ئەلزەهایمەر

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-29-00:01:00 - کۆدی بابەت: 878
ئەلزەهایمەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشیی ئەلزەهایمەر (بە ئینگلیزی: Alzhiemr's disease) نەخۆشییەکی دەمارییە کە مردنی خانەکانی مێشک دەبنە هۆی لەبیرچوونەوە و کەمبوونەوەی توانای زانین و درکپێکردن.

ئەلزەهایمەر یەکێکە لە جۆرەکانی نەخۆشییە لەناوبەرە دەمارییەکان (بە ئینگلیزی: Neurodegenerative diseases) و یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی خەڵەفان کە هۆکاری ٦۰٪ بۆ ٨٠٪ـی حاڵەتەکانی خەڵەفانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. نزیکەی ٦ ملیۆن کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکان تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و وا دەخەمڵێنرێت کە ئەم ڕێژەیە بۆ ساڵی ٢٠٦۰ ببێتە سێ ئەوەندە. ئەم نەخۆشییە بەگشتی تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ و بەرەو سەرەوەیە. تەنیا ١٠٪ـی کەیسە تووشبووەکان لە خوار ئەم تەمەنەوەن.

نەخۆشیی ئەلزەهایمەر چییە؟

ئەلزەهایمەر نەحۆشییەکە کاردەکاتە سەر مێشک. نیشانەکان لەسەرەتادا سووکن بەڵام بەپێی کات تووندتر دەبن. ناوی نەخۆشییەکە بەناوی دکتۆر ئەلۆیس ئەلزەهایمەرەوە ناونراوە (بە ئینگلیزی: Alois Alzheimer) کە یەکەم کەس بوو ئەم نەخۆشییەی دۆزییەوە لە ساڵی ١٩٠٦. 

باوترین نیشانەکانی ئەلزەهایمەر بریتین لە لەبیرچوونەوە، کێشە لە زمان و ڕەفتاری سەیر و پێشبینی نەکراو. 

دیارترین تایبەتمەندیی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە بوونی تۆپەڵ و گرێ لە مێشکدا. تایبەتمەندییەکی تر بریتییە لە نەمانی پەیوەستیی نێوان دەمارەخانەکان یان دەمارەکان لە مێشکدا. 

ئەم تایبەتمەندییانەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە زانیاری ناتوانێت بەئاسانی لەنێوان بەشە جیاوازەکانی مێشکدا تێپەڕ ببێت، یان لەنێوان مێشک و ماسولکە و ئەندامەکانی تری جەستە.

کە نیشانەکان بەرەو خراپتر دەڕۆن، ئەوا زەحمەتتر دەبێت بۆ کەسەکە کە یادەوەرییە نزیکەکانی بیربێتەوە، بیربکاتەوە و ئەو کەسانە بناسێتەوە کە دەیان ناسێت. لە ئەنجامدا کەسی تووشبوو بە ئەلزەهایمەر پێویستی بە چاودێری و یارمەتیدانی بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەی "پەیمانگای نەتەوەیی پیربوون"، نەخۆشیی ئەلزەهایمەر شەشەم باوترین هۆکارەکانی مردنە لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. بەگوێرەی هەندێک توێژینەوەی تر دەکرێت سێیەم هۆکاری مردن بێت لەدوای نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجەوە.

نابێت ئەلزەهایمەر لەگەڵ بێ توانابوونی مێشک بەهۆی پیربوونەوە تێکەڵ بکرێت. لەشی مرۆڤ ئاسایی لەگەڵ زیادبوونی تەمەن تواناکانی کەمدەبێتەوە بە مێشکیشەوە. ئەلزەهایمەر و جۆرەکانی تری خەڵەفان بەشێک نین لە پیربوونی ئاساییی مێشک.

