کڕین و فرۆشتن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-02-20:24:00 - کۆدی بابەت: 4081
کڕین و فرۆشتن لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

کڕین و فرۆشتن

لەو ئاڵوگۆڕیانەی لە نێوان خەڵکدا هەنە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَأَحَلَّ اللَّهُ الْبَيْعَ وَحَرَّمَ الرِّبَا) خوای گەورە کڕین و فرۆشتنی حەڵاڵ کردووە و ڕیبای حەرام کردووە.

مەرجە بۆ حەڵاڵ بوونی کڕین و فرۆشتن، گفتوگۆیەک لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا ڕوو بدا کە ببێتە نیشانەی ڕازی بوونیان (قال النبی ﷺ: إنما البیع عن تراض) رواه ابن ماجه وابن حبان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کڕین و فرۆشتنێک هەبێ، ئەبێ لە ڕووی ڕەزامەندیەوە بێ.
بەڵام کۆمەڵێک لە زانایانی ئایینی ئەو فەرموودەیان هەڵبژاردووە کە ئەفەرمووێ: ئەو گفتوگۆیە پێویست نییە ئەگەر نیشانەیەکی تری ڕازی بوون هەبێ، بە تایبەتی لەو شتانەی نرخیان کەمە.

جۆرەكانی كڕین و فرۆشتن

کڕین و فرۆشتنەکان سێ جۆریان هەنە:

یەکەم: فرۆشتنی شتێکە کە لەبەرچاوی کڕیار و فرۆشیار بێ، یان لەمەوپێش دیتبێتیان، ئەو جۆرە کڕین و فرۆشتنە دروستە، وەک بڵێ: ئەم پەرتووکەم بە تۆ فرۆشت بە یەک دینار. ئەویش بڵێ: وا لێتم کڕی بە دینارێک، یان بڵێ: ڕازیمە.

دووەم: فرۆشتنی شتێکە کە لەبەرچاو نەبێ، بەڵام ناونیشانی بڵێ کە چەندە و چۆنە، ئەم جۆرە فرۆشتنە دروستە بەو مەرجەی شێوە و چەند و چۆنیەتی بێتەجێ، بەو جۆرەی باسی کردووە بەبێ کەم و کوڕی -ئەوە پێی دەگوترێ: (سلم)- وەک بڵێ: پێنج کیلۆ گەنمی قەندەهاریم بە تۆ فرۆشت بە پێنج دینار. کڕیارەکەش بڵێ: ڕازیمە، یان لێتم کڕی، ئەمەش پارەکەت بڕۆ بۆم بێنە.

سێیەم: فرۆشتنی شتێکە کە لەبەرچاو نەبێ و لە پێشدا نەیاندیتبێ، ئەم فرۆشتنە دروست نییە، چونکە فریودانی تێدایە (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: نهی رسول الله ﷺ عن بیع الغرر) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ قەدەغەی کردووە، هەر فرۆشتنێک فریودانی تێدا بێت.

پێویستە پارەکە و فرۆشراوە -لە کاتی کڕین و فرۆشتندا، یان لە پێشدا بە گوێرەی لێوەشانەوە- بدیترێن و چەند و چۆنیان بزاندرێ.


سەرچاوەکان



1448 بینین