کاریگەری نەخۆشی شەکرە لەسەر جەستە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-12-15:44:00 - کۆدی بابەت: 12880
کاریگەری نەخۆشی شەکرە لەسەر جەستە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری نەخۆشی شەکرە لەسەر جەستە (بە ئینگلیزی: The effect of diabetes on the body، بە عەرەبی: تأثير مرض السكري على الجسم) بەرزی ئاستی شەکری خوێن دەکرێت زیان بە بەشەکانی جەستە بگەیەنێت، لەوانە دڵ و قاچ و چاوەکان. ئەمانەش پێیان دەوترێت ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە. بەڵام دەتوانیت هەنگاو بنێیت بۆ ڕێگریکردن یان دواخستنی زۆرێک لەم کاریگەرییە لاوەکیانەی نەخۆشی شەکرە. لەوانەیە گوێت لە تیمی چاودێری تەندروستی بێت کە باسی دوو جۆری ئاڵۆزی نەخۆشی شەکرە دەکات: ئەوانەی کە بە تێپەڕبوونی کات دروست دەبێت پێی دەوترێت ئاڵۆزییە درێژخایەنەکان و ئەوانەی کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا ڕووبدات پێی دەوترێت ئاڵۆزییە توندەکان.  

ئاڵۆزییە درێژخایەنەکان

ئەمانە کێشەی درێژخایەنن کە دەکرێت هەنگاو بە هەنگاو گەشە بکەن و لەوانەیە ببنە هۆی زیانی گەورە ئەگەر بەبێ پشکنین و چارەسەر تێپەڕن. ئاڵۆزییە درێژخایەنەکان بریتین لە: 

کێشەکانی چاو

هەندێک لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە تووشی نەخۆشییەکی چاو یان تۆڕەی چاو دەبن کە پێی دەوترێت نەخۆشی چاوی پەیوەند بە شەکرە و دەتوانێت کاریگەری لەسەر بینایی چاو هەبێت. ئەگەر نەخۆشییەکە زوو دیاریکرا بەزۆری لە تاقیکردنەوەی پشکنینی چاو ئەوا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت و ڕێگری لە لەدەستدانی بینین بکرێت.

کێشەکانی پێ

کێشەی پێیەکانی پەیوەند بە شەکرەوە زۆر گەورەیە و دەتوانێت ببێتە هۆی بڕینەوەی پێیەکان ئەگەر چارەسەر نەکرێت. زیانی دەمارەکان دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەستی پێیەکانت هەبێت و بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دەتوانێت زیان بە سووڕی خوێن بگەیەنێت، ئەمە وا دەکات هێواشتر برینەکان و برینداربوونەکانی پێیەکان  چاکببنەوە. بۆیە گرنگە بە پزیشک بڵێیت ئەگەر تێبینی هەر گۆڕانکارییەک بکەیت لە شێوەی پێیەکانت یان هەستکردن بە پێیەکانت.

بەرزی پەستانی خوێن و بەرزی کۆلیسترۆڵ

ئەگەر نەخۆشی شەکرەی جۆری دووت هەبێت، جەستە ناتوانێت بڕی پێویستی ئەنسۆلین بەرهەم بهێنێت یان بە شێوەیەکی کاریگەر بەکاری بهێنێت (ئەو هۆرمۆنەی کە ئاستی شەکری خوێن ڕێکدەخات). لەم کاتەدا بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن پەیوەندی هەیە بە بەرزی کۆلیسترۆڵی LDL و بەرزی ترایگلیسیراید، چونکە ئەنسۆلین لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی شەکری خوێن ڕێگری لە شکاندنی چەورییەکان دەکات. کاتێک ئەنسۆلین شکست دەهێنێت لە ڕێگریکردن لە چەورییەکان، زیادبوونی چەوری خوێن یان ترایگلیسیراید ڕوودەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا.

هەروەها بەرزی شەکری خوێن دەتوانێت زیان بە لوولەکانی خوێن و تەنانەت ئەو دەمارانە بگەیەنێت کە دڵ کۆنترۆڵ دەکەن. لوولە زیان پێگەیشتووەکان چەوری خوێن کۆدەکەنەوە کە دواتر ڕەق دەبن و لە خوێنبەرەکاندا کۆدەبنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشی دڵ و بەرزی پەستانی خوێن.

جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک

کاتێک نەخۆشی شەکرەت هەیە، بەرزی شەکری خوێن بۆ ماوەیەک زیان بە لوولەکانی خوێن دەگەیەنێت. هەندێک جار دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک

کێشەکانی گورچیلە 

نەخۆشی شەکرە لەوانەیە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە گورچیلەکان بۆ ماوەیەکی درێژ کە وادەکات پاککردنەوەی شلە و پاشماوەی زیادە لە جەستە قورستر بێت. ئەمەش بەهۆی بەرزی ئاستی شەکری خوێن و بەرزی پەستانی خوێنەوە دروست دەبێت. بە نەخۆشی گورچیلەی پەیوەند بە نەخۆشی شەکرەوە ناسراوە.

زیان گەیاندن بە دەمارەکان

هەندێک لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە لەوانەیە زیانی دەماریان هەبێت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی بەرزی ئاستی شەکری خوێن. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە بۆ دەمارەکان قورستر بێت تا پەیامەکان لە نێوان دەماخ و هەموو بەشەکانی جەستەمان بگوازنەوە بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت لەسەر چۆنیەتی بینین و بیستن و هەستکردن و جووڵە.

کەمبوونەوەی تەندروستی دەماخ

بەرکەوتنی درێژخایەن بە بەرزی ئاستی شەکری خوێن دەماخ دەخاتە مەترسییەوە و کەمبوونەوەی زانستی زیاد دەکات و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی خەڵەفان و پەککەوتەبوونی مێشک زیاد دەکات. ئەگەر نەخۆشی شەکرە بە باشی کۆنترۆڵ نەکرێت لە ڕێگەی خۆراک و وەرزش و دەرمانەوە، دەکرێت خێراتر ئەزموونی لەدەستدانی چالاکی دەماخی بکەیت.

ئەگەر تێبینی کەمبوونەوەی یادەوەریت کردووە یان بە بەردەوامی ئەزموونی تەمی مێشکت کردووە، ئەوا لە نزیکەوە چاودێری ئاستی گلوکۆزی خوێنت بکە و ڕاوێژ بە پزیشک بکە. جگە لە کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن، دەتوانیت ڕۆژانە ٣٠ خولەک وەرزش بکەیت و ڕێگایەک بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی مێشک چالاک و چالاکتر بێت. بۆ نموونە خوێندنەوە، کارکردن، کۆمەڵایەتیبوون، یاریکردن بە یارییە ڤیدیەییەکان و چالاکییە سەرنجڕاکێشەکانی تر دەتوانن زیاتر بیرەوەریت باس بکەن.

نەخۆشییەکانی پووک و کێشەکانی تری دەم

زۆر بوونی شەکر لە خوێندا دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی شەکر لە لیکدا. ئەمەش بەکتریا دەهێنێت کە ترش بەرهەم دەهێنێت و هێرش دەکاتە سەر مینای ددان و زیان بە پووک دەگەیەنێت. هەروەها لوولەکانی خوێن لە پووکدا لەوانەیە بەهەمان شێوە زیانیان پێبگات و وا لە پووک دەکات زیاتر تووشی هەوکردنەکان ببن.

هەوکردی بەکتریایی و کەڕوویی

هەوکردن یەکێکە لە باوترین ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە. بەرزبوونەوەی شەکری خوێن وادەکات زیاتر تووشی هەوکردنی جۆراوجۆری پێست و هەوکردنی کەڕوو بیت کە دەبێتە هۆی هەوکردنی ڕێڕەوی میز و خوران و هەوکردنی کەڕوویی ئەندامەکانی زاوزێ.

هەروەها هەندێک لە دەرمانەکانی شەکرە دەتوانن ببنە هۆی هەوکردنی کەڕوو، بەتایبەتی لە ناوچەی زاوزێدا، چونکە دەردانی گلوکۆز لە میزدا زیاد دەکات. گلوکۆزیش خۆراک بە بەکتریا و کەڕوو دەدات، بەمەش هاندانی گەشەکردن و هەوکردن دەدات. واتا کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕێگریکردن لە هەوکردنە کەڕوویی و بەکتریاییەکانی ڕێڕەوی میز.

نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی وەک شێرپەنجە 

ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، مەترسی تووشبوونت بە نەخۆشی شێرپەنجە زیاترە. هەندێک چارەسەرەکانی شێرپەنجە دەکرێت کاریگەرییان لەسەر شەکرە هەبێت و کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن قورستر بکات. 

کێشەی سێکسی لە ئافرەتاندا

زیان گەیاندن بە لوولەکانی خوێن و دەمارەکان دەتوانێت بڕی ئەو خوێنە سنووردار بکات کە دەڕوات بۆ ئەندامە سێکسییەکان و بەمەش ڕەنگە هەندێک لە هەستەکان لەدەست بدەیت. ئەگەر شەکری خوێنت بەرزە، ئەگەری تووشبوونت بە کەڕوو یان هەوکردنی ڕێڕەوی میز و ئەندامەکانی زوازێ زیاترە. 

کێشەی سێکسی لە پیاواندا

لەگەڵ بوونی نەخۆشی شەکرە دەکرێت بڕی خوێن ڕۆیشتن بۆ ئەندامە سێکسییەکان سنووردار بکرێت کە ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کە زەحمەت بگەیتە هەستی ورووژاندنی سێکسی. هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی کارکردنی ڕەپکە شانەکان و ئەمەش دەتوانێت هەندێکجار حاڵەتێک دروست بکات کە پێی دەوترێت بێهێزی سێکسی. 

هەناسەبڕانی کاتی خەوتن

بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناسەبڕانی کاتی خەوتن هانی نەخۆشی شەکرە دەدات چونکە دەبێتە هۆی بەرگری ئەنسۆلین و بەرگەگرتن لە گلوکۆز. زانست بە تەواوی لە پەیوەندییەکە تێناگات، بەڵام ئەگەر یەکێک لەم حاڵەتانەت هەبێت (شەکرە یان هەناسەبڕانی کاتی خەوتن)، ئەگەری ئەوەت زیاترە کە ئەوی تریانیشت هەبێت. هەروەها ٧١٪ی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە نەخۆشی هەناسەبڕانی کاتی خەوتنیان هەیە، ئەمەش وا دەکات کە بە یەکێک لە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە دابنرێت.

ئەگەر نەخۆشی هەناسەبڕانی کاتی خەوتنت هەیە، شانەی پشتەوەی گەرووت لە کاتی خەوتندا دەکەوێتە ناو ڕێڕەوی هەواوە و ڕێگری لە هەناسەدان دەکات. لە کاتێکدا کە ڕێڕەوی هەواکەت بەربەست کراوە، دەکرێت بۆ چەند خولەکێک هەناسە نەدەیت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی و خەواڵوویی و خەوداهاتن لە ڕۆژدا.

لەدەستدانی بیستن

ئەمەش یەکێکە لە ئاڵۆزییە کەم ناسراوەکانی نەخۆشی شەکرە. لەوانەیە هەرگیز بیرت لەوە نەکردبێتەوە کە گوێیەکانی ناوەوە لوولەکانی خوێنیان تێدابێت، بەڵام ئەوان بەو جۆرەن. هەروەک لوولە خوێنەکانی دیکەی لەش، بەرزی شەکری خوێن دەتوانێت زیانیان پێبگەیەنێت و ببێتە هۆی لەدەستدانی بیستن. تا زیاتر زیان بە لوولە خوێنەکانی گوێی ناوەوەت بگات، لاوازبوونی بیستن خراپتر دەبێت.

بەگشتی کەمبوونەوەی هەستی بیستن دەکرێت لەگەڵ تەمەندا ڕووبدات. بەڵام لێکۆڵینەوەیەک دەریخستووە کە ئەو ئافرەتانەی کە نەخۆشی شەکرەیان کۆنترۆڵ نەکراوە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی لەدەستدانی بیستنیان بەرزترە.

ئاڵۆزییە توندەکان

ئەم ئاڵۆزییانە لەوانەیە لە هەر کاتێکدا ڕووبدات و لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزی درێژخایەن. لە ئاڵۆزییە توندەکان:

Hyperosmolar Hyperglycaemic State (HHS): حاڵەتێکی لەناکاوە کە مەترسی لەسەر ژیان دروست دەکات و تەنها لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە. بەهۆی وشکبوونەوەیەکی زۆر و بەرزی شەکری خوێنەوە دروست دەبێت.