نیشانەکان

نەخۆشی ئەلزەهایمەر حاڵەتێکی پەرەسەندووە، بەواتای ئەوەی نیشانەکان کاتی زۆر دەخایەنن و بەپێی کات بەرەو خراپتر دەڕۆن. لەبیرچوونەوە سەرەکیترین تایبەتمەندییە و بە یەکێک لە سەرەتاییترین نیشانەکان دادەنرێت کە دەربکەوێت.

نیشانەکان بەرەبەرە لەماوەی چەند مانگێک یان چەند ساڵێک دەردەکەون. ئەگەر ئەم نیشانانە لەماوەی چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژیک بەسەریەکەوە دەربکەون، ئەوا نەخۆشەکە پێویستە سەردانی پزیشک بکات، چونکە ئەم حاڵەتە لەوانەیە نیشانەی جەڵتەی مێشک (بە ئینگلیزی: Stroke) بێت. 

نیشانەکان بریتین لە:

  • لەبیرچوونەوە: کەسەکە لەوانەیە بەقورسی زانیارییەکانی بیربێتەوە و زانیاری نوێ وەربگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی:

- قسەکردن و پرسیارکردنی دووبارە

- بزرکردنی شتەکان

- لەبیرکردنی بۆنە و چاوپێکەوتنەکان

- گەڕان و بزربوون

  • کەمبوونەوەی توانای زانین: کەسەکە تووشی زەحمەتی دەبێت لە بیرکردنەوە، ئەرکە ئاڵۆزەکان و بڕیاردان. ئەمەش دەبێتە هۆی:

- کەمبوونەوەی تێگەیشتن لە خۆپارێزی و مەترسییەکان

- زەحمەتی لە پارە خەرجکردن و پارەدانی پسوولەکان

- زەحمەتی لە بڕیاردان

- زەحمەتی لەو ئەرکانەی کە چەند قۆناغێکن وەکوو خۆگۆڕین

  • کێشەکانی ناسینەوە: کەسەکە کەمتر دەتوانێت کەسانی تر و شتەکانی تر بناسێتەوە، یان کەمتر دەتوانێت ئامرازە بنەڕەتییەکان بەکار بهێنێت. ئەم کێشانەش هیچ پەیوەندییەکیان بە توانای بینینەوە نییە.
  • کێشەکانی وریابوون: کەسەکە لەوانەیە کێشەی هەبێت لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی خۆی، بەرببێتەوە، شت زۆر بڕژێنێت و کێشەی هەبێت لە ڕاستکردنی جلەکان لەبەری، کاتێک خۆی دەگۆڕێت.
  • کێشە لە نووسین، خوێندنەوە و قسەکردن: کەسەکە کێشەی دەبێت لە بیرکەوتنەوەی وشە باوەکان یان هەڵەی زۆر دەکات لە کاتی قسەکردن و نووسیندا.
  • گۆڕانی کەسایەتی و ڕەفتار: کەسەکە لەوانەیە ڕەفتار و کەسایەتیی بگۆڕێت وەکوو:

- بێتاقەتبوون و تووڕەبوون، یان لەوانەیە لەجاران زیاتر نیگەران ببێت

- نەمانی ئارەزوو بۆ ئەو چالاکییانەی کە پێشتر چێژی لێ دەبینین

- بێ هەست بوون

- ڕاڕابوون و کردنی ڕەفتاری سەیر و بیرەسەپێنراوانە

لە ساڵی ٢٠١٦ـدا توێژینەوەکان دەریان خست کە گۆڕان لە ڕووخۆشیی کەسەکە دەکرێت یەکێک بێت لە نیشانە سەرەتایییەکانی ئەلزەهایمەر.

قۆناغەکانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر 

نەخۆشیی ئەلزەهایمەر دەکرێت سووک یان تووند ببێت. ئەم پێوەرەش لەنێوان قۆناغەکانی سەرەتایی (سووک)، ناوەندی (مامناوەند) و کۆتایی (تووند)ـدا دەبێت. دەرکەوتنی نیشانەکان و پەرەسەندنی ئەم قۆناغانە کاتێکی زۆر دەخایەنێت، لەوانەیە لە چەند مانگێک بۆ چەند ساڵێک بخایەنێت.

قۆناغی سەرەتایی یان سووک

 کەسانی تووشبوو بە ئەلزەهایمەری سووک تووشی کێشەی لەبیرچوونەوە و توانای زانین و درکپێکردن دەبن کە بریتین لە:

- کاتێکی زیاتریان دەوێت لە جاران بۆ ئەوەی کارەکانی ڕۆژانەیان ڕابپەڕێنن. 

- کێشە لە هەڵگرتن و خەرجکردنی پارە، یان پارەدانی پسوولەکان. 

- گەڕان و بزربوون. 

- گۆڕانی کەسایەتی و ڕەفتاریان بۆ نموونە ئاسانتر تووڕە یان بێتاقەت دەبن، شت دەشارنەوە و شێوازی سەیریان لە ڕێکردن دەبێت. 

قۆناغی ناوەندی یان مامناوەند 

لە ئەلزەهایمەری مامناوەنددا، بەشەکانی مێشک کە بەرپرسن لە زمان، هەست، بیرکردنەوە و وریایی، زیانیان پێ دەگات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەم نیشانانە:

- لەبیرچوونەوەی زیاتر و شڵەژان

- زەحمەتی لە ناسینەوەی هاوڕێ و ‌ئەندامانی خێزان

- بێ توانایی لە فێربوونی شتی نوێ

- کێشە لە ئەنجامدانی ئەو کارانەی چەند قۆناغێکیان هەیە، وەک خۆگۆڕین

- کێشە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی نوێدا

- ڕەفتاری سەیر و بیرەسەپێنراوانە

- هەڵوەسەکردن، وەهم (بیری پڕوپووچ) و پارانۆیا (بەد گومانی)

قۆناغی کۆتایی یان تووند

لە ئەلزەهایمەری تووندا تۆپەڵ و گرێیەکان لە مێشکدا دروست دەبن. ئەمەش وا لە شانەی مێشک دەکات کە گرژ ببێت و بچێتەوە یەک، ئەمە دەبێتە هۆی:

- بێ توانایی لە پەیوەندیکردن

- پشت بەستن بە کەسانی تر بۆ چاودێریکردن و بایەخپێدان

- بێ توانایی لە جێهێشتنی جێگەی خەوتن، واتە زۆربەی کات لەناو جێگەدا دەمێننەوە

ئەلزەهایمەری زوو یان پێش وەختە

هەرچەندە تەمەن سەرەکیترین هۆکاری جێی مەترسیی ئەلزەهایمەرە، بەڵام ئەمە تەنیا حاڵەتێک نییە کە لە کەسانی بەتەمەندا ڕووبدات.

بەگوێرەی کۆمەڵەی ئەلزەهایمەر، ئەلزەهایمەری پێش وەختە تووشی نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس دەبێت لە ئەمریکا کە لە خوار تەمەنی ٦٥ ساڵین. زۆربەی ئەم کەسانە لە تەمەنی ٤۰ بۆ ٥۰ـیەکانن. 

لەزۆربەی حاڵەتەکاندا، پزیشکەکان نازانن کە بۆچی کەسانی گەنجتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن. هەندێک بۆهێڵی دەگمەن لەوانەیە هۆکار ببن، ئەگەر هۆکاری بۆماوەیی هەبێت ئەوا نەخۆشییەکە بە ئەلزەهایمەری خێزانی دادەنرێت.

هۆکار 

وەکوو هەموو جۆرەکانی تری خەڵەفان، نەخۆشیی ئەلزەهایمەر دەبێتە هۆی مردنی خانەکانی مێشک. کەسی تووشبوو بە ئەلزەهایمەر لە شانەکانی مێشکیدا دەمارەخانەی کەمتر و پێکەوەبەسترانی کەمتری هەیە، لەگەڵ خڵتەی نیشتووی زۆر بچووک کە بە تۆپەڵ و گرێ ناسراون، لەسەر دەمارە شانەکان دروست دەبن. 

تۆپەڵەکان لەنێوان خانە مردووەکانی مێشک دروست دەبن لە پڕۆتینێک کە ناسراوە بە بێتا ئەمیلۆید (بە ئینگلیزی: Beta-amyloid). لەهەمان کاتدا، گرێیەکان لەناو خانەکانی مێشک دروست دەبن لە پڕۆتینی تر کە ناسراون بە تاو (بە ئینگلیزی: Tau). ئەمەش لەئەنجامدا دەبێتە هۆی بچووکبوونەوەی مێشک (بە ئینگلیزی: Brain Atrophy) کە ئەم بچووکبوونەوەی مێشک و مردنی دەمارەخانەکانی مێشک دەبنە هۆی کەمبوونەوەی فرمانەکانی زانین و درکپێکردن. 

توێژەرەوەکان بەتەواوی نازانن بۆچی ئەم گۆڕانکارییانە لە مێشک ڕوودەدەن، لەوانەیە چەند هۆکارێکی هەبێت. بۆیە تا ئێستاش هۆکاری تووشبوون بەم نەخۆشییە بە دیاریکراوی نەزانراوە.

هۆکارە جێی مەترسییەکان

ئەو هۆکارە جێی مەترسییانەی کە خۆیان لێ لانادرێت بریتین لە:

- تەمەن

- هەبوونی مێژووی خێزانی بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر

- هەڵگرتنی چەند بۆهێڵێکی دیاریکراو

هۆکارەکانی تر کە مەترسیی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر زیاد دەکەن وەکوو بەرکەوتنی زەبری تووند یان زەبری دووبارەبووەوە بە مێشک، هەروەها بەرکەوتن لەگەڵ چەند پیسکەرێکی ژینگەیی وەکوو کانزا ژەهراوییەکان، دەرمانی مێرووکوژ و ماددە پیشەسازییە کیمیایییەکان.

جیاوازی نێوان ئەلزەهایمەر و خەڵەفان

خەڵەفان زاراوەیەکی گشتگیرە بۆ چەند جۆرێکی نەخۆشی کە دەبنە هۆی نەمانی توانای زانین و درکپێکردن. 

ئەلزەهایمەر نەخۆشییەکی لەناوبەری دەمارییە کە لە کۆتا قۆناغەکانیدا کەسەکە تووشی خەڵەفان دەبێت، ئەلزەهایمەر باوترین جۆری خەڵەفانە و پەیوەستە بە دروستبوونی تۆپەڵ و گرێ لە مێشکدا و نیشانەکانی بەرەبەرە دەردەکەون، باوترین نیشانەکانیش بریتین لە کەمبوونەوەی توانای زانین و درکپێکردن لەگەڵ توانای زمان. 

جۆرەکانی تری خەڵەفان بریتین لە، نەخۆشیی هەنتینتن (بە ئینگلیزی: Huntington's diseaseنەخۆشیی پارکینسۆن (بە ئینگلیزی: Parkinson disease) لەگەڵ نەخۆشیی کروتزفێڵد یاکۆب (بە ئینگلیزی: Creutzfeldt Jakob disease). دەکرێت کەسێک لە یەک کاتدا زیاتر لە جۆرێکی خەڵەفانی هەبێت.

دەستنیشانکردن 

بۆ ئەوەی بگەین بە دەستنیشانکردنی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر، دەبێت کەسەکە ئەزموونی لەبیرچوونەوە، کەمبوونەوەی توانای زانین و درکپێکردن، یان گۆڕانی ڕەفتار بکات کە کاردەکەنە سەر توانای ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە. 

ئەندامانی خێزان یان هاوڕێکانی کەسەکە لەوانەیە زووتر لە کەسەکە خۆی تێبینی نیشانەکانی خەڵەفان بکەن.

پشکنینێکی تایبەت بۆ نەخۆشی ئەلزەهایمەر نییە، ئەگەر پزیشکێک گومانی لە بوونی حاڵەتەکە هەبێت ئەوا چەند پرسیارێک لەبارەی نیشانەکان، ئەزموونەکان و مێژووی نەخۆشیی کەسەکە، لە کەسەکە خۆی یانیش لە ئەندامانی خێزان و چاودێرانی کەسەکە دەکات.

هەروەها پزیشک لەوانەیە چەند پشکنێک ئەنجام بدات وەکوو:

- پشکنینی توانای زانین و یادەوەری، تا توانای بیرکردنەوە و بیرهاتنەوەی نەخۆشەکە بخەمڵێنێت، بە بەکارهێنانی چەند ئامرازێکی خەمڵاندن کە بەردەستن وەکوو تاقیکردنەوی یادەوەری کورتخایەن لەماوەی کەمتر لە سێ خولەکدا لەگەڵ ئەنجامدانی چالاکی وەکوو دیاریکردنی کاتی کاتژمێر لەسەر کاغەز.

- پشکنینی فرمانە دەمارییەکان، بۆ پشکنینی هاوسەنگی، هەست و پەرچەکرداریان. 

- پشکنینی خوێن یان میز.

- سی تی سکان یان ئێم ئاڕ ئای سکان (MRI).

- پشکنینی بۆماوەیی (بۆهێڵەکان).

هەندێک لە جۆرەکانی بۆهێڵی (APOE e4) کارگیەرییان هەیە لەسەر زیادبوونی هەلی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر (تاوەکوو ساڵی ٢٠٢١ مشتومڕی لەسەرە).

چارەسەر

هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ نەخۆشیی ئەلزەهایمەر نییە. چونکە مردنی خانەکانی مێشک شتێک نییە کە بگەڕێندرێتەوە یان پێچەوانە بکرێتەوە وەک خۆی. چارەسەر تەینا دەتوانێت نیشانەکان لابدات و جۆرێتی ژیان پەرەپێبدات بۆ کەسی توووشبوو و ئەندامان خێزان یان چاودێرانی کەسەکە.

خاڵە بنەڕەتییەکانی چاودێریکردنی خەڵەفان بریتین لە:

- چارەسەرکردن و چاودێریکردنی هەر حاڵەتێکی تر کە لەگەڵ ئەلزەهایمەرەکەدا بوونی هەیە.

- ئەنجامدانی چالاکی و چاودێریکردنی ڕۆژانە.

- بەشداربوون لە گرووپە پاڵپشتییەکان و خزمەتگوزارییەکان.

چارەسەر و دەرمان بۆ گۆڕانی ڕەفتار

دەرمان بۆ نیشانەکانی زانین و درکپێکردن

هیچ دەرمانێک بۆ چارەسەری ئەلزەهایمەر بوونی نییە، بەڵام هەندێک دەرمان یارمەتی کەمبوونەوەی نیشانەکان و باشتربوونی ژیان دەدەن. 

دەرمانەکانی ناسراو بە ڕێگرەکانی کۆلینئیستەرەیس (بە ئینگلیزی: Cholinesterase inhibitors) دەتوانن یارمەتی نیشانەکانی زانین و درکپێکردن بدەن، وەکوو لەبیرچوونەوە، شڵەژان، گۆڕانی پڕۆسەی بیرکردنەوە و کێشەکانی بڕیاردان. ئەو دەرمانانە پەیوەستیی نێوان دەمارەکان لە مێشکدا باشتر دەکەن و ڕێ لە خراپتربوونی ئەم نیشانانە دەگرن یان خاویان دەکەنەوە.

سێ دەرمانی باو کە لەلایەن ئێف دی ئەیەوە (بە ئینگلیزی: FDA) بۆ چارەسەری نیشانەکانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر پەسەندکراون بریتین لە:

- دۆنیپێزڵ بۆ چارەسەری نیشانەکانی هەموو قۆناغەکان.

- گالانتامین بۆ چارەسەری نیشانەکانی قۆناغی سووک بۆ مامناوەند.

- ڕیڤاستیگمین بۆ چارەسەری نیشانەکانی قۆناغی سووک بۆ مامناوەند.

دەرمانێکی تر بەناوی مێمانتین کە ئەنتاگۆنست یان دژمنی وەرگری نمدایە لە لەشدا (بە ئینگلیزی: NMDA receptor antagonist) پەسەندکراوە بۆ چارەسەری نیشانەکانی قۆناغی مامناوەند بۆ تووندی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر. دەرمانێکی تێکەڵەی مێمانتین و دۆنیپێزڵیش بەیەکەوە بەردەستە بەناوی (Namzaric).

چارەسەری سۆزداری و ڕەفتار

گۆڕانە ڕەفتاری و سۆزدارییەکانی پەیوەست بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر زەحمەتن بۆ چارەسەرکردن. کەسانی تووشبوو بەڕێژەیەکی زۆر ئەزموونی هەراسانی، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، بێ ئۆقرەیی، کێشەکانی خەو و کێشەکانی تر دەکەن.

چارەسەرکردنی هۆکارەکانی پشت ئەم گۆڕانانە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت. هۆکارەکان وەکوو کاریگەریی لاوەکیی دەرمانی تر، ناڕەحەتی بەهۆی نەخۆشیی تر یان کێشەی بینین و بیستن.

دیاریکردنی هۆکاری هاندەری دروستبوونی ئەم گۆڕانانە و خۆبەدوورگرتن لێیان یان گۆڕینیان بە شتی تر دەتوانێت یارمەتی کەسەکە بدات تا لەگەڵ گۆڕانەکان هەڵبکات. هاندەرکان دەکرێت بریتی بن لە  گۆڕینی ژینگە، بوونی چاودێری نوێ یان داوا لێ کردن بۆ خۆشۆردن و خۆگۆڕین.
زۆرجار دەکرێت ژینگە بگۆڕیت بۆ چارەکردنی بەربەستەکان و زیادکردنی ئاسوودەیی، دڵنیایی و ئارامیی هۆشی کەسەکە.

کۆمەڵەی ئەلزەهایمەر (بە ئینگلیزی: Alzheimer's Association) لیستێکی ڕێنوێنیی مامەڵەکردنی پێشکەش کردووە بۆ ئەو کەسانەی چاودێری تووشبووانی ئەلزەهایمەر دەکەن.

لە هەندێک حاڵەتدا پزیشکەکان لەوانەیە دەرمان دابنێن بۆ چارەسەری نیشانەکانی سۆزداری و گۆڕانی ڕەفتار، وەکوو:

- دژەخەمۆکییەکان بۆ بێ جەوی

- دژەدڵەڕاوکێیەکان

- دژەسایکۆتیکەکان بۆ چارەسەری هەڵوەسەکردن، بیری پڕوپووچ و شەڕانگێزی

ڕێگریکردن لە ئەلزەهایمەر

ئەو هۆکارانەی دەکرێت ڕێگری بکەن له تووشبوون بە ئەلزەهایمەر بریتین لە:

- ئەنجامدانی وەرزشێکی ڕێکوپێک

- پەیڕەوکردنی شێوازی خواردنی هەمەجۆر و تەندروست.

- پاراستنی تەندروستیی دڵەلوولە کۆئەندام

- ڕێکخستن و چاودێریکردنی مەترسییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، قەڵەوی و بەرزی پەستانی خوێن

- مێشک بە چالاکی بهێڵەوە بەدرێژایی ژیانت

بەربڵاوی و کوشندەیی

ئەلزەهایمەر باوترین هۆکاری خەڵەفانە. بەربڵاویی ئەلزەهایمەر لە جیهاندا بە ٢٤ ملیۆن تووشبوو دەخەمڵێنرێت و یەکێکە لەو نەخۆشییانەی بەخێرایی پەرەدەسەنێت و ڕێژەی بڵاوبوونەوەی زیاتر دەبێت.

بەپێی توێژینەوەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، نزیکەی ٦ ملیۆن کەس لە ئەمریکادا نەخۆشیی ئەلزەهایمەریان هەبووە لە ساڵی ٢٠٢١ـدا و ٧٢٪ـیان سەروو تەمەنی ٧٥ ساڵین.

 - لە هەر نۆ کەسێکی سەروو تەمەنی ٦٥ ساڵی یەکێکیان واتە (١١٪)ـیان تووشبووی خەڵەفانی ئەلزەهایمەرە.

- دوو لەسەر سێی تووشبووانی ئەلزەهایمەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە ڕەگەزی مێیینەن. 

- بەساڵاچووە ڕەشەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەگەری تووشبوونیان دوو ئەوەندەی بەساڵاچووە سپییەکانە. 

- وا پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٥۰ـدا ڕێژەی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بگاتە نزیکەی ١٣ ملیۆن کەس. 

هەروەها ئەلزەهایمەر تەنیا نەخۆشییەکی لەبیرچوونەوە نییە بەڵکو کوژەرە.

- لە هەر سێ کەسێکی بەساڵاچوودا یەکێکیان بەهۆی ئەلزەهایمەر و خەڵەفانەوە دەمرێت. ئەلزەهایمەر بەتەنیا هۆکاری مردنی ڕێژەیەکی زیاتری خەڵکە لە شێرپەنجەی مەمک و پڕۆستات بەیەکەوە. 

- لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، مردن بەهۆی ئەلزەهایمەر و خەڵەفانەوە بەڕێژەی ١٦٪ زیادی کردووە لەماوەی بوونی پەتای کۆرۆنا (COVID 19 pandemic). 

- لەساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٩ ڕێژەی مردن بە ئەلزەهایمەر بەڕێژەی زیاتر لە دوو ئەوەندە (١٤٥.٢٪) زیادی کردووە، لەکاتێکدا ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ کە باوترین هۆکاری مردنن بەڕێژەی ٧.٣٪ کەمی کردووە.

- لەو کەسانەی تەمەنیان ٧٠ ساڵە ٦١٪ـیان کە تووشبووی ئەلزەهایمەرن، وا پێشبینی کراون کە پێش تەمەنی ٨۰ ساڵی بمرن. بە بەراورد بەو ٣٠٪ـیەی کە تووشبووی ئەلزەهایمەر نین ڕێژەی مردنەکە دوو ئەوەندە زیاترە. 

- کەسانی سەروو تەمەن ٦٥ ساڵی دوای دەستنیشانکردنیان بە خەڵەفانی ئەلزەهایمەر ئەوپەڕی چوار بۆ هەشت ساڵ دەژین. لەگەڵ ئەوەشدا کەسانی تووشبوو بە ئەلزەهایمەر بەتەنیا، دەتوانن نزیکەی بیست ساڵ بژین. ئەمەش هێواشیی پەرەسەندنی نەخۆشییەکە دەردەخات. 

پوختە

ئەلزەهایمەر لە بەساڵاچوواندا ڕوودەدات و نەخۆشییەکی لەناوبەری دەمارییە. دروستبوونی تۆپەڵ و گرێ لە مێشکدا هاوکات لەگەڵ مردنی خانەکانی مێشک، دەبنە هۆی لەبیرچوونەوە و کەمبوونی توانای زانین و درکپێکردن. بەپێی تێپەڕبوونی کات نەخۆشییەکە زیاتر پەرەدەسەنێت و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا بە مردن کۆتایی دێت. 

لەئێستادا هیچ چارەسەرێکی ئەلزەهایمەر نییە، بەڵام دەرمان و چارەسەرەکانی تر دەتوانن نیشانەکانی سۆزداری، ڕەفتاری و زانین خاوبکەنەوە یان باشتریان بکەن و جورێتی ژیانی کەسەکە بەرەوپێش ببەن.


سەرچاوەکان



4196 بینین