕی وایە هەموو ئەو وزە و توانایەی بە مرۆڤ بەخشراون سەرچاوەکەی خودای گەورەیە و بۆ ئەوەش پێی داوە کە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و چاوی لەدەستی کەسانی دیکەوە نەبێت و سەربەرزانە بژی.

بەمجۆرە پشت بە خۆ بەستن نەک هەر لەگەڵ پشت بە خودا بەستن ناکۆک نابێت، بەڵکو دەبێت بە یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی ئەو و بەرەنجامەکانی و وای لێ دێت کە لە ڕێی سود وەرگرتن لەو وزە و توانایەی کە خودا پێی بەخشیوین، ئازایانە ڕووبەڕووی ژیان ببینەوە و هەوڵی سەرکەوتن بدەین نەک بە نیازی کەسانی دیکە پاڵی لێ بدەینەوە و بێدەسەڵات لێی بکەوین. کەواتە پشت بەخودا بەستن هێز و گورژمێکی گەورەتر دەدات بە پشت بە خۆ بەستنی مرۆڤ و ئەو هەستەی کە پێی وایە خودایەک هەیە کۆمەکی دەکات و دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت، هەستکردن بە هیز و گەورەیی زۆرتر لە مرۆڤدا دەڕوێنێت و وای لێدەکات زیاتر بڕوای بەخۆی و وزە و تواناکانی بێت و لە هەموو حاڵەتێکدا سوپاسی خودا بکات لەسەر دەسکەوت و سەرکەوتنەکان و لەسەر ناڕەحەتی و کۆسپەکانی ڕێگەش ئارامبگرێت و نەبەزێت و هەوڵبدات بەسەریاندا زاڵ بێت.

هەوڵدانی مرۆڤ

ئەم باسە یەکێکە لە گرنگترین باس و بابەتەکانی پەیوەست بە مەسەلەی پشت بەخودا بەستن و هەر لە ڕابردووەوە زانایان قسەی زۆریان لەسەر کردووە، ناوەڕۆکی مەسەلەکەش ئەوەیە کە داخۆ پشت بە خودا بەستن و کار سپاردن بە خودا و متمانەی دڵ بە کۆمەکی و ڕەحمەتی پەروەردگار، لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشان و نەخشە کێشان و سود وەرگرتن لە ئامڕاز و هۆکارە سروشتی و مادیەکان ناکۆکە؟
لە ڕاستیدا بە تێڕامان لە قورئان و ژیاننامەی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و هاوەڵان و شوێنکەوتوان و پیاوچاکان زۆر بە ئاسانی لەوە تێدەگەین کە نەخێر ئەم دوو شتە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ یەکدا ناکۆک نین، بەڵکو تەواوکەری یەکترن و هەریەکەیان باس لە ڕوویەکی کار و چالاکی مرۆڤی باوەڕدار دەکات. خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت: ((وَأَنْ لَيْسَ لِلْإِنْسَانِ إِلَّا مَا سَعَ)) النجم:٣٩، واتە: مرۆڤ جگە لە بەری هەوڵ و تێکۆشانی خۆی نابێت چاوەڕوانی هیچی دیکە بێت.
خودای گەورە سەبارەت بە پێغەمبەریش (د.خ) دەربارەی بەڕێوبردنی کاروبارەکان دەفەرموێت: ((... وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ ۖ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ ...)) ال عمران:١٥٩، واتە: ڕاوێژ بە هاوەڵانت بکە و مەسەلەکانیان لەگەڵدا تاوتوێ بکە دوای ئەو پڕؤسەیە و گوێ گرتن لە ڕا جۆراوجۆرەکان و باسکردن لە ئەگەرەکان و گەیشتن بە بڕیار، جا پشت بە خودا ببەستە، سەیردەکەین لێرەدا پشت بە خودا بەستن کەوتۆتە دوای دوو قۆناغ بۆ دروستکردنی بڕیارێکی ڕاست و دروست پێویستن، هەروەها پێغەمبەر (د.خ) لە وەڵامی پیاوێکدا کە گوتی: من وڵاخەکەم بەرەڵا دەکەم و پشت بەخودا دەبەستم، ئەو بۆچونە هەڵەیە دەربارەی پشت بەخودا بەستن بۆ ئەو و سەرجەم باوەڕداران ڕاست کردەوە و فەرمووی: (اعقلها ثم توکل علی اللە) واتە: بیبەستەرەوە ئینجا پشت بەخودا ببەستە. کەواتە هەستی پشت بەخودا بەستن جگە لەوەی لەناو دڵەوە هەڵدەقوڵێت لەناو جەرگەی هەوڵ و تێکۆشان و نەخشەکێشانیشەوە سەرچاوە دەگرێت.
چونکە خودای گەورە گەردونی بە گوێرەی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا (السنن الکونیة) بەڕێوەدەبات و بۆ کەس نایانگۆڕێت، بۆ نمونە: توانای سوتانی بە ئاگر بەخشیوە ئەم توانایەشی بۆ باوەڕداران و بێباوەڕان وەک یەک وایە، واتە هەروەک چۆن بێباوەڕێک دەسوتێت وەها باوەڕداریش دەسوتێنێت، تەنها بە وەسیتی خودا نەبێت، وەک بۆ پێغەمبەری خوا (ئیبراهیم) (د.خ) ئاگر ساردکرا.


سەرچاوەکان



7890 بینین