مەرجەکانی خۆ ڕازاندنەوە بۆ ئافرەتان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-05-13:45:00 - کۆدی بابەت: 4166
مەرجەکانی خۆ ڕازاندنەوە بۆ ئافرەتان

ناوه‌ڕۆك

مەرجەکانی خۆ ڕازاندنەوە بۆ ئافرەتان

  1. ئەو جوانکاری و خۆ ڕازاندنەوەی بۆ ئافرەتان ڕێگەی پێداوە لە چوار چێوەیەکی دیاریکراوە، کە بریتییە لە پۆشاکی ئاوریشم، خشڵ و زێڕ و زیو، کل و خەنە، چاککردن و ڕێکخستنی قژی سەر، لەگەڵ بەکارهێنانی هەندێک کەرەستەی تری جوانکاری کە ئافرەتان لەناو ماڵەکانیان بەکاری دەهێنن، ئەو شتانەی کە لەدەرەوەن و دیارن وەک ئەنگوستیلە و ئەڵقە، خەنەی دەست و کلی چاو کە ناتوانرێت بشارێتەوە، دیارکەوتنیان بۆ بێگانە هیچ گومان و گوناحێکی تێدانییە، بەڵام بازنەی دەست و خڕخاڵی پێ و ملوانکە وپشتێن و گوارە کە لەو شوێنانەن کە سەیرکردنیان ڕەوانییە و بە عەورەت دادەنرێن، ئەوا دیارکەوتنیان دروست نییە، چونکە خوای گەورە بە ئایەتی قورئانی پیرۆز سەیرکردنی ئەو شوێنانەی حەرام کردووە تەنها بۆ ئەوانە نەبێت کە لەو ئایەتە ناویان هاتووە کە بریتین لە هاوسەر، باوک، باوکی هاوسەر، برا، کوڕی برا و کوڕی خوشک، کەنیزە و خزمەتکار، ئەو پیاوانەی لە ماڵیان کاردەکەن و جێگەی گومان نین، ئەو منداڵانەی کە هێشتا ئارەزووی سەیرکردنی ئافرەت ناکەن.
  2. بۆیان هەیە جوانی و ڕازاوەییان نیشانی هاوسەر و باوک و برا و ئەو پیاوانەی لە ماڵیان کاردەکەن و جێگەی گومان نین، ئەو منداڵانەی کە هێشتا ئارەزووی سەیرکردنی ئافرەت ناکەن.
  3. نابێ قاچیان بەشێوەیەکی تووند لە زەووی بدەن، تاوەکو دەنگی خڕخاڵیان بێت و سەرنجی خەڵکی بۆلای خۆی ڕابکێشێت، سەید قوتب ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت ئەو بڕگەیە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کەوا خوای گەورە خۆی خوڵقێنەر و ئاگاداری قووڵ و ووردی هەموو پێکهاتەکانی دەروونی ئادەمیزادە، بە هەموو شتە نهێنی و پەنهانەکانی ئادەمیزاد پسپۆڕ و شارەزایە، بۆیە ئەو جۆرە ڕۆشتنەی پەسەند نەکردووە، چونکە زۆر جار خەیاڵ و ئەندێشە کاریگەریان لەسەر هەندێک کەس زۆر زیاترە لە شتی واقعی و بەرجەستە وەک بزوێنەر بۆ هەڵچوونی ئارەزووی جنسی، هەندێک کەس ئارەزووی جنسیان بە بینینی پێڵاوی ئافرەت، جل و بەرگی، دەنگی خشڵەکانی، بۆنی دەبزوێت، زیاتر لەوەی خوودی ئافرەتەکە خۆی ببینێت، یان لەبەر دەستیان بێت، ئەو جۆرە کەسانە زۆرن، دەروونناسان و پزیشکانی دەروونی زیاتر ئاشنان بەم جۆرە کەسانە.
  4. قورئان دەرکەوتنی جوانی بۆ بێگانە حەرام کردووە، تەنها ئەو شوێنانەی دەربکەون، وەک دەست و دەم و چاو، یان ئەو شوێنانەی کە دوورن لە خواست و ئیرادەی خودی ئافرەتەکە دەردەکەوێت، (إلا ما ظهر منها) بریتییە لە دەست و دەم و چاو کلی چاو و خەنە و ئەڵقەی دەست، ئیبن عەباس سەلامی خودای لێبێت دەڵێت مەبەست لە دەرکەوتنی جوانی و ڕازاوەیی بریتییە لە ڕوو، کلی چاو، دەست، خەنە و ئەڵقەی دەست، کە ئەوانە هەمیشە دەردەکەون و ئەوانەی هاتووچۆیان دەکەن دەیانبینن عائیشە سەلامی خوای لەسەربێت دەفەرمووێت: ئەسمای خوشکم هاتە ماڵمان و بە پۆشاکێکی تەنک خۆی داپۆشیبوو، پێغەمبەری خوا سەلامی خودای لێبێت بەرپەرچی دایەوە و گووتی ئەی ئەسما ئافرەت گەیشتە تەمەنی بێ نوێژی بێجگە لە دەست و دەم و چاوی نابێت هیچ شوێنێکی تری دیاربێت لە بەنی حورەیرە دەگێڕنەوە، کە پێغەمبەری خودا سەلامی خودای لەسەربێت قەدەغەی کردووە لە کاتی نوێژیدا پیاو دەم و چاوی داپۆشێت، هەر بۆیە زانایان بە کۆمەڵ لەگەڵ ئەوەن کەوا ئافرەت لە کاتی نوێژ و ئیحرام بەستندا دەم و چاوی بە دەرەوە بێت، واتە ئەگەر لەو دووکاتەدا پەسەندبێت، ئەوا لە کاتەکانی تردا گونجاوتر و ڕەواترە.
  5. حەرام کردنی زۆر لەو کردارە جوانکاریانەی دەکرێت لەناو گۆمەڵگەی ئافرەتان، عائیشە سەلامی خودای لێبێت دەفەرمووێت کەوا پێغەمبەری خودا نەفرەتی لەو ئافرەتە کردووە کە دەنگی بەرز دەکاتەوە، ڕووی خۆی دەتاشێت بەمەنەستی جوانکاری، جل و بەرگی خۆی دادەدڕێت، ڕووی دەرەوەی پێستی لادەدات بەمەبەستی ئەوەی بریقەداربێت. هۆی حەرامکردنی ئەو کردەوانە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ
    1. لەبەر ئەوەی ئەو کردەوانە ڕەوشتی ئافرەتە فاجرەکان بووە، هەر مەبەستی ئەوانە.
    2. لەوانەیە ئەو کردارە بۆ فێڵ کردنێک بێت لە پیاوان.
    3. لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانی خەلقی خودا، وەک کوتانی دەست.
    بەڵام ئەو دەرمانانەی کەوا لەکەی دەمووچاو لادەبات، دەیڕازێنێتەوە بۆ هاوسەری، ئەوە هیچی لەسەر ناکەوێت، هەروەها دەرهێنانی مووی زیادەی دەم و چاو.
  6. پێویستە هەموو هەوڵی خۆی بدات و ڕازاوەیی خۆی بشارێتەوە، ئەگەر دەرکەوت لەبەر هەندێک کاری تایبەتی پێویست، ئەوە هیچی لەسەر نەکەوێت، وەک چوونە دەرەوە بۆ کڕینی هەندێک کەل و پەل، شایەتی دان، یان کارکردن بۆ دابینکردنی بژێوی خۆی و منداڵی ئەگەر کەسی نەبوو، بەڵام زانایان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی نابێت ئافرەت نابێ بچێتە دەرەوە و دەم و چاوی دیار بێت کاتی زۆر بوونی فاسقان.


سەرچاوەکان



749 بینین