نیشانە و چارەسەری فۆبیای تاریکی چییە؟

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-04-24-20:08:00 - کۆدی بابەت: 12677
نیشانە و چارەسەری فۆبیای تاریکی چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زۆرینەی خەڵکی ترسێکی ئاسایییان هەیە لە تاریکی، بەڵام ئایا تا ئێستا کەس بیری لە هەبوونی فۆبیای تاریکی کردووەتەوە؟ واتای چییە؟ نیشانەکانی چین؟ هۆکاری تووشبوون بەو حاڵەتە چییە؟ هەروەها چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و چارەسەر بکرێت؟ لەم بارەیەوە و زیادتر لەم بابەتەدا دەخرێتە ڕوو.

فۆبیای تاریکی یان نیکتۆفۆبیا (بە عەرەبی: فوبيا الظلام، بە ئینگلیزی: Nyctophobia) بە هەستکردن بە ترسێکی زۆر و تۆقین لە تاریکی ناسراوە. کۆمەڵێک لە زانایان تێبینی ئەوەیان کردووە کە تاریکی دەتوانێت ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی لەپڕ لەناو مێشکدا، کە دەبێتە هۆی دەردانی کۆمەڵە مادەیەکی کیمیایی و یارمەتی کەسەکە دەدات بتوانێت بەسەر ترس و دڵەڕاوکێکەیدا زاڵ ببێت؛ زۆر لە خەڵکی دەتوانن ئەم دڵەڕاوکێ زۆرە جڵەو بکەن، بەڵام هەندێک لە خەڵکی ناتوانن. بەڵكوو مێشكیان ئەم دڵەڕاوکێیە گەورە دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست ئاستی ترسەکە زیاد بکات. فۆبیای تاریکی دۆخێکی دەروونیی گرنگە و لەوانەیە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای مرۆڤەکە بۆ وەڵامدانەوە و هەڵسوکەوتی دەستبەجێ و کاریگەر.

نیشانەکانی فۆبیای تاریکی چین؟

ئەو نیشانانەی لە ئەنجامی هەبوونی فۆبیای تاریکییەوە دەردەکەون تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی نیشانەکانی جۆرە فۆبیاکانی ترن. ئەو کەسەی ئەم حاڵەتەی هەیە بە دەست ترسێکی زۆرەوە لە تاریکی دەناڵێنێت کاتێک لە شوێنێکی تاریکدایە. هەروەها ئەم نیشانانە دەکرێت کار بکەنە سەر چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی، وەکوو ئەرکەکانی ماڵەوە یاخوود تەنانەت چوون بۆ ئیشیش. لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە ببنە هۆی دروستبوونی کێشەی تەندروستی. نیشانەکان کاتێک دەردەکەون کە کەسەکە لە شوێنێکی تاریکدا بێت یان تەنانەت کاتێک کەسەکە بیریش لەوە بکاتەوە کە ڕووبەڕووی تاریکی ببێتەوە؛ نیشانەکانی تێدا دەردەکەون. بە شێوەیەکی گشتی نیشانەکان بریتین لە:

نیشانە جەستەیییەکان؛ بریتین لە:

  • قورس بوونی هەناسەدان.
  • خێرا لێدانی دڵ.
  • ئارەق کردنەوە.
  • ناڕەحەتی گەدە.
  • سەرگێژخواردن.
  • ئازار و تووند بوونی سنگ.
  • شەپۆلی سەرما یان گەرما بە جەستەی کەسەکەدا تێپەڕ دەبێت.
  • لەرزین.

نیشانە هەستەکییەکان؛ بریتین لە:

  • هەستکردن بە دڵەڕاوکێ و تۆقینێکی زۆر.
  • ویستێکی بەهێز بۆ بە جێ هێشتنی دۆخەکە.
  • هەستکردن بەوەی لە کەتوار (واقیع) و جەستەی خۆت دادەبڕێیت.
  • هەستکردن بەوەی جڵەوی خۆت و مێشکت لە دەست دەدەیت.
  • هەستکردن بەوەی لە ترساندا ناتوانیت بجووڵێیت.
  • هەستکردن بەوەی کە خەریکە دەمریت یان بێهۆش دەبیت.

