خێرا لێدانی دڵ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-11-08-22:01:00 - کۆدی بابەت: 11611
خێرا لێدانی دڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خێرا لێدانی دڵ (بە ئینگلیزی: Fast heartbeat or tachycardia، بە عەرەبی: سرعة ضربات القلب) تاکیکاردیا زاراوەیەکی پزیشکیە بۆ خێرا لێدانی دڵ بەکاردێت، ئەوکاتەی لێدانی دڵ بگاتە سەد لێدان لە خولەکێکدا. زۆرێک لە جۆرەکانی لێدانی ناڕێکی دڵ (arrhythmias) دەتوانن ببنە هۆی تاکیکاردیا واتا خێرا لێدان دڵ.

لێدانی دڵ بەشێوەیەکی ئاسایی لە خولەکێکدا ٦٠ بۆ ١٠٠ لێدانە. کاتێک دڵ زۆر خێرا لێدەدات، کاتی ئەوەی نابێت کە سکۆڵەکان پڕبن لە خوێن لە نێوان لێدانەکاندا. هەربۆیە ئەمە لەوانەیە مەترسیدار بێت ئەگەر دڵ نەتوانێت خوێن و ئۆکسجینی پێویست بۆ هەموو خانەکان دابین بکات. دڵ بە شێوەیەکی ئاسایی وەڵامی ئاماژە کارەباییەکان دەداتەوە لە گرێی گیرفانی گوێچکەڵەیی (SA) ی دڵ. ئەم نیشانانە کۆنترۆڵی ئەوە دەکەن کە چەند جار دڵ لێدەدات کاتێک کە ترسێک هەبووە یان زۆر هەستیاربوون یان دڵەڕاوکێ هەبووە، یان لە کاتی وەرزشکردن، لەوانەیە دڵ بۆ ماوەیەکی کورت زیاتر ئاماژە بنێرێت.

جۆرە جیاوازەکانی خێرا لێدانی دڵ دەتوانن بە بەردەوامی بگەڕێنەوە و لەوانەیە جدیتر بن. لێدانی خێرای دڵ هەمیشە جێی نیگەرانی نییە. بۆ نموونە، لێدانی دڵ بە شێوەیەکی ئاسایی بەرز دەبێتەوە لە کاتی وەرزشکردن یان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فشاری دەروونی. خێرا لێدانی دڵ لەوانەیە هیچ نیشانە و ئاڵۆزییەک دروست نەکات. بەڵام ئەگەر چارەسەر نەکرێت، هەندێک لە جۆرەکانی خێرا لێدانی دڵ لەوانەیە ببنە هۆی کێشەی تەندروستی گەورە، لەوانە شکستی دڵ، جەڵتە یان مردنی کتوپڕی دڵ.

چارەسەری خێرا لێدانی دڵ دەکرێت پلانی پزیشکی دیاریکراو، دەرمان، نەشتەرکاری دڵ یان نەشتەرکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی لێدانی خێرای دڵ لەخۆبگرێت.

خێرا لێدانی دڵ چەند باوە؟

نزیکەی دوو ملیۆن ئەمەریکی تووشی خێرا لێدانی دڵ دەبن و ساڵانە نەوەد هەزار کەسی دیکە تووشی نەخۆشی دڵ دەبن. ساڵانە نزیکەی ١٨٤ هەزار بۆ ٤٥٠ هەزار ئەمریکی بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە دەمرن کە بەشێوەی مردنی کتوپڕی دڵ دەردەکەوێت.

جۆرەکانی

چەندین جۆری جیاواز لە خێرا لێدانی دڵ هەیە. یەکێک لە جۆرەکانی ئاساییە و نیشانەی گرفتی تەندروستی نییە، بەڵام جۆرەکانی تری بەهۆی ناڕێکی و کێشە لە لێدانی دڵەوە دروستبوون.

خێرا لێدانی دڵ لە جیوبەکان، سینۆس تاکیکاردیا (Sinus tachycardia): ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەیەکی ئاسایی لێدانی دڵ کە زۆرجار بەهۆی وەرزش یان فشاری دەروونییەوە دروست دەبێت.

