جیهان سادات

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-26-16:28:00 - کۆدی بابەت: 12991
جیهان سادات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیهان سەفوەت ڕەئووف ناسراو بە جیهان سادات (بە عەرەبی: جيهان السادات، بە ئینگلیزی: Jehan Sadat) ژنی ئەنوەر ساداتی سێیەم سەرۆک کۆماری میسر بوو، یەکەمین خانمی یەکەمی وڵاتی میسر بوو کە لە فەرمانگەی گشتی کاری کردووە و وازی لە کارەکەی نەهێناوە، وانەبێژ و مامۆستای زانکۆ بووە، لە ماوەی بوونی بە خانمی یەکەمی میسر ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لەسر مێردەکەی و گۆڕانکاری لە چەند یاسایەکی میسری کردووە کە بە "یاسای جیهان" ناسراو بوون،  لە سەردەمی هاوچەرخ لە میسر یاساکانی  بەکاردەهێنرێن.

زانیاری گشتی

ناو  جیهان سەفوەت ڕەئووف
ساڵی لەدایکبوون ساڵی ١٩٣٣، قاهیرە
ڕەچەڵەک میسری
ئایین  ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی سوننە
هاوسەر ئەنوەر سادات
پیشە  مامۆستا و وانەبێژی زانکۆ
نازناو خانمی یەکەمی میسر، بێوەژنەکەی سادات، جیهان سادات
کۆچی دوایی  ساڵی ٢٠٢١، قاهیرە

ژیاننامەی

جیهان سەفوەت ڕەئووف لە ساڵی ١٩٣٣ لە قاهیرە لەدایکبووە، باوکی ڕەچەڵەکی میسری بووە و مامۆستای زانکۆ بووە و خاوەن ڕەگەزنامەی بەریتانی بووە، دایکی بە ڕەچەڵەک بەریتانی بووە و باوکی کاتێک خوێندکار بووە لە وڵاتی بەریتانیا هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە، جیهان سێیەمین منداڵی خێزانەکەی بووە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە نێردراوەتە بەر خوێندن و زمانی ئینگلیزی زانیوە.

بڕوانامەکانی

  • لە ساڵی ١٩٧٧ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی قاهیرە بەدەستهێناوە.
  • لە ساڵی ١٩٨٠ بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبی بەراورد لە زانکۆی قاهیرە بەدەستهێناوە.
  • لە ساڵی ١٩٨٦ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی بەراورد لە زانکۆی قاهیرە بەدەستهێناوە، پلەی دکتۆراکەی لە کۆلێجی ئاداب وەرگرتووە و لەلایەن خانمە نووسەری ناوداری ئەوکاتە "دکتۆرە سوهەیر قەلماوی" سەرپەرشتی کراوە.

ژیانی خێزانی و هاوسەرگیری

جیهان بۆ یەکەم جار لە ناوچەی سویس لە ساڵی ١٩٤٨ لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا ئەنوەر ساداتی ناسیوە و بوونەتە ئەوینداری یەکتر، سەرباری ئەوەی ئەنوەر هاوسەردار بووە و خاوەن سێ کچ بووە و جیاوازی تەمەنیان زۆر بووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٩ جیهان و ئەنوەر سادات هاوسەرگیرییان کردووە کە ئەو کاتە ئەنو‌ەر سادات تەنیا سەربازێک بووە و هیچ پۆستێکی دیار و باڵای نەبووە، بەڵام چالاکوانی سیاسی بووە و چەند جارێک زیندانی کرابوو، بۆیە بەهۆی جیاوازی تەمەنیان و چالاکییە سیاسییەکانی ئەنوەر سادات و بوونی منداڵ و هاوسەری یەکەمی تاڕادەیەک خێزانی جیهان لەسەر هاوسەرگیرییەکە ڕەزامەند نەبوون.
دوای هەوسەرگیریان ئەنوەر سادات لە ژنی یەکەمی جیاببووەوە.

جیهان و ئەنوەر بوونە خاوەن سێ کچ و کوڕێک، جیهان دوای هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ ئەنوەر سادات نازناوی ساداتی وەرگرت و هەر بە جیهان سادات ناسرا. ماوەی هاوسەرگیرییەکەیان نزیکەی ٣٢ ساڵی خایاند و بە تیرۆرکردنی ئەنوەر سادات کۆتایی هات، دوای کۆچی دوایی ئەنوەر سادات، جیهان هەرگیز هاوسەرگیری نەکردەوە و هەر بە "بێوەژنەکەی سادات" ناسرا.

