نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-07-23:38:00 - کۆدی بابەت: 11237
نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو (بە ئینگلیزی: Type 2 diabetes، بە عەرەبی; داء السكري من النوع 2) بریتییە لە حاڵەتێک کە بەهۆی کێشەیەکەوە ڕوودەدات لە شێوازی ڕێکخستنی لەش و بەکارهێنانی شەکر (گلوکوز) وەک سەرچاوەی وزەی جەستە. ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بڕێکی زۆری شەکر لە خوێندا بسوڕێتەوە. لە کۆتاییدا، بەرزی ئاستی شەکری خوێن دەتوانێت ببێتە هۆی شێواندنی سووڕی خوێن و کۆئەندامی دەمار و کۆئەندامی بەرگری جەستە.
لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوودا، بە شێوەیەکی سەرەکی دوو کێشە هەیە. یان پەنکریاس ئەنسۆلینی پێویست بەرهەم ناهێنێت، کە هۆرمۆنێکە و جوڵەی شەکر ڕێکدەخات بۆ ناو خانەکان. یاخود خانەکان لەگەڵ هەبوونی بڕی پێویستی ئەنسۆلین بە خراپی وەڵامی ئەنسۆلین دەدەنەوە و شەکری کەمتر وەردەگرن.

نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو پێشتر بە نەخۆشی شەکرەی پێگەیشتوو ناسرابوو، بەڵام هەردوو جۆری یەکەم و جۆری دووەمی شەکرە دەتوانن لە تەمەنی منداڵی و پێگەیشتوویدا سەر هەڵبدەن. تەنها ئەوەنەبێت کە جۆری دوو لە کەسانی بەتەمەندا باوترە. بەڵام زیادبوونی ژمارەی ئەو منداڵانەی قەڵەوییان هەیە بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی شەکرەی جۆری دوو لە کەسە مناڵترەکانیشدا.
هیچ چارەسەرێکی یەکجاری بۆ نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو نییە. دابەزاندنی کێش و خواردنی باش و وەرزشکردن دەتوانێت یارمەتی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە بدات. ئەگەر خۆراک و وەرزش بەس نەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن، لەوانەیە دەرمانی شەکرە یان چارەسەری ئەنسۆلین پێشنیار بکرێت.

نیشانەکان

نیشانەکانی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو زۆرجار بە هێواشی دەردەکەون. لە ڕاستیدا، دەکرێت ماوەی چەند ساڵێک کەسێک لەگەڵ نەخۆشی شەکرەی جۆری دوودا بژیت و پێشی نەزانێت. کاتێک نیشانەکان دەردەکەون، لەوانەیە باوترینیان بریتیبن لە:

  • زیادبوونی تینوێتی
  • زۆر میزکردن
  • زیادبوونی برسێتی
  • لەدەستدانی کێش
  • ماندوێتی
  • بینینی ناڕوون
  • درەنگ چاکبوونەوەی برینەکان
  • هەوکردنی بەردەوام
  • سڕبوون یان مێروولەکردن لە دەستەکان یان لە قاچەکان
  • تاریکبوونی بەشێکی پێست، بەزۆری لە قۆڵ و مل

چ کاتێک سەردانی پزیشک بکەیت؟

سەردانی پزیشکی چاودێری تەندروستی بکە ئەگەر تێبینی نیشانەکانی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووت کرد.

هۆکارەکان

نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو لە ئەنجامی دوو کێشەوەیە:

  • یەکەم: ماسولکە خانەکان و چەورییە خانەکان و خانەکانی جگەر بەرگری لە ئەنسۆلین دەکەن، لە ئەنجامدا خانەکان شەکری پێویست وەرناگرن.
  • دووەم: پەنکریاس ناتوانێت ئەنسۆلینی پێویست دروست بکات بۆ ئەوەی ئاستی شەکری خوێن لە مەودایەکی تەندروستدا بهێڵێتەوە. ڕوون نییە بۆچی ئەمە ڕوودەدات. زیادبوونی کێش و ناچالاکی هۆکاری سەرەکین.