نیشانەکانی حاڵەتە ڕوژد و مەترسیدارەکانی فۆبیای تاریکی؛ بریتین لە:

  • هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە ژوورە تاریکەکان.
  • هەمیشە مانەوە لە ماڵەوە لە کاتی شەواندا.
  • تووڕەبوونێکی زۆر کاتێک کەسێک هانیان دەدات یان زۆریان لێ دەکات لە ژوورێکی تاریکدا بمێننەوە.

چی دەبێتە هۆی فۆبیای تاریکی؟

لە زۆربەی دۆخەکاندا، لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تاریکیدا بە شێوەیەکی خۆڕسکانە ئەم فۆبیایە پەرەدەسەنێت. ئەم ترسە لەوانەیە بە شێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەندی بە تاریکییەکەوە نەبێت؛ بەڵکوو لەوانەیە پەیوەندی بەو مەترسییانەوە بێت کە لە تاریکییەکەدا هەن. هەستکردن بە لەدەستدانی پارێزراوی و متمانە لە کەشێکی تاریکدا لەوانەیە ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە پەرەسەندنی ئەم جۆرە فۆبیایەدا، بە تایبەتی ئەگەر ئەو کەسەی فۆبیاکەی هەیە هەستی بە ترسێکی زۆر کرد کاتێک بە تەنیا لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا بوو.

فۆبیای تاریکی زۆربەی کات لە تەمەنی منداڵییەوە سەر هەڵ دەدات؛ لە نێوان تەمەنی سێ بۆ شەش ساڵی و لەوانەیە ئەم ترسە بەشێکی سروشتی بێت لە گەشتی گەشەی منداڵەکە. ئاسایییە بۆ منداڵێک لەم تەمەنەدا کە لە ڕۆحیانەت، خێو، بە تەنیا خەوتن لە ژوورەکەیدا و دەنگی نامۆ بترسێت. خەوتن لەبەر ڕووناکییەکی کزدا لە شەواندا یارمەتی زۆرێک لە منداڵان دەدات بەسەر ترسەکەیاندا زاڵ ببن، بەڵام ئەگەر ئەم ترسە وا بکات منداڵەکە نەتوانێت بخەوێت و ببێتە هۆی تۆقین و دڵەڕاوكێ، یاخوود دوای گەورەبوونیش بەردەوام بێت؛ واتای ئەوەیە ئەم کەسە فۆبیای لە تاریکی هەیە. هەروەها چەند هۆکارێکی تریش هەن بۆ تووشبوون بەم حاڵەتە:

  • دایبابەکە بە بەردەوامی نیگەران بن. لەمەشەوە منداڵەکە فێری ئەوە دەبێت بەردەوام بترسێت؛ بە تێڕوانینی بۆ دڵەڕاوکێ بەردەوامەکەی دایک و باوکی.
  • دایبابەکە زۆر پارێزەر بن. هەرچەندە ڕۆڵی دایک و باوک لە پاراستنی منداڵەکانیاندا پێویستە، بەڵام زیاد لە پێویست پاراستن وا دەکات منداڵەکە تووشی دڵەڕاوکێی گشتی ببێت و وا هەست بکات بێ دەسەڵاتە و ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات.
  • ڕووداوانێک لە ڕابردوودا ڕوویان دابێت، وەکوو ئازاردانی جەستەیی یان هەر ڕووداوێکی تر کە وای لە منداڵەکە کردبێت تووشی دڵەڕاوکێ ببێت.
  • لە هەندێک منداڵدا، بۆهێڵەکان (بۆماوەیی) ڕۆڵیان هەیە لە پەرەسەندنی فۆبیای تاریکی.

فۆبیای تاریکی و تێكچوونی خەو

هەموو جۆرەکانی فۆبیا پەیوەندییەکی نزیکیان بە تێكچوونی خەوەوە هەیە و گرنگترین تێكچوونی خەویش بێخەوییە. لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر خوێندکارانی زانکۆ ئەنجام دراوە ئەوەی دەرخستووە کە ئەو خوێندکارانەی بە دەست بێخەوییەوە دەناڵێنن بە نزیکەیی نیوەیان فۆبیای تاریکییان هەیە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا، لێکۆڵەران لە ئاستی وەڵامدانەوەی خوێندکارەکان بۆ ژاوەژاویان کۆڵیوەتەوە کە ژاوەژاوەکە بەهۆی ڕووناکی و تاریکییەوە دروست بووە. ئەو کەسانەی کێشەی خەوتنیان هەبووە بە ئاسانی بەو ژاوەژاوانە تێكچوون کە بەهۆی تاریکییەوە بووە بە بەراورد بە خوێندکارەکانی تر.

