پەشیمانبوونەوە لە کڕین و فرۆشتن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-04-12:16:00 - کۆدی بابەت: 4134
پەشیمانبوونەوە لە کڕین و فرۆشتن لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

پەشیمانبوونەوە لە کڕین و فرۆشتن چیە؟

پەشیمانبوونەوە سێ جۆرە:

یەکەم: پێی ئەگوترێ (خیار المجلس) پەشیمانبوونەوەی دانیشگا، کڕیار و فرۆشیار بۆیان هەیە پەشیمان ببنەوە لەو ماوەی کە لێک جیا نەبووبنەوە، بەو مەرجەی هەردوو لا نەڵێن: پەشیمانبوونەوەمان نەبێ. جا ئەگەر هەریەکێکیان گوتی: پەشیمانبوونەوەم نەبێ، تەنها هەر ئەو مافی پەشیمانبوونەوەی لەدەست دەچێت (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ: البیعان بالخیار مالم یتفرقا أو یخیر أحدهما الآخر) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کڕیار و فرۆشیار بۆیان هەیە پەشیمان ببنەوە تا لێک جیا ئەبنەوە، یان تا یەکێک بەوی تر ئەڵی: پەشیمانبوونەوە نەبێت.

دووەم: پێی ئەگوترێ (خیار الشرط) پەشیمانبوونەوەی مەرج، دروستە بۆ هەردوو لا کڕین و فرۆشتنەکە بکەن بە مەرجی پەشیمانبوونەوە تا سێ ڕۆژی تەواو، بەڵام لەوە زیاتر دروست نییە (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: قال النبی ﷺ لرجل: إذا بایعت فقل: لا خلابة، ثم أنت بالخیار فی کل سلعة ابتعتها ثلاث لیال) رواه البیهقی وغیره، پێغەمبەر ﷺ بە پیاوێکی فەرموو: کاتێ کڕین و فرۆشتنت کرد، بڵێ: فێڵبازی نییە. ئینجا تا ماوەی سێ شەوان مافی پەشیمانبوونەوەت هەیە.

ئەگەر پەشیمانبوونەوە بۆ هەردوولا هەبوو، قازانج و زەرەری فرۆشراوەکە لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژانەدا، ئەگەر بووە هی کڕیارەکە ئەوە هی كڕیارەکەیە، ئەگەر نا بۆ خاوەنەکەیەتی.

سێیەم: (خیار العیب) پەشیمانبوونەوەی کەم و کوڕی، هر کاتێک ئاشکرا بوو لە شتە فرۆشراوەکە، یان لە پارەکە (عیب) و کەموکوڕییەکی وەها کە پێش وەرگرتنی شتەکە هەبووبێ و لە نرخی کەم بکاتەوە، ئەوە کڕیارەکە بۆی دروستە بیگەڕێنێتەوە سەر خاوەنەکەی، هەروەها ئەگەر مەرجێکیش لە فرۆشراوەکەدا نەهاتە جێ، وەک بە مەرجی ئاوس کڕیبێتی و ئاوس نەبێ، هەر بۆی دروستە بیداتەوە.

ئەبێ گەڕاندنەوەی فرۆشراوەکە، یان هی پارەکە دەستبەجێ بێ و بەپەلە بێ، واتە ئەگەر گەڕاندنەوەکەی دواخست، یان شتەکەی بەکارهێنا، مافی گەڕاندنەوەی نامێنێ، کەوابوو با بەپەلە بیداتەوە دەست خاوەنەکەی، یان وەکیلی خاوەنەکەی، جا ئەگەر هیچیانی دەست نەکەوتن، با بیداتە دەست (قازی)، ئەگەر (قازی)ـش نەبوو، یان نەگونجا بیداتە دەست (قازی)، ئەبێ لای دوو شاهید بڵێ: ئەم کڕینەم هەڵوەشاندەوە. ئینجا دروست نییە شتەکە بەکار بهێنێ.

(عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: من اشتری شاة مصراة فهو بخیر النظرین بعد أن یحلبها: إن شاء أمسکها، وإن شاء ردها وصاعا من تمر) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کەسێک مەڕێکی کڕی کە بە فێڵ شیریان لەناو گوانەکاندا ڕاگرتبوو، با سەرپشک بێ، ئەگەر پێی خۆشە با بیهێڵێتەوە، ئەگەر نا، با بیداتەوە خاوەنەکەی لەگەڵ ساعێکی خورما.

پێش هەڵوەشاندنەوەی کڕین و فرۆشتنەکە، قازانج و زەرەری فرۆشراوەکە هی کڕیارەکەیە، قازانج و زەرەری پارەکەش هی فرۆشیارەکەیە (عن عائشة -رضي الله عنها-: عن النبی ﷺ: الخراج بالضمان) صححه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: بەرهەمی فرۆشراوەکە بۆ کڕیارەکەیە چونکە لە تۆڵەی ئەودایە.

ئەرکی گەڕاندنەوەی فرۆشراوەکە لەبەر هەر هۆیەک بێ، لەسەر کڕیارەکەیە تا ئەو شوێنەی لێی وەرگرتووە، ئەرکی گەڕاندنەوەی پارەکەش لەسەر فرۆشیارەکەیە.

هەر لایەنێک لەبەر هەر هۆیەک پەشیمان بۆوە، بەڵام بە شەرع مافی پەشیمانی نەبوو، سوننەتە لایەنەکەی تر یارمەتی بدا و لێی وەربگرێتەوە (عن أبی هریرة -رضي الله عنها-: قال النبی ﷺ: من أقال مسلما أقاله الله عثرته) رواه أبوداود، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەرکەسێک وەڵامی پەشیمانبوونەوەی موسوڵمانێک بداتەوە، خوای گەورە چاوپۆشی لە گوناهەکانی ئەکات.


سەرچاوەکان



930 بینین