چۆن ئەنسۆلین کاردەکات

ئەنسۆلین  هۆرمۆنێکە کە لە پەنکریاسەوە دروستدەکرێت و دەردەدرێت، پەنکریاس شوێنەکەی لە پشت و بەشی ژێرەوەی گەدەدایە. ئەنسۆلین کۆنترۆڵی ئەوە دەکات چۆن جەستە شەکر بەکار بهێنێت بەم ڕێگایانەی خوارەوە:

بوونی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی ئەوەی پەنکریاس ئەنسۆلین دەربدات. بەمەش ئینسۆلین لە خوێندا دەسوڕێتەوە، کە ئەمە ڕێگە بە شەکر دەدات بچێتە ناو خانەکان. بەمەش ڕێژەی شەکر لە خوێندا دادەبەزێت. لە وەڵامی ئەم کەمبوونەوەیەدا، پەنکریاس ئەنسۆلینی کەمتر دەردەکات. بەم شێوەیە سووڕەکە بەردەوام دەبێت.

ڕۆڵی گلوکۆز

گلوکۆز (شەکری جەستە یاخود شەکری خوێن) سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەیە بۆ ماسولکە خانەکان و سەرجەم خانەکانی تری جەستە کە شانە جیاوازەکان پێکدەهێنن. بەکارهێنان و ڕێکخستنی گلوکۆز ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
گلوکۆز لە دوو سەرچاوەی سەرەکیەوە دێت: خۆراک و جگەر.

  • گلوکۆز لە ڕێی خۆراکەوە دەمژرێت بۆ ناو خوێن، لەوێ دەچێتە ناو خانەکان بە یارمەتی هۆرمۆنی ئەنسۆلین.
  • جگەریش دەتوانێت گلوکۆز کۆگا بکات هەروەها دەشتوانێت لە شێوە جیاوازەکانی شەکرەوە (فرەکتۆز و گالاکتۆز) گلوکۆز دروست بکات. کاتێک ئاستی گلوکۆز نزمە، جگەر گلایکۆجینی هەڵگیراو تێکدەشکێنێت بۆ گلوکۆز بۆ ئەوەی ئاستی گلوکۆزی لەش لە مەودایەکی تەندروستدا بهێڵێتەوە.

لە جۆری دووەمی نەخۆشی شەکرە، ئەم پرۆسەیەی ڕێکخستنی شەکر بە باشی کار ناکات. لەجیاتی ئەوەی شەکر بچێتە ناو خانەکان، لە خوێندا زیاد دەکات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن، پەنکریاس ئەنسۆلینی زیاتر دەردەکات. لە کۆتاییدا خانەکانی پەنکریاس کە وا ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنن و دەردەدەن زیانیان پێدەگات و ناتوانن ئەنسۆلینی پێویست دروست بکەن بۆ دابینکردنی بەپێی پێداویستی لەش.

هۆکارەکانی مەترسی

ئەو هۆکارانەی کە مەترسی توشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو زیاد دەکەن بریتین لە:

  • کێش: بوونی کێشی زیاد یان قەڵەوی مەترسییەکی سەرەکییە.
  • دابەشبوونی چەوری: هەڵگرتنی چەوری بەزۆری لە سکدا، لە جیاتی سمت و ڕان، مەترسییەکی گەورەترە. مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو زیاترە لەو پیاوانەی کە قەبارەیان لە ٤٠ ئینج زیاترە (١٠١.٦ سانتیمەتر) و لەو ئافرەتانەی کە پێوانەی کەمەریان لە سەرووی ٣٥ ئینج (٨٨.٩ سانتیمەتر) زیاترە.
  • ناچالاکی: تا کەسێک کەمتر چالاک بێت، مەترسییەکە گەورەتری دەبێت. چالاکی جەستەیی یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێش دەدات، چونکە دەبێتە هۆی بەکارهێنانی گلوکۆز وەک وزە هەروەها وا لە خانەکان دەکات هەستیارتر بن بۆ ئەنسۆلین.
  • مێژووی خێزانی: مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو زیاد دەکات ئەگەر دایک و باوک یان خوشک و برایەک نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەبێت.
  • ڕەگەز و نەژاد: هەرچەندە ئەمە ڕوون نییە کە بۆچی بەو جۆرەیە، بەڵام ئەو کەسانەی کە ڕەگەز و نەتەوەی دیاریکراویان هەیە لەوانە ڕەشپێست، ئیسپانی، خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی و ئاسیایی و دوورگەکانی زەریای هێمن، ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری دوو زیاترە لە سپی پێستەکان.
  • ئاستی چەوری خوێن: بەرزبوونەوەی ئاستی چەورییەکانی خوێن هەروەها ڕێژەی کەمی کۆلیسترۆڵی چڕی بەرزی لیپۆپڕۆتین (HDL)  یاخود کۆلیسترۆڵی باش پەیوەندیدارە بە مەترسییەکانی زیاتر تووشبوونی شەکرەوە.
  • تەمەن: مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات، بەتایبەتی دوای تەمەنی ٣٥ ساڵی.
  • نەخۆشی بەر لە شەکرە (Prediabetes): پێشی دەوترێت نەخۆشی شەکرەی پێش پەرەسەندن حاڵەتێکە کە تێیدا ئاستی شەکری خوێن بەرزترە لە ئاستی ئاسایی، بەڵام ئەوەندە بەرز نییە کە بە شەکرە پۆلێن بکرێت. نەخۆشی بەر لە شەکرەی چارەسەر نەکراو زۆرجار بەرەو شەکرەی جۆری دوو دەچێت.
  • مەترسییەکانی دووگیانی: مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو زیاترە لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەی دووگیانییان هەبووە کاتێک دووگیان بوون هەروەها لەو کەسانەی کە منداڵێکیان لەدایکبووە کە کێشی زیاتر لە 9 پاوەند (4 کیلۆگرام) بووە.
  • نەخۆشی هێلکەدان: هەبوونی نەخۆشی هێلکەدان، نەخۆشییەک کە بە سووڕی مانگانەی ناڕێک و گەشەی قژ و قەڵەوی دەست پێدەکات، مەترسی تووشبوون بە شەکرە زیاد دەکات.

ئاڵۆزییەکان

نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو کاریگەری لەسەر زۆرێک لە ئەندامە سەرەکییەکان هەیە، لەوانە دڵ، بۆرییەکانی خوێن، دەمارەکان، چاوەکان و گورچیلەکان. هەروەها ئەو هۆکارانەی کە مەترسی تووشبوون بە شەکرە زیاد دەکەن هۆکاری مەترسی نەخۆشییەکانی تریشن. بەڕێوەبردنی نەخۆشی شەکرە و کۆنترۆڵکردنی شەکرەی خوێن دەتوانێت مەترسی ئەم ئاڵۆزییانە و نەخۆشییەکانی تریش کەم بکاتەوە. 

لەو ئاڵۆزییانەی بەهۆی شەکرەوە دروستدەبن بریتین لە:

  • نەخۆشی دڵ و بۆرییەکانی خوێن: نەخۆشی شەکرە پەیوەندی هەیە بە زیادبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتە، بەرزی پەستانی خوێن و تەسکبوونەوەی بۆرییەکانی خوێن، هەروەها نەخۆشی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.
  • زیان گەیاندن بە دەمارەکان لە پەلەکاندا: ئەم نەخۆشییە پێی دەوترێت دەمارگیری. بەرزی شەکری خوێن بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت زیان بە دەمارەکان بگەیەنێت. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی هەستکردن بە سڕبوون، مێروولەکردن، هەستیاربوون، ئازار یان لەدەستدانی هەست کە زۆرجار لە لوتکەی پەنجەکانی دەست یان پێیەکان دەست پێدەکات و بەرە بەرە بەرەو سەرەوە بڵاو دەبێتەوە.
  • زیان گەیاندن بە دەمارەکانی تر: زیان گەیاندن بە دەمارەکانی دڵ دەتوانێت ببێتە هۆی لێدانی ناڕێکی دڵ. زیان گەیاندن بە دەمارەکان لە کۆئەندامی هەرسدا لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە لە هەرسکردن، هێڵنجدان، سکچوون، ڕشانەوە یان قەبزی. هەروەها زیان گەیاندن بە دەمارەکان لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی کارکردن و ڕێکخستنیان.
  • نەخۆشی گورچیلە: نەخۆشی شەکرە لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە یان نەخۆشی قۆناغی کۆتایی گورچیلە کە ناتوانرێت باشببێتەوە. ئەمە لەوانەیە پێویستی بە پرۆسەی پاککردنەوەی خوێن یان گواستنەوە و چاندنی گورچیلە هەبێت.
  • زیانی چاو: شەکرە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گەورەکانی چاو زیاد دەکات، وەک ئاوی سپی و ئاوی ڕەش، و لەوانەیە زیان بە بۆرییەکانی خوێنی تۆڕی چاو بگەیەنێت، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی کوێری.
  • حاڵەتەکانی پێست: نەخۆشی شەکرە لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە هەندێک کێشەی پێست زیاد بکات، لەوانە هەوکردنی بەکتریایی و کەڕوویی پێست.
  • هێواش چاکبوونەوە: برین و هەڵئاوساوییە چارەسەر نەکراوەکان لەوانەیە ببنە هەوکردنێکی گەورە، کە لەوانەیە بە خراپی چاک ببێتەوە. لەوانەیە زیانی گەورەی هەبیت و بگات بە بڕینی پێ یان قاچ.
  • لاوازبوونی بیستن: کێشەی بیستن لەو کەسانەدا زیاتر باوە کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
  • کێشەی و کەمی خەوتن: خەوێکی کەم و ناڕێک زۆر باوە لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە. کە قەڵەوی دەکرێت فاکتەری سەرەکی بێت بۆ هەردوو حاڵەتەکە.
  • نەخۆشی دەروونی: نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و نەخۆشییەکانی تر زیاد دەکات کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی مێشک. لاواز و خراپ کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن پەیوەندی هەیە بە خێراتر کەمبوونەوەی یادەوەری و تواناکانی تری بیرکردنەوە.

خۆپاراستن

شێوازی ژیانی تەندروست دەتوانێت ڕێگری لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو بکات. ئەگەر دەستنیشانکردنی حاڵەتی بەر لە شەکرە (prediabetes) بۆ کەسێک کرا، ئەو کەسە دەتوانێت بە گۆڕانی شێوازی ژیانی نیشانەکانی نەخۆشییەکە هێواش بکاتەوە یان بەرەوپێشچوونی نەخۆشی شەکرە بوەستێنێت.

شێوازەکانی ژیانی تەندروست بریتین لە:

  • خواردنی خۆراکی تەندروست: ئەو خۆراکانە هەڵبژێرە کە چەوری و کالۆرییان کەمترە و ڕێژەی ڕیشاڵیان بەرزترە. گرنگیدان بە میوە و سەوزە و دانەوێڵەی تەواو
  • چالاک بوون: کردنە ئامانجی ئەوەی بەردەوامبوون بۆ ماوەی ١٥٠ خولەک یان زیاتر لە هەفتەیەکدا لە چالاکییەکی مامناوەند بۆ بەهێزی هەوایی، وەک پیاسەیەکی خێرا، پاسکیل سواری، ڕاکردن یان مەلەکردن.
  • کەمکردنەوەی کێش: ئەگەر کێشت زیاد بێت، کەمکردنەوەی کێش و دوورکەوتنەوە لەوانەیە پێشکەوتنی نەخۆشییەکە دوابخات. ئەگەر نەخۆشی بەر لە شەکرەت هەیە، دابەزاندنی ٧٪ بۆ ١٠٪ی کێشی جەستە لەوانەیە مەترسی تووشبوون بە شەکرە کەم بکاتەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە چالاکی درێژخایەن: دانیشتن بۆ ماوەیەکی درێژ دەتوانێت مەترسی شەکرەی جۆری دوو زیاتر بکات. هەوڵبدە هەموو ٣٠ خولەک جارێک هەڵبسیت و بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی چەند خولەکێک بجوڵێیت.

بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی بەر لە شەکرەیان هەیە، مێتفۆرمین (Fortamet، Glumetza، ئەوانی تر) ، دەرمانی شەکرە، لەوانەیە بنووسرێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو. ئەمە بە زۆری بۆ کەسانی بەتەمەن دەنوسرێت کە قەڵەون و ناتوانن ئاستی شەکری خوێن دابەزێنن بە گۆڕینی شێوازی ژیان.


سەرچاوەکان



1188 بینین