کیتۆاسیدۆسی شەکرە (Diabetic Ketoacidosis): حاڵەتێکی لەناکاوە کە مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروست دەکات و تێیدا کەمی ئەنسۆلین و بەرزی شەکری خوێن دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی کیتۆنەکان (لە دوای بەکارهێنانی چەوری وەکوو سەرچاوەی وزە جەستە سوود لە کیتۆنەکان وەردەگرێت تا وزەی پێویستی دەستکەوێت ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر لاوازبوونی کەسەکە و پێویستی بە چارەسەری جدی هەیە).

هۆکارەکانی نەخۆشی شەکرە چین؟

بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا بۆ ماوەیەکی زۆر دەتوانێت زیان بە لوولەکانی خوێن بگەیەنێت. ئەگەر لوولەکانی خوێن بە باشی کار ناکەن، خوێن ناتوانێت بڕوات بۆ ئەو بەشانەی جەستە کە پێویستیان پێیەتی. ئەمەش بەو مانایە دێت کە نە دەمارەکان بە باشی کار دەکەن و نەدەتوانیت هەست بە بەشەکانی جەستە بکەیت. کاتێک زیان بە لوولەکانی خوێن و دەمارەکانی یەکێک لە بەشەکانی جەستە دەگات، ئەگەری تووشبوون بە کێشەی هاوشێوە لە بەشەکانی تری جەستە زیاتر دەبێت. کەواتە ئەگەر قاچەکانت زیانیان پێگەیشت ئەگەری کێشەی گەورەی دڵ دەتوانێت بەردەوام بێت و زیادتر ببێت.

زانراوە کە تا ئاستی (گلوکۆزی بەستراو بە هیمۆگڵۆبینەوە) HbA1c بەرزتر بێت، زیاتر مەترسی تووشبوون بە ئاڵۆزییەکان هەیە. HbA1c گلیکەی هیمۆگلۆبینە. ئەمە کاتێک دروست دەبێت کە گلوکۆز، کە پێشی دەوترێت شەکر دەچەسپێت بە خانەکانی خوێن و لە خوێندا تۆپەڵ دەبێت. ئەمە لەڕێی پشکنینی خوێنەوە پێوانە دەکرێت کە تێکڕای ئاستی شەکری خوێن لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا نیشان دەدات. بەرزی HbA1c واتە شەکرێکی زۆر لە خوێندا هەیە. تەنانەت کەمێک بەرزی HbA1c مەترسیەکانی ئاڵۆزی نەخۆشی شەکرە زیاد دەکات. 

بەڵام ئەمە تەنها دەربارەی شەکری خوێن نییە. بەرزی پەستانی خوێن و جگەرەکێشان و چەورییەکی زۆر لە خوێندا (بەتایبەت چەوری کۆلیسترۆڵ) دەتوانێت زیان بە لوولەکانی خوێن بگەیەنێت و زیاتر مەترسیت لەسەر دروست بکات.

چۆن ڕێگری لە ئاڵۆزییەکان بکەم یان دوایان بخەم؟

ڕوودانی ئاڵۆزییەکان سەد لە سەد نین و دەتوانیت ڕێگرییان لێبکەیت یان هەر نەبێ دوایان بخەیت. هێشتنەوەی شەکری خوێن و پەستانی خوێن و چەوری خوێن لەژێر کۆنترۆڵدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی گەشەکردنی ئاڵۆزییەکان. 

ئەمە مانای ئەوەیە کە پێویستە بچیت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی نەخۆشی شەکرە و لە تیمی چاودێری تەندروستی نەخۆشی شەکرەکەت بزانە چۆن پێویستە چاودێری خۆت بکەیت، بەمەش دەتوانیت بە ڕێژەیەکی باش ڕێگری بکەیت یان ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە دوابخەیت. بەڵام پێویستە هەنگاو بنێن و هەموو شتێک بگریتە بەر دەربارەی بەڕێوەبردنی نەخۆشی شەکرە بە باشی. کۆمەڵێک ئامۆژگاری زۆر هەیە لەسەر ئەو چاودێرییەی کە پێویستە چاوەڕوانی بکەیت کاتێک نەخۆشی شەکرەت هەیە و چۆن یارمەتیت دەدات ڕێگری بکەیت یان ئاڵۆزییەکان دوابخەیت. 

ڕێگاکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە بریتین لە:

بەڕێوەبردن و جڵەوگیرکردنی ئاستی شەکرە  

هێشتنەوەی HbA1c لە مەودای ئاسایی کە لەلایەن تیمی چاودێری تەندروستییەوە دیاریکراوە زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە. ئەگەر ئاستی شەکری خوێن بەرزبووەوە، قسە لەگەڵ پزیشک بکە. لەوانەیە چارەسەرەکەت پێویستی بە گۆڕانکاری هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی HbA1c بۆ ئاستی ئاسایی بۆ ئەوەی لە ئاڵۆزییەکانی بەرزی شەکری خوێن دووربکەویتەوە.

وازهێنان لە جگەرەکێشان 

جگەرەکێشان وا دەکات خوێن بە دەوری جەستەدا زەحمەتتر بڕوات بۆ شوێنەکانی وەک دڵ و پێیەکان. ئەگەر جگەرە دەکێشیت، ئەوا وازهێنان لێی بەشێکی سەرەکییە لە کەمکردنەوەی ئەگەری ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە. جارێکی دیکە، تیمی تەندروستی و نەخۆشی شەکرە دەتوانن یارمەتیت بدەن تا واز لە جگەرە بهێنیت. 

پەیڕەوکردنی خواردنی تەندروستتر 

هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروستتر دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ دابەزاندنی کێش و کەمکردنەوەی HbA1c، بەڕێوەبردنی پەستانی خوێن و یارمەتیت دەدات چەوری ناو خوێن کەم بکەیتەوە وەک چەوری کۆلیسترۆڵ. داوا لە پزیشکی خۆراک بکە ئەگەر دەتەوێت یارمەتی زیاترت بدات بۆ پەیڕەوکردنی ژەمە خواردنی تەندروست. 

چالاک بوون 

ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی زیاتر یارمەتیت دەدات بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ئاڵۆزییەکان. ئەگەر کێشەت هەیە لە بەردەوام بوون لە سەر چالاکییەکان، هێشتا ڕێگا هه یه بۆ ئەوەی چالاک بیت. چەندین سەرچاوەی هەن بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەن بۆ ئەوەی بجوڵێیت و چالاکبیت لەبیری مەکە باشترین سەرچاوەش پزیشک و تیمی تەندروستییە.

ئەنجامدانی هەموو پشکنیینە دیاریکراوەکانت

هەموو کەسێک کە نەخۆشی شەکرەی هەیە مافی ئەوەی هەیە هەموو ساڵێک زنجیرەیەک پشکنین و چاوپێکەوتنی پزیشکی ئەنجام بدات بۆ چاودێریکردنی نەخۆشی شەکرە، بۆ ئەوەی ئاگاداری هەر کێشەیەک بێت و بزانێت ئایا پێویستی بە پاڵپشتی زیاترە یان نا. دڵنیابوون لەوەی کە هەموو ئەمانە وەردەگریت مانای ئەوەیە کە دەزانیت چۆن کار دەکەیت و مەترسی ئاڵۆزییەکانی جۆری یەکەم و جۆری دووەمی شەکرە کەمدەکەیتەوە.

کاتێک ئاڵۆزییەکی درێژخایەنت هەیە، زیاتر مەترسی تووشبوونت بە ئاڵۆزییەکانی تری نەخۆشی شەکرە هەیە. بۆ نموونە ئەگەر لوولەکانی خوێن لە پێیەکاندا زیانیان پێبگات، ئەوا دەکرێت زووتر زیان بە بەشەکانی تری جەستە بگات وەک گورچیلە و دڵ. ئەمە مانای ئەوەیە کە پێویستە لە سەرەوەی پشکنینی تەندروستی و ئاستی شەکری خوێن بمێنیتەوە کاتێک چارەسەری کێشەکانی تر دەکەیت. بابەتی ئاڵۆزی و مەترسییەکانی نەخۆشی شەکرە بابەتێکی جدی و گرنگە و نابێت بە هیچ جۆرێک فەرامۆش بکرێت.


سەرچاوەکان



1254 بینین