جۆرەکانی تری خێرا لێدانی دڵ بەگوێرەی ئەو بەشەی دڵ کە بەرپرسیارە لە لێدانی خێرای دڵ و هۆکارەکەی پێناسەکراوە. جۆرە باوەکانی خێرا لێدانی دڵ کە بەهۆی لێدانی ناڕێکی دڵەوە دروست دەبێت (arrhythmias) بریتین لە:

خێرا لێدانی دڵ لە نزیک و سەرەوەی سکۆڵەکان (SVT or Supraventricular tachycardia): زاراوەیەکی فراوانە کە بریتییە لە ناڕێکی و خێرا لێدانی دڵ لە سەرووی سکۆڵەکانەوە دەست پێدەکات واتا گوێچکەڵەکان، کاتێک کێشە لە نیشانە کارەباییەکان هەن لەم ناوچانەدا. نەخۆشی خێرا لێدانی دڵی سەروو سکۆڵەکان دەبێتە هۆی حاڵەتەکانی دڵە کوتە کە لەناکاو دەست پێدەکات و کۆتایی دێت.

خێرا لێدانی دڵی سەروو سکۆڵەکان دابەش دەبێت بۆ ئەم چەند جۆرە:

  • ڕاتەکاندنی ماسولکەکانی گوێچکەڵەی دڵ (Atrial fibrillation): ئەمە باوترین جۆری خێرا لێدانی دڵە. ئاماژە کارەباییە ناڕێکەکان لە ژوورەکانی سەرەوەی دڵ دەبنە هۆی لێدانی خێرای دڵ. لەوانەیە A-fib کاتی بێت، بەڵام هەندێک جار کە ڕوودەدات کۆتایی نایەت تا چارەسەر دەکرێت.
  • پلە پلکردنی گوێچکەڵەکانی دڵ (Atrial flutter): لێدانی دڵ لێرەدا هاوشێوەی ئەو لێدانەی دڵە کە لە A-fibدایە، بەڵام لێدانی دڵ ڕێکخراوە. لەوانەیە جارەکانی پلەپلکردنی گوێچکەڵەکانی دڵ خۆیان تێپەڕن و نەمێننت دەشکرێت پێویستیان بە چارەسەر هەبێت. ئەو کەسانەی ئەم گرفتەی لێدانی دڵیان هەیە هەمیشە لەگەڵیدا ڕاتەکاندنی ماسولکەکانی گوێچکەڵەی دڵیشیان هەیە.
  • نۆرەکردنی خێرا لێدانی دڵی گوێچکەڵەیی (Paroxysmal atrial tachycardia): ئەم جۆرەیان لێدانی خێرای دڵ بەهۆی ناردنی نیشانەی کارەبایی زۆرەوە دەبێت لە گوێچکەڵەکانەوە بۆ سکۆڵەکان.

خێرا لێدانی دڵ لە سکۆڵەکانی دڵ (Ventricular tachycardia): ئەم جۆرەی خێرا لێدانی دڵ لە ژوورەکانی خوارەوەی دڵ دەست پێدەکات واتا سکۆڵەکان (Ventricles). لێدانی خێرای دڵ ڕێگە بە سکۆڵەکان نادات بۆ پڕکردنەوە و پەستاندن بە مەبەستی پاڵنانی خوێنی پێویست بۆ لەش.

ئەم جۆرەشیان دابەشدەبێتەوە بۆ دوو جۆری تر کە بریتین لە:

  • خێرا لێدانی دڵ لە سکۆڵەکانی دڵ (Ventricular tachycardia): لەم جۆرەدا سکۆڵەکان زۆر  بەخێرایی پاڵ بەخوێنەوە دانێن. لەوانەیە جارەکانی تووشبوون بە خێرا لێدانی دڵ لە سکۆڵەکاندا کورت بێت و تەنها چەند چرکەیەک بخایەنێت بەبێ ئەوەی زیانی هەبێت. بەڵام ئەو جارەت کە زیاتر لە چەند چرکەیەک دەخایەنێت لەوانەیە مەترسیدار بێت و کاریگەری بکاتە سەر ژیانی کەسەکە.
  • ڕاتەکاندنی ماسولکەکانی سکۆڵەکانی دڵ (Ventricular fibrillation): ئاماژە کارەباییە شێواوە خێراکان دەبنە هۆی ئەوەی کە سکۆڵەکان لەرزین بکەن لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی ڕێکخراو پاڵنانی خوێن بکەن. ئەم کێشەیە لەوانەیە ببێتە هۆی مردن ئەگەر لێدانی دڵ لە ماوەی چەند خولەکێکدا نەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی. زۆربەی ئەو کەسانەی کە ڕاتەکاندنی ماسولکەکانی سکۆڵەکانی دڵیان هەیە بەهۆی بوونی نەخۆشی ترەوەیە بۆ نموونە لەوانەیە نەخۆشی دڵیان هەبێت یان ئەزموونی کارەساتی گەورەیان کردبێت، وەک ئەوەی بەهۆی هەورە بروسکەوە یان بەهۆی کارەباوە بووبنە قوربانی.

