کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر جەستە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-03-22:14:00 - کۆدی بابەت: 12752
کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر جەستە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر جەستە (بە ئینگلیزی: The effects of smoking on the body، بە عەرەبی: آثار التدخين على الجسم) جگەرە زیاتر لە حەفتا ماددەی کیمیایی شێرپەنجەخەرەوەی تێدایە. جگەرهکێشان زیان به هەموو ئەندامێکی لەش دەگەیەنێت. هەروەها جگەرەکێشان لە کاتی دووگیانیدا زیان بە منداڵ دەگەیەنێت، ئەو منداڵانەی لە ساڵی یەکەمی ژیانیاندا بەرکەوتن بە دووکەڵی سەرچاوەی دووەم (هەڵمژینی دووکەڵ لە کەسانی جگەرە کێشەوە) هەیە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی و مردنی کتوپڕی چاوەڕوان نەکراو لە منداڵیدا زیاترە.

نیکۆتین دەرمانێکی بەھێزە لە جگەرەدا کە وا دەکات ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن بەردەوام بن لە جگەرەکێشان واتا هۆکاری ئاڵوودەکردنە. لەگەڵ نیکۆتین، ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن نزیکەی ٧٠٠٠ ماددەی کیمیایی دیکە لە دووکەڵی جگەرەدا هەڵدەمژن. زۆرێک لەو ماددانە لە سوتانی گەڵای جگەرەوە دروست دەبن. هەندێک لەو ئاوێتانە لە ڕووی کیمیاییەوە چالاکن و گۆڕانکاری قووڵ و زیانبەخش لە لەشدا دروست دەکەن.

جگەرە زیاتر لە ٧٠ ماددەی کیمیایی شێرپەنجەی تێدایە، جگەرەکێشان زیان بە نزیکەی هەموو ئەندامەکانی لەش دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی و کەمبوونەوەی تەندروستی بە گشتی.

ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان لە جگەرەدا

ماددە زیانبەخشەکانی جگەرە بریتین لە:

تار (بە ئینگلیزی: tar): وشەیەکە بۆ تەنۆلکە ڕەقەکان بەکاردێ کە لە دووکەڵی جگەرەدا هەڵواسراون. تەنۆلکەکان ماددەی کیمیاییان تێدایە، لەوانە ماددەکانی شێرپەنجەخەرەوە. تار چەسپاو و قاوەییە و ڕەنگی ددانەکان و نینۆکی پەنجە و شانەی سییەکان دەکات، هەر بۆیە کەسانی جگەرە کێش ددانەکان و نینۆکیان ڕەنگێکی زەردباوی هەیە.

یەکە ئۆکسیدی کاربۆن: گازێکی ژەهراوییە. بێ بۆن و بێ ڕەنگە و بە ژەمێکی زۆر بەخێرایی دەبێتە هۆی مردن چونکە شوێنی ئۆکسجین لە خوێندا دەگرێتەوە. لەو کەسانەی کە جگەرە دەکێشن، یەکە ئۆکسیدی کاربۆن لە خوێندا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئۆکسجین زەحمەتتر بێت بۆ گەیشتن بە ئەندام و ماسولکەکانیان.

ئۆکسانە ماددەکان یان ئەو ماددانەی ئۆکساندن دەکەن: ماددەیەکی کیمیایی زۆر چالاکن کە دەتوانێت زیان بە ماسولکەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنی ئەو کەسانە بگەیەنێت کە جگەرە دەکێشن. لەگەڵ کۆلیسترۆڵ کارلێک دەکەن، کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ماددەی چەوری لەسەر دیوارەکانی خوێنبەرەکان. کردارەکانیان دەبنە هۆی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشک و گیرانی لوولەکانی خوێن.

کانزاکان: دووکەڵی جگەرە چەند کانزایەکی تێدایە کە دەبێتە هۆی شێرپەنجە، لەوانە ئەرسینیک، بێریلیۆم، کادمیۆم، کرۆمیۆم، کۆبالت، قوڕقوشم و نیکڵ.

ئاوێتە تیشکدارەکان: دووکەڵی جگەرە ئاوێتەی تیشکدانەوەی تێدایە کە ناسراون بە هۆکاری شێرپەنجەیی.

کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر جەستە

هەڵمژینی جگەرە زیان بە زۆرێک لە ئەندامەکان و کۆئەندامەکانی لەش دەگەیەنێت.

کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان

کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان بریتین لە:

  • هەراسانکردنی بۆڕی هەوا (Windpipe) و دەنگە ژێیەکان.
  • کەمبوونەوەی کرداری سییەکان و هەناسەدان بەهۆی هەڵاوسان و تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەناسەدانی سییەکان و لینجی زیادە لە ڕێڕەوی سییەکاندا.
  • لاوازبوونی سیستەمی پاککردنەوەی سییەکان کە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ماددە ژەهراوییەکان و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی هەرانسانبوون و زیان گەیاندن بە سییەکان.
  • زیادبوونی مەترسی هەوکردنی سییەکان و نیشانەکانی وەک کۆکە و کێشەی هەناسەدان.
  • زیانگەیاندن بە سیکڵدانۆچکەکانی هەوا لە سییەکان.

کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر کۆئەندامی سوڕی خوێن

کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر کۆئەندامی سووڕان بریتین لە:

  • بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و خێرا لێدانی دڵ.
  • گرژبوون و تەسکبوونەوەی لوولەکانی خوێن لە پێستدا، لە ئەنجامدا پلەی گەرمی پێست دادەبەزێت.
  •  خوێنی کەمتر ئۆکسجینکراو لە کاتی وەرزشکردن.
  • خوێنی "ستیکەر" (لکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەیەکەوە) کە زیاتر مەیلی هەیە بۆ خوێنمەیین.
  • زیان گەیاندن بە ناوپۆشی خوێنبەرەکان، کەوا بیردەکرێتەوە هۆکارێکی بەشداربوو بێت بۆ نەخۆشی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان (کۆبوونەوەی چەورییەکان لەسەر دیوارەکانی خوێنبەرەکان).
  • کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ کۆتایی پەلەکان (پەنجەکانی دەست و پەنجەکانی پێ).
  • زیادبوونی مەترسی جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ بەهۆی ڕاگرتنی سەرچاوەی خوێنەوە.

کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر کۆئەندامی بەرگری لەش

کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر کۆئەندامی بەرگری لەش بریتین لە:

  • هەستیاری زیاتر بۆ هەوکردن وەک هەوکردنی سییەکان و ئەنفلۆنزا.
  • نەخۆشییە سەخت و درێژخایەنەکان.
  • کەمبوونەوەی ڕێژەی دژە ئۆکسانە پارێزەرەکانی وەک ڤیتامین C لە خوێندا.

کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر پەیکەرە کۆئەندام

کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر کۆئەندامی ماسولکە و ئێسکەکان (پەیکەرە کۆئەندام) بریتین لە:

  • گرژبوونی هەندێک ماسولکەی دیاریکراو.
  • کەمبوونەوەی چڕی ئێسک.

کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر ئەندامەکانی زاوزێ

کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر جەستەی پیاوان بریتییە لە زادبوونی مەترسی:

  • کەمبوونەوەی ژمارەی سپێرم یان تۆو.
  • ڕێژەیەکی بەرزتر لە تۆوی شێواو.
  • زیانی بۆماوەیی بۆ تۆو.
  • لاوازبووی توانای جووتبوون کە دەکرێت بەهۆی کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر لێشاوی خوێن و زیان گەیاندن بە لوولەکانی خوێنی چووک بێت.

کاریگەرییەکانی جگەرەکێشان لەسەر جەستەی خانمان بریتین لە:

کاریگەرییەکانی تری جگەرەکێشان لەسەر جەستە

کاریگەرییەکانی تری جگەرەکێشان لەسەر جەستە و تەندروستی کەسی جگەرە کێش بریتین لە:

  • هەراسانبوون و هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە.
  • زیادبوونی مەترسی برینە ئازاربەخشەکان بە درێژایی ڕێڕەوی هەرس.
  • کەمکردنەوەی توانای بۆنکردن و تامکردن.
  • زووتر چرچبوونی پێست.
  • مەترسی زیاتر بۆ کوێربوون و لەدەستدانی بینایی.
  • مەترسی نەخۆشییەکان پوک.

کاریگەری جگەرەکێشان لەسەر منداڵ

کاریگەری جگەرە کێشان لەسەر منداڵی لە دایک نەبوو بریتین لە:

  • زیادبوونی مەترسی لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختە.
  • لاوازبوونی سییەکان.
  • کەمی کێشی لەدایکبوون، کە لەوانەیە کاریگەری هەمیشەیی هەبێت لەسەر گەشەکردن و گەورەبوونی منداڵ. کەمی کێش پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە هەروەها بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە لە تەمەنی پێگەیشتندا.
  • زیادبوونی مەترسی لە قڵیشانی دەم و لێوی شکان.
  • زیادبوونی مەترسی کەمی سەرنجدان.
  • جگەرەکێشانی ناڕاستەوخۆ واتا بەرکەوتنی دایکێکی دووگیان لەگەڵ کەسێکی جگەرە کێش دەتوانێت زیان بە کۆرپەلەکە بگەیەنێت.
  • ئەگەر دایک و باوکێک بەردەوام بن لە جگەرەکێشان لە ماوەی یەکەم ساڵی ژیانی منداڵەکەیاندا، ئەوا منداڵەکە مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی گوێ و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدانی وەک هەوکردنی سییەکان و هەوکردنی بۆڕییەکانی هەوا و مردنی کتوپڕی چاوەڕوان نەکراو لە منداڵیدا (SUDI) لەگەڵ هەوکردنی پەردەی مێشک زیاد دەکات.

ئەو نەخۆشیانەی بەهۆی جگەرەکێشانی درێژخایەنەوە دروست دەبن

ئەو کەسانەی بە درێژایی ژیانیان جگەرە دەکێشن مەترسی تووشبوونیان بە کۆمەڵێک نەخۆشی کوشندە زیاترە، لەوانە:

  • شێرپەنجەکانی سییەکان، دەم، لووت، گەروو، زمان، جیوبی لووت، سورێنچک، قوڕگ، پەنکریاس، مۆخی ئێسک (نەخۆشی خوێنبەری مایلۆید)، گورچیلە، ملی منداڵدان، هێلکەدان، جگەر، میزڵدان، ڕیخۆڵە و گەدە.
  • نەخۆشییەکانی سییەکان وەک نەخۆشی درێژخایەنی بۆڕییەکانی هەوا و نەخۆشی درێژخایەنی گیرانی سییەکان کە بەربەستی بۆڕییەکانی هەوا و هەڵاوسانییان دەگرێتەوە.
  • نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ.
  • برینی کۆئەندامی هەرس.
  • فشەڵبوونی ئێسک و شکانی ئێسکی ڕان.
  • خراپی سووڕی خوێن لە قاچ و دەستەکان کە دەبێتە هۆی ئازار و لە حاڵەتە سەختەکاندا دەبێتە هۆی گانگرین و بڕینەوە.
  • نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو.
  • هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی.


سەرچاوەکان



94 بینین