ئەو خواردن و خواردنەوانەی یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری شەقیقە و سەرئێشە دەدەن

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-05-09-15:55:00 - کۆدی بابەت: 12832
ئەو خواردن و خواردنەوانەی یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری شەقیقە و سەرئێشە دەدەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

‎ئەو خواردن و خواردنەوانەی یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری شەقیقە و سەرئێشە دەدەن (بە عەرەبی: الأطعمة والمشروبات التي تساعد في تخفيف  الالام و الصداع النصفي, بە ئینگلیزی: Foods and drinks that Help Relieve Migraine and Headache).

ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان خۆراک و شەقیقە؟

هەموو کەسێک جاروبار تووشی سەرئێشە دەبێت. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە شەقیقەیان هەیە، ئازارەکە لەوانەیە زۆر قورستر بێت و هەندێ نیشانەی تری لەگەڵدا بێت. لێکۆڵینەوە و توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جۆری خۆراک و پاڕێزی ڕۆڵیان هەیە لە سەرهەڵدانی شەقیقە. گۆڕانکاری لە خۆراکدا یارمەتیدەرە لە ڕێگریکردن ئازاری شەقیقە یان کەمکردنەوەی دووبارەبوونەوەی ئازارەکە.

ئەو خواردن و خواردنەوانە چین کە بەسوودن بۆ شەقیقە؟

خواردن و خواردنەوەی هەندێک شت لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە شەقیقە. هەندێک خۆراک بڕێکی زۆر کانزا و ڤیتامین و ترشە چەورییەکانی تێدایە کە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە سەرئێشە.

هەندێک لەو خواردن و خواردنەوانەی کە بە سوودن بۆ شەقیقە:

ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە مەگنیسیۆم: لێکۆڵینەوەیەک لەسەر زۆربەی مێینە سپی پێستەکان دەریدەخات کە مەگنیسیۆم دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازاری شەقیقە. ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە مەگنیسیۆم وەک ڕووەکی گەڵا سەوزی تێر و ئەڤۆکادۆ و تونا.

Omega-3 fatty acids: توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادکردنی ئەم ماددەیە یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری شەقیقە دەدات. ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە Omega-3 fatty acids ماسی دەگرێتەوە وەک ماکرڵ (جۆرێکی ماسییە) و سەلەموون و دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان.

ئاو: هێشتنەوەی ئاستی ئاوی گونجاو لە لەشدا یارمەتیدەرە لە ڕێگریکردن لە سەرئێشە و کەمکردنەوەی نیشانەکان، چونکە وشکبوونەوە دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی شەقیقە. هەندێک جۆری چا لەوانەیە سوودی زیاتری هەبێت، وەک کەمکردنەوەی نیشانەکانی شەقیقە.

ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری لە خواردنی ڕۆژانە: یارمەتیدەر دەبێت، وەک سنووردارکردنی بەکارهێنانی سۆدیۆم و چەوری یان کەمکردنەوەی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەی شەکریان بەرزە. هەروەها National Headache Foundation پێشنیاری ئە خواردنانە دەکات کە بڕێکی کەم تایرامین (tyramine) لە پێکهاتەیاندا هەیە.

خۆ بەدوورگرتن لە خۆراکی ئامادەکراو: (ئەو خواردنانە دەگرێتەوە کە گۆرانکاری بەسەردا هاتووە وەک خواردنی لە قوتوو نراو، بەستوو، برژاو، وشککراو گەرم کراو  ….. چەندانیتر)، بە گشتی خۆراکی تازە لە سوودی هەمووانە، هەرچەندە قورسە بتوانی بە تەواوی خۆت بەدووربگریت لە خۆراکی ئامادەکراو. هەروەها ئەگەر هەستت کرد لە کاتی خواردنی خۆراکێک کە تامی تێکراوە، شیرینی یان ماددەی پارێزەری بووە هۆی شەقیقە پێویستە خۆتی لێ بەدوور بگریت

کیتۆ: لەوانەیە بۆ هەموو کەسێک نەبێت، بەڵام توێژینەوەیەکی باوەرپێکراو پێکراو نیشانی دەدات کە خواردنی کیتۆ لەوانەیە یارمەتی کەمکردنەوەی شەقیقە بدات بە بەراورد لەگەڵ خۆراکی ستاندارد. ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە خواردنی ئەو خۆراکانەی کاربۆهیدراتیان کەمە و چەورییەکی زۆریان تێدایە، وەک خواردنە دەریاییەکان، سەوزەی بێ نیشاستە و هێلکە. 

ئاگاداربە، هەندێک لە خۆراکەکانی کیتۆ لەوانەیە ببنە هۆی شەقیقە. هەمیشە ڕاوێژ لەگەڵ پزیشک یان کەسێکی پسپۆر بکە پێش دەستپێکردنی کیتۆ، چونکە دەبنە هۆی مەترسی. هەندێک لەو کەسانەی کە تووشی شەقیقە دەبن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەیان دەست دەکەن بە پارێزی و هەوڵ دەدەن بەتەواوی خۆیان بە دوور بگرن لە هەندێک جۆری خۆراک (وەک کیتۆ). خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بە تەواوی لە هەندێک گرووپی خۆراک دادەبرێن دەبنە هۆی بەدخۆراکی. لە هەندێک حاڵەتدا، ئەمە لەوانەیە زیانی زۆر زیاتر بێت لە سوود. گرنگ ئەوەیە کە دەست بە پارێزی نەکەی بەبێ ڕاوێژی پزیشک یان کەسی پسپۆر، ئەوان دەتوانن یارمەتیت بدەن لە گۆڕانکاری خۆراکی گونجاو بۆ ئەوەی بتوانیت تەندروستیت باشتر بکەیت.

لەکاتی ئازاری شەقیقە نەخۆشەکە هەست بە چی دەکات؟

ئازاری شەقیقە جیاوازە لە سەرئێشەی ئاسایی. لە شەقیقەدا ئازارەکە ماوەیەکی زیاتر دەخایەنێت و ئازاری زیاترە و کاریگەری جەستەیی زیاتریان هەیە. دەکرێت ئەم نیشانانە بەدی بکرێن:

  • دڵتێکهەڵاتن یان ڕشانەوە
  • گۆڕانی بینین
  • هەستیارییەکی زۆر بۆ ڕووناکی، بۆن و دەنگ
  • مێروولەکردنی دەست و قاچ
  • لەوانەیە ئازارەکە لایەکی سەر یاخود هەردوولا بگرێتەوە.

هەندێک کە شەقیقەیان هەیە ئاگاداریان بۆ دێت 

ئەم قۆناغە بە شێوەیەکی ئاسایی پێش دەستپێکردنی  ئازارەکە ڕوودەدات، بەڵام ئەگەری هەیە پێکەوە ڕووبدەن

ئاگادارییەکان ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە:

  • بینینی تیشک یان پرشنگی ڕووناکی
  • مێروولە کردنی جەستە
  • بینینی تیشکی ڕووناکی لە شێوەی شەپۆلی گەرما
  • کێشەی قسەکردن بە ڕوونی یان وتنی وشە ڕاستەکە (transient aphasia)
  • لاوازی ماسولکە

کێن ئەوانەی تووشی شەقیقە دەبن؟

خەڵکی لە هەموو تەمەنێکدان ئەگەری تووشبوون بە شەقیقەیان هەیە - تەنانەت منداڵیش. هەندێک لەو هۆکارانەی ئەگەری توشبوون زیاتر دەکەن:

تەمەن: زۆربەی کات ئەو کەسانەی تووشی شەقیقە دەبن  تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٤٤ ساڵدایە.

ڕەگەز: نزیکەی سێ لەسەر چواری ئەوانەی توشی شەقیقە دەبن ئافرەتن.

بۆماوەیی: ئەو کەسانەی کە مێژووی خێزانی شەقیقەیان هەیە ئەگەری توشبوونیان زیاترە.

چی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەقیقە؟

 هەندێک شت دەتوانن ببنە هۆی سەرهەڵدانی شەقیقە، هەرچەندە هەموو کەسێک بە هەمان شێوە کاردانەوەی نییە بۆ دەستپێکردنی سەرئێشە. ئەو هاندەرانەی کە دەکرێت ببنە هۆی دەستپێکردنی ئازارەکە بریتین لە:

  • سترێس و دڵەڕاوکێ
  • گۆڕانی هۆڕمۆن
  • هەندێک دەرمان یان بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی دەرمان، لەوانە حەبی هۆرمۆنی بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوون، ستێرۆیدەکان، و ئازار شکێنەکان
  • تێکچوونی خەو وەک کەمخەوی یان خەوزران و کورتبوونی هەناسە لەکاتی خەودا
  • گۆڕانی کەش و هەوادا

ئەو خواردنانە کامانەن کە  دەبنە هۆی دەستپێکردنی سەر ئێشە؟

خۆراک و ماددە کیمیاییەکان لەوانەیە ببنە هۆی دەستپێکردنی سەرئێشە. لە ئێستادا هیچ لیستێکی دیاریکراو نییە لەو خواردن و خواردنەوانەی کە ببنە هۆی یاخود ڕێگریبکەن لە دەستپێکردنی ئازارەکە. بەڵام دەکرێت دەستپێکردنی شەقیقە و هەستیاری بە خواردن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر بگۆرێت.لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک شت کە دەیخۆن یان دەیخۆنەوە دەبێتە هۆی سەرئێشە وەک:

  • خۆراکی دەوڵەمەند بە نیترات وەک گۆشتی خۆشکراو و هۆت دۆگ (جۆرێکە لە سۆسج).
  • monosodium glutamate  (MSG)  ماددەیەکە زۆرجار لە خۆراکی ئامادەکراودا بەدی دەکرێت.
  • شیرینکەری دەستکرد، بەتایبەتی ئاسپرتام و سوکرالۆز (دوو ماددەی زۆر شیرینن لە زۆربەی خوردنەوە گازییەکاندا هەن).
  • تیرامین (Tyramine) ماددەیەکی کیمیاییە کە لە خۆراکی گەنیوو (fermented food)، پەنیری کۆن و هەندێک جۆری نانی تازە برژاودا هەیە.
  • فینیلئیثیلامین ترشێکی ئەمینییە کە لە شۆکۆلاتە، چەرەس، میوە مزرەمەنییەکان و سرکەدا دەدۆزرێتەوە.
  • خواردنەوە کحولییەکان وەک شەراب و بیرە
  • بەرهەمی شیرەمەنییەکان و دۆندرمە
  • خواردنەوەی کافایین وەک قاوە
  • هەندێک سەوزە لەوانە تەماتە و پیاز
  • ئەو خۆراکانەی هیستامینیان تێدایە، لەوانە کحول، خواردنی گەنیوو، میوەی وشککراو و چەندانیتر
  • گلوتین، پرۆتینێکە لە گەنمدا هەیە

هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە خودی خۆراکەکان کێشەکە نەبن. لەبری ئەوە، ئارەزووی خواردن و برسێتی لەوانەیە ڕەگی ڕاستەقینەی هۆکارەکە بێت. کاتێک خەڵکی ئارەزووی خواردنیان هەیە بەهۆی دابەزینی شەکری خوێنەوە، کاتێک شتێک دەخۆن، زۆرجار زۆر درەنگ دەبێت - ڕەنگە ئازارەکەیان لێبێت.

لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ گەشتن بەو راستییەی کە ئایا هۆکاری ڕاستەقینە برسیەتییە، خۆراکەکەیە، یان تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. لەوانەیە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پلەی گەرمی خۆراک بێت. خواردن یان خواردنەوەی شتێک کە زۆر گەرم بێت یان زۆر سارد بێت لەوانەیە هەندێک جار ببێتە هۆی دەستپێکردنی سەرئێشە. بۆیە وریابە لە کاتی خواردنی گەرم و سارد.

بە چی ڕێگایەکی تر دەتوانین چارەسەری شەقیقە بکەین

هەندێک لە دەرمانەکانی سەرئێشە (OTC) دەتوانن یارمەتی ئازارەکە بدەن، وەک:

  • ئەسیتامینۆفین (Tylenol)
  • ئایبۆپرۆفین (Advil)
  • Excedrin Migraine کە پێکهاتووە لە ئەسیتامینۆفین و ئەسپرین و کافین (caffeine)

ئەگەر ئازارەکە توندتر یان بەردەوام بوو، دەکرێت پزیشکەکە دەرمان یان چارەسەری تر بنووسێت بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و ڕێگریکردن یان کەمکردنەوەی ئەگەری سەرهەڵدانی ئازارەکە. بۆ چارەسەرکردن بەبێ حەب، پزیشک لەوانەیە پێشنیاری دەرزی بۆتۆکس بکات یان ئامێری neuromodulation وەک Cefaly Dual بەکاربهێنرێت.

پشوودان لە ژوورێکی تاریک و بێدەنگ یارمەتی هەندێک کەس دەدات. بۆ یارمەتی زیاتر، پەستانی سارد لەسەر سەر دەتوانێت کاریگەری سرکەری دەبێت. هەروەها چەند چارەسەرێکی سروشتی هەیە کە دەتوانیت تاقی بکەیتەوە، لەوانە وەک:

  • گوڵە بەیبوون
  • مەگنیسیۆم
  • ڤیتامین B2 (Riboflavin)
  • omega-3 fatty acids

هەمیشە قسە لەگەڵ پزیشک بکە پێش ئەوەی هەر تەواوکەرێکی نوێ بۆ خۆراکەکەت تێکەڵ بکەیت، چونکە ئەگەری ڕوودانی کارلێکیان هەیە.

ئاگادار بە:

ئەگەر تووشی شەقیقە بوویت یان وا هەست دەکەیت کە نیشانەکانی شەقیقەت هەیە، پەیوەندی بە پزیشکەوە بکە. لەوانەیە پێشنیاری پشکنین بکەن، وەک CT scan یان پشکنینی خوێن،  بۆ دەستنیشانکردنی گونجاو کە کلیلی چارەسەرە.

ئەگەر پێتوایە ئەوەی دەیخۆیت و دەیخۆیتەوە لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشە، ئەوا پێویستە بەدوای ئەو خۆراکانە بگەڕێت کە لەوانەیە هۆکاری سەرهەڵدانی سەرئێشە بن، هەروەها ئەو خۆراکانەی کە یارمەتی باشتر بوونت دەدەن. پێویستە ئاگاداری پزیشکیش بکەیت بۆ ئەوەی بتوانن کار لەسەر پلانێکی تایبەتمەند تری چارەسەر بکەن.

ئەگەر ئازارەکە کاریگەری لەسەر باری دەروونیت هەیە، لەوانەیە بتەوێت قسە لەگەڵ توێژەری دەروونی، پزیشکی دەروونی یان دەروونناس بکەیت. گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەزانن بە چیدا تێدەپەڕیت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستن لە هەستی گۆشەگیری.


سەرچاوەکان



71 بینین