ئەدریناڵین چییە؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-19-04:34:00 - کۆدی بابەت: 3449
ئەدریناڵین چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ئەدریناڵین چییە؟

ئەدریناڵین یان ئیپینفرین (Epinephrine) ھۆڕمۆنێکە لەلایەن کڕۆکی ئەدریناڵەوە بەرھەمدەھێنرێت و بەهۆی تایرۆسینەوە(ترشی ئەمینی) دروست دەبێت كە كاردانەوەكانی مرۆڤ دەردەخات، دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی دەردانی ئەنسۆلین و لێدانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد دەکات.

كاتێك جەستە تووشی حاڵەتێكی لەناكاو دەبێتەوە وەك ترس یان دڵەڕاوكێ ئەوا ئەم هەستە دەگوازرێتەوە بۆ بەشێك بەناوی (ئەمیگداڵا) كە بەرپرسی دەرخستنی هەستەكانە، ئەگەر ئەم هەستە لەلایەن ئەمیگداڵاوە وەربگیرێت ئەوا دەنێردرێ بۆ بەشێك بەناوی هیپۆتالامۆس كە بنكەی بەڕێوەبردنی مێشكە و لەگەڵ تەواوی جەستە پەیوەندی هەیە.

دوای گەیاندنی پەیامەكە بۆ هیپۆتالامۆس ئەویش لەڕێگەی ڕژێنی هیپۆفیز پەیامە هەستەوەرەكان لەگەڵ ڕێڕەوی خوێن دەگوازێتەوە، كاتێك ڕژێنەكانی ئەدریناڵ ئەم پەیامەیان وەرگرت، ئیپینفرین دەردەدەن بۆ خوێن و ئەو هەستە دەگوازنەوە بۆ تەواوی جەستە.

چۆن ڕوودەدات؟

لەگەڵ دەردانی ئەدریناڵین بۆ خوێن ئەم شتانە ڕوودەدەن:

  • ئەدریناڵین لەگەڵ وەرگرەكانی سەر خانەكانی جگەر یەك دەگرێ تاوەكو پارچە گەورەكانی شەكر بەناوی گلایكۆجین بۆ بەشی بچووكتر پارچە بكات كە جەستە بتوانێت بەكاری بهێنێت، لە ئەنجامدا وزەی پێویست بۆ ماسولكەكانی جەستە پەیدا دەكرێت.
  • ئەدریناڵین لەگەڵ وەرگرەكانی سەر ماسولكەكان پەیوەست دەبێت و وادەكات وادەكات خێراتر هەناسە بدەیت.
  • ئەدریناڵین خانەكانی دڵ دەجوڵێنێت و وادەكات لێدانەكانی زیاتر و خێراتر بن.
  • ئەدریناڵین فشار لە ڕێڕەوەكانی خوێن دەكات و وادەكات خوێن زیاتر بگات بە ماسولكە سەرەكییەكان.
  • ئەدریناڵین خانەی ماسولكەكانی ژێر پێست پاڵ پێوەدەنێ و وادەكات پێست زیاتر ئارەق بكاتەوە.
  • ئەدریناڵین لەگەڵ دەرچەی گەدە پەیوەندی دەبێت و ڕێگری لە دەردانی ئەنسۆلین دەكات.

ئەم كاردانەوانە بە شێوەیەكی زۆر خێرا ڕوودەدەن كە مرۆڤ خۆی هەستی پێناكات، و وادەكات بەبێ ئەوەی خۆت بتەوێ كاردانەوەت بۆ شتەكان هەبێت بۆ پاراستنی خۆت بۆ نموونە خۆت لە ئۆتۆمبێلێك لابدەی بەبێ ئەوەی خۆت بتەوێت.

ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی دەردانی

  • بینینی فیلمی ترسناك
  • ترسان
  • پەڕەشوتەوانی
  • بازی بەرز
  • خۆهەڵدان لە بەرزی زۆرەوە
  • مەلەكردن لە قوڵایی
  • سواربوونی بەلەمی خێرا

نیشانەكانی چین؟

كاتێك ئەدریناڵین دەردەرێ هەندێك نیشانەی دیاری هەیە:

  • زیادبوونی لێدانی دڵ
  • ئارەق كردنەوە
  • زیادبوونی تەركیز
  • خێرا هەناسەدان
  • كەمبوونەوەی هەست بە ئازار
  • زیادبوونی هێز و توانا
  • گەورەبوونی پێڵووی چاوەكان
  • هەست بە توڕەیی و ڕق

دوای تەواوبوونی هۆكاری دەردانی ئەم هۆڕمۆنەش ئەم نیشانانە كەم دەبنەوە و بە گشتی ماوەی كاتژمێرێك دواتریش لەسەر مرۆڤ دەمێننەوە.


سەرچاوەکان



1810 بینین