نیشانەکانی

کاتێک دڵ زۆر بە خێرایی لێدەدات، دەکرێت خوێنی پێویست بۆ تەواوی لەش پاڵنەنرێت. لە ئەنجامدا، ئەندامەکان و شانەکان ئۆکسجینی پێویست وەرناگرن.

بە شێوەیەکی گشتی، خێرا لێدانی دڵ دەتوانێت ببێتە هۆی ئەم نیشانانەی خوارەوە:

  • هەستکردن بە پێشبڕکێ، لێدانی نائاسایی دڵ یان لێدان لە سنگ (دڵە کوتێ)
  • ئازاری سنگ
  • بورانەوە (syncope)
  • سەر سووکبوون
  • تەوژمی خێرای خوێنبەرەکان
  • هەناسە کورتی

بەبێ چارەسەر، هەندێک جۆری خێرا لێدانی دڵ دەکرێت ببنە هۆی:

  • خوێن مەین
  • جەڵتە
  • وەستانی دڵ

هەندێک لەو کەسانەی کە گرفتی خێرا لێدانی دڵیان هەیە دەکرێت هیچ نیشانەیەکیان نەبێت. لەم کاتەدا حاڵەتەکە دەدۆزرێتەوە کاتێک پشکنینی جەستەیی یان پشکنینی دڵ لەبەر هۆکارێکی تر ئەنجام دەدرێت بۆ کەسەکە.

چی کاتێک سەردانی پزیشک بکەیت؟

چەند شتێک هەن کە دەتوانن ببنە هۆی لێدانی خێرای دڵ (tachycardia). ئەگەر هەستت بەوە کرد کە دڵت زۆر بە خێرایی لێدەدات، ئەوا چاوپێکەوتنێک ئەنجام بدە بۆ بینینی چاودێری تەندروستی.

بەدوای یارمەتی پزیشکی دەستبەجێدا بگەڕێ ئەگەر هەستت بە هەناسەت کورتی، لاوازبوون، سەرگێژبوون، سەر سووکبوون، هەستکردن بە بێهۆشبوون، یان نزیکە بێهۆشبوون، ئازاری سنگ و ناڕەحەتی کرد.

جۆرێک لە خێرا لێدانی دڵ کە پێی دەوترێت ڕاتەکاندنی ماسولکەکانی سکۆڵەکانی دڵ، دەتوانێت ببێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن بە شێوەیەکی بەرچاو. لەوانەیە ئەمە لە چەند چرکەیەکدا ڕوو بدات. دواتر دەکرێت بەزوویی هەناسەدان و لێدانی دڵی کەسەکە بوەستێت. ئەگەر ئەمە ڕوویدا، ئەمانەی خوارەوە بکە:

ئەگەر خۆت یان کەسێکی نزیک بە باشی ڕاهێنراون لە CPR، دەست بکە بە CPR. CPR دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە هێشتنەوەی لێشاوی خوێن بۆ ئەندامەکان تا ئەو کاتەی شۆکی کارەبایی بۆ کەسەکە ئەنجامدەدرێت. ئەگەر تۆ ڕاهێنانت لە CPR نەکردووە یان نیگەرانیت لە پێدانی هەناسەی ڕزگارکردن، ئەوا تەنها CPR ئەنجام بدە بە دەستەکانت، بە توندی و بە خێرایی لەسەر ناوەندی سنگ پاڵ بنێ بە ڕێژەی ١٠٠ بۆ ١٢٠ پەستان لە خولەکێکدا تا ئەو کاتەی پزیشکەکان دەگەنە شوێنەکە و دەتوانن چاودێری پزیشکی بۆ کەسەکە ئەنجامدەن.

ئەگەر ئامێرێکی دەرەکی ئۆتۆماتیکی شۆکی کارەبایی (AED) لە نزیکەوە بەردەست بوو، ئەوا با کەسێک ئامێرەکەت بۆ دەست بخات و پاشان ڕێنماییەکان جێبەجێ بکە. AED ئامێرێکی دڵ لێدانە کە دەتوانێت شۆکێک بگەیەنێت بە ڕێکخەرەکانی لێدانی دڵ بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی لێدانی دڵ. هیچ ڕاهێنانێک پێویست نییە بۆ بەکارهێنانی ئامێرەکە. ئامێرەکە بەرنامەی بۆ دانراوە بۆ ئەوەی شۆکێک بدات تەنها لە کاتی گونجاودا.

چی شتێک کاردەکاتە سەر خێرا لێدانی دڵ؟

خێرا لێدانی دڵ لە نزیک و سەرەوەی سکۆڵەکان واتا خێرا لێدانی دڵی گوێچکەڵەیی دەکرێت کاریگەر بێت Lە:

  • منداڵان، بەتایبەتی ئەوانەی کە دڵەڕاوکێیان هەیە.
  • ئەو کەسانەی کە زۆر ماندوون یان زۆر خواردنەوە کحولییەکان یان کافاین دەخۆنەوە.
  • ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن زۆر.

خێرا لێدانی دڵ لە سکۆڵەکانی دڵ و ڕاتەکاندنی ماسولکەکانی سکۆڵەکانی دڵ دەکرێت کاریگەربن بە:

دەستنیشانکردن و پشکنین

کارمەندی چاودێری تەندروستی داوای مێژووی پزیشکی دەکات و پشکنینی جەستەیی ئەنجام دەدات. هەروەها دەکرێت داوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێک بکات.

چی شکنینێک ئەنجام دەدرێت بۆ دەستنیشانکردنی خێرا لێدانی دڵ؟

کارمەندی چاودێری تەندروستی دەتوانێت چەند پشکنینێک بەکاربهێنێت بۆ دەستنیشانکردنی خێرا لێدانی دڵ، لەوانە:

- هێڵکاری لێدانی دڵ (ECG)

- ڕووێنەی دڵ

- تاقیکردنەوەی خشتەی لارکردنەوە

- تاقیکردنەوەی سترێس

- پشکنینی فیسیۆلۆجی کارەبایی دڵ

- سۆنەری دڵ

بەڕێوەبردن و چارەسەر

چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت؟

چارەسەرەکانی خێرا لێدانی دڵ دەگۆڕێن بەپێی جۆرەکەی. چارەسەری خێرا لێدانی دڵی گوێچکەڵەیی (خێرا لێدانی دڵی سەروو سکۆڵە) بریتین لە:

  • ماساژ یان ئەو تەکنیکە ڕاهێنانیانەی کارمەندی تەندروستی لە سەردانی کلینیکی پزیشکدا بۆت ئەنجامدەدات.
  • زیاتر خەوتن
  • خواردنەوەی کحولی کەمتر یان کافاین
  • دەرمان
  • دانانی شۆکی کاربایی دڵ
  • ئەنجامدانی نەشتەرکاری

چارەسەری کێشەکانی نۆرە لێدانی دڵی گوێچکەڵەیی بریتین لە:

  • دەرمان
  • دانانی شۆکی کارەبایی دڵ
  • ئەنجامدانی نەشتەرکاری

چارەسەری کێشەکانی خێرا لێدانی دڵی سکۆڵەیی بریتین لە:

  • دانانی شۆکی کاربایی دڵ
  • ئەنجامدانی نەشتەرکاری
  • چاندەوەی ئامێری دڵ بۆ نموونە چاندنەوەی گرێ گوێچکەڵە سکۆڵە (ICD)

لەوانەیە کارمەندی چاودێری تەندروستی پێت بڵێت کە خواردنەوەی کافاین یان کحول کەم بکەیتەوە کاتێک خێرا لێدانی دڵت هەیە.

دەرمان

پزیشک دەکرێت چەند دەرمانێک بنووسێت وەک چارەسەرییەک بۆ خێرا لێدانی دڵ کە ئەوانیش بریتین لە:

  • ڕێگرەکانی بێتا
  • ڕێگری جۆگەی کالسیۆم
  • دەرمانی دژە ناڕێکی لێدانی دڵ
  • دژە خوێن مەین یان تەنککەرەوەکانی خوێن (لە حاڵەتی خێرا لێدانی دڵ بەهۆی ڕاتەکاندنی گوێچکەڵەکان).


سەرچاوەکان



1552 بینین