چۆن فۆبیای تاریکی چارەسەر دەکرێت؟

چەندین چارەسەر هەن بۆ ڕزگاربوون لە فۆبیای تاریکی، و هەندێك ستراتیجی هەن یارمەتیدەرە بۆ چارەسەر کردنی لە ماڵەوە، کە بریتین لە:

  • بەکارهێنانی هەندێک ڕستە کە ترس و دڵەڕاوکێ کەم دەکەنەوە: ئەو کەسەی کە ئەم فۆبیایەی هەیە دەتوانێت لە بەکار‌هێنانی ڕستەیەکدا ئاسوودەیی بدۆزێتەوە کە ئارامی بکاتەوە و ئەو دڵەڕاوکێیە کەم بکاتەوە کە بەدەستییەوە دەناڵێنێت، وەکوو "من لە دۆخێکی سەلامەتدام و تاریکییەکە تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێم ناکات".
  • پشتبەستن بە هەناسەدانی قووڵی ئارام بۆ ئارام بوونەوەی مێشک: ئەم ڕێگایە بریتییە لە هەناسەدان بە لووت و کردنە دەرەوەی لە ڕێگەی دەمەوە، بە هەناسەی قووڵ و هێواش کە دەبێتە هۆی باشترکردنی خەوتن لە شەوانیشدا.
  • سەرنج خستنە سەر لایەنی ئەرێنی لەناو تاریکیدا: بۆ وێنە، بیرکردنەوە لەو کەسەی کە خۆشت دەوێت یان شوێنێک کە حەز بکەیت سەردانی بکەیت. ئەم ڕێگەیە یارمەتی دەرە بۆ دوورکەوتنەوە لەو هەستە نەرێنییانەی پەیوەستن بە تاریکییەوە.
  • پشت بەستن بە ئارامکردنەوەی پلە بە پلەی ماسولکەکان: ئەم شێوازە پێکدێت لە پاڵکەوتن یان دانیشتن، پاشان جەستەت گرژ دەکەیت و هەر جارەی کۆمەڵە ماسولکەیەک ئارام دەکەیتەوە، بۆ نموونە ماسولکەکانی سنگ و سمت و هتد...

هەرچەندە ئەو ستراتیجییانەی پێشتر دەتوانێت یارمەتی بەشێکی زۆر لە خەڵكی بدات بۆ زاڵ بوون بەسەر ترسەکەیاندا لە تاریکی، بەڵام لەوانەیە بۆ کەسانی تر کاریگەری نەبێت. بژاردەکانی چارەسەری تر بۆ فۆبیای تاریکی پێکدێن لەمانەی خوارەوە:

  • چارەسەری ڕەفتاریی ژیری: ئەم چارەسەرە لەسەر بنەمای گەنگەشەکردنی ترسەکانی کەسەکە لەگەڵ شارەزایەکی بواری دەروونیدا کار دەکات. کە یارمەتی کەسەکە دەدات لەو بیرکردنەوانە تێ بگات کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ لەو کاتەی ڕووبەڕووی تاریکی دەبێتەوە و یارمەتی دەدات ڕێکیان بخات.
  • بەرکەوتن: چارەسەرکاریی بەرکەوتن پێشنیار دەکرێت بۆ ئەو کەسەی کە فۆبیای هەیە؛ بە شێوەیەک کە کەسە تووشبووەکە بەر تاریکی دەکەوێت (دەخرێتە ژوور و کەشێکی تاریکەوە) بە شێوازێکی پلە بە پلە، ئەمەش ڕۆڵێكی کاریگەری هەیە لە کەمکردنەوە پلە بە پلەی ئەو دڵەڕاوکێیەی بەهۆی تاریکییەوەیە.
  • دەرمان: هەندێک دەرمان دەتوانرێت بە کاربهێنرێت وەکوو چارەسەری کاتی بۆ دڵەڕاوکێی پەیوەست بە فۆبیای تاریکییەوە، یاخوود بەو واتایەی یارمەتی خەوتنی کەسەکە بدات. بەڵام بە تەنها بەم دەرمانانە ناتوانرێت چارەسەری فۆبیای تاریکی بکرێت.


سەرچاوەکان



196 بینین