ئەزموونی وەکوو خانمی یەکەمی میسر

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٠ ئەنوەر سادات وەکوو سێیەم سەرۆک کۆماری میسر هەڵبژێردرا جیهان ساداتیش بووە خانمی یەکەمی میسر، جیهان بەشداری زۆرێک لە چالاکییە سیاسییەکانی ئەنوەر ساداتی هاوسەری کردووە، لە دەسپێکی شۆڕشی تەممووزی ساڵی ١٩٥٢ تاکوو تیرۆرکردنی لە ساڵی ١٩٨١. جیهان سادات لە مێژووی وڵاتی میسردا بە یەکەمین خانمی یەکەمی میسر دادەنرێت کە تەنانەت دوای ئەوەی بووە خێزانی سەرۆکی وڵات دەستی لە کارەکەی هەڵنەگرت و لە زانکۆی قاهیرە لە وانەوتنەوە بەردەوام بوو.

جیهان سادات ڕۆڵی هەبوو لە گۆڕانکاری کردن لە چەند یاسایەک لە دەستووری میسری کە بە "یاساکانی جیهان" ناسراون و تەنانەت لە سەردەمی هاوچەرخ لە میسر کاری پێدەکرێت، نموونەی مافی تەڵاقدان بە ژن لە چەند حاڵەتێکدا و پێدانی مافی پەروەردەکردنی منداڵ بە دایک. پڕۆژە یاسای ڕێکخستنی خێزانی پێشکەش کردووە و پاڵپشتی ڕۆڵی سیاسی ژنانی کردووە و بە هۆی کاریگەرییەکانی ئەوەوە لەسەر ئەنوەر سادات توانرا سی کورسی لە پەرلەمانی میسری بۆ ژنان دیاری بکرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تاکوو ١٩٨١ "کۆمەڵەی وەفا و ئەمەل"ـی دامەزراند کە ڕۆڵی هەبوو لە هاندانی ژنانی میسر بۆ فێربوون و خوێندنەوە و نەهێشتنی نەخوێندەواری ژنانی میسر.

ژیانی جیهان دوای تیرۆرکردنی ئەنوەر سادات

دوای ئەوەی لە شەشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨١ لە کاتی یادکردنەوەی سەرکەوتنەکانی جەنگی ئۆکتۆبەر ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر تیرۆر کرا، جیهان سادات بۆ ماوەی ساڵێک لە چاوی میدیاکان دوورکەوتەوە و وازی لە کارکردن هێنا، بەڵام دوای ساڵێک لە ڕووداوەکە وەکوو مامۆستا و ئامادەکاری تێزی دکتۆراکان لە زانکۆی قاهیرە دەست بەکار بووەوە.

پاشان لە ساڵی ١٩٨٤ سەرۆکی زانکۆی ساوث کارۆلینای ئەمریکی داوای فەرمی پێشکەش کرد تاکوو لە زانکۆکەیان وانە بڵێتەوە و جیهانیش داواکەی پەسەند کرد، دوای ئەوە لە زانکۆی ئەمریکی واشنتۆنیش کاری وانەوتنەی کرد، هاوکات لە زانکۆکانی ڕادفۆرد و مێرلاندیش کاری وانەبێژی کردووە.

بەرهەمی نووسینی

جیهان سادات خاوەن دوو بەرهەمە، یەکەمیان بەرهەمێکی یاداشتنامەیە و بە ناوی (خانمێک لە میسر) بڵاوکراوەتەوە، ژیاننامە و ئەزموونی خۆی وەکوو خانمی یەکەمی میسر و هاوژینی ئەنوەر سادات باس کردووە. دووەم کتێبی بە ناوی (هیوای من بە ئاشتی)ـیە و لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەم کتێبەی بڵاوکردەوە، ناوەڕۆکی کتێبەکە شیکردنەوەیەکی سیاسییە و دەربڕینی بۆچوونی خۆیەتی لەسەر بارودۆخی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

خەڵاتەکانی

جیهان سادات بەهۆی پێگەی و هەوڵدانەکانی لە بواری خزمەتکردنی ژنان و منداڵان ژمارەیەک خەڵاتی نێودەوڵەتی و نیشتمانی بەدەستهێناوە و پلەی دکتۆرای فەخری و ڕێزلێنانیشی پێدراوە، گرنگترین خەڵاتەکانی بریتین لە:

  • لە ساڵی ١٩٩٣ خەڵاتی کۆمەڵەی مەسیحی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی بەدەستهێناوە.
  • لە ساڵی ٢٠٠١ خەڵاتی (Pearl S. Buck) بەدەستهێناوە.
  • لە ساڵی ٢٠٢١ سەرۆکی ئەو کاتەی میسر عەبدولفەتاح سیسی مەدالیای (الكمال)ـی پێ بەخشی و ناوی ناوچەی فیردۆسی لە قاهیرە کرد بە ناوی جیهان سادات.

کۆچی دوایی

جیهان سادات لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە لە ساڵی ٢٠٢١ لە قاهیرە کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



2222 بینین