هۆکارەکانی ئازاری قاچ  چین؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-01-15:23:00 - کۆدی بابەت: 12725
هۆکارەکانی ئازاری قاچ  چین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هۆکارەکانی ئازاری قاچ چین؟ (بە ئینگلیزی: What are the causes of leg pain، بە عەرەبی: ما هي أسباب وجع الأرجل) زۆر کەس تووشی ئازار دەبن لە بەشێکی دیاریکراوی قاچ یان لە تەواوی قاچدا، ئەم ئازارە تووشی کەسانی تەمەن گەورە و گەنجیش دەبێتەوە. دوو جۆر ئازاری قاچ هەیە، یەکەمیان کە ماوەیەکی کورت دەخایەنێت و لەوانەیە کەسەکە بەبێ بەکارهێنانی دەرمان چاک ببێتەوە، بەڵام جۆری دووەمیان ئازارێکی بەهێزە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت و لەوانەیە بەکارهێنانی دەرمان بۆ نەمانی ئازارەکە کاریگەری نەبێت.

هۆکارەکانی ئازاری قاچ

ئەمانە چەند هۆکارێکن کە دەبنە هۆی ئازاری قاچ:

  • ئەنجامدانی هەندێک ڕاهێنان بە شێوەیەکی هەڵە زیان بە قاچەکان دەگەیەنێت، وەک بازدان، بازدان بە پەت و ڕاکردن.
  • شێرپەنجەی ئێسک بەتایبەتی کاتێک لە قۆناغە پێشکەوتووەکانیدایە، دەبێتە هۆی ئەوەی تووشبووەکە بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە ئازارێکی زۆر بکات و توانای ئەنجامدانی زۆرێک لە چالاکییەکانی لەدەست بدات.
  • هەوکردنی جومگەکان (ڕۆماتیزم)، یان هەوکردنی ژێیەکانی ماسولکە.
  • ڕوودانی ڕووداوێکی دیاریکراو، وەک: کەوتنەخوارەوە لە شوێنێکی بەرزەوە، پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکە لەگەڵ شتێکدا لەکاتی لێخوڕیندا یان بەرکەوتن بە شتێکی توند.
  • وشکبوونەوەی جەستە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ئەندامەکان و سیستمی لەش لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لاواز ببن.
  • تووشبوون بە هەوکردنی جومگەکان.
  • کێشە و تێکچوونەکانی کۆئەندامی دەمار، وەک تێکچوونی دەمارەکان کە لە ئەنجامی ئالوودەبوون بە جگەرەکێشان و زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی کحول دروست دەبێت.
  • زیادەڕۆیی لە خواردنی هەندێک دەرمان، وەکو دەرمانی میزپێکەر، کە دەبێتە هۆی دڕان یان گرژبوونی ماسولکەکانی قاچ.
  • کێشی زیادە و قەڵەوی، چونکە کێشی لەش دەبێتە هۆی دروستبوونی فشارێکی زۆر لەسەر قاچەکان.
  • هەوکردنی ئێسکی ناوەوە.
  • ناهاوسەنگی لە خوێیەکانی خوێندا.
  • ئەنجامدانی چالاکیەکی لەناکاوی وەک ڕێکردن.

دەستنیشانکردنی ئازاری قاچ

پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی هۆکاری ئازارەکە بزانیت، بەتایبەتی ئەگەر ئازارەکە درێژخایەن بێت. چونکە لەوانەیە نەخۆشەکە بخاتە دۆخێکی مەترسیدارەوە، زۆرجار پێویستی بە کۆمەڵێک پشکنین و هەنگاو هەیە کە لە پرۆسەی دەستنیشانکردن  و چارەسەرکردندا یارمەتیدەرە، بەمجۆرە گرنگترین ڕێگاکانی دەستنیشانکردن بریتین لە:

  • پشکنینی گشتی بۆ نەخۆشەکە.
  • پشکنینی تەواو بۆ هەردوو سیستمی دەمار و ماسولکەیی.
  • پشکنینی خوێن، پێوانەکردنی ڕێژەی خوێ لە لەشدا.
  • پێویستە بە وردی پرسیار لە نەخۆشەکە بکرێت دەربارەی مێژووی نەخۆشییەکەی و هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە نەخۆشییەکەیەوە .
  • تۆمۆگرافیای کۆمپیوتەریی.
  • وێناکردنی زرنگەی موگناتیسی MRI.
  • تیشکێکی ئێکس بۆ ئەو قاچەی تووشیی ئازار بووە

خۆپارێزی بۆ ڕێگریکردن لە ئازاری قاچ

زۆرجار خۆپاراستن بریتییە لە دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی ئازار، دیارترینیان بریتین لە:

  • ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە هەشت پەرداخ ئاو بخۆرەوە.
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرە کێشان و خواردنەوەی و ماددە کحولییەکان.
  • ڕاهێنانەکان بە دروستی ئەنجام بدە و بە وردی ڕێنماییەکانیان جێبەجێ بکە.
  • لە خواردنەوە گازییەکان دووربکەوەرەوە بەهۆی ئەوەی دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک، هەروەها ئێسکەکان لاواز دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی بە ئاسانی تووشی لێدان یان شکان ببن.
  • پاراستنی ئاستی شەکر لە خوێندا بەتایبەت لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە و دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی بەرزبوونەوە و دابەزینی کتوپڕی ئاستی شەکر.
  • لە وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر دوور بکەوەرەوە.
  • پێڵاوێک بەکاربهێنە کە لە پێدا ئاسوودە بێت و نەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار.


سەرچاوەکان



119 بینین