زانیاری پێویست لەسەر شەکرە

له‌لایه‌ن: - محمد ادریس محمد ادریس - به‌روار: 2024-07-13-18:53:00 - کۆدی بابەت: 13535
زانیاری پێویست لەسەر شەکرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی شەکرە (بە عەرەبی: السکري، بە ئینگلیزی: Diabetes) یەکێکە لە باوترين نەخۆشيیەكان لە جیهاندا، بريتيە له نەمان و لاوازبوونی توانای جەسته بۆ بەکاربردنی گلوکۆز (بە ئینگلیزی: Glucose) کە سەرچاوەی سەرەکی وزەی لەشه، ئەمیش بەهۆی نەبوون یان کەمبوونەوە یان باش کارنەکردنی هۆڕمۆنی ئەنسۆلين سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی کەڵەکە بوونی گلوکۆز له لەشدا، چەندین گرفتی کاتی و دریژخایەن به دوای خۆیدا دەهێنێت.

دەستنیشان کردن

بۆ دەستنیشانکردنی سەرەتای نەخۆشی شەکره پشت به دوو شیکاری تاقیگەیی دەبەسترێت ئەوانیش:
١- شیکاریی (Blood Glucose): کە ڕێژەی گلوکۆزی خوێن دیاری دەکات.
٢- شیکاری (HbA1C): کە بڕی ماددەی گلوکۆزی کەڵەکەبووی سەر خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە لەشدا (Glycated Hemoglobin) دیاری دەکات به درێژایی دوو بۆ سێ مانگی ڕابردوو، هەربۆیە (بە شیکاری شەکرەی سێ مانگی) ناسراوه، واتا دەستنیشانی تێکڕای ڕێژەی گلوکۆزی خوێن دەکات له سێ مانگی پیشوودا، چونکه تەمەنی خڕۆکه سوورەکانی خوێن نزیکەی سێ مانگە، ئەمەش سوودی لێوەردەگیرێت بۆ دەستنیشانکردنی تووشبوون به شەکرە یان بۆ چاودێریکردنی کاریگەری و بڕی ئەو دەرمانەی نەخۆش بەکاریدێنێت.

جۆرەکانی نەخوشی شەکره

١- شەکرەی جۆری یەکەم (Type 1 Diabetes): لەم جۆرەدا لەش بڕێکی زۆر کەم لە ئەنسۆلین دروست دەکات یان هیچ دروستی ناکات، ئەو خانانەی بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین بە تەواوی لەكاردەكەون، ئەم جۆرەیان لە شەکرە بە گشتی بەر له تەمەنی سێ ساڵی و له گەنجيدا هەست بە نیشانەکانی دەکرێت.

٢- شه کرەی جۆری دووەم (Diabetes 2): لەم جۆرەدا لەش بڕێكی كەمتر لە بڕی پێویست ئەنسۆلین دروست دەکات یان بڕی پێویست دروست دەکات، بەڵام لەش بەرهەڵستى دەكات لەوەی ئەنسۆلینەکە کاری خۆی بکات، بۆیه زۆرجار تووشبوانی جۆری دووەمی شەکره ڕێژە و بڕی هەردوو ئەنسۆلین و گلوکۆزی خوێنیان بەرز دەبیت.

٣- شه کرەی کاتی سکپڕی (Gestational Diabetes): بەشیک لە ئافرەتان لەکاتی سکپڕیدا به نزیکەیی لە دوای هەفتەی ٢٥ـەم ڕێژەی گلوکۆزی خوێنیان بەرز دەبێتەوە، بە گشتی ئەم جۆرەیان کاتییە و پاش منداڵبوون ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئەو ئافرەتانەی تووشی شەکرەی کاتی سكپڕى دەبن ئەگەری تووشبوونی خۆیان و کورپەکەیان بە جۆری دووەمی شەكره له داهاتوودا زياتره. هه ربۆیە پێویسته پاش دوو یان سێ مانگ لە منداڵبوونەکەی شیکاری بۆ دایکەکه ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون له تەندروستی.

٤- شەکرەی سەرەتایی (Prediabetes): لە هەندێک کەسدا بڕی شەکرە له بڕی ئاسایی کەمێک زیاترە بەڵام ناگاته ڕادەی تووشبوون به شەکره، بەڵام مەترسی تووشبوونی له داهاتوودا لێدەکرێت، بە گشتی ئەم جۆرەیان هیچ نیشانەیەکی نییە.

نيشانەكانی نەخۆشی شەکرە چین؟

  • لەکاتی زیادبوونی بڕی گلوکۆز زۆر میزکردن ڕوودەدات کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاو و خوێی لەش.
  • تینویتی بەردەوام و وشکبوونی دەم.
  • زۆر ئارەزووی خواردن و برسێتی بەردەوام، هاوکات دابەزينى كيشی لەناکاو لە جۆری یەکەم.
  • ماندوێتی و شەکەتی بەردەوام.
  • هەناسەبڕکێ و کورتبوونی هەناسە.
  • وەستانی سووڕی مانگانه لە خانمان. 
  • لێڵ بوونی بینایی و لەدەستدانی بینین.
  • درەنگ چاکبوونەوەی برین و هەوکردنی.
  • لاوازبوونی هەست و لەهۆشچوون.
  • ئارەقکردنەوەی بەردەوام.
  • ئازار و ژانەسەری بەردەوام.
  • پەشۆکان و لەدەستدانی سەرنج.
  • لەرزين و بێهێزبوون.

ئەو هۆكارانەی ئەگەری تووشبوون به نەخۆشی شەکرە زیاد دەکەن

  • قەڵەوی و کێش زیادی
  • هۆكاری بۆماوەیی و بوونی نەخۆشی شەکره له یەکێک له ئەندامانی خێزاندا
  • بەرزه فشاری خوێن (Hypertension)
  • بەرزی ڕیژەی کۆلیسترۆل (Cholesterol)
  • چەوری سیانی (Triglycerides)
  • کەمی بڕی کۆلیسترۆلی سوودبەخش (HDL)
  • بوونی كیسی هیلکەدان (PcOS) (PolycystcOvary Syndrom)
  • سكپڕی
  • وەرزش نەکردن و کەمی جووڵە
  • نەخوشییەکانی دڵ (CV)
  • تووشبووانی شەکرەی سەرەتایی (Prediabetes)


سەرچاوەکان